بەشی : پێداویستیە مرۆییەکان و کاردابەشکردن لەژێر سایەی خاوەندارێتی تایبەتیدا
(ئەوەی خوارەوە وەرگێڕانی بەشێکە لەو بابەتەی سەرەوە کە ئیبراهیم حسین لە فارسیەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لەژێرناونیشانی پارە وەکو پێداویستی مرۆیی! وەرگیڕانە فارسیەکە لەلایەن حسنی مرتضوى ئەنجام دراوە …لاپەڕەکانی ١٩٥-١٩٩.)
لە واتا و چەمکی پێداویستییە مرۆییەکاندا، بینیمان کە بە گریمانەکردنی سۆسیالیزم، دەوڵەمەندیی پێداویستییە مرۆییەکان و لە ئەنجامدا هەم شێوازی نوێی بەرهەمهێنان و هەم ئۆبژەی (بەرکار) نوێی بەرهەمهێنان، چ بایەخ و گرنگییەک پەیدا دەکەن: ئەمە دەرکەوتەیەکی نوێیە لە هێزە زاتییەکانی مرۆڤ و دەوڵەمەندییەکی نوێی جەوهەری مرۆییە.
بەڵام لە سیستەمی خاوەندارێتیی تایبەتدا، گرنگیی ئەمانە پێچەوانە دەبێتەوە: هەر تاکێک لەو بیرکردنەوەیەدایە کە پێداویستییەکی نوێ بۆ ئەوی دیکە بخولقێنێت، تاوەکو ناچاری بکات قوربانییەکی نوێ بدات؛ لەگەڵ زیادبوونی قەبارەی کاڵاکان، قەڵەمڕەوی ئەو هێزە نامۆیانەی کە مرۆڤ دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە گەشە دەکات، و هەر بەرهەمێکی نوێ گوزارشتە لە توانایەکی نوێ بۆ فێڵ و تاڵانکردنی یەکتر.
مرۆڤ وەک مرۆڤ هەژارتر دەبێت، و پێویستیی بە پارە – بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر ئەم بوونە دوژمنکارانەیەدا زاڵ بێت – ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. هێزی پارەکەی بە نیسبەتێکی پێچەوانە لەگەڵ قەبارەی بەرهەمهێنان کەم دەبێتەوە، واتە پێداویستییەکەی لەگەڵ زیادبوونی هێزی پارەدا گەشە دەکات.
ئەم سیستەمە تەنها پارە دەخوڵقێنێت. بڕی پارە زیاتر لە پێشوو دەبێتە تەنها تایبەتمەندییەکی گرنگی. هەروەک چۆن پارە هەموو شتێک بۆ شێوە ئەبستراکتەکەی کورت دەکاتەوە، خۆشی لە ڕەوتی ئەم جوڵەیەدا بۆ شتێکی چەندایەتی (کەمی) کورت دەبێتەوە. زیادەڕۆیی و دەستپێوەگرتن دەبنە پێوەرە ڕاستەقینەکەی. ئەم تایبەتمەندییە لە ڕووی سوبژەکتیڤەوە تا ڕادەیەک لەوەدا دەردەکەوێت کە گەشەسەندنی بەرهەمهێنان و پێداویستییەکان، دەبێتە کۆیلەیەکی داهێنەر و حیسابکەری خەیاڵە نائینسانی، دەستکاریکراو و ناسروشتییەکان.
هیچ خزمەتکارێک ئاغاکەی خۆی بەم شێوەیە نزم ناکاتەوە و بۆ وروژاندنی بەهرە بێبایەخەکانی لە چێژوەرگرتندا دەست بۆ ئامرازی وەها سووک و چەپەڵ نابات، وەک ئەوەی کە خزمەتکاری پیشەسازی واتە بەرهەمهێنەر، بۆ بەدەستهێنانی چەند (پێنی- بچوکترین یەکەی دراوی ئینگلیزی- وەرگێری کوردی)یەک دەیکات، تاوەکو باڵندە زێڕینەکان لە گیرفانی دراوسێ خۆشەویستەکەی دەربهێنێت. هەر بەرهەمێک تەڵەیەکە کە پێی دەکرێت بوونێکی تر – واتە پارەکەی – پێ هەڵبخەڵەتێنرێت؛ هەر پێویستییەکی ڕاستەقینە یان شاراوە، خاڵێکی لاوازە کە دەکرێت ئەوی تری پێ دیل بکرێت. ئەمە ئیستیغلالکردنی گشتیی جەوهەری هاوبەشی مرۆڤە.
هەروەک چۆن هەر کەموکوڕییەکی مرۆڤ، بەندێکە کە بە ئاسمانەوە گرێ دەدرێت و ڕێگەیەکە بۆ قەشە تا دەستی بە دڵی بگات، هەر پێداویستییەکیش دەرفەتێکە بۆ نزیکبوونەوە لە دراوسێ لە ژێر ناوی دۆستایەتیدا، تا پێی بوترێت: دۆستی ئازیزم، ئەوەی پێویستت پێیەتی پێتی دەدەم، بەڵام بە هەندێک مەرج کە دەبێت حەتمەن جێبەجێ بکرێن. دەزانیت ئەو مەرجە چییە کە ئیمزاکەتی لەسەر نەخش دەبێت: چێژت پێ دەبەخشم بەڵام دەتڕووتێنمەوە. ئەو (سەرمایەدار) خۆی دەکاتە خزمەتکاری گەندەڵترین خەیاڵەکانی دراوسێکەی، لە نێوان ئەو و پێداویستییەکانیدا دەبێتە دەڵاڵ، هەوەسی ناخۆشی تێدا دروست دەکات و چاودێری لاوازییەکانی دەکات، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەی تێچووی خزمەتگوزارییە ئەویندارییەکانی خۆی لێ وەربگرێت.
ئەم نامۆبوونە تا ڕادەیەک لەوەدا دەردەکەوێت کە پاڵاوتنی پێداویستییەکان و ئامرازەکانی دابینکردنیان، دەبێتە هۆی داڕمانێکی ئاژەڵی و سادەییەکی تەواو، خاو و ئەبستراکت؛ یان بە واتایەکی تر، تەنها خۆی بە مانایەکی پێچەوانە بەرهەم دەهێنێتەوە. تەنانەت پێویستی بە هەوای پاکیش لە کرێکار زەوت دەکرێت. مرۆڤ جارێکی تر بۆ ژیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەشکەوت، بەڵام ئەشکەوتێک کە ئێستا بە هەناسەی ژەهراوی و تاعوونیی شارستانییەت پیس بووە. هەرچەندە کرێکار بە هەزار مەرج لەم ئەشکەوتانەدا نیشتەجێ دەبێت، بەڵام ئەم پەناگەیە بۆ ئەو ئەوەندە نامۆیە کە هەر کاتێک کرێیەکەی نەدات، لێی وەردەگرنەوە و دەری دەکەن. بۆ ئەم قەبرستانانەش دەبێت پارە بدات.
خانوبەرەیەک ڕوو لە خۆر، کە پرۆمیتێ لە شانۆنامەی «پرۆمیتێ لە بەندکراوی»ی ئایسخیلوسدا وەک بەخشیشێکی باڵا ناوی دەبرد و بە یارمەتیی ئەو وەحشییەکانی کرد بە مرۆڤ، چیتر بۆ کرێکاران بوونی نییە. ڕووناکی، هەوا – سادەترین پاکوخاوێنییە ئاژەڵییەکان – چیتر وەک پێداویستی مرۆڤ هەژمار ناکرێن. کەموکورتی، پیسی و بۆنی ناخۆشی مرۆیی، گەندەڵاوی شارستانییەت (بە مانایەکی تەواو واقیعی) بوونەتە توخمەکانی ژیانی ئەو(کرێکار). هیچ کام لە هەستەکانی ئەو چیتر نە لە شێوەی مرۆیی و نە لە شێوەی نامرۆییدا دەرفەتی دەرکەوتنیان نییە، واتە تەنانەت بە شێوە ئاژەڵییەکەشیان دەست ناکەون. زبرترین شێوازەکانی کار و ئامرازە مرۆییەکان لە نوێوە پەیدا بوونەتەوە: بۆ نموونە، ئەو ئامرازە کۆنانەی کۆیلە ڕۆمییەکان، بووەتە شێوازی بەرهەمهێنان و ژیانی زۆرێک لە کرێکارە ئینگلیزییەکان. مرۆڤ نەک تەنها پێداویستییە مرۆییەکانی لەدەست داوە، بەڵکو تەنانەت پێداویستییە ئاژەڵییەکانیشی نەماون. ئیرلەندییەکان پێداویستییەکی تر جگە لە خواردن ناناسن، لە ڕاستیدا تەنها پێداویستی خواردنیش کە دەیناسن پەتاتەیە ئەویش( پەتاتەی ڕزیو ). بەڵام ئینگلتەرا و فەڕەنسا لە هەر شارێکی پیشەسازیدا، ئیرلەندییەکی بچووکیان تێدایە. ئاژەڵە کێوییەکان لانی کەم پێویستییان بە ڕاوکردن، جوڵە و هاوڕێیەتی هەیە، بەڵام کاری ئامێری (ماشێنی) هێندە سادە کراوە تا لە مرۆڤەکان کرێکارێک دروست بکەن کە بوونەوەرێکی تەواو ناتەواوی منداڵئاسایە، لە کاتێکدا خودی کرێکارەکە منداڵێکی لەبیرکراوە. ئامێر خۆی لەگەڵ لاوازیی مرۆڤ دەگونجێنێت تاوەکو مرۆڤی لاواز بکاتە ئامێر.
ئابووریناسەکان دەیسەلمێنن کە چۆن زۆربوونی پێداویستییەکان و ئامرازەکانی دابینکردنیان، دەبێتە هۆی نەبوونی پێداویستی و ئامرازەکان. ئەو ئەم بابەتە ئاوا ڕوون دەکاتەوە:
١- بە کورتکردنەوەی پێداویستییەکانی کرێکار بۆ سادەترین و نزمترین ئاستی دابینکردنی بژێوی جەستەیی و کورتکردنەوەی چالاکییەکان بۆ جوڵەیەکی میکانیکی و ئەبستراکت. بەم شێوەیە، ئابووریناس دەڵێت: مرۆڤ هیچی تری نییە، نە پێویستی بە چالاکییە و نە پێویستی بە چێژوەرگرتن. ئەو تەنانەت ژیانێکی وەها بە ژیانی مرۆیی دادەنێت.
٢- بە دانانی نزمترین ئاستی مومکینی پێداویستی وەک پێوەرێکی گشتی بۆ جەماوەری خەڵک. ئەو کرێکار دەکاتە بوونەوەرێکی بێ هەست کە هیچی نییە و هەلسوڕانی ئەو تا ئاستی ئەبستراکتێکی ڕووت دەگۆڕێت. بۆیە هەر جۆرە خۆشگوزەرانییەک کە کرێکار بتوانێت چێژی لێ وەربگرێت، بە شایستەی سەرکۆنە دەزانێت.
بۆیە ئابووریی سیاسی، ئەم زانستی سەروەت و سامانە، لە هەمان کاتدا زانستی خۆبەستنەوە، نەداری و دەستپێوەگرتنە. گەیشتووەتە شوێنێک کە تەنانەت پێداویستی بە هەوای پاک یان وەرزشی جەستەییش بۆ مرۆڤ بە ڕەوا نابینێت. ئەم زانستە لە هەمان کاتدا زانستی ڕەهبانییەت و پارێزگارییە (سیاسەتی کەمخۆری). ئایدیاڵە ڕاستەقینەکەی، ڕەزیلێکی پارێزگار بەڵام چاوچنۆکە؛ کۆیلەیەکی ڕازی بەڵام بەرهەمهێنەرە. ئایدیاڵە ئەخلاقییەکەی ئەو کرێکارەیە کە بەشێک لە کرێی خۆی پاشەکەوت دەکات.
ئەم زانستە دەڵێت: هەرچی کەمتر بخۆیت، کەمتر بخۆیتەوە، کەمتر کتێب بکڕیت، کەمتر بچیتە تیاتر و هۆڵەکانی سەما و کەمتر بیر بکەیتەوە، ئەوینداری بکەیت و گۆرانی بڵێیت، پاشەکەوتەکەت زیاتر دەبێت و گەنجینەکەت، واتە سەرمایەکەت گەورەتر دەبێت. هەرچی کەمتر بیت و کەمتر لە ژیانت بەهرەمەند بیت، ژیانی نامۆبووت زیاتر دەبێت. هەرچییەکی کە ئابووریناس لە ژیانی تۆی دەبات، بە شێوەی پارە و سەروەت بۆت دەگەڕێنێتەوە. هەرچییەک تۆ ناتوانیت ئەنجامی بدەیت، پارەکەت بۆت ئەنجام دەدات: دەتوانێت بخوات، بخواتەوە، گەشت بکات، هونەر و زانست و دەسەڵاتی سیاسی بکڕێت. پارە سەروەت و توانایەکی ڕاستەقینەیە. بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە، پارە تەنها دەیەوێت خۆی بخوڵقێنێت و خۆی بکڕێت، چونکە هەموو شتەکانی تر خزمەتکاری ئەون.
کرێکار تەنها ڕێگەی پێدراوە تا ئەو ئاستە هەبێت کە تەنها زیندوو بمێنێت، و تەنها ڕێگەی پێدراوە تا ئەو ئاستە زیندوو بێت کە تەنها (بۆ خاوەن سەرمایە) هەبێت.
ئابووریی سیاسی، سەرەڕای دەرکەوتە دنیایی و ڕەهاکەی، زانستێکی ئەخلاقیی ڕاستەقینە و ئەخلاقیترین زانستەکانە. تێزە بنەڕەتییەکەشی نکۆڵیکردن لە خود، چاوپۆشیکردن لە پێداویستییە مرۆییەکان و لە تەواوی جیهانە.
هەرچەندە کەمتر بخۆیت، کەمتر بخۆیتەوە، کەمتر کتێب بکڕیت، کەمتر بچیت بۆ شانۆ، هۆڵەکانی سەما و شوێنە کاتبەسەربردنەکان، کەمتر بیر بکەیتەوە، کەمتر خۆشەویستی بکەی د، کەمتر تیۆری دابڕێژیت، کەمتر گۆرانی بڵێیت، کەمتر وێنە بکێشیت و کەمتر کات بەسەر بەریت؛ زیاتر دەتوانیت پاشەکەوت بکەیت و ئەو گەنجینەیەی کە نە مۆرانە و نە ژەنگ کاری تێناکەن، زیاتر دەبێتە سەرمایەکەت.
هەرچەندە کەمتر بیت و کەمتر لە ژیانت بەهرەمەند بیت، ژیانە لەخۆنامۆبووەکەت زیاتر دەبێت؛ هەرچەندە زیاترت هەبێت، پاشەکەوتی بوونە نامۆبووەکەت زیاتر دەبێت. هەر شتێک کە ئابووریناس لە ژیان و مرۆڤایەتیی تۆی دەسەنێتەوە، لە شێوەی پارە و سامان بۆت دەگەڕێنێتەوە.
هەرچییەک کە تۆ خۆت ناتوانیت ئەنجامی بدەیت، پارەکەت ئەنجامی دەدات: پارە دەتوانێت بخوات، بخواتەوە، بچێتە هۆڵی سەما و شانۆ، گەشت بکات و هونەر، فێربوون، کونجکاویە مێژووییەکان و دەسەڵاتی سیاسی بۆ خۆی داگیر بکات؛ هەموو ئەمانە دەتوانێت بۆ تۆ بکات و هەموو ئەمانە دەتوانێت بکڕێت. پارە سامانی ڕاستەقینەیە، توانای ڕاستەقینەیە.
hkkurdistan.org