ڕاگەیاندنێک بۆ ڕای گشتی:

هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ خاتوو”سائیرە یوسف عەزیز” کاندیدی سەربەخۆ، لیستی کۆتا، ژمارە ٣٤٢، ڕادەگەیەنن

لەم ڕێگایەوە هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق، پشتیوانی خۆیان بۆ خاتوو”سائیرە یوسف عەزیز” کاندیدی سەربەخۆ . لیستی کۆتا، ژمارە ٣٤٢” بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ڕادەگەیەنن.

بنەمای ئەم هەڵوێستە پاش سازدانی چەند کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەفدی باڵای هەردوو حیزب لەگەڵ وەفدی باڵای حیزبی شیوعی کوردستان و بەدەستهێنانی هاوڕایی بووە لەسەر خواستە دەستبەجێکانی جەماوەری ناڕازی، کە لە پلاتفۆڕمێکدا هەر دوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەب ەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی لە مانگی ئۆکتۆبەردا بڵاویانکردەوە. هەروەها پاش ئەوەی خاتوو سائیرە یوسف، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریدا، لە شاری هەولێر ڕایگەیاند کە هەموو ئەو خواست و داوایانەی هەرسێ حیزب ( حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان)، وەک خواستی خەڵکی ناڕازی چ لە کوردستان و چ لە عێراق، گەڵاڵە و پەسەندیانکردوە، بە بەرنامەی کاری خۆی دەزانێ و بەتەواوی تواناوە تێدەکۆشێت لە پەرلەمانی عێراقدا کاریان بۆ بکات، هەروەها هەوڵ دەدات پەرلەمان بکاتە مەیدانێک بۆ رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بەو زوڵم و زۆر و ناعەدالەتیەی کە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا، بەسەر خەڵکیاندا سەپاندووە.

ئەو پلاتفۆرمەی کە خاتوو سائیرە لە کەمپینی هەڵبژاردن و دواتریش لەناو پەرلەماندا بەرگری لێدەکات و تێدەکۆشێت بۆ جێبەجێکردنیان بەندە سەرەکیەکانی بریتیە لە: باشکردنی دۆخی کار و ژیانی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی، بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتداران لە هەرێم و بەغدا لە دابینکردنی دەستبەجێی مووچە و قوتی هاوڵاتیان و خزمەتگوزاری خۆڕایی و شایستە، جێگیرکردنی ئەوپەڕی مافە فەردی و مەدەنیەکان، ئازادی بێمەرجی سیاسی، ئازادی ڕێکخراوبون و خۆپیشاندان و مانگرتن، جێگیرکردنی یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژن و پیاو لە یاساکانی باری کەسێتی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و هەموو ئەو خواستانەی کە ژیانی هاوڵاتیان بەرەوباشتر دەبات و دۆخی ئارامی و ئازادیەکان و مەدەنیەتی کۆمەڵگا بەرینتر و پارێزراوتر دەکات. هەرسێ حیزبیش بە پشتیوانیکردنی خاتوو سائیرە یوسف، لەناو پەرلەمان هەوڵی سەرخستنی ئەو پلاتفۆرمە دەدەن.

ئێمە پێمانوایە خاتوو سائیرە یوسف، وەک کەسایەتیەکی پێشکەوتنخواز و خەباتکاری مافەکانی خەڵک بەگشتی و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بەتایبەتی، شایستەی پشتیوانی ئێمە و هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و ناڕازی و جەماوەری کرێکاران و ژنان و لاوان و خەڵکی بەشمەینەتە، هەربۆیە هەردوو حیزب لە بانگەشەی هەڵبژاردنی نوینەرانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا بەتەواوی توانامانەوە پشتیوانی لێدەکەین و داوا لە ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی خۆمان و خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز دەکەین بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن و دەنگ بدەن بە خاتوو “سائیرە یوسف عزیز” کاندیدی سەربەخۆ بە ژمارە ٣٤٢، تا پەرلەمانی داهاتوو بکەنە سەنگەرێکی بەدیهێنان و بەیاساییکردنی خواستەکانیان.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

٢/١١/٢٠٢٥ 

About wp_kurdistan

Check Also

ئێمە دەمانەوێ مەیدانێکی دیکەی جەنگ لەگەل سەرمایەداری بکەینەوە، نەک ئاشتی!

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارە بە سیاسەتی حزب لەسەر هەڵبژاردن ئۆکتۆبەر: …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *