ڕزگارکردنی کۆبانی، سەرکەتنێکی گەورەی مقاوەمەتی جەماوەری وبەرەی ئازادیخوازی!

بەدوای چەندین مانگ لەبەرگری جەماوەری، پاککردنەوەی کۆبانی لە‌‌ هێزەکانی داعش راگەیەندرا. ئەمە مژدەی سەرکەوتنێکی گەورەی نەک هەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستانی سوریاو ناوچەکەیە، بەڵکو هەنگاوێکی گەورەیە لەراستای خەبات بۆ دەستکۆتاکردنی یەکجاری تەواوی کۆمەڵگای بەشەریە لەچنگی ئیسنان کوژی رەوتی ئیسلامی سیاسی، کەبڕیاریداوە لەڕیگای تیرۆرو جەنگ و کاولکاری و بازار فرۆشی ژنان و یەخسیرکردنی منالان و ئاوارەکردنی ملیۆنەها ئینسان و داسەپاندنی شەریعەتەوە، باڵێکی هاری بۆرژوازی لەنێو سیستەمی سەرمایەداری و قەیرانێکدا کەدەرگیریەتی، بەدەسەڵات بگەیەنێ.
ئەوەی لەم سەرکەوتن و هەنگاوەدا بەپلەی یەکەم بەرجەستەیە، بەتاڵکردنەوەی ئەفسانەی ئەمریکاو ماشینە میلیتاریستەکەیەتی کەلەلایەن ژورنالیزمی نوکەری سەر بەدەوڵەتانی سەرمایەداریەوە، وەک “فریشتەی نەجات”، بانگەشەی بۆدەکرا، گوایە دونیا بەبێ ئەمریکاو ئیمکاناتە سەربازیەکانی ناتوانی لەبەرامبەر داعش و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و تیرورو تاوانەکانیدا خۆی راگرێ. بەڵام کۆبانی سەلماندی کەئەم هەمو پروپاگەندە پروپوچە، شتێکی تر نەبوو جگە لەوەی کەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، چاولەبەرو دەستەوئەژن ۆ بەدیار سیاسەتەکانی ئەمریکاو دەوڵەتەنی ڕۆژئاواوە، ڕاوەستن و ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری و سەرپەراندن و کاولکاری و خۆینریژی بۆ جەندین ساڵی تر تەحەمول بکەن، تا ئەمریکاو هاوپەیمانانی لەبەرانبەر ڕوسیاو چین و ئیران و هیزە نەیارە ناوچەییەکانیاندا، سەرکەون و ڕۆژهەلاتی ناوەراست بەپیی قازانج و بەرژەوەندیەکانی بازاری سەرمایەیان سازدەدەنەوە.
لەسەرێکی ترەوە ڕزگارکردنی کوبانی زەربەیەکی بەکردەوەیە لەتەواوی ئەو سیاسەت و هەڵویستانەی کەحزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کورد، لەپێشیانەوە بارزانی و حزبەکەی، لەدەورەی سەرهەڵدانی داعشدا، تائەمرۆ بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان لەسوریاو عێراق گرتیانەبەر. سیاسەت و هەڵویستێک کەسەرەتا هاتنی داعشی بە”فرسەتێکی زێرین بۆ کورد’ لێکدایەوە و هەوڵیدا پەکخستنی مقاوەمەتی کۆبانی وەک دیاریەک پێشکەش بەعەرشی ئۆردوگان بکات، تا تۆڕی راکێشانی بۆری نەوت و بازرگانی کاڵا و هاتنی سەرمایە لق وپۆپی زیاتر لەسەر حسابی بەتاڵانبردنی ڕەنج و ماندوبونی کڕیکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان دەرکات. لەراستیدا بەرزانی و دەسەڵاتەکەی لەناخەوە ناتوانن دڵخۆشبن بەسەرکەوتنی کۆبانی، چونکە ئەوە هەرئەوان بوون کەلەسەرەتاوە بەسیاسەتی خەندەق لێدان و گەمارۆدانی خەڵکی سوریا و دژایەتی کردنی کانتۆنەکان، بەدوای بەکردەوە دەرهێنانی سیاسەت و ئامانجەکانی تورکایەوە بوون. تەنانەت ئەوە هەر بەرزانی بوو کەبۆ وەدەرنانی مالیکی و وەرگرتنی ئیمتیازات لەحکومەتەکەی عەبادیدا، دەستی خستە نێو دەستی ڕەوتەکانی ناسیونالیزمی عەرەبی و سوننەکانەوە و ژێربەژێر لەراکێشانی هێزەکانی داعشدا بۆسەر موسڵ ڕۆڵی گێرا، دواتریش کەپەلامارەکانی داعش ڕووی لەکوردستان کرد، بەبەهانەی ئەوەی “پێشمەرگە چەکی کارای لەدەستدا نییە”، کەوتە جەنگێکی ناشێلگیرانەوە، رووداوەکانی “گوێر” بەدوای سەرەوژێر بوونەوەی چەک و تەقەمنی و کۆمەکە سەربازیەکانی دەیان دەوڵەتانی دونیا، بەڵگەن بۆئەوەی کەبارزانی لەشەڕی دژ بەداعشدا نەک هەر پەیگیر نەبوە و نییە، بەڵکو ئامادەشە ژێربەژێر لەگەڵیدا بکەوێتە بازرگانیەوە.
ڕزگار کردنی کۆبانی، سەلماندنی ئەو حەقیقەتەیە کەهەرکات هێزی جەماوەری ئازادیخوازی لەژنان و پیاوان، پەی بەبەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆیان بەرن و یەکگرتوانە لەڕیزێکی سەربەخۆی سیاسی و شۆڕشگێرانەدا و بەدوور لە ئاسۆو سیاسەتی باڵەکانی بۆرژوازیدا ڕاوەستن، دەتوانن نەک هەر دڕندەترین و پڕچەکترین هێز بەچۆکدا بدەن، بەڵکو داهاتوی ژیانی خۆیان و نەوەکانی داهاتووش بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵگای ئازادو یەکسان لەدەست بگرن. بەڵام هەروەک چۆن کۆبانی لەمیحنەتی جەنگ و پەلامارەکانی داعشدا تەنها نەبوو، وەلەلایەن بەرەی ئازادیخوازی جیهانەوە پشتیوانی و هاوپشتی فراوانی لێکرا، ئاوەهاش ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتێکی بەنرخی بەرەی ئازادیخوازی جیهانە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ویرای ئەوەی پیرۆزبایی خۆی لە سەرکەوتنی ژنان و پیاوانی بەرگریکاری کۆبانی و ئازادیخوازان لەسەراسەری جیهاندا رادەگەێنێ، هاوکات بەهەنگاوێکی گەورە لەخەبات بۆ کۆتایی هینان بەداعش و رەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی لەناوچەکەدا دەیناسێنێ.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان 
٢٧/١/٢٠١٥

 

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …