لەسەر خراپی دۆخی کرێکاران نامەیەک ئاراستەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکرێت!

دەنگی کرێکار:

لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی ئاراستەی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار کراوە وگوزارشت لە باری خراپی ڕەوشی کرێکاران لە بەشێک لەکارگەو پڕۆژە پیشەسازیەکان دەکات، سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار نامەیەکی ئاراستەی کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کردەوە وتێیدا داوایکردووە کەلەدۆخی خراپی کرێکاران بکۆڵێتەوەو بەدوای چارەسەری کێشەکانیانەوە بێت.. ئەمەی خوارەوە دەقی نامەکەیە:

بۆ بەڕیز/  وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی (کوێستان محەمەد)

دوای سڵاو..

بەدڵنیایەوە خۆتان ئاگاداری ئەوەن کە لەهەرێمی کوردستان هەزاران کارگەو پرۆژەی پیشەسازی هەیە ودەیان هەزارکرێکار کاریان تێدا دەکەن. سەرەڕای دۆخی ناهەمواری ئابووری و قەیرانێک کەڕووی لەخەڵکی کوردستان کردووە، کەچی خاوەن کۆمپانیاو کارگەو پڕۆژەکان لەباتی ئەوەی دۆخەکە لەبەرچاوبگرن، لەسەرو ئەو یاسایانەوە کەلەهەرێمی کوردستان کاریان پێ دەکرێت، کەوتونەتە پەلاماردانێکی سیستماتیک بۆسەر مافەکانی کرێکاران و خەریکن سەختترین هەلومەرجی چەوسانەوە بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنن. بەتایبەتیش خاوەنکارو پڕۆژەکان، یەکلایەنەو هەندێک جاریش بەپەنابردن بۆ “فێڵی یاسایی”، کرێکاران لەسەر کار دەردەکەن. گرێبەستەکانیان لەهەمیشەییەوە دەگۆڕن بۆ کاتی، خۆراکی ماوەی کاریان دەبڕن و قەرەبوویان ناکەنەوە. بەهۆی هێنانی نیزامی تازەی وەجباتەوە ڕۆژانی پشوی ڕەسمی وئیجازەی ساڵانەیان هەڵوەشاندۆتەوە. لەموچەو کرێی کرێکاران دەبڕن وکاری زیادەیان پێدەکەن. تەنانەت لەسەر کار دەریان دەکەن وجەریمەیان دەکەن. کەمترین ڕعایەتی مەرجەکانی تەندروستی دەکەن.. هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە هەم فەرمانگەی کارو دادگای کار و یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان هەیە و هەم بەڕێزیشتان وەک وەزیری کار دەسەڵاتی یاسایی و تەنفیزیتان هەیە و جگەلەوەی بەرپرسن لە چاودێری بازاڕی کار، لەهەمانکاتدا دەتوانن وەک ئەرکی سەرشانتان بەر بەم دۆخە بگرن و بەپێی یاسا ئەومافانە دەستەبەربکەن کە لەیاسادا بۆکرێکاران بەڕەسمی دانی پێدانراوە.

بۆ ئاگاداریتان ئێمە لەرۆژنامەی دەنگی کرێکار مانگانە دەیان کرێکار چ لەرێگای پەیوەندی تەلەفۆنیەوە و چ لەرێگای ناردنی سکاڵاوە کێشە وگرفتی جۆراوجۆری کارەکەیان و زۆڵمێک کەلێیان دەکردێت دەگەیننە دەستمان. لەوێدا باسی ئەو پێشیلکاریانە دەکەن کە لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بەرامبەریان کراوە ودەکرێت. بەداخەوە کرێکاران لەبەرئەوەی لەلایەکەوە ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان نیەو ڕێگایان پێنادرێت وەک تەڕەفێکی یاسایی بەرامبەر بەکێشەکانیان بێنەدەنگ، وە لەلایەکی تریشەوە لەترسی لەسەرکاردەرکردن و جەریمەکردنیان، وەیا گوێزانەوەیان بۆ جێگایەکی تر، لەلایەن خاوەنکارەوە، بەپاساوی ئەوەی “ئاژاوە گێڕن”، دیسانەوە ناتوانن داکۆکی لەمافی خۆیان بکەن و ناچارن هانا بۆ ئێمە بهێنن ..

ئێمە لەگەڵ ئەوەدا کە لەنزیکەوە ئاگاداری ئەم دۆخەی کرێکارانین لەکارگەو پڕۆژەکاندا، هەندێک بەڵگەشمان کەوتۆتە دەست کەڕاستی ئەم قسانەی ئێمە دەسەلمێنێت. بۆیە وەک بەرپرسیارێتیەک کەلەسەر شانمانە بەپێویستمان زانی لەڕێگای ئەم نامەیەوە هەم لەم دۆخە ئاگادارتان بکەینەوە و هەم ئەو پێشنیارەش بخەینە بەردەم بەڕێزتان، تاپێکەوە بەرەوپیری ئەم دۆخە بڕۆین؛ ئەویش پێشنیاری پێکهێنانی خێرای لیژنەیەکی هاوبەشە لە وەزارەتە بەڕیزەکەتان و فەرمانگەی کار و بە بەشداری ئێمە بۆ بەدواداچونی ئەم دۆخەو لێکۆلێنەوە لەوکێشانەی کەکرێکاران هێناویانەتە لای ئێمە، تا بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەین و بەگوێرەی توانا سنوورێک بۆ ئەو مامەڵە نایاساییانە دابنێین کە بەرامبەر بەکرێکاران دەکرێت… چاوەڕوانی وەڵامی بەرپرسیارانەی ئێوەین .

لەگەڵ ڕێزدا..

وەستا مەهدی رەسوڵ عەزیز

سەرنوسەری رۆژنامەی “دەنگی کرێکار”

٢٠/٨/٢٠٢٠

تێبینی: ئەم بابەتە لەدەنگی کرکێکارەوە وەرگیراوە

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …