پێگە و ئاسۆی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە دڵی گۆڕانکارییەکاندا

توانا محەمەد نوری

لەئێستادا، کوردستان و عێراق و تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و قەیراندا تێدەپەڕن. لەم نێوەندەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێشەوە: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کوێی ئەم هاوکێشانەدایە و چۆن دەتوانێت پێشڕەوی و پێشکەوتن بەدەست بهێنێت؟

بۆ تێگەیشتن لە پێگە و ئەرکی مێژوویی حیزب، پێویستە واقیعی سیاسیی عێراق و کوردستان وەک خۆی بخوێنینەوە؛ سیستمێک کە لەژێر باری گەندەڵییەکی قووڵ، بێکاریی بەربڵاو و پەککەوتنی مووچەدا، تەواوی جومگەکانی ژیانی خەڵکی ئیفلیج کردووە. لەم سۆنگەیەوە، جەمسەربەندییەکان گۆڕانی بنەڕەتییان بەسەردا هاتووە؛ ململانێکان لە قاڵبی تەنگی ‘ستەمی نەتەوەیی’ چوونەتە دەرێ و ڕەهەندێکی چینایەتیی ڕوونیان وەرگرتووە. ئێستا بەرەی شەڕ، بەرەی ‘پاروە نان’ و ‘کەرامەتی مرۆڤ’ـە لە دژی چەوساندنەوە. ئەم واقیعە، بۆشاییەکی سیاسیی گەورەی خوڵقاندووە کە تەنها هێزێکی کۆمۆنیست و کرێکاری دەتوانێت پڕیبکاتەوە؛ هێزێک کە بەدیلێکی ڕادیکاڵ بۆ کۆتاییهێنان بە نایەکسانی و جیاوازییە چینایەتییەکان پێشکەش بکات.

خاڵێکی گرنگ کە نابێت فەرامۆش بکرێت، گۆڕانکارییە لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستاندا. جاران کۆمەڵگەی ئێمە زیاتر سیما گوندنشینی و کشتوکاڵییەکەی بەسەردا زاڵ بوو، بەڵام ئێستا شارنشینی فراوان بووە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە هێزی کاری خۆیان بۆ بژێوی دەفرۆشن (کرێکاران، کارمەندانی کەرتی تایبەت، دەستفرۆشان و بێکاران) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

ئەم چینە فراوانە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هەست بە نایەکسانی دەکەن؛ دەبینن کە کەمینەیەکی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار هەموو سەرچاوەکانیان قۆرغ کردووە، لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدان. ئەمەش زەمینەیەکی بەپیتە بۆئەوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەک نوێنەری ڕاستەقینەی ئەم چینە مەزڵووم و ناڕازییە دەربکەوێت.

لە ماوەی ڕابردوودا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان توانیویەتی چەند هەنگاوێکی گرنگ بنێت، بەتایبەت لەم بوارانەدا:

١. دەنگی ناڕەزایەتی شەقام: حیزب توانیویەتی لە زۆربەی خۆپێشاندان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا ئامادەییەکی کارای هەبێت.

٢.بەدیلی سیاسی: لەکاتێکدا خەڵک لە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیست و ئیسلامیش بێئومێدبوون، حیزب مۆدێلێکی “ئینسان-میحوەر” و “سێکۆلار” پێشکەش دەکات کە جەخت لەسەر یەکسانیی هەمەلایەنە دەکاتەوە و سەرنجی گەنجانی ڕادەکێشێت.

٣.مافی ژنان:یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەم حیزبە، هەڵوێستی ڕاشکاو و کردەیی بووە بەرامبەر بە کۆنەپەرستی و توندوتیژی دژی ژنان.

٤. دەرکردنی دەنگی کرێکار:حیزب توانیویەتی ببێتە دەنگی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە مافەکانیان دەخورێت. لەکاتێکدا سەندیکاکان هیچ پێگەیەکیان نیە لەناو نارەزایەتی کرێکاران و کەرمەنداندا، حیزب وەک پشتیوانێکی سیاسی لەناو مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ناوەندەکانی کاردا دەرکەوتووە و هەوڵیداوە داواکارییە پیشەییەکان بکاتە داواکاریی سیاسیی گشتگیر.

سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، هێشتا ڕێگاکە بێکێشە نییە. دەسەڵات لە کوردستان و عێراق هەموو ئامرازەکانی سەرکوت بەکاردەهێنێت؛ هەروەها شەڕی میدیایی و زاڵبوونی بیری نەتەوەیی و ئایینی هێشتا وەک بەربەست لەبەردەم فراوانبوونی بیری کۆمۆنیستیدا ماونەتەوە.

بەڵام ئەوەی ڕوونە، “چینی کرێکار” لە کوردستان چیتر تەنها چەمکێکی تیۆری نییە، بەڵکو هێزێکی گەورەی زیندووە. ئەگەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بتوانێت زیاتر خۆی لەگەڵ ئازار و داخوازییەکانی ئەم چینە تێکەڵ بکات و ببێتە ڕێکخەری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانیان، ئەوا لە داهاتوودا دەبێتە کاراکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراقدا.

کۆتایی
لەم دۆخە پڕ لە گۆڕانکارییەی ناوچەکەدا، پێویستییەکی مێژوویی بە دەنگێک هەیە کە داکۆکی لە ئازادیی سیاسیی بێمەرج، یەکسانیی هەمەلایەنە و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بکات. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەپشتبەستن بەو جەماوەرە کرێکارییەی دروست بووە، دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە ببێتە ئاڵاهەڵگری گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەپێناو ژیانێکی شایستە بۆ هەمووان.

٦/٢/٢٠٢٦

 

About wp_kurdistan

Check Also

بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *