لیۆن ترۆتسکی؛ مێژووی شۆڕشی ڕووسیا

بەرگی یەکەم: ڕووخاندنی تزاریزم

بەشی ١٥

بەلشەفییەکان و لینین

بەشی چوارەم

کۆمیتەی پترۆگراد بە هاوکاری ڕێکخراوە سەربازییەکە، چەند هەزار کرێکار و سەربازیان بۆ پێشوازییەکی سەرکەوتووانە لە لینین کۆکردەوە. هێزیكی زرێپۆشی دۆست هەموو ئۆتۆمبێلەکانی ئامادەکرد بۆ پێشوازی لێکردنی. کۆمیتەکە بڕیاریدا لەگەڵ زرێپۆشەکاندا بچنەناو وێستگەکەوە. شۆڕش پێشتر مەیلێکی لای ئەو جۆرە ئەهریمەنە دروست کردبوو، ئەوەش کارێکی بەسوودە کە لە شەقامەکانی شارێکدا لەپاڵ تۆدا بوەستیت.

وەسفکردنی ئەو کۆبوونەوە فەرمییەی کە لە بەناو “ژووری تزار”ی وێستگەی فینلانددا بەڕێوەچوو، لاپەڕەیەکی زۆر زیندوو لە بیرەوەرییە دورودرێژ و تا ڕادەیەک کاڵبووەکانی سوخانۆڤدا پێکدەهێنێت. “لینین کە کڵاوێکی خڕی لەسەردا بوو، بەرەو” ژووری تزار” رۆیشت یان باشترە بڵێین رایکرد، بە روخسارێکی سارد و چەپکێك گوڵێ لۆکس بەدەستیەوە بوو. بەپەلە بەرەو ناوەڕاستی ژوورەکە رۆشت و رێك لە بەردەم چیدزە وەستا، وەک ئەوەی تووشی بەربەستێکی بەتەواوەتی چاوەڕواننەکراو بووبێتەوە. وە لێرەدا چیدزە، وازی لە نیگای خەمناکی پێشووی نەهێنا و ئەم ‘وتاری سڵاوکردن،’ەی خوارەوەی پێشکەش کرد کە بە وریاییەوە رۆح و دەنگی ڕاهێنەرێکی ئەخلاقی دەپاراست: ‘هاوڕێ لینین، بەناوی سۆڤیەتی پترۆگراد و هەموو شۆڕشەوەبەخێرهاتنت دەکەینەوە بۆ ڕوسیا… بەڵام ئێمە پێمانوایە کە ئەرکی سەرەکی  دیموکراسی شۆڕشگێڕ لەئێستادا بریتیە لە بەرگریکردن لە شۆڕشەکەمان دژی هەمووجۆرە هێرشێك، چ لە ناوخۆ و چ لەدەرەوە بێت… هیوادارین تۆش پێمانەوە پەیوەست بیت بۆ بەسەرنجام گەیاندنی ئەم ئامانجە” شیدزە بێدەنگ بوو. من ئەم شتە چاوەڕواننەکراوە بێزاری کردم. بەڵام وا دیار بوو لینین باش دەیزانی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکات. لەوێدا وەستا، بەبێ ئەوەی بایەخێك بە قسەکانی ئەو بدات، سەیرێکی ئەملاولای کرد، سەیرێکی جەماوەرەکەی کرد و بگرە لەکاتێکدا چەپکە گوڵەکەی (کە تاڕادەیەک لەگەڵ قامەتیدا ڕێك نەدەهاتەوە) بەدەستەوە بوو، چاوێکی بە سەقفی “ژوری تزار”دا گێڕا، وە لەکۆتاییدا، کە بەتەواوی پشتی کردە نوێنەرانی کۆمیتەی جێبەجێکار، بەمشێوەیە ‘وەڵام’ی دایەوە: ‘هاوڕێیانی خۆشەویست، سەربازان، دەریاوان و کرێکاران، خۆشحاڵم کە سڵاوی شۆڕشی سەرکوتووی ڕووسیاتان لێبکەم، وەکو پاسەوانانی ریزی پێشەوەی سوپای پرۆلیتاری نێونەتەوەیی سڵاوتان لێبکەم … زۆر ناخایەنێ کە لەسەر بانگێشتی هاوڕێمان کارل لیبکنخت، خەڵک ئاراستەی چەکەکانیان رووەو چەوسێنەرە سەرمایەدارەکانیان دەگۆڕن … شۆڕشی ڕووسیا کە لەلایەن ئێوەوە بەئاکام گەیشتوە، دەرگای سەردەمێکی نوێی کردۆتەوە. بژی شۆڕشی سۆشیالیستی جیهانی!’”

سوخانۆڤ ڕاست دەکات – چەپکە گوڵەکە لەگەڵ قیافەی لینین دا نەدەهاتەوە، بێگومان بەهۆی نەگونجانەکەی لەگەڵ پاشخانی توندوتیژی ڕووداوەکاندا ڕێگری بۆ دروست دەکرد و تووشی لەڕوودامانی دەکرد. بەگشتی وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، لینین حەزی لە گوڵی ناو چەپکە گوڵ نەبوو. بەڵام بێگومان زۆر زیاتر بەو سڵاوی قوتابخانەی یەکشەممەئاسا فەرمی و دووڕووییەی ژووری نمایشی وێستگەیەکدا هەستی بە شەرمەزاری دەکرد. چیدزە باشتر بوو لەچاو وتاری سڵاوەکەی. کەمێک شەرمی لە لینین دەکرد. بەڵام بێگومان پێیان گوتبوو کە هەر لەسەرەتاوە پێویستە بەر بە “سیکتاریزم” بگیرێت. بۆ تەواوکردنی وتارەکەی چیدزە، کە ئاستێکی لاوازی ڕابەرایەتی دەردەخست، فەرماندەیەکی گەنجی هێزی دەریایی کە بەناوی دەریاوانەکانەوە قسەی دەکرد، ئەوەندە روون و ڕەوان ئومێدی دەخواست کە ڕەنگە لینین ببێتە ئەندامی حکومەتی کاتی. بەمشێوەیە شۆڕشی شوبات، زۆرگۆو لاوازو بگرە گەمژە، پێشوازی لە پیاوێك کرد کە بە ئیرادەیەکی پتەوەوە گەڕابوەوە بۆئەوەی چ لە بیرکردنەوە و چ لە ئیرادەدا ڕاستی بکاتەوە. ئەو سەرنجە سەرەتاییانەی کە دە هێندە نیگەرانیەکانی کە لەگەڵ خۆی هێنابوو، زیاتر کرد، هەستێکی ناڕەزایەتییان لەناو لینیندا دروستکرد کە ئەستەم بوو کۆنتڕۆڵ بکرێت. چەندە جێگەی ڕەزامەندی زیاترە  تا قۆڵی لێهەڵماڵێت! لینین لە بانگەواز لە چیدزەوە بۆ دەریاوانان و کرێکاران کرد، لە بەرگریکردن لە نیشتمانەوە بۆ شۆڕشی نێونەتەوەیی، لە حکومەتی کاتیەوە بۆ لیبکنێخت، پرۆڤەیەکی کورتی سەرجەم سیاسەتی ئایندەی خۆی لەو وێستگەیەدا پێشکەش کرد .

و سەرەڕای ئەوەش ئەو شۆڕشە شڵەژاوە، زۆر بەزوویی و لە دڵەوە سەرکردەکەی خۆی لەئامیز گرت. سەربازەکان داوایان لە لینین کرد سەربکەویتە سەر یەکێک لە زرێپۆشەکان و ئەویش ناچار بوو بەگوێێان بکات. شەوی داهاتوو بەشێوەیەکی تایبەتی کاروانەکەی سەرنجڕاکێش کرد. گڵۆپەکانی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی دیکە کزبووبوون، شەوەکە بەهۆی تیشکی تیژی پرۆجێکتەری ئەو ئامێرەی کە لینینی لەسەر بوو، شەق بووبوو. لە بەشە تاریکەکانی شەقامەکانەوە تیشکەکە رێگای خۆی بەرەو کرێکاران، سەربازەکان، دەریاوانە وروژاوەکان کردەوە- هەمان ئەو کەسانەی کە شۆڕشە گەورەکەیان ئەنجام دابوو بەڵام دواتر ڕێگەیان دابوو دەسەڵات لەدەستیان دەربهێنرێت. جارجارە گروپی مۆسیقاکە بێندەگ دەبوون، بۆئەوەی لینین قسەکانی بۆ گوێکرە تازەکانی دووبارە بکاتەوە یان گۆڕانکاری تێدابکات. سوخانۆڤ دەڵێت: “ئەو ڕێپێوانە سەرکەوتوە درەوشاوە بوو، تەنانەت تا ڕادەیەکیش ڕەمزی بوو.”

لە کۆشکی کشیسینسکایا، بارەگای سەرەکی بەلشەفیەکان لە هێلانەیەکی ئاوریشمینی سەماکارێکی بالێی دەرباردا – ئەو تێکەڵەیە بێگومان دەبووایە روبەروی تەنزە هەمیشە ئامادەکەی لینین بوایەتەوە– سڵاوەکان سەرلەنوێ دەستیان پێکردەوە. ئەمە زۆر زیادە بوو. لینین وەک کەسێك کە لەناو دەرگا وەستاوەو چاوەڕێی وەستانی لێزمەی باران دەکات، تەحەمولی لافاوی وتارە ستایش- ئامێزەکانی کرد. هەستی بە خۆشیەکی ڕاستەقینە کرد بەرامبەر بە گەیشتنەکەی، بەڵام لە زۆرگۆییەکەی بێزاربوو. هەر تۆنی سڵاوە فەرمییەکان بەلای ئەوەوە تەقلیدی و ریاکارانە بوو–  لەیەك ووتەدا قەرزێك بوو کە لە دیموکراسی ووردە بۆرژوازی، وتاربێژانە، عاتیفی و ریکارانەوە وەرگیرابوو. ئەوەی بینی کە شۆڕش بەرلەوەی تەنانەت کێشە و ئەرکەکانیشی دەستنیشان بکات، ئەتەکێتە ماندووکەرەکانی خۆی دروستکردووە. زەردەخەنەیەکی پڕ سەرزەنشتی موحتەرەمانەی دەکرد و سەیری کاتژمێرەکەی دەکرد و بێگومان جارجارەش باوێشکێکی دەدا.

هێشتا دەنگدانەوەی دوا سڵاو تەواو نەبووبوو، کە ئەم میوانە نائاساییە لێشاوێك لە بیرکردنەوەی هەستبزوێنەرانەی بەسەر ئامادەبووانەدا باراند کە هەندێکجار وەکو لێدانی قامچیەك دەردەکەوت. لەو قۆناغەدا هێشتا هونەری تێکستنوسی(ستنۆگرافی) لای بەلشەفیزم باو نەبوو. کەس تێبینی نەدەنوسی. هەموو زۆرتر سەرقاڵی ئەو شتانە بوون کە ڕوویان دەدا. وتارەکان تۆمارنەکراون. لە بیرەوەرییەکانی گوێگرەکاندا تەنیا یاداشتە گشتیەکان ماونەتەوە. ئەمانەش بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییان تیاکراوە؛ شادی و سەرمەستیان بۆ زیادکراوەو ترس و ناخۆشیان لێکردۆتەوە.

ئەو کاریگەرییە بنەڕەتییەی کە قسەکانی لینین تەنانەت لەنێو نزیکترین کەسەکانیشدا دروستی کردبوو، کاریگەرییەکی ترسناک بوو. هەموو دەستەواژە قبوڵکراوەکان کە لەگەڵ چەندبارەکردنەوەیان لەماوەی مانگێکدا بەڕواڵەت وەکو دەستەواژەی جێگیر و پایەدار دەردەکەوتن، یەک لە دوای یەک، لەبەردەم ئەو بینەرانەدا بێبایەخ دەبوون. وەڵامە کورتە لینینیستیەکەی ناو وێستگەکە، کە بەسەر سەری چیدزەی واقوڕماودا ڕەوانەکرا، لێرە گۆڕا بۆ وتارێکی دوو کاتژمێری کە ڕاستەوخۆ ئاراستەبوون بۆ کادیرانی پترۆگرادی بەلشەفیزم.

سۆسیالیستی ناحیزبی، سوخانۆڤ، بەرێکەوت وەک میوانێک لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوو – کە لەلایەن کامینیڤی خۆش خولقەوە رێگای پێدرابوو، هەرچەندە لینین لەگەڵ ئەو جۆرە زیادەڕەوییانەدا هەڵی نەدەکرد. خۆشبەختانە بەهۆی ئەمەوە، ئێمە وەسفێکمان هەیە بۆ یەکەمین دیداری لینین لەگەڵ بەلشەفییەکانی

“من هەرگیز ئەو وتارە بروسکە ئاسایەم بیرناچێتەوە کە نەك تەنها بۆمن، کەسێك کە بەڕیکەوت رێم کەوتبوە شوێنەکە، بەڵکو بۆ هەموو لایەنگرەکانیشی کە لەوێ بوون، سەرسوڕهێنەر و  سەرنجراکێش بوو. من جەخت لەوە دەکەمەوە کە هیچ کەسێك چاوەڕوانی شتێکی لەوجۆرە نەبوو. وا دیار بوو هەموو توخمەکان و ڕۆحیەتی روخاندنی هەموو شتێکی لە دوتوێی خۆیدا هەڵگرتبوو، بەبێ سڵکردنەوە لە هیچ بەربەستێك، بەبێ هیچ دوودڵیەك، بەبێ سڵەمینەوە لەوەی چ سەختیەك رووبەرووی دەبێتەوە و یان دەبێ رەچاوی چ شتێکی شەخسی بکات، بۆئەوەی بەناو هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕانی کشسینسکایا بەسەر سەری لایەنگرە شەیداکانیەوە بێتوبچێت”.

لەبەرچاوگرتنی مەسەلە و سەختیە شەخسیەکان– بۆ سوخانۆڤ زۆربەی کات بەمانای دوودڵیەکانی نوسەرانی بازنەی نۆڤی ژیزن( Novy Zhizn ) بوو کاتێك لەگەڵ ماکسیم گۆرکی چایان دەخواردەوە. ڕەچاوکردنەکانی لینین قووڵتر بووەوە. نەک توخمەکان لەناو هۆڵی ئاهەنگگێڕانەدا دەسوڕانەوە، بەڵکو بیرکردنەوەی مرۆڤەکان بوو– وە ئەوان لەلایەن توخمەکانەوە شەرمەزار نەبوون، بەڵکو هەوڵیان دەدا تێبگەن بۆئەوەی کۆنتڕۆڵیان بکەن. بەڵام کێشە نییە – بۆچوونەکە بە ڕوونی گەیشت.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی سوخانۆڤ، لینین وتی: “لەکاتی هاتنمدا لەگەڵ هاورێکانم بۆ ئێرە، چاوەڕوان بووم کە ڕاستەوخۆ لە وێستگەکەوە بمانبەنە لای پیتەر و پۆڵ. وادیارە ئێمە لەوێوە دوورین. بەڵام با ئەو هیوایە لەدەست نەدەین کە ئەوە ڕوودەدات، کە لێی دەرباز نابین.”

بۆ ئەوانی تر لەو سەردەمەدا پەرەسەندنی شۆڕش بەمانای بەهێزبوونی دیموکراسی بوو؛ بۆ لینین نزیکترین ئامانج ئەوە بوو کە ڕاستەوخۆ بەرەو قەڵای زیندانی پیتەر و پۆڵس بەرێبکەون. پێدەچوو گاڵتەیەکی ترسناک بێت. بەڵام نە لینین و نە شۆڕش گاڵتەیان نەدەکرد.

 

 

 

 

About wp_kurdistan

Check Also

ئێمە دەمانەوێ مەیدانێکی دیکەی جەنگ لەگەل سەرمایەداری بکەینەوە، نەک ئاشتی!

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارە بە سیاسەتی حزب لەسەر هەڵبژاردن ئۆکتۆبەر: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *