گرێدانەوەی ئومێد بە سەرۆک کۆمار و حکومەتی تازەی عێراقەوە بێهودەیە،

ته‌نها به‌ هێنانه‌مه‌یدانی جوڵانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی چینایه‌تی بۆ وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌توانرێ خواسته‌كانمان به‌دیبێت!

 سەرەنجام دوای ساڵێک لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە مەبەستی پاشەکشەپێکردن بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، دوای دەورەیەکی تر لە شەڕ و پشێوی و داسەپاندنی دۆخێکی ناهەمواری سیاسی و ئابوری و ئەمنی بەسەر کۆمەڵگای عێراقدا، کە سەرجەم باڵەکانی بۆرژوازی تێیدا بەشداربوون، دوای فریوکاری و  ملشکاندنی یەکتر و سازکردنی هاوپەیمانێتی ئاشکرا و پشتی پەردە و بەخشینەوەی ئیمتیازات و تەنازول و خەروارێک لە مانۆر و ڕیاکاری سیاسی، دوای دەخاڵەتی ئەمریکا و ئێران و دەوڵەتانی ناوچەکە و گوشارە دەرەکیەکان، ئەمجارەش لایەنە قەومی و ئیسلامیەکان و هێزە تایەفەگەری و میلیشیاکانیان، توانییان لە ڕێگای سازدانی شانۆگەری دەنگدان بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی تازەوه‌، پێکهێنانی حکومەتێکی لەرزۆک لە دز و تاڵانچی، لەسەر بنەمای سازان و بەش بەشێنەی قەومی و تایفی، فرسەتی لە بەردەمدا بکرێتەوە. ئەمەش لەسەر حسابی ژێر پێ نان و فەرامۆشکردنی داخوازیەکانی جەماوەری برسی و ناڕازی خەڵکی عێراق و کوردستان و هەموو ئەو ستەم و نابەرابەری و دۆخە کارەساتبارەی یەخەی پێگرتوون.

بەشداری و کارکردی یەکێتی و پارتی و حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانیان، لەم شانۆگەریە چەند بارە و شکستخواردووەدا کە “پێکهێنانی حکومەتی تازە”ی بەدوای خۆیدا هێناوە، سەرەڕای ناکۆکی و دژایەتی نێوانیان، شتێکی تر نییە جگە لەوەی کە ئایندەی سیاسی کوردستان و ژیانی خەڵکەکەی بە خۆسازدانەوەی هێزە کۆنەپەرست و تائفیە میلیشیاکانی عێراقەوە گرێ بدەنەوە و هەمان ئەو دۆخە درێژە پێبدەن کە سێ دەیەیە ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەهاڕێ و بەدڵنیایشەوە ئاکام و کارنامەی حکومەتە لەرزۆکەکەی سودانی کە درێژکراوەی حکومەتەکانی عەلاوی و مالیکی، عادل عەبدول مەهدی و کازمیە، لەو تاڵاوە زیاتر بێت کە چەندین ساڵە کردویانە بە قوڕگی خەڵکی عێراقدا و لەو کارنامە سەرکوتگەری و دەستدرێژیە بەردەوامە زیاتر بێت کە بۆ سەر خەڵکی کوردستان بەڕێوەیان بردووە. هەربۆیە خۆگرێدانەوەی ئەحزابی بۆرژوازی کورد و خۆسازدانەوەیان لەگەڵ بەغدا، نەک ناتوانێ ئایندەیەکی شیاو بێت لە ڕاستای کۆتاییهێنان بەو نائارامی و ناسەقامگیریه‌ سیاسیەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵکو ناتوانێ کەمترین ئاڵۆگۆڕی ئیجابی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ستمەدیدەی کوردستاندا بهێنێت. تەنانەنەت ناتوانێ ڕێگایەک بێت بۆ دەربازبوونی هەموو حزبەکانی ناو دەسەڵات و ئەوانەشی کە بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن دەکەن لەو قەیرانە سیاسی و ئابوریەی یەخەی پێگرتون. هه‌روه‌ها باسی هەڵبژاردنی تازەی پەرلەمانی کوردستان و درێژکردنەوەی تەمەنی، تەنها یاریەکی گڵاوی ئەم حزبانەیە بۆ ڕاگرتنی خەڵكی ناڕازی کوردستان لە چاوەڕوانیەکی بێهودەدا، بەدیار گێژاوێکه‌وه‌ کە دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازی و کۆمەڵێک دەستەوتاقمی دز و تاڵانچی کە قازانج و سەرمایەی تێدا کۆدەکەنەوە، خوڵقاندوویانه‌.  

بێگومان بەردەوامی قەیرانی سیاسی و ئابوری و مانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستانه‌وه‌ و نەتوانینی وەڵامدانەوەی بە سەرەتاییترین گرفتە ئابوری و سیاسی و حقوقییەکانی خەڵکی کوردستان، قەیرانێکە کە لەبنەڕەتدا ڕیشەی لە سیستەم و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورددایە، کە بە دیار بازاڕی جیهانی و یەکلابوونەوەی کێشمەکێشی ‌هێزە ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و بارودۆخی عێراق و ململانێی ڕەوتە بۆرژوازیەکان لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە کۆمەڵگەی کوردستانی لە گێژاوێکی سیاسی و ئەو بێدەرەتانیەدا ڕاگرتووە، کە ڕۆژانە خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دەکاتە قوربانی و نەهامەتیەکانیان ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر دەکات. هەربۆیە هەموو پڕوپاگەندەیەکی ئەحزابی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن کە گەڕانەوە بۆ بەغدا و ڕێکەوتن و سازان لەگەڵ ئەحزاب و دەستەوتاقمی قەومی و مەزهەبی و میلیشیایدا، دەتوانێ کێشەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات، جگە لە درۆیەکی شاخدار شتێکی تر نییە و تەنها و تەنها بۆ پاراستنی ئەو ئەزمونەیە کە فەشەل و بنبەستی خۆی ڕاگەیاندووە و ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی بە ژیانی فیرعەونی گەیاندووە. ئەزمونێك لە دەسەڵاتدارێتی کە ژیان و گوزەران و سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی حەواڵەی بازاڕ کردووە و سپاردویەتی بە چاوچنۆکی سەرمایەداران.  

 کرێکاران! زەحمەتکێشان، جەماوەری ناڕازی کوردستان!

خۆشباوەڕی یان گرێدانەوەی هەر چەشنە ئومێدێک بە سەرۆک کۆمار و حکومەتی تازەی عێراقەوە بێهودەیە.
تەنها بە هێنانەمەیدانی جوڵانەوەیەکی سەربەخۆی چینایەتی بۆ وەلانانی ئەم دەسەڵات و سیستمە، دەتوانرێ خواستەکانمان بۆ نان و کار و ئازادی و خۆشگوزەرانی بەدی بهێنی
ن. ئەم دەسەڵات و سیستەمە خوێنمژەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی سەپاندویانە نە بە دیاریکرنی سەرۆك کۆماری عێراق نە بە پێکهێنانەوەی حکومەتی تەوافقی لە عێراقدا و نە بە درۆی چاکسازی، نە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە کارتۆنیەکەیان چارەسەری برسێتی و بێدەرەتانی و کێشە کەڵەکەبووەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو ئامانجیان فەراهەمکردنی هەلومەرجی لەبارترە بۆ قازانجی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران و دەستڕاگەیشتنیانە بە داهاتی زیاتر لەسەر بناغەی چەوسانەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش. گرێدانەوەی نان و گوزەرانی خەڵک بەڕاپێچکردنیان بۆ ژێر سایەی حکومەتێکی قەومی و مەزهەبی کۆنەپەرست و غەرقی گەندەڵی کە جەماوەری ملیۆنی عێراقی نوقمی بێدەرەتانی کردووە، نەک ڕێگاچارەیەک نییە کە خەڵکی کوردستان ئومێدی ژیان و گوزەرانێکی باشتری پێوە گرێبدەن. بەڵکو ڕێگاچارەی سەرڕاست و کارسازی ئێمە، وەلانانی ئەم دەسەڵاتە و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکە کە بە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خۆمان، سەرجەم داخوازیەکان و ژیانێکی شایستەی ئەم سەردەمە مسۆگەر بکات. لەم پێناوەشدا ڕێگایەکی ترمان نییە جگە لە هێنانەمەیدانی ڕیزی ڕێکخراو و یەکگرتوی خۆمان. تەنانەت هەر لەم رێگایەشەوە دەتوانین بە توندکردنەوەی گوشار لەسەر دەسەڵات خواستە دەستبەجێکانمان بسەپێنین..

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وەکو بەشێک لە بزووتنه‌وه‌ی ناڕەزایەتی جەماوەری، تەواوی هەوڵ و توانای خۆی بۆ رێکخستن و یەکگرتوکردن و دابینکردنی ڕابەرایەتیەکی کارا بۆ ئەم بزووتنه‌وه‌یە بەگەڕ خستووە. هاوکات بانگەوازی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری دەکەین پێکەوە شان بدەینە ژێرباری وەلانانی گرفتەکان و خاڵە لاوازەکانی بزووتنه‌وه‌کەمان. وەرن با بە هەموو هێز و توانامان بزووتنه‌وه‌یەکی بەهێزی ئەوتۆ بهێنینە مەیدان کە هەم توانای سەپاندنی داخوازیەکانمانی هەبێت بەسەر دەسەڵاتدا و هەم سەرئەنجامیش بتوانێ ئەم دەسەڵاتە وەلابنێ و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری ڕێکخراو لە شوراکاندا، بەرپا بکات. دەسەڵاتێک کە سەرجەم ئامانج و خواستەکانی چینی کرێکار و جەماوەری بیبەشی کوردستان بەدیبهێنێ و ئازادی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکات.

مەکتەبی سیاسی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٢/١٠/٢٠٢٢


Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …