لیۆن ترۆتسکی؛ مێژووی شۆڕشی ڕووسیا

بەرگی یەکەم: ڕووخاندنی تزاریزم

بەشی ١٥

بەلشەفییەکان و لینین ( بەشی دووەم)

وەرگێرانی بۆ کوردی: ئۆکتۆبەر

بەلشەفیە چەپەکان و بە تایبەت کرێکاران، بە هەموو هێزەوە هەوڵیاندا ئەم کەرەنتینەیە بشکێنن. بەڵام نەیاندەزانی چۆن گریمانە(فرضیة)ی خەسڵەتی بۆرژوایی شۆڕش و مەترسی تەریککەوتنەوەی پرۆلیتاریا پووچەڵ بکەنەوە. ئەوان بە دانبەخۆداگرتنەوە، ملکەچی ئاراستەی سەرکردەکان بوون. هەر لەیەکەم ڕۆژەوە ڕەوتی جۆراوجۆری دژ بەیەک لەناو بەلشەفیزمدا هەبوو، بەڵام هیچ کامیان بیرکردنەوەکانی خۆیان تا کۆتایی بەرەوپێش نەبرد. پراڤدا ئەم دۆخە فکرییە لێڵ و ناسەقامگیرەی حیزبەکەی عەکسدەکردەوە و هیچ یەکێتییەکی تێدا نەهاتەکایەوە. دۆخەکە تا ناوەڕاستی مانگی ئازار زیاتر ئاڵۆزبوو، تائەوکاتەی کامینێڤ و ستالین لە تاراوگەوە گەڕانەوە، کە لەناکاو ئاراستەی سیاسەتی فەرمی حزبییان بەرەو لای ڕاست وەرگێڕا.

هەرچەندە کامینیڤ، هەر لە لەدایکبوونی بەلشەفیزمەوە بەلشەفییەک بوو، بەڵام هەمیشە لەلای ڕاستی حیزبەکەدا وەستابوو. بێگومان لەڕووی بنەما تیۆریەکان و غەریزەی سیاسیەوە کەم توانا نەبوو، خاوەنی ئەزموونێکی گەورەی خەباتی گروپی بووە لەناوخۆی ڕووسیا، سەرەڕای توێشوویەکی گەورەی بۆچوونە سیاسیەکان کە لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا بنیاتی نابوو، لەبەرئەوە کامێنێڤ لە زۆربەی بەلشەفییەکان باشتر لە بیرۆکە گشتییەکانی لینین تێدەگەیشت، بەڵام تەنها بۆئەوە ئەم بیرۆکانەی وەرگرتبوو تا لە پراکتیکدا گونجاوترین لێکدانەوەی نێوەندگیرانەیان لێدەربکێشێت. نەتدەتوانی چاوەڕوانی بڕیاردانێکی سەربەخۆ یان دەستپێشخەریەکی کردەیی لێی بکەیت. کامێنێڤ پڕوپاگەندەکارێکی دیار، وتاربێژ، ڕۆژنامەنووسێک، زۆر لێوەشاوە نەبوو بەڵکو بیرمەند بوو، بەتایبەتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و بەدەسهێنانی زانیاری لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا بەبایەخ بوو– هەرچەندە لەم جۆرە گەشتانەدا هەمیشە هەندێک مەزاجی نامۆ بە مەزاجی حزبی لەگەڵ خۆیدا دەهێنایەوە. ئەم تایبەتمەندیانەی کامێنێڤ ئەوەندە ئاشکرا بوون کە تاڕادەیەك هیچ کەس هیچ کاتێك لە هەڵسەنگاندنیدا وەکو کەسایەتییەکی سیاسی هەڵەی نەدەکرد. سوخانۆڤ ئەوەی دەستنیشانکردبوو کە “گۆشەی تیژ”ی تێدا نیە. دەڵێت: “هەمیشە پێویستە بەدوای خۆتدا ڕایبکێشی”. ” ڕەنگە کەمێک بەرەنگاری بکات، بەڵام بەتوندی نا.” ستانکێڤیچ یش بەهەمان مانا دەنووسێت: هەڵوێستی کامێنێڤ بەرامبەر بە دوژمنەکانی “هێندە نەرم و نیان بوو کە وا دەردەکەوت خۆی شەرم لەوە بکات کە هەڵوێستەکەی ئیمکانی سازشکردنی تێدانیە؛ بە دڵنیاییەوە لە کۆمیتەکەدا دوژمن نەبوو، بەڵکو تەنیا ئۆپۆزسیۆن بوو.” شتێکی ئەوتۆ نەماوە بۆی زیاد بکرێ.

ستالین جۆرێکی بەلشەفی تەواو جیاوازبوو، چ لە پێکهاتەی دەروونی و چ لە شێوازی کارە حزبییەکانیدا: ڕێکخەرێکی بەهێز، بەڵام لە ڕووی تیۆری و سیاسییەوە زۆر لاواز بوو. لەکاتێکدا کامێنێڤ وەک بیرمەند و وتاربێژێک(publicist ) ساڵانێکی زۆر لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ لینیندا بووە، کە تیۆریەکانی حزب لەوێ دادەڕێژرا، بەڵام ستالین وەک کەسێکی بەناو “پراکتیکی”، بەبێ دیدگای تیۆری، بەبێ مەیلو ئارەزووی سیاسی فراوان و بەبێ شارەزایی لە زمانە بیانییەکان، لە خاکی ڕووسیا جیا نەدەکرایەوە. ئەم هەڵسوڕاوە حیزبیانە تەنیا بۆماوەیەکی کورت سەردانی دەرەوەی وڵاتیان دەکرد بەمەبەستی وەرگرتنی ڕێنماییەکان، گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی دیکەیان و دواتر گەڕانەوە بۆ ڕووسیا. ستالین لە نێوان کەسە عەمەلیەکاندا بەوە جیاکرابوەوە کە خاوەنی وزە و خۆڕاگری و داهێنانە لە پەیوەند بە مانۆرەکانی پشت پەردەوە. لەکاتێکدا کامێنێڤ وەک دەرئەنجامێکی سروشتی کەسایەتی خۆی هەستی بە “شەرمەزاری” دەکرد بەرامبەر دەرەنجامە پراکتیکییەکانی بەلشەفیزم، ستالین بەپێچەوانەوە مەیلی بەرگریکردنی لەو دەرەنجامە پراکتیکییانە هەبوو کە بەبێ هیچ کەمکردنەوەیەك وەریدەگرت، پێداگری لەگەڵ بێئەدەبیدا یەکدەخست.

سەرەڕای کەسایەتیە دژبەیەکەکانیان، بەڵام بەڕێکەوت نەبوو کە کامێنێڤ و ستالین لە سەرەتای شۆڕشدا یەك هەڵویستی هاوبەشیان هەببێت: تەواوکەری یەکتر بوون. چەمکی شۆڕشگێڕانەی بەبێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانە وەک سەعاتێک وایە کە سپرینگێکی شکاوی هەبێت. کامێنێڤ هەمیشە لەرووی کات– یان باشتر بڵێین لەڕووی ئەرکەکان- ی شۆڕشەوە لەدواوە بوو. بەڵام نەبوونی دیدێکی سیاسی بەرفراوان، بەئیرادەترین شۆڕشگێڕ له سەردەمی ڕووداوه گەورەو ئاڵۆزەکاندا تووشی دوودڵی و گومان دەکات.. ستالین، خاوەن ئەزموون، نەک لەبەرئەوەی خۆی دەیویست، بەڵکو لەڕووی عەقڵیەوە بەرامبەر کاریگەرییە نامۆکان کراوە بوو. بەمشێوەیە بوو کە ئەم بیرمەند و نوسەرە بێ بڕیارە و ئەم ڕێکخەرە بێ ئاسۆی فیکرییە، لە ئازاری ١٩١٧دا بەلشەفیزمیان گواستەوە بۆ ناو سنوورەکانی مەنشەفیزم. ستالین تەنانەت  ئەوەی نیشاندا کە کەمتر لە کامێنێڤ توانای پەرەپێدانی پێگەیەکی سەربەخۆی هەیە لە کۆمیتەی جێبەجێکاردا، کە وەک نوێنەری ئەو حزبە چووە ناویەوە. لەناو ڕاپۆرتەکان و ڕۆژنامەکاندا یەک پێشنیار و ڕاگەیاندن و ناڕەزایەتی نادۆزرێتەوە، کە تێیدا ستالین دیدگای بەلشەفیکی خستۆتەڕوو دژ بە چەقۆکێشانی “دیموکراسی” لە بەرگی لیبرالیزمدا. سوخانۆڤ لە تێبینییەکانی دەربارەی شۆڕشدا دەڵێت: “لەنێو بەلشەفییەکاندا، لەپاڵ کامێنێڤ دا، لەو ڕۆژانەدا لەناو کۆمیتەی جێبەجێکاردا ستالین دەرکەوت … لە دەورانی چالاکییە سادەو ساکارەکانیدا لە کۆمیتەی جێبەجێکاردا هەستی بوونی پەڵەیەکی خۆڵەمێشی پێبەخشیم – و نەک تەنها بەمن – کە هەندێکجار ڕووناکییەکی کزو و بێسوود دەدات. بەڕاستی هیچ شتێکی دیکە نییە لەبارەیەوە بگوترێ.” هەرچەندە سوخانۆڤ بەئاشکرا ستالین بەشێوەیەکی گشتی بە کەم دەزانێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە دروستی باسی بێخاسیەتی سیاسی ئەو دەکات لەناو کۆمیتەی جێبەجێکاری سازشکاراندا Executive Committee of the Compromisers*

لە١٤ی ئازاردا، لە مانیفێستی “بۆ خەڵکی هەموو جیهان”دا، کە سەرکەوتنی شۆڕشی شوبات لەڕوانگەی بەرژەوەندی هاوپەیمانانەوە لێکدەداتەوە و ئاماژە بە سەرکەوتنی نیشتمانپەروەی سۆشیالیستی کۆماریی نوێی لەسەر شێوازی فەرەنسی دەکات، لەلایەن سۆڤیەتەوە بە کۆی دەنگ پەسەندکرا. ئەوەش بەمانای سەرکەوتنێکی بەرچاو بوو بۆ کامێنێڤ و ستالین، بەڵام سەرکەوتنێك کە وادەردەکەوت بەبێ ململانێیەکی ئەوتۆ بەدەستهات. پراڤدا واباسی کرد کە “سازانێکی هۆشیارانەیە لەنێوان مەیلە جیاوازەکاندا کە لە سۆڤیەتدا نوێنەرایەتی دەکرێن”. پێویستە ئەوەش زیادبکەین کە ئەم سازانە بریتی بوو لە پچڕانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕوانگەی لینیندا کە بە هیچ شێوەیەک لە سۆڤیەتدا نوێنەرایەتی نەدەکرا.

کامینێڤ، ئەندامی دەستەی نوسەرانی ئۆرگانی ناوەندی لە تاراوگە، ستالین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مورانۆڤ، نوێنەر لە دوما کە لە سیبیریا گەڕابووەوە، دەستەی نوسەرانی کۆنی پراڤدایان دوورخستەوە کە پێگەیەکی“چەپ”ی پەڕگیریان داگیرکردبوو، وە لە ١٥ی ئازاردا، بە پشتبەستن بە مافە تاڕادەیەک نەسەلمێنراوەکانیان، بڵاوکروەکەیان ختسەژێر دەستی خۆیان. لە ڕاگەیەنراوی بەرنامەی دەستەی نوسەرانی نوێدا ئەوە ڕاگەیەندرا کە بەلشەفییەکان بە شێوەیەکی تەواو پشتگیری لە حکومەتی کاتی دەکەن “تا ئەوکاتەی دژی کۆنەپەرستی یان دژە شۆڕش خەبات دەکات.” دەستەی نوسەرانی نوێ زۆر بەڕاشکاوی بەوجۆرە هەڵوێستی خۆیان دەربارەی پرسی جەنگ دەربڕی: لەکاتێکدا سوپای ئەڵمانیا گوێڕایەڵی ئیمپراتۆرەکەیەتی، سەربازە ڕووسیەکەش دەبێت بەتوندی لەسەنگەرەکەیدا بوەستێت و فیشەک بە فیشەک و تۆپ بەتۆپ وەڵام بداتەوە. “دروشمی ئێمە دروشمی پووچ و بێمانای ‘ بڕوخێ شەڕ’ نییە.

دروشمی ئێمە فشاردانانە لەسەر حکومەتی کاتی بە ئامانجی ناچارکردنی … بۆئەوەی هەوڵ بدات بۆ ڕازیکردنی هەموو وڵاتانی شەڕکەر بۆ دەستکردن بە دانوستانی دەستبەجێ … و تا ئەوکاتە هەموو سەربازێك لە سەنگەرەکەیدا دەمێنێتەوە!” بیرۆکەکە و فۆرمولەکردنکەشی هەمان ئەوەیە کە بەرگریکارەکان بانگەشەی دەکەن. ئەم بەرنامەی فشاردانانە لەسەر حکومەتێکی ئیمپریالیستی بە ئامانجی “هاندانی” بۆ پەیڕەوکردنی چالاکیی ئاشتیخوازانە، بەرنامەی کاوتسکی بوو لە ئەڵمانیا، جان لۆنگوێت لە فەرەنسا و ماکدۆناڵد لە ئینگلتەرا. ئەوە هەموو شتێک بوو تەنها بەرنامەی لینین نەبێت کە بانگەوازی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیمپریالیستی دەکرد. پراڤدا، لە بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر ڕۆژنامە نیشتمانپەرستەکاندا، بگرە زۆر زیاتر ڕۆیشت؛ ئەو ووتی؛ “هەموو ‘شکستخوازی'”یەك، “یان باشتر بڵێین ئەوەی کە چاپەمەنیە ئاساییەکانی ژێر پارێزبەندی سانسۆری تزار بەو ناوە ناوزەدی دەکرد، لەو ساتەدا مرد کە یەکەم فەوجی شۆڕشگێڕ لەسەر شەقامەکانی پترۆگراد دەرکەوت.” ئەمەش وازهێنانێکی ڕاستەوخۆ بوو لە لینین.

 “شکستخوازی” لەلایەن چاپەمەنیە دوژمنکارەکانی ژێر پارێزبەندی سانسۆردا دانەهێنرابوو، بەڵکو لەلایەن لینینەوە بەو فۆرمولەبەندیە ڕاگەیەندراوە: “شکستی ڕووسیا زیانەکەی کەمترە”. دەرکەوتنی یەکەم فەوجی شۆڕشگێڕ و تەنانەت ڕوخانی دەسەڵاتی پاشایەتیش هیچ گۆڕانکارییەکی لە سیمای ئیمپریالیستی شەڕەکەدا بەدی نەهێنا. شلیاپنیکۆڤ دەڵێت: “ڕۆژی یەکەم ژمارەی پراڤدای گۆڕاو، ڕۆژی شادی بوو بۆ بەرگریکاران، سەرجەم کۆشکی تاورید، لە پیاوە بازرگانەکانی ناو کۆمیتەی دومای دەوڵەتەوە تا ناو دڵی دیموکراسی شۆڕشگێڕ، واتە کۆمیتەی جێبەجێکار، یەک هەواڵیان دەگواستەوە: سەرکەوتنی بەلشەفیە میانڕەو و عەقڵانیەکان بەسەر توندڕەوەکاندا. لە کۆمیتەی جێبەجێکار خۆیدا بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەئامێزەوە پێشوازییان لێکردین… کاتێک ئەو ژمارەیە لە پراڤدا گەیشتە کارگەکان، سەرلێشێواوییەکی تەواوی لەنێو ئەندامانی حیزب و هاوسۆزەکانیدا و ڕەزامەندییەکی گاڵتەجاڕانەی لەنێو دوژمنەکانیدا بەدیهێنا.

تووڕەیی لەناو ئەندامەکانی حزبدا لەئاستی لۆکاڵدا زۆر بەهێزبوو، کاتێک پرۆلیتاریەکان بۆیان دەرکەوت کە پراڤدا لەلایەن سێ کەس لەدەستەی نووسەرانی پێشووەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە لە سیبیریاوە هاتبوون، داوای دەرکردنیان کردن لە حیزبدا. “هەرزوو پراڤدا ناچار بوو کە ناڕەزایەتییەکی توندی ئەندامانی حزبی ناوچەی ڤیبۆرگ چاپ بکات: “ئەگەر بڵاوکراوەکە نایەوێت متمانەی کرێکاران لەدەست بدات، دەبێت و دەشێت هۆشیاری شۆڕشگێڕانە بڵاوبکاتەوە، هەرچەندە ئازاربەخشیش بێت، تەنانەت ئەگەر ببێتە مایەی توڕەکردنی کونەپەپوە بۆرژوازییەکان.” ئەم ناڕەزایەتیانەی خوارەوە دەستەی نوسەرانی ناچار کرد کە زیاتر لە دەربڕینەکانیاندا ووریابن، بەڵام سیاسەتەکەیان نەگۆڕی. تەنانەت یەکەم وتارەکەی لینین کە لە دەرەوەی ووڵاتەوە گەیشت، لەلایەن دەستەی نوسەرانەوە هیچ بایەخێکی پێنەدرا. ئەوان بە درێژایی رێگاکە ڕێڕەوێکی ڕاستڕەویان گرتەبەر. دینگێلستێد، نوێنەری باڵی چەپ دەنووسێت: “لە ئاژیناسیۆنەکانماندا، پێویست بوو بنەمای دەسەڵاتی دووانە ڕەچاوبکەین … و زەرورەتی ئەم ڕێگا ناڕاستەوخۆیەمان بۆ هەمان ئەو جەماوەرە کرێکاری و سەربازە نیشان بدایەت کە لەماوەی دوو هەفتەی ژیانی سیاسی چڕوپڕدا تێگەیشتنێکی تەواو جیاوازیان لە ئەرکەکانی خۆیان بەدەستهێنابوو.”

سیاسەتی حیزب لەسەرانسەری وڵاتدا بەشێوەیەکی سروشتی سیاسەتی پراڤدای پەیڕەودەکرد. لە زۆرێک لە سۆڤیەتەکاندا ئەو بڕیارنامانەی پەیوەندیان بە کێشە بنەڕەتییەکانەوە هەبوو، بەکۆی دەنگ پەسەنددەکران: بەلشەفییەکان بەسادەیی ملکەچی بڕیاری زۆرینەبوون لەناو سۆڤیەتدا. لە کۆنفرانسی سۆڤیەتەکانی ناوچەی مۆسکۆدا بەلشەفییەکان پشتیوانی بڕیارنامەی سۆشیالیستە نیشتمانپەروەرەکان کرد لە پەیوەند بە شەڕەکەوە… و لەکۆتاییدا لە کۆنفرانسی گشتی ڕووسیای نوێنەرانی ٨٢ سۆڤیەتدا لەکۆتایی مانگی ئازار و سەرەتای مانگی نیساندا، بەلشەفییەکان دەنگیاندا بەو بڕیارنامە فەرمیەی تایبەت بوو بە پرسی دەسەڵات کە لەلایەن “دان”ەوە بەرگریی لێکرا. ئەم نزیکبوونەوە سیاسییە نائاساییە لەگەڵ مەنشەفییەکاندا مەیلێکی بەربڵاوی پەرەپێدا بەرەو یەکگرتن. لە ناوچەکاندا بەلشەفییەکان و مەنشەفییەکان چوونەناو ڕێکخراوە یەکگرتووەکانەوە. فراکسیۆنی کامێنێڤ- ستالین بە بەردەوامی دەگۆڕدرا بۆ باڵی چەپی بەناو دیموکراسی شۆڕشگێڕانە، و لە میکانیزمی “فشار”ی پەرلەمانی ناو پێچ و پەناکان لەسەر بۆرژوازی بەشداری دەکرد، ئەمەشی بە فشارێکی هاوشێوە لەسەر دیموکراسی تەواو دەکرد.

* کۆمیتەی جێبەجێکار، بەپێی گێڕانەوەی ترۆتسکی لە چاپتەری ١٢ی کتێبی مێژووی شۆرشی ڕوسیا دا باسی دەکات، کۆمیتەیەك بوو کە لە ٢٧ی شوباتی ساڵی ١٩١٧دا پێکهات بەناوی ” کۆمیتەی جێبەجێکاری شورای نوێنەرانی کرێکاران”، لەکاتێکدا هێشتا شوراکانی کرێکاران و سەربازان پێك نەهاتبوون، بەپێچەوانەی شوراکانی ساڵی ١٩٠٥ کە لەئاکامی ڕاپەڕینی کرێکارانەوەو لەلایەن رابەرانی کرێکاران و کرێکاران خۆیانەوە پێهاتن، ئەم کۆمیتەیە تەنها ناوەکەی لەگەڵ کۆمیتەیەکی لەوجۆرەدا هاوشێوە بوو دەنا لەڕاستیدا هیچ نزیکایەتیەکی نەبوو لەگەڵ رێکخراوێکی ڕاستەقینەی کرێکاراندا… بۆیە لێرەدا ترۆتسکی ناوی ناوە کۆمیتەی جێبەجێکاری سازشکاران!

 

About wp_kurdistan

Check Also

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا نوسینی: کارڵ مارکس وەگێرانی لەئەڵمانیەوە: سەلام مارف بۆ داگرتن و خویندنەوەی کتێبەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *