لیۆن ترۆتسکی؛ بەرگی یەکەم: ڕووخاندنی تزاریزم/ بەشی ١٥
بەلشەفییەکان و لینین
{ پێشەکی: ئەم بەشە لە کتێبی ترۆتسکی سەبارەت بە مێژووی شۆڕشی روسیا، کە تەرخانە بۆ دەورو نەخشی لینین لە شۆرشی کرێکاری ڕوسیا و جیاوازی نیوان بەلشەفیەکان و لینین، گرنگی جێگاو رێگای لینین و لینینیزم لە شۆڕشی کرێکاری روسیادا دەخاتەڕوو لە ڕوانگەی یەکێك لە ڕابەرانی بەلشەفیزم و شۆڕشی کرێکاری و سەرکردەکانی دەوڵەتی سۆڤیەتەوە لە دەورانی لینین دا. ئێمە بۆ ئاشناکردنی خوێنەرانی ئۆکتۆبەر بەو مێژووەو بەو مەسەلەیەی کە تائێستا زۆرێك لە کۆمۆنیستەکان لینین و بەلشەفیەکان و لینینیزم و بەلشەفیزم بەیەك دیاردە دەزانن، ئەو باسەی ترۆتسکی دەکەینە کوردی و بە چەند بەش لە ئۆکتۆبەردا بڵاوی دەکەینەوە. ئۆکتۆبەر}
بەشی یەکەم:
لە ٣ی نیساندا لینین لە دەرەوەی وڵاتەوە گەیشتە پترۆگراد. تەنیا لەو ساتەوەختەوە پارتی بەلشەفی دەست دەکات بە قسەکردن بە دەنگی بەرز و لەوەش گرنگتر بە دەنگی خۆی.
بۆ بەلشەفیزم مانگەکانی یەکەمی شۆڕش قۆناغێکی سەرەگێژەو دوودڵی بوو. لە “مانیفێست”ی کۆمیتەی ناوەندیی بەلشەفییەکاندا، کە راستەوخۆ دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکە نوسرابوو، ئەوە دەخوێنینەوە کە “کرێکارانی باراڕەکان و کارگەکان و بەهەمانشێوە سەربازە یاخیبووەکانیش، دەبێ دەستبەجێ نوێنەری خۆیان بۆ حکوومەتی شۆڕشگێڕی کاتی هەڵبژێرن”. مانیفێستەکە لە ئۆرگانی فەرمی شورادا بەبێ لێدوان و ناڕەزایەتی چاپکرا، وەک ئەوەی پرسیارەکە تەنیا پرسیارێکی ئەکادیمی بێت. بەڵام خودی بەلشەفیە پێشەنگەکانیش دروشمەکانی خۆیان بە تەنها نمایشێک دەزانی. ئەوان وەکو نوێنەری پارتێکی پرۆلیتاری کە ئامادەسازی دەکات بۆ خەباتێکی سەربەخۆ لەپێناو دەسەڵاتدا، ڕەفتاریان نەدەکرد. بەڵکو وەک باڵی چەپی دیموکراسی ڕەفتاریان دەکرد، کە دوای ڕاگەیاندنی پرەنسیپەکانی خۆی، دەیەوێ بۆ ماوەیەکی نادیار ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی دڵسۆز ببینێت.
سوخانۆڤ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو مەسەلە سەرەکیەی لەبەردەم کۆمیتەی جێبەجێکاردایە لە دانیشتنی یەکەمی ئازاردا، تەنها پەیوەستە بە مەرجەکانی ڕادەستکردنی دەسەڵاتەوە. لەبەرامبەر خودی ئەو بابەتەدا – واتە پێکهێنانی حکومەتێکی بۆرژوازی – یەک دەنگ بەرز نەبوەوە، سەرەڕای ئەوەی لە کۆی ٣٩ ئەندامی دەستەی جێبەجێکار، ١١ کەسیان بەلشەفیک یان لایەنگریان بوون، سەرباری ئامادەبوونی سێ ئەندامی ناوەندی بەلشەفی، زالوتسکی، شلیاپنیکۆف و مۆلۆتۆڤ لە دانیشتنەکەدا.
لە ئەنجومەنی شورادا، لە ڕۆژی دواتردا، بەپێی ڕاپۆرتی خودی شلیاپنیکۆڤ، لە کۆی ٤٠٠ نوێنەری ئامادەبوو، تەنیا ١٩ نوێنەریان دژی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بۆرژوازی دەنگیان دا – لەکاتێکدا٤٠ کەسیان سەر بە بلۆکی بەلشەفیکەکان بوون. خودی دەنگدانەکە بەشێوەیەکی تەواو فۆرماڵیانەی پەرلەمانی تێپەڕی، بەبێ هیچ دژە پێشنیارێکی ڕوون لەلایەن بەلشەفییەکانەوە، بەبێ ململانێ و بەبێ هیچ کێشمەکێشێك، و بەبێ هیچ جۆرە هاندان و رەخنەیەك لە چاپەمەنی بەلشەفییەکاندا.
لە ٤ی ئازاردا نوسینگەی کۆمیتەی ناوەندی بەلشەفیەکان بڕیارنامەیەکی پەسەندکرد سەبارەت بە خاسیەتی دژە-شۆڕشی حکومەتی کاتی، و پێویستی گۆڕینی ئاڕاستەکە بەرەو دیکتاتۆریەتی دیموکراسی پرۆلیتاریا و جووتیاران. لیژنەی پترۆگراد کە بەڕاستی ئەم بڕیارنامەیەی وەک مەسەلەیەکی ئەکادیمی سەیر دەکرد – بەوپێیەی هیچ ڕێنمایییەکی نیشان نەدابوو بۆ هەنگاوە کردەییەکانی ئەمڕۆ– لە گۆشەیەکی پێچەوانەوە رووبەرووی کێشەکە بوەوە. “سەرەڕای ئاگاداربوونی لە بڕیارنامەی پەسەندکراوی شورا لە پەیوەند بە حکومەتی کاتیەوە”، ڕایدەگەیەنێت کە ” دژایەتی دەسەڵاتی حکومەتی کاتی ناکات تا ئەو ڕادەیەی” …تاد. لەبنەڕەتدا ئەمە هەڵوێستی مەنشەفیک و سۆشیال شۆرشگێر( SR)ەکان بوو- تەنها گەڕایەوە بۆ خەندەقەکانی هێڵی دووەم. ئەم بڕیارنامە بەئاشکرا هەلپەرستانەیەی کۆمیتەی پترۆگراد تەنیا بەشێوەیەکی ڕوالەتی دژایەتی هەبوو لەگەڵ بڕیارنامەکەی کۆمیتەی ناوەندیدا، کە خاسیەتە ئەکادیمییەکەی لەڕووی سیاسییەوە هیچ مانایەکی نەدەگەیاند تەنها قبوڵکردنی ئەمری واقیع نەبێ.
ئەم ئامادەییە بۆ ملکەچبوون بە بێدەنگی، یان بە خۆپارێزیەوە، بۆ حکومەتی بۆرژوازی، بە هیچ شێوەیەک لەناوخۆی حزبدا هاوسۆزی نەبوو. کرێکارە بەلشەفییەکان لە یەکەم ساتەوە حکومەتی کاتیان وەکو بەربەستێکی دوژمنکارانە دەهاتەبەرچاو کە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەڕێگاکەیاندا قووتبۆتەوە. کۆمیتەی ڤیبۆرگ بەبەشداری هەزاران کرێکار و سەرباز کۆبونەوەی خۆیان ئەنجامدا، کە نزیکەی بەکۆی دەنگ بڕیارنامەیەکیان سەبارەت بە پێویستیی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن شوراکانەوە پەسەندکرد. دینگێلستێت، یەکێك لە بەشداربووانی چالاکی ئەم ئاژیتاسیۆنە، شایەتی ئەوە دەدات و دەڵێت: ” کۆبوونەوەیەك نەبوو، تەنانەت یەک کۆبوونەوەی کرێکاران نەبوو، کە دژ بە بڕیارێكی لەوجۆرە، کە لەلایەن ئێمەوە بخرایەتەڕوو، دەنگ بدات، ئەگەر تەنیا کەسێک هەبووایە پێشکەشی بکردایە.” مەنشەفیک و سۆشیالیستە شۆڕشگێرەکان لە ڕۆژەکانی یەکەمدا دەترسان لەوەی کە بەئاشکرا لەبەردەم کرێکاران و سەربازاندا بەو فۆرمۆلەیەی هەیانبوو بۆ پرسی دەسەڵات، دەربکەون. بڕیارنامەکەی کرێکارانی ڤیبۆرگ، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستە جەماوەریەکەی، وەک پلاکاردێک چاپکرا و هەڵواسرا. بەڵام کۆمیتەی پترۆگراد بەشێوەیەکی ڕەها ئەم بڕیارنامەیەی قەدەغەکرد و کرێکارانی ڤیبۆرگیش ناچار بوون ملکەچ بن.
سەبارەت بە پرسی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی شۆڕش و ئاسۆی گەشەسەندنی، هەڵوێستی سەرکردایەتی بەلشەفییەکان زۆر رۆشن نەبوو. شلیاپنیکۆڤ بەبیری دێنێتەوە: “ئێمە لەگەڵ مەنشەڤیکەکاندا هاوڕا بووین کە بە قۆناغی تێکشکاندنی پەیوەندییە فیۆداڵییەکاندا تێدەپەڕین و لە شوێنی ئەواندا هەموو جۆرە ‘ئازادییەک’ کە گونجاوە لەگەڵ پەیوەندییە بۆرژواییەکاندا سەرهەڵدەدەن.” پراڤدا لە ژمارەی یەکەمیدا نووسی: کێشەی بنەڕەتی دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراسییە. کۆمیتەی مۆسکۆ لە ڕێنمایییەکدا بۆ نوێنەرانی کرێکاران ڕایگەیاند: “پرۆلیتاریا خوازیاری ئەوەیە دەستی بە ئازادی بگات لەپێناو خەبات بۆ سۆشیالیزم کە ئامانجی کۆتاییەتی”. ئەم ئاماژەکردنە تەقلیدیە بە “ئامانجی کۆتایی” بەڕادەیەکی زۆر جەخت لەسەر دووریی مێژوویی لە سۆسیالیزم دەکاتەوە. هیچ کەس جورئەتی ئەوەی نەبوو لەوە زیاتر بڕوات. ترسی زیاتر رۆشتن لە چوارچێوەی شۆڕشێکی دیموکراسی، سیاسەتی چاوەڕوانی و سازش و پاشەکشەی ڕاستەقینەی بەسەر سازشکاراندا سەپاند.
ئاسانە ئەوە بهێنینە پێشچاومان کە ئەم بێتواناییە سیاسییەی ناوەند چەندە کاریگەری لەسەر ناوچەکان هەبووە. بە هێنانەوەی قسەی یەکێك لە شایەتحاڵەکانی ڕێکخراوەکانی ساراتۆڤدا ئیکتفا دەکەین: “پارتەکەمان دوای بەشدارییەکی کارا لە ڕاپەڕینەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری خۆی لەناو جەماوەردا لەدەستداوە و ئەمەش لەلایەن مەنشەفیکەکان و سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکانەوە هەستی پێکراوە، کەس نەیدەزانی دروشمی بەلشەفیکەکان چییە … ئەمەش وێنەیەکی زۆر خەمناك بوو”.
>>>>>>>ماویەتی<<<<<<<<
hkkurdistan.org