عوسمانی حاجی مارف
دوای زیاترلە ٦٥٠ڕۆژ لەشەڕی جینۆساید لەغەززەدا، دانیشتوانەکەی شەو و ڕۆژ لەدنیایەکی زۆرسەخت و بێبەزەییانە بەسەردەبەن. ژیانی داماوی ڕۆژانەیان لەسەر ڕوخساری برسێتی و تینوێتی وێنادەکرێت، کە بەسیاسەتێکی سیستماتیکی دڕندانەی ئیسرائیل و ئەمریکا داڕێژراوە، بێخۆراکی دەکەنە ژەهر و چەکێکی کوشەندە، کەلەماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەڕەشە لەژیانی دەیان منداڵ دەکات.
ژیان لەغەززەدا وەها بەفیڕۆ دەچێت وەک ئەوەی مرۆڤ هیچ بەهاومانایەکی نیەوهەرگیز نەیبووە. منداڵان بەربەرچاوی دایک و باوکیانەوە دوا هەناسە ئەدەن، هاوکات هێرشە ئاسمانیەکان ئاوارەکان لەچادرێکەوە بۆچادرێکی دیکە ڕاودەنێن، هیچ نیشانەیەک لەپێناو مانەوەدا بەدی ناکرێت.
لەسەدەی بیست و یەک داغەززە لەلێواری هەڕەشەی گەورەترین کۆمەڵکوژیدایە لەبەرامبەر برسێتی و بەدخۆراکیدا، هەزاران کەس لەژێر خۆری سووتێنەردا لەڕیزێکی کوشندە دایە، سەدان کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بەناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک دەکوژرێن، کەلەلایەن بەکرێگیراوانی ئەمریکی و سەربازانی ئیسرائیلەوە پاسەوانی دەکرێت.
نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لەئێستاوە بەدەست ئەو پەڕی برسێتیەوە دەناڵێنن، کەرتی غەززە بووەتە مەترسیدارترین شوێنی جیهان بۆ منداڵان، کەبە”گۆڕستانێک بۆ منداڵان ودۆزەخێک بۆ دانیشتوانی غەززە” وەسفدەکرێت.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکیەوە لەم گەمارۆیەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ 122 کەس بەرزبووەتەوە کە٨٣یان منداڵن، تیمە تەندروستیەکان بەهۆی برسێتیەوە ڕۆژانە چاودێری گیان لەدەستداندەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ پەرچەکردار و وەڵامدانەوەیەکی نێو دەوڵەتی کاریگەر لەئارادابێت.
بارودۆخی مرۆیی لە غەززە بەخێرایی بەرەوخراپتر دەڕوات و هەواڵەکان باس لەداڕمانی خەڵک لەشەقامەکان دەکەن بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکیەوە.
لەمانگی ئایاری ٢٠٢٥ەوە، زیاتر لەیەک ملیۆن و ٩٥ هەزار کەس کەدەکاتە ٩٣%ی دانیشتوانی غەززە، بەدەست نائاسایشی خۆراکی ناتەندروستەوە دەناڵێنن، کەپێویست بەفریاگوزاری بەپەلە و دەستبەجێدەکات.
ئەم کارەساتانەی نێو غەززە جێگای شەرمەزاریەکی ئەوپەڕی بێوێنەیە، کەناکرێت بەبەرچاومانەوە بەبێدەنگی و بەئاسایی بگوزەرێت.
پێویستە تەواوی جیهان دەستبەجێ داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە بکەن، فشاری زۆرتوند بخڕیتە سەر ئیسرائیل بۆ شکاندنی ئەم گەمارۆیە و ڕێگە بدرێت یارمەتیە مرۆییەکان بەتایبەت شیری منداڵان دەستبەجێ بگاتە ئەو دوو ملیۆن کەسەی کە بەبارمتە گیراوی گەمارۆکەن.
بەڕاستی تەواو جێی داخ و شەرمەزاریە کەڕێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی ڕایگەیاند ئیسرائیل بەردەوامە لە بەکارهێنانی برسێتی وەک شێوازێکی شەڕ و ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی جینۆساید دژی فەلەستینیەکان لە غەززە.
ژیانی خەڵکی غەززە لە جاران زیاتر لە ژێر هەڕەشەدایە، لەگەڵ هێرشە توندوتیژەکانی بەردەوام بە دژی خەڵکی مەدەنی، هاوکات برسیەتیش هەڕەشەیەکی مەترسیدارترە بۆ داڕمانی خەڵک لەسەر شەقام و کۆلانەکان.
دەبێت بەهۆی ئەم شێوازی شەڕە، تەواوی سەرکردایەتی ئیسرائیل و هاوکارانی وەک تاوانباری جەنگ و بکوژی بە ئەنقەست مامەڵە بکرێن و سزا بدرێن.
hkkurdistan.org