عوسمانی حاجی مارف
سێ هەفتەیە، شەڕێک کە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بەردەوامە، دۆخی ئێران و ناوچەکەی تەواو شێواندووە، کە پێش هەموو شتێک دیاردەی هەڕەشەیەکی سامناکە بەتایبەتی لەسەر سفرەی خۆراکی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران، بەگشتیش کاریگەرە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژیان و گوزەران تەواو تاڵ و ناڕەحەت و نائاسودە و وێرانە، ترس لە نەبونی ئاسایش وئارامی، ڕەوتێکی مەترسیداری هەموو ساتێکی دانیشتوانە، کارەسات بەدوای کارەسات، ڕێرەوی شانۆیەکی تراژیدیای واقعی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەیە، لە شار و گەرەک و گوندەکاندا، هەڕەشەی مەرگی حەتمیە لە شوێنی کارو ژیانی کرێکاراندا، کە سەرباری کاری شەوانە-ڕۆژی تاقەتپروکێنی کرێکاران، چاوەڕێی شانسی بەرکەوتنی موشەک و درۆنن لە ئاسمانەوە بەسەریاندا ببارێت.
ئەم شەڕەی ئێستا، هەڵبژاردە و خواست و ئارەزوی خەڵکی ناوچەکە نیە، شەڕێکە بە زۆر داسەپێنراوە و تێکەڵ بەژیانی خێزانەکان کراوە، فرسەتی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکارانی لەبەرامبەر سەرمایەداران و حکومەتەکانیدا، تەواو بەر تەسک کردۆتەوەو بێئومێدی ڕەاواجپێداوە، کە بەتایبەتی تەواوی ناڕەزایەتی هەڵقوڵاوی جەماوەری ئێرانی کپو خامۆش کردووە.
لەگەڵ زیاتر لە پەرەسەندنی ململانێ و شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێراندا، بەجیا لەوەی کاردانەوەکانی بە سەر ژیانی دانیشتوانی ئێراندا شکاوەتەوە، لەهەمانکاتدا فراوانتر دەبێت و کاریگەری لەسەر نرخی خۆراک و وزە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە، بەتایبەت لە سوریا، لوبنان، عێراق و میسر. ئەم وڵاتانە کە زۆر پشتیان بە هاوردەکردن یان سنوورداربوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆی کاڵا سەرەکیەکان بەستووە، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی تەحەدیاتی ئابووری دەبنەوە. ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی قورس دەخاتە بەردەم حکومەتەکانیان لە بەڕێوەبردنی هەڵاوسان و قەیرانی ئابوری و دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک لە نێوان شۆکی نرخی نەوت و گاز و بەرزبوونەوەی تێچوی دواستنەوەی دەریاییدا، قورسایی ئەم دۆخە گومانی تیا نیە کە زیاتر دەکەوێتە سەر دابەزینی ئاستی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژاران.
داخستنی ڕێگایەکی وەک گەرووی هورمز و کەناڵی سوێس، کەدەمارێکی گرنگن بۆ گواستنەوەی نەوت و کاڵاکان. هەر پەکەوتنێکی کەشتیوانی، کاتەکانی گەشت و تێچوی بیمە و تێچوی گواستنەوە زیاد دەکات، ئەمەش ڕاستەوخۆ نرخەکان بۆ بەکاربەران بەرز دەکاتەوە، داخستنی ئەم ڕێگایانە ئاکامی توندبونەوەی شەڕەکە و ئاکامەکانیەتی، کە ڕۆژ بەدوای ڕۆژ کاریگەری زیاتر لەسەربژێوی دانیشتوانی ناوچەکە وقەیرانی ئابوری دەکات. هەروەها بەرزبونەوەی نرخی سووتەمەنی، بە تێچوی گواستنەوە و بەرهەمهێنان زیادی کردووە، ئەمەش فشاری زیاتری خستۆتە سەر حکومەتەکان لە ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوساندا، زیادکردنی نرخی کاڵاکان بەسەر خەڵکیدا دەشکێننەوە.
لەبەرئەوەی تاڕادەیەک ئاسایشی خۆراک پەیوەستە بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتیەکانەوە، هەر بەرزبوونەوەیەکی زیاتری نرخی سووتەمەنی یان پچڕانی گواستنەوەی دەریایی، بە خێرایی کاریگەری لەسەر توانای خێزانەکان دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی خۆراک و هەر پێداویستیەکی تری ڕۆژانە.
شەڕ لەگەڵ ئێران بەردەوامەو ئایندەکەی ناڕۆشنە، ئاشکرایە ڕۆژ بەدوای ڕۆژ گوشاری بەرچاو لە سەر ئاسایشی خۆراک و وزە لە ناوچەکەدا دادەنێت، نرخی گەنم و کاڵا سەرەکیەکانی دیکەی پێداویستی ژیانی ڕۆژانە بەرزدەکاتەوە، بەتایبەتی کە گەنم بەردێکی بناغەی بەکارهێنانی خۆراکی زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکەیە، هەڵبەتە پێداویستیەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت.
گرنگی پلاندانان بۆ بەهێزکردنی یەدەگەکان و کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکان و ڕێکخستنی بازاڕەکان لە پێش هەموو شتێکەوەیە بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و وزەی پێویست بۆ خێزانەکان، لە نێوان ئەم قەیرانە بەردەوامانەدا و بەردەوامی شەڕەکەدا، سەختی و قەیرانی قوڵ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ژیانێکی قورس و نائەمن دەخولقێنێت، تا ئاستی فراوانبونی برسێتی و هەژاری و نەبونی، ئەمەش پێویستی بە فشاری جدی هەیە بۆ سەر حکومەتەکان کە دەبێت ناچارکرێن لە دابینکردنی پێداویستیەکان و ڕێگەنەدان بە بەرزکردنەوەی نرخەکان، لە هەمان کاتدا دابینکردن وئاسانکاری گەیاندنی پێداویستیەکان بۆ دانیشتوانی ئێران.
ئەم ململانێیە تەنیا شەڕێکی ئاسمانی و کەشتی سەربازی و موشەک و درۆن نیە لەسەر خاکی ئێران، بەڵکو بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی ئاسایشی خۆراک و وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوڵاتیان ڕووبەڕووی لێکەوتەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبنەوە، لە بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە تا دەگاتە کەمی و نەمانی پێداویستیەکان، ئەمەش ئاستەنگی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم ناوچەکە، کە پێویستی بە سیاسەتی بەپەلە و دادپەروەرانە هەیە بۆ بەڕێوەبردنیان لەدابین کردنی پێداویستیەکان بە تایبەتی بۆ ئێران، ئاشکرایە ئەم دادپەروەریە لە رەوشت و بیرکردنەوەی سەرمایەداران و حکومەتەکانیاندا نیە و نابێت، بۆیە بە جیا لە هەوڵدان بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەری، بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی لە مەترسی و هێرشەکانی ئەم جەنگە و ئاوارەیدا، لەهەمانکاتدا دابینکردنی پێداویستی خۆراکی و شوێنی حەوانەوە لە هەر شوێنێکدا بەرەوڕوی دانیشتوان بێتەوە.
ئەوەی شایانی باسە دوای چلوحەوت ساڵ لەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەجیا لەدەرگیربونی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاشکرایە کە پێشتریش ئابووری ئێران تووشی قەیرانێکی تەواو سەخت بووە، دراوێکی نزیک لە داڕمان، هەڵاوسانی درێژخایەن و فراوانبونی فشارەکانی ژیان کە کاریگەری لەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان هەیە و ڕادەی هەژاری و نەبونی زیاتر و فروانتر بووە، لە هەمانکاتدا کاریگەری لەسەر ئاستی بژێوی و تێکچونی ئاستی ژیانی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەش داناوە، ئێستاش دوای نەهامەتی ئابوری لە چوارچێوەی جەنکێکدا لە قاڵب دراوە.
لەسەرو بەندی بەتەنگەوە چون و فریاگوزاری، حەتمیە کەپێویستی بەرێکخستنی شێوازی ڕێکخراوەی جەماوەریە، کە بەدواداچون و سەرپەرشتی و بەڕێوەبردن لە شوێنی ژیان و پەناگای ئاوارەکاندا بکەن، بۆ دابەشکردنی پێداوستیەکان لە شارەکان و گەڕەکەکان و گوندەکان، هەروەها دابین کردنی شوێنی حەوانەوە بۆ ئاوارەکان، لەنێو هەر ڕێکخراوێکی جەماوەریدا پێویستە کەسانی کارا و بە ئەزمون و بە توانا و مرۆڤدۆست هەڵبژێرن، کە بەرپرسیاریەتی کارەکان لە ئەستۆ بگرن.
ئەم بەرپرسیاریەتیە ببێتە ئەزمونی کارێکی کۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبردندا، کە دوای جەنگیش بتوانێ بەردەوامی بە کارەکانی لە شێوازی گونجاودا بدات، لە نمونەی پێکهێنان و بەرجەستەکردنەوەی شوراکان، چونکە جەنگ کۆتایی دێت و ئێرانێکی ژێرخان داڕماو وێران دەمێنێتەوە کە کاریگەری سەختی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت، بەتایبەتی گەر کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر دارمانێکدا بەرەوروبێتەوە، پەرشوبڵاوی و بێسەروبەری سایە دەکات بەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێراندا، ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە ئێراندا، دۆخی فرەچەشن بەخۆیە دەبینێت، هەرلایەنێکی سیاسی خاوەن باوەڕی سەرو ئیرادەی خەڵکی، بەدوای چنینەوەی پاشماوەکانی جەنگەوە دەبێت، بەدوای جێگیربونی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە دەبن.
ئەوکاتە ئەوە پێویستی فراوان بون و بەهێز بونی شوراکان و دەوریانە کە دەتوانێت ئیرادەی خەڵک بکاتە بنەما، تا ئەو هەژمۆنیە تاکڕەویەی هیچ لایەنێک قەبوڵ نەکات، کە دەیانەوێت دەسەڵاتی سەرو خەڵکی دامەزرێتەوە، ئەوە شوراکانە کە دەبنە پێویستیەکی کۆمەڵایەتی بۆ رزگارکردنی خەڵک لەهەر جوڵەیەکی قۆرخکردنی دەسەڵات و تاڵانخوازی و بازرگانیکردن بە پاشماوەکانی جەنگ و سەروەت و سامانی وڵاتەوە.
هەر هاوپەیمانیەکیش کە لەنێوان لایەن و هێزە سیاسیەکاندا پێکدێت، گەر نەچێتە ژێر هێژمۆنی شوراکانەوە، هاوپەیمانیەکە بۆ بەرژەوەندیەکی تایبەتی ئەو هێزانەی دەیانەوێت لە ئاسەوارەکانی دوای جەنگ سودمەندبن و دەسەڵاتێکی سەروخەڵکی دامەزرێنن، دەبێت دەسەڵات لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێک بێت، نەک بە پێچەوانەوە.
لە هەوڵدان، بۆ پاراستنی خەڵکی ئێران لە کاریگەریەکانی ئەم جەنگە و ئاسەوارەکانی دوای جەنگ، ئامادەییە بۆ یەکگرتویی و ڕێکخروا بون، هەوڵدانە بۆ دابینکردنی دەور و دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، پێکهێنانی شوراکان و بەهێزبون و فراوان بون و سەراسەری بونیەتی لە تەواوی ئێراندا، پابەند بون بە شوراکان، دروسترین هەنگاوە کەدەتوانێ پارێزەری خەڵکی بێت لە جەنگ و نەهامەتی و ئاسەوارەکانی.
hkkurdistan.org