پەیامی ئایاری ئەمساڵ، وەستانەوەیە بەرامبەر جەنگی کۆنەپەرستانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران!

جیهان بە دۆخێکی سەختی سیاسی و ئابوری و نائارامیدا تێپەڕدەبێت و فەزای جەنگ و میلیتاریزم لە هەموو گۆشە و کەنارێکی جیهانەوە سایەی بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا کردووە. هێز و جەمسەرە ئیمپریالیستیەکان بە ئامانجی دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی کەرەستە خاوەکان و مۆنۆپۆڵکردنی بازاڕی کار و کاڵا، لە کێشمەکێشێکی توند و مەترسیداردان. هێشتا شەڕی ئۆکرانیا کۆتایی پێنەهاتووە، دیسانەوە شەڕێکی دیکەی وێرانکەر بەرۆکی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتوە و ئەمریکا و ئیسرائیل بەبێ حسابکردن بۆ هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی و بەشێوەی چەتەگەری شەڕێکیان لە بەرامبەر ئێراندا هەڵگیرساندەوە. هەڕەشەی کاولکاری لە تەواوی ناوچەکە دەکەن و تائێستا هەزاران کەسی مەدەنییان لە ئێران کوشتوە، دەیان ناوەندی پیشەسازییان کاولکردوە کە سەدان کرێکار تێیدا گیانیان لەدەستداوە، یان بریندار و پەککەوتە بوون. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، کە ئەم شەڕە بە هەڕەشە لەسەر مانەوەی خۆی دەزانێ، سڵ ناکاتەوە لە وێرانکاری و ڕاکیشانی ناوچەکە بۆ شەڕێکی سەراپاگیر.

ئامانجی ئەم جەنگە وێرانکاریە، ئەگەرچی بەڕواڵەت بەرامبەر بە ڕژێمی ئیسلامیە و بیانوەکەیان ئەوەیە کە ئێران توانای چەکی ئەتۆمی هەیە بەڵام لەڕاستیدا هۆکاری سەرەکی و ڕاستەقینەی ئەم شەڕە، تەسلیمکردنی ئێرانە بە ئەجێندای سیاسی ئەمریکا و لەڕێگای ئەوەشەوە، وەستانەوەیە بەرامبەر چین و ڕوسیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەنا ئەگەر ڕژێمی ئیسلامی خەتەرناکە، ئەوا ئیسرائیل سەدجار لەو ڕژێمە خەتەرناکترە کە بە دانپێدانانی نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگای دادی نێودەوڵەتی و زۆربەی هەرە زۆری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و …، دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی فەلەستینی جینۆساید کردووە کە لەناویاندا هەزاران مناڵ و ژن هەن! ئەم ڕژێمە مناڵکوژە ئاپارتایدە کە هەرئێستا یاسایەکی پەسەندکردوە بۆ لەسێدارەدانی زیندانیە فەلەستینیەکان، خاوەنی چەکی ئەتۆمیە و ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاواییش پشتیوانی دەکەن.

ئەمریکا کە گوایە لەڕێگای لەناوبردنی توانای ئەتۆمی و موشەکی ئێرانەوە خەڵکی جیهان لە شەڕی ڕژێمی تیرۆریستی وەکو ئێران دەپارێزێت، خۆی تەنها دەوڵەتە کە چەکی ئەتۆمی دژی خەڵکی مەدەنی لە یابان بەکارهێناوە! دەیان شەڕی لە جیهاندا بەرپاکردووە و ملیۆنەها مرۆڤی لە ڤێتنام و کەمبۆدیا و کوریا و باقی وڵاتانی جنوبی ئاسیا، لە ئەفغانستان، لە عێراق، لە سوریا، یەمەن و ئێران کۆمەڵکوژ کردووە. هەرئێستا دۆناڵد ترامپ وەکو سەرۆکی شەقاوەکان هەڕەشەی پەلاماردانی کوبا دەکات دوای ئێران! ئایا کوبا خاوەنی چەکی ئەتۆمی و موشەکی بالیستیە!؟ ئایا کوبا یەك شەڕ و یەك کردەوەی تیرۆریستی لە هیچ جێگایەکی دنیا ئەنجامداوە!؟

ئەم شەڕەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرپاکراوە، تەنها وێرانکاری و نائارامی و پشێوی بۆ ناوچەکە نەهێناوە، بەڵکو بووەتە هۆی کارەسات بۆ سەرجەم چینی کرێکار و جەماوەری کەمدەرامەت لە سەر ئاستی ئەوروپا و جیهان بەشێوەیەکی گشتی. گرانبوونی نرخی پێداویستیە زۆر سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی ڕۆکێتی و شکاندنەوەی ئەو قەیرانە، سەرباری قەیرانە بەردەوامە ئابوریەکانی پێشووتر، بەسەر شانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و کەمدەرامەتدا لەلایەن دەوڵەتانی بۆرژوازیەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا و سەراسەری دنیادا، ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی بەرەو دۆخێکی زۆر خراپ پاڵپێوەناوە. لەپاڵ ئەو قەیرانە کەمەرشکێنەدا دەوڵەتانی بۆرژوازی لەسەر حسابی کەمکردنەوە و بڕینی بیمە و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و گشتیەکان، بودجەی زەبەلاح بۆ خۆپڕچەککردن و تەکنۆلۆژیای سەربازی تەرخان دەکەن و دۆخێکی میلیتاریستی و جەنگییان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە و بانگەشەی ئامادەسازی بۆ جەنگێکی چاوەڕوانکراو دەکەن!

چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتكێش و خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر تارمایی جەنگێکی کاولکاریدا بەبارمتە گیراون! پڕیشکی ئەم جەنگ و فەزای جەنگە عێراق و کوردستانی عێراقیشی گرتۆتەوە و نائارامی و ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر خەڵکی عێراق و کوردستاندا کێشاوە بەهۆی هێرشی موشەک و درۆن و مەترسی کێشبوون بۆ ناو جەنگەکە. دۆخی ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، کە خۆی پێش لەم جەنگە لەخراپترین ئاستیدا بوو، چەند ئەوەندەی دیکە خراپتر بووە. گرانی و نەمان و دەستنەکەوتنی پێداویستیە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانە و بەرینبوونەوەی بێکاری و هەژاری هەڕەشە لە بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان دەکات. لەم فەزای جەنگی و نائارامیەدا ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکار و بێبەش و خەباتیان بۆ هاتنەدی داخوازی و داواکاریەکانیان بۆ دابینبوونی ژیان و باشبژێوی، بووە بەژێر پێی جانەوەرانی جەنگەوە. دەسەڵاتدارانی کوردستانیش هیچ جۆرە بەرپرسیارێتیەك بەرامبەر بە دۆخی ژیانی خەڵك نیشان نادەن و بگرە دۆخی شەڕیان وەکو دەرفەتێك بۆ گیرفانپڕکردنی خۆیان و ڕوتاندنەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش قۆستۆتەوە.

بەرامبەر بەم دۆخە خەتەرناکەی ناوچەکە و عێراق و کوردستان، کە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش یەکەم قوربانیەکانین و دەبن، تەنها ڕێگایەك ماوەتەوە ئەویش وەستانەوەیە بەرامبەر بە جەنگ و فەزای جەنگ و ئاکامە زیانبارەکانی. کرێکارانی کوردستان و سەرجەم هێز و لایەنە کرێکاری و کۆمۆنیست و ئازادیخواز و ئینساندۆستەکان دەبێ لێبڕاوانە دژی شەڕ و هەوڵەکانی ڕاکێشانی کوردستان بۆ ناو جەنگەکە و لێکەوتەکانی لە بابەتی گرانی و ئاوارەیی و نائارامکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی بوەستنەوە. با ئایاری ئەمساڵ بکەینە ڕۆژی ڕاگەیاندنی پەیامی چینەکەمان بۆ کۆتاییهێنانی دەستبەجێی جەنگ و چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە!

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

نیسانی ٢٠٢٦ 

  •  
     

About wp_kurdistan

Check Also

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا نوسینی: کارڵ مارکس وەگێرانی لەئەڵمانیەوە: سەلام مارف بۆ داگرتن و خویندنەوەی کتێبەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *