توانا محەمەد نوری
کاتێک ئەو “ڕوونکردنەوە”یەی عەلی قەرەداخی دەخوێنیتەوە، کە گوایە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێک سەبارەت بە (کورد و هەسەدە) نووسیویەتی، ڕەنگە لە سەرەتادا هەست بە جۆرێک لە “دڵسۆزی” بکەیت. وشەکان بە دیقەتێکی سیاسییانە هەڵبژێردراون تاوەکو ڕوویەکی نەرم نیشان بدەن. بەڵام کاتێک توێکڵە ئەخلاقییەکەی لادەدەیت و دەچیتە قوڵایی ماناکانەوە، ڕاستییەکی ترسناک دەردەکەوێت: ئەمە مانیفێستی بێ ئیرادەکردنی مرۆڤ و کوشتنی “یەکسانی”یە.
عەلی قەرەداخی بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنێت: “ئینتیمای یەکەم و کۆتاییم بۆ ئیسلامە و لەژێر سێبەری ئەمەدا ئینتیمای مرۆیی دێت.”
ئەم ڕستەیە بە تەنها بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین ئێمە لەبەردەم عەقڵییەتێکداین کە مرۆڤبوونی خۆی کوشتووە. کاتێک ئەو ناسنامەی “مرۆڤ” دەخاتە پلەی دووەم و “عەقیدە” دەخاتە پلەی یەکەم، ئیتر باسی هاوڵاتییەکی یەکسان ناکات، باسی “مرید” دەکات.
لە دیدگای ئازادیخوازانەدا، هەموو مرۆڤێک بەبێ هیچ مەرجێک یەکسانە. بەڵام قەرەداخی مافی مرۆڤی بەستووەتەوە بە مەرجێکەوە: “تا ئەو کاتەی دژی بنەماکانی ئیسلام نەبێت.” ئەمە واتە دابەشکردنی کۆمەڵگا بۆ دوو چین: چینی باوەڕداران (کە ئیمتیازیان هەیە و پلە یەکن) و چینی ئەوانی تر (کە بێ مافن و پەراوێز دەخرێن).
قەرەداخی دەڵێت دژی هەسەدە و حیزبە عەلمانییەکانە چونکە “عەقیدەیان فاسدە”.
با ڕاستگۆ بین، ترسناکترین وشە بۆ ئیسلامی سیاسی وشەی “یەکسانی”یە. کێشەی قەرەداخی لەگەڵ هێزە عەلمانییەکان ئەوە نییە ستەمکارن، بەڵکو ئەوەیە کە ئەوان سنووری جیاکاریی ڕەگەزی و ئایینیان بەزاندووە.
لە دیدگای قەرەداخیدا، ژن و پیاو ناتوانن یەکسان بن؛ ژن نیوەی پیاوە لە مافەکاندا و پیاو مافی هەیە چوار ژن بێنێت بەڵام ژن نا. کاتێک هێزێک دێت و دەڵێت “ژن و پیاو تەواو یەکسانن لە هەموو شتێکدا و ئایین پەیوەندی بە یاساوە نییە”، ئەمە لای قەرەداخی دەبێتە “عەقیدەی فاسد”. ئەو دەیەوێت ژن لەژێر پەردەدا بێدەنگ بێت، نەک لە کایەی گشتیدا شانبەشانی پیاو یەکسان بێت.
عەلی قەرەداخی بانگەشەی ٤٠ ساڵ خزمەت دەکات. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: خزمەت بە کێ؟ بە مرۆڤ وەک مرۆڤ، یان تەنها بەو مرۆڤانەی لە قاڵبی ئایدیۆلۆژیاکەی ئەودا جێگەیان دەبێتەوە؟
لای ئەم عەقڵییەتە، هاوڵاتییەک کە بڕوای بە خودا نەبێت، یان ژنێک کە حیجاب نەکات، یان گەنجێک کە مۆسیقا و هونەری مۆدێرن هەڵبژێرێت، شایستەی ئەو پشتیوانییە نین. واتە لای ئەوان مرۆڤ بوونی نییە، بەڵکو تەنها “شوێنکەوتوو” بوونی هەیە. ئەمە پشتیوانی نییە لە گەل، ئەمە پشتیوانییە لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی داخراو.
ئامانجی شاراوەی پشت ئەم وشە جوانانەی قەرەداخی، بریتییە لە پرۆسەی “سڕینەوەی ئیرادە .”ئایین لە جەوهەردا مرۆڤ فێر دەکات کە پشت بە “قەدەر” و “ویستی ئاسمان” ببەستێت، نەک بە هێز و عەقڵی خۆی. عەلی قەرەداخی بە دیاریکراوی مەبەستیەتی ئەمە بچەسپێنێت؛ ئەو دەیەوێت تاکەکان بێ ئیرادە بن، چونکە مرۆڤی بێ ئیرادە ئاسانتر کۆنتڕۆڵ دەکرێت. کاتێک تۆ باوەڕت وا بێت کە چارەنووست لەژێر دەسەڵاتی تۆدا نییە و دەبێت تەنها “گوێڕایەڵ” بیت، ئیتر توانای یاخیبوون و گۆڕانکاریت نامێنێت. ئەم قسانە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی “مێگەل”ێک کە تەنها بە فیتێک دەجووڵێتەوە، نەک کۆمەڵگایەکی هوشیار کە خاوەنی بڕیاری خۆیەتی.
خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە دەبێت تێیبگەین: ئیسلامییەکان هەمیشە باسی “دادپەروەری” دەکەن، بەڵام هەرگیز باسی “یەکسانی” ناکەن.
چونکە لە فەرهەنگی ئەواندا، “دادپەروەری” واتە هەرکەسەو بەپێی پلەی شەرعیی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت: پیاو وەک پیاو، ژن وەک ژن (کە پلە دووە).
بەڵام ئێمە باسی یەکسانیی بێ ئەملاو ئەولا دەکەین. یەکسانی واتە:
بەهای هەموو مرۆڤێک یەکە، جا دیندار بێت یان بێباوەڕ.
ژن خاوەنی هەمان دەسەڵات و ئازادیی پیاوە، بەبێ “ئەمما و ئەگەر”.
یاسا بۆ هەمووان یەکە و هیچ “پیرۆزییەک” کەسێک لە کەسێکی تر جیاناکاتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە، گەڕانەوە نییە بۆ ناو “سێبەری ئایین” کە تێیدا مرۆڤەکان بێ ئیرادە دەکرێن و بەپێی باوەڕ پلەبەندی دەکرێن. پێویستمان بە کۆمەڵگایەکە کە تێیدا یەکسانی تەنها دروشم نەبێت، بەڵکو یاسا بێت. کۆمەڵگایەک کە تێیدا ژن بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە و گەنج بەهۆی بیرکردنەوەیەوە سزا نەدرێن.
بۆیە ڕزگاربوون لەم عەقڵییەتە، پێویستی بە هەڵگەڕاندنەوەی تەواوەتیی هاوکێشەکەیە. وەک چۆن فۆیەرباخ بە ڕوونی دەڵێت:
“مرۆڤ ئایینی دروست کرد، نەک ئایین مرۆڤی دروست کردبێت.”
کاتی ئەوەیە مرۆڤ ئەو دروستکراوەی خۆی بخاتە شوێنی شایستەی خۆی (کە دڵی تاکەکانە)، و ڕێگە نەدات ببێتە پەت و قەید بۆ ملی کۆمەڵگا. مرۆڤ کاتێک ئازادە کە هیچ دەقێک لەسەرووی ئیرادەی ئەوەوە نەبێت.
hkkurdistan.org