هاوسۆزی لەگەڵ کام لایەن؟ ئێران یان ئەمریکا؟

مەنسور حیکمەت

ئەگەری ئەوەی کە لەلایەن ئەمریکا فشارێکی ئابووری توند یان کردەوەیەکی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاربهێنرێت، جارێکی تر سەرقاڵیەکان، هەست و دەربڕینە کۆنەکانی لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازییدا زێندوو کردووەتەوە. بۆ هەندێک، ئەمە وەک حوکمی ڕووخانی نزیکی ڕژیم دادەنرێت. پرسیاری کۆنی «هاوسۆزی لەگەڵ کام لایەن؟» جارێکی تر لە ناو ڕاڕەوەکانی ڕێکخراوە چەپە کۆن و دیموکراسیخوازەکانی ئەمڕۆدا دەنگ دەداتەوە.

بەبێ گوێدان بە جیاوازییەکانیان لە تێگەیشتن و هەڵبژاردنی ئەو «هاوسۆزی»یانەی لەم شانسگرتنەوە نوێیەدا، چەند گریمانەیەکی لەپێشی هاوبەش مێشکی زۆربەی ئەوانی پێکهێناوە. ئەگەر بێتو ڕاستییەک ڕوون بکرێتەوە، دەبێت ئەم گریمانە لەپێشانە بشکێندرێن. پێچەوانەی ئەوەی کە زۆربەی ئەم ڕەوتانە پێیانوایە:

ئەمریکا و ڕۆژئاوا مەبەستیان ڕووخاندنی ڕژیم نییە. بێگومان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی ڕژیم لە دژی خەڵک، نیگەرانی سەرەکیی ئەمریکا نییە. بەڵام کێشەکە تەنها ترۆریزمی ڕژیمی ئیسلامی یان مەترسی دەستگەیشتنیشی بە چەکی ئەتۆمی نییە. کۆماری ئیسلامی و ئەهریمەنی « ئوسوڵیگەرایی ئیسلامی» بە هۆکارێکی تەواو قابیلی تێگەیشتن، لە ئێستادا بوونەتە کاندیدی داهاتووی پێگەی «ئیمپراتۆری شەر» و دژە شارستانیەتی ڕۆژئاوا کە دوای ڕووخانی یەکێتیەوە سۆڤیەت بە بەتاڵی مابووەوە.

سەقامگیری سیاسی و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی سەربازی لەناو ڕۆژئاوا و جیهانی پیشەسازیدا، سەرەڕای شەڕی بازرگانیی فراوان و هەروەها هەبوونی دەرفەتێك بۆ ڕابەریی ئەمریکا وەک زلهێزی سەربازیی گەورەی جیهان، پێویستی بەجۆرە دوژمنێکی ستراتیژی لەمجۆرە هەیە. ئەوەی ئەمڕۆ لە پلانی ڕۆژئاوادایە، نیشاندانی کۆماری ئیسلامیە لەم ڕۆڵە نوێیەدا، نەك ڕووخاندنی. هەمان ئەو دەستانەی کە دەبێت دژی کۆماری ئیسلامی بجەنگن، دەستیان داوەتە ژێرباڵی بۆئەوەی نەکەوێت!

فشارەکانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی ئەگەر بگاتە ئاستی سەربازی، بەراستی تەمەنی ڕژیم درێژتر دەکات. ئەم جۆرە زەربەیە لە پلەی یەکەمدا دەستی ڕژیم بۆ سەرکوت و تۆقاندنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناڕازی ئاوەڵا دەکات  و  لە مەیدانی دەخالەتی سیاسی دووریان دەخاتەوە. دەستەی فەرمانڕەوا لە دەوری پلاتفۆرمێکی زۆر ڕاستگەرا و فاشیستی یەكدەخات.

هێرشی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا کە قەیرانی ئابووری و لەرزۆکیی  سیاسیی ڕژیم وایکردوە کە ئاسۆی کردەوەی بەرهەمداری جەماوەری نزیكتر کردۆتەوە، دەبێتە «نیعمەتێکی ئاسمانی» بۆ ئەم ڕژیمە ئیسلامییە نەفرەتلێکراوە.

ئێمە هاوکات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی و دژی دامەزراندنی سیستەمێکی کۆنەپەرستی نوێێ جیهانی  تێدەکۆشین. بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری تەنها یەک «هاوسۆزی» هەیە، ئەویش هاوسۆزیە لەگەڵ بەرژەوەندی شۆڕشی کرێکاران و پرسی ئازادیە.

مەنسور حکمت

بۆ یەکەم جار لە مانگی ئابی١٩٩٣دا لە ژمارەی ٧ی گۆڤاری ئینتەرناسیۆنال دا بڵاوکرایەوە.

 

 

About wp_kurdistan

Check Also

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا نوسینی: کارڵ مارکس وەگێرانی لەئەڵمانیەوە: سەلام مارف بۆ داگرتن و خویندنەوەی کتێبەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *