کورتەیەک لە مێژوی سەرهەڵدانی یەکی ئایار و خەباتی کرێکاران لە ئایاردا !…

ئامادەکردنی:  مستەفا باهیر …

یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاران، ڕۆژی بیرهێنه‌ره‌وه‌ی مێژوی خه‌باتی چینی کرێکاره‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، لە په‌یوەند به‌ خه‌باتی کرێکارانەوه‌ بۆ کەم کردنەوەی کاتی کارکردن لە ڕۆژێکدا بۆ‌ هه‌شت کاتژمێر‌

هەمو ساڵێک لە یەکی ئایاردا لەبەشێکی زۆری جیهاندا کرێکاران بەو بۆنەیەوە مارشی یەکی ئایار بەڕێدەخەن و جەژندەگێڕن  ئەو ڕۆژە لە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەدا بوە بە پشوی رەسمی. بەڵام لە بەشێکی تری ولاتەکان وەک ئەمریکاو کەندا و ئوسترالیا لەکاتێکی ترد دەکرێتە پشو کە لەمانگی ئەیلولدایە ڕۆژی یەکی ئایار بە رەسمی ناناسن. چەند وڵاتیش هەیە کە تاوەکو ئێستا ڕێگا نادرێت بە کرێکاران هیچ جۆرە چالاکیەک بکەن و ئەوڕۆژەش بە ڕەسمی ناناسن وەک، سعودیەی عەرەبی، عومان و ئەفغانستان..

بزانین سەرتای سەرهەڵدانی ئەم ڕۆژە لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە.
سەرەتای ئەم بیرۆکەیە لەلایەن کرێکارنی ئوسترالیاوە دەستی پێکرد . لە ڕۆژی ٢١ نیسانی ساڵی ١٨٥٦ کرێکارانی ئوسترالیا بڕیاری ڕاگرتنی یەک ڕۆژ کارکردنیان دا و لە کۆبونەوەیەکی فراواندا بڕیاریان دا کە خەبات بکەن بۆ کەم کردنەوەی کاتی کارکردن، دەبیت کاتی کارکردن لە ڕۆژێکدا لە ٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت. کە لەوکاتەدا کرێکارن لە ١٢ بۆ ١٤ کاتژمێر کاریان دەکرد.
بڕیاری ئەم کرێکارنە هەر بەو  ووڵاتەوە نەوەستا، بەرەو ئەمریکا ڕۆشت، لەوێش لە سالی ١٨٦١ تێکۆشان بۆ کەم کردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن دەستی پێکرد.  له‌ ساڵی ١٨٧٧ کرێکارانی هێلی ئاسن مانیان گرت و داوای کەم کردنەوەی سەعات کاریان دەکرد، بەڵام له‌لایه‌ن پۆلیس‌ و سوپای ئه‌مریکاوه‌‌ به‌ شێوه‌یه‌کی توند‌وتیژ هێرشیان کرایه‌ سه‌رو سەرکوتیان کردن.

له‌ ساڵی ١٨٨٤دا فیدراسیۆنی سه‌ندیکا‌و یه‌کێتیه‌ کرێکاریه‌ ڕێکخراوه‌کان له‌ ویلایەتە یه‌گرتووه‌کانی ئەمریکاو‌‌ که‌نه‌دا که‌ له‌ساڵی ١٨٨١ ەوە پێکهات بوو،‌‌ بڕیارێکی ده‌رکرد که‌ له‌ به‌شێکیدا‌ ده‌ڵێت:” له‌ یه‌کی ئایاری ١٨٨٦ به‌دوواوه‌ ده‌بێ کرێکاران لە ڕۆژێکدا تەنها هه‌شت کاتژمێر کاربکەن، بانگه‌وازی هه‌موو ڕێکخراوه‌ کرێکاریه‌کان دەکەین که‌ یاساکان به‌ جۆرێک ئاراسته‌ بکه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌دا بێته‌وه‌.”

ساڵێک دوای ئه‌وه‌ هه‌مان فیدراسیۆن به‌یانێکی تری بڵاوکرده‌وه‌‌ و تیایدا دووپاتی دەکردەوە که‌ سیسته‌می هه‌شت کاتژمێر کارکردن ده‌بێ له ١ی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ەوە کاری پێبکرێت، لە ئەمەریکاش کرێکاران ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٢ و ته‌نانه‌ت ١٤ کاتژمێر کاریان دەکرد.
 چه‌ند مانگ به‌ر له‌ ڕۆژی دیاریکراو، واتە بەر لە  ١ی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ بە سەدان هه‌زار کرێکار، ڕێکخراو و ناڕێکخراو هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌باته‌وه‌ بۆ کەم کردنەوەی کاتژمێری کارکردن، شاری شیکاگۆ له‌ ویلایه‌تی ئیلینۆی ناوه‌ندی خه‌بات‌ و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ بوو له‌ پێناوی کەم کردنەوەی کاتژمێری  کارکردن، یه‌کێتی ناوه‌ندیی کار له‌ شیکاگۆ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ی ده‌کرد که‌ پێکهاتبوو له‌ 22 یه‌کێتی‌ و ریکخراوی کرێکاری. لە یەکی ئایاردا بە ١٠٠ سەدان هەزار کرێکار بە دروشمی ٨ کاتژمێر بۆ کارکردن ٨ کاتژمێر بۆ پشوو، هەشت کاتژمێریش بۆ خەو.  ڕژانە سەرشەقامەکان.

له‌ رۆژی ٣ ئایاری ١٨٨٦ که‌ هێشتا له‌ هه‌ندیک شوێن مانگرتن به‌رده‌وام بوو بۆ به‌دیهێنانی خواستی هه‌شت کاتژمێرکارکردن ، له‌ کۆمپانیایه‌ک به‌ ناوی ماکۆرمیک پۆلیس ته‌قه‌ی له‌ مانگرتنی کرێکاران کرد و‌ ژمارەیەک کوژاراو برینداری لێکەوتەوە. بۆ ڕۆژی دوایی به‌ مه‌به‌ستی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر بەو په‌لاماره‌ دڕندانه‌یەیی پۆلیس. بانگه‌وازی گردبونەوەیەکی  کرێکاریی له‌ مه‌یدانی هیمارکێت ‌له‌ شاری شیکاگۆ ده‌کرێت.

گردبونەوەکە به‌ شێوه‌یه‌کی ئارام بەڕێوەدەچو، لە کاتێک دوا قسه‌که‌ر له‌سه‌ر مینبه‌ر  قسەی دەکرد، کۆبوونه‌وه‌که‌ بەهۆی  باران بارینی زۆرەوە ژمارەی بەشداربوان زۆر که‌م ده‌بێته‌وه‌‌و ته‌نها ٢٠٠ که‌س له‌ مه‌یدانه‌که‌دا ده‌مێننەوە.‌  له‌و کاته‌دا هێزێکی پۆلیس که‌ بریتی ده‌بێت‌ له‌ ١٨٠ پۆلیس ده‌ڕژێنه‌ مه‌یدانه‌که‌‌ و فه‌رمان ده‌ده‌ن‌ که‌ بڵاوه‌ بە گردبونەوەکە بکرێت‌، له‌ کۆتاییدا بۆمبێک له‌لایه‌ن نه‌ناسراوێکه‌وه‌ کە تا ئێستاش ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە فڕێ ده‌درێته‌‌ ناو پۆلیسه‌کانه‌وه‌‌ و پۆلیسێک ده‌کوژرێت‌ و شه‌ش پۆلیسی تر بریندارده‌بن‌.
له‌ پاش ئه‌وه‌ پۆلیس ته‌قه له‌ کرێکاران ده‌که‌ن ‌‌‌و ژماره‌یه‌کیان لێ ده‌کوژن‌ و بریندار ده‌که‌ن تا ئێستاش به‌ شێوه‌یه‌کی دیاریکراو ڕانه‌گه‌ینراوه‌ که‌ چه‌ند کرێکار  به‌ ده‌ستی پۆلیس کوژراون‌. دوای ئەوەش  پۆلیس په‌لاماری ماڵی کرێکاران‌ و ئۆفیسی یه‌کێتیه‌ کرێکاریه‌کانی ده‌ده‌ن‌‌ و سه‌دان کرێکار ده‌ستگیر ده‌که‌ن‌.
سه‌ره‌نجام به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌لمێندراو له‌ دادگایه‌کی بێسه‌ره‌وبه‌ردا، حه‌وت که‌س له‌ ڕابه‌رانی کرێکاریی به‌ تۆمه‌تی پیلانگێڕان بە کوشتنی پۆلیس به‌ سێدارە و که‌سێکیان به‌ ناوی ئۆسکار نیب به ١٥ ساڵ زیندان سزا دەدرێن، له ١١ی نۆڤه‌مبه‌ری ١٨٨٧دا چوار له‌و ڕابه‌رانه‌ به‌ ناوەکانی ( ئه‌لبێرت پارسۆنس، ئه‌دۆلف فیشه‌ر، ئۆگۆست سپایس‌ و جۆرج ئینجل) لەسێدارە دەدرێن و لویس لینگ له‌ زینداندا خۆی ده‌کوژێت‌. یەکێک لە سیدارە دراوەکان بەناوی (ئەو گەست سبایس) سەرنوسەری ڕۆژنامەیەکی کرێکاری بوو دەڵێت
” ئەوکاتە دێت کە بێدەنگیمان لە گۆڕەکانماندا بەهێزتردەبێت لە وتارەکانمان”. هەروەها نامەیەک بۆ هاوژینەکەی و منداڵە بچوکەکەی بەناوی جیم دەنوسێت کە پاشان هاوژینەکەی لە کۆبونەیەکی جەماوەریدا دەیخوێنیتە کە تیایدا دەڵێت.” کوڕە بچوکەکەم کاتێک کە گەورە دەبیت و دەبیت بە لاو کە هیواکانی من جێبەجێ دەکەیت ، ئەوکاتە دەزانیت من بۆچی کوژراوم،هیچ شتێکم نیە پێت بڵێم تەنها ئەوەندە دەڵێم کە من بێتاوانم. لەپێناو ئامانجێکی پیرۆزدا دەمرم بۆیە ناترسم، کاتێک کە گەورە دەبیت شانازیم پێوە دەکەیت و چیرۆکی من بۆ هاوڕێکانت دەگێڕیتەوە.”
دوای لێکۆلینەوەیەکی زۆر ورد کە چەند ساڵی خایاند گومان لەوە دەکرێت کە پۆلیسەکان خۆیان بۆمبەکەیان هاویشبیت. ئەم کرێکارانە هەمویان بێتاوان دەرچون. لەساڵی ١٩٩٢ لەسە بڕیاری عومدەی شیگاگۆ ئەوپارکە کرا بە شوێنێکی گرنگی ئەو شارە. لەسالی ٢٠٠٤ مۆنیمینتێک بۆ هەمو قوربانیانی ئەو کارەساتە لەو پارکە دانرا.

ڕەنگدانەوەی ڕوداوەکەی شیگاگۆ لە ئەوروپا !

لە ساڵی ١٨٨٩ له‌ یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌م (دووەم ڕێکخراوی جیهانی کرێکاران) که‌ له‌ پاریس به‌بۆنه‌ی سه‌دساڵه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نساوه به‌سترا، به‌ پیشنیاری رایمۆند لاڤیان، بە بۆنه‌ی ساڵیادی ناڕه‌زاییه‌کانی شیکاگۆوە، بانگه‌وازی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری‌ و جیهانی له‌ یه‌کی ئایاری ساڵی ١٨٩٠دا کرد، خۆپیشاندانەکان‌ به‌ ڕادده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بوون که‌ ساڵی دواتر واتە ١٨٩١ یه‌کی ئایار به‌ ڕه‌سمی له‌ لایه‌ن کۆنگره‌ی دووه‌می ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووەم‌ وه‌ک چالاکیه‌کی ساڵانه‌ ناسرا. لەم مێژوە بە دواوە لە ئەوروپاش هەمو ساڵێک یادی یەکی ئایار بەرز ڕاگیراوە، زۆر جاریش شەڕوپێکدادان لەبەینی کریکاران و پۆلیسدا دروست دەبوو، کوژراو برینداری زۆری لێدەکەوتەوە. لەسالی ١٨٩١ لە ڕۆژی یەکی ئایاردا تێک هەڵچون لەبەینی پۆلیس و کرێکارانی هەریەک لە فەرنسا، ئیتالیا، هەنگاریا دروست بوو ژمارەیەک کوژارو برینداری لێکەوتەوە.

لە ساڵی ١٩٠٤ لە کۆنفرانسی ئەنتەر ناسیۆناڵی دووهەم لە ئەمیستەردام بانگەوازی هەمو پارتە سۆسیال-دیمکراتیەکانو یەکێتیە کرێکاریەکانی کرد لە هەموو وولاتەکان بۆ خۆپیشاندان لە رۆژی یەکی ئایاردا بۆ بەدەست هێنانی خواستی هەشت کاتژمێر کار لە ڕۆژێکدا. لەو مێژوە بەدواوە ساڵانە خۆپیشاندان و مانگرتن لەسەرتا سەری جیهاندا دەکرا. بۆ نمونە له‌ یه‌کی ئایارسالێ ١٩١٩ له‌ ویلایه‌تی ئۆهایۆ له‌ ئه‌مریکا پۆلیس هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران و تیایدا ٤٢ کەس له‌ کرێکاران کوژراون‌و بریندار بوون‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاماده‌ نه‌بوون ئاڵا سوره‌کانی ده‌ستیان داگرن‌ (شایانی باسه‌ پاش ئه‌و ڕووداوه‌ ئاڵای سور له‌ ئۆهایۆ به‌ یاسا قه‌ده‌غه‌ کراوه‌. له‌ ووڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌ یه‌کی ئایاری ساڵی ١٩٢٩ کرێکاران خۆپیشاندانیان سازکرد و پۆلیس هێرشی کردە سەریان و٣٢کرێکار کوژراون‌‌ و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
لە یەکی ئایاری ساڵی ١٩٧٧ لە تورکیا پۆلیس هێرشی کردە سه‌ر خۆپیشاندانی یه‌کی ئایار له‌ مه‌یدانی ته‌قسیمی ئه‌سته‌مبوڵ ٤٢ کوژراو و ٢٢٠ برینداری لێ که‌وته‌وه‌.

لە عێراقیش لە ١٥ نیسانی ساڵی ١٩٤٥ کرێکارانی هێلی ئاسن دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەگەڵ بەڕیوەبەری کۆمپانیاکە کەوتنە گفتوگۆ بۆ جێبەجێ کردنی داوا کاریەکانیان کەبریتی بوو لە زیادکردنی کرێ، جێبەجێ کردنی بڕیاری یاسای کاری ژمارە ٧٢ ی ساڵی ١٩٣٧ دوای ئەوەی داواکانیان بۆجێبەجێ نەکرا. کرێکاران بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ دەستیان کرد بە مانگرتن. بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە بەهاوکاری پۆلیس کەوتنە گرتنی بەشێک لە کرێکاران بەتایبەتی سەرۆکی نەقابەکە. دوای ئەوش کرێکاران هەر بەردەوام بوون تا سوپای بەریتانیا بەشداری کردو نەقابەکەی بەتەوایەتی داخست .

لە یەکی ئایاری ساڵی ١٩٤٦ کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک لە عیراق داوای زیادکردنی مووچەکاناین کرد. لەگەڵ کۆمەڵێک داوکاری تر. دوای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانیان کرد و جوابیان نەدرایەوە ،لە رۆژی ٣ی تەمموزی ساڵی ١٩٤٦ کرێکارانی شەریکەی نەوت دەستیان بەمانگرتن کرد. لە ٧ی تەمموز وەزیری ئابوری  عێراق کە بابەعلی شێخ محمود بوو هات سەردانی کردن. چەند گفتو چەند هەڕەشەی لێکردن ، بەڵام کرێکاران هەر سوربون لەسەر مانگرتنی خۆیان. لە ڕۆژی ١٢ تەمموز کرێکاران و خانەوادەکانیان لە پارکی گاورباغی کۆدەبنەوە، پۆلیس هێرش دەکاتە سەریان و ١٢ کەسیان لێدەکوژێت و٣٠ کەسیش بریندار دەبێت. پارێزگای کەرکوک ، بەرێوەبەری پۆلیسی کەرکوکی تاوان بار کرد ئەویش لەلای خۆیەوە فەرماندەی ئەو مەفرەزەیەی کە ناردبوی بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندەران ئەفسەرێک بوو بەناوی سەعید عبدالغنی ئەوەی تاوانبار کرد، بەڵام لە دادگادا هەمویان بێتاوان دەرچون. تەنها وەزیری ناوخۆ، عبدللە قصاب نەبێت کە لە ڕۆژی ١٧ ی ئاب لەسەر ئەو کارەساتە دەستی لە کارکێشایەوە .

لە ٢٣ی نیسانی ساڵی ١٩٤٨ کرێکارانی شەریکەی نەوتی کەی سری لە نزیک شارۆچکەی حەدیسە، بۆ باشترکردنی ژیانیان و بۆ  زیادکردنی کرێ و بەڕەسمیەت ناسینی ڕێکخراوەکەیان دەستیان بەمانگرتن کرد، لە دوای ١٤ ڕۆژ مانگرتن دەسەڵاتداران، نانی کرێکارەکانیان بڕی کە لە ڕیستۆرانتی(چێشتخانەی) شەریکەکە دەیان خوارد. لەگەڵ بڕینی ئاو کارەبا لە ماڵەکانیان لە هەمو لایەکەوە گەمارۆی ئابوریان خستنە سەریان. کرێکاران لە ڕۆژی یەکی ئایاردا بە ڕێپێوان بەرەو بغدا ڕێکەوتن کە ٢٥٠ کم دورە، هەرچەدنە لەڕیگا بەشێکیان گیرانو گەراندنیانەوە بۆ سەر کارەکانیان و ئەوانی تریشیان پێش ئەوەی بەگەنە بغداد بڵاوە پێکردن.

رۆژی یەکی ئایار بوو بە رۆژی خەبات و تێکۆشان بۆچینی کرێکاران، لەو بەروارەوە تا ئێستا ساڵانە لەڕۆژی جیهانی کرێکاراندا ،کرێکاران لەسەرتاسەری جیهان چالاکی ڕێکدەخەن و لە زۆر ووڵات هێرش دەکرێتە سەریان و دەرئەنجام قوربانی لێدەکەوێتەوە.ئەم کێشمە کێشە چینایەتە هەر بەردەوام دەبیت تا کرێکارو سەرمایەدارمابیت، تا چەوسینەرو چەوساوە مابیت ، ئەم نایەکسانیە دەمێنێت. تەنها هێزێکیش کە دەتوانێت کۆتایی بەم ململانیە چینایەتیە بێنێت شۆڕشی کرێکاری وهاتنە مەیدانی چینی کرێکارە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات تەنها حکومەتی کرێکارانە کە یەکسانی بەرقەر ردەکات.

بژی یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی چینایەتی کرێکاران

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …