“بەڵی فرەژنی جۆرێکە لە لەشفرۆشی”

خەسرەوسایە

شکاتەکەی “یەکیەتی زانایانی ئیسلامی”، لە شیلان حەمە نوری، بەهۆی ئەوەی کە لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی “فرەژنی جۆرێکە لە لەشفرۆشی”، ئەڵقەیەکی ترە لەو کەمپینە دژی ژنەی ئیسلامیەکان کە ماوەیەکە بۆسەر مەدەنیەتی کۆمەلگا دەستیان داوەتێ. سەرەتای ئەم کەمپینە بەڕاوەستانەوە بەرامبەر بە گۆڕانکاریەکان لەبابەتەکانی خوێندن دەستی پێکردو ئینجا لەدژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی خۆی کێشایە پەرلەمانەوە و دواتریش بەڕووی “چەمکی جەندەر”دا تەقیەوەو لەدوا وێستگەیدا، مەلایەک لەسەیدسادقەوە، سەری لەدادگای عێراق دەرهێنان و لەچوارچێوەی دەستورێکدا کە شەریعەتی ئیسلامی کردۆتە سەرچاوەی یاسا، ئەو مافەی لەژنان سەندەوە کاتێک کە پیاوان ژنی دووەم بهێنن، نەتوانن داوای جیابوونەوە بکەن. ئەمەش بووە مایەی بێزاری و دەنگهەڵبڕینی ژنان و پیاوانێکی ئازادیخواز و داکۆکیکار لەمافە مەدەنیەکانیان.

بالەوە بگەڕێین کە لەم کەمپینەدا، ڕەوتە ئیسلامیەکان و مەلاو بانگخوازان و حاجی کاروانەکان و هەموو ئەوانەی کە ترسیان لێنیشتوە بەوەی کە جەندەرو مافەکانی ژنان، دەسەڵاتی ژنان بەسەر پیاوانەوە زاڵ دەکاو “خێزانی ئیسلامی” هەڵدەوەشێنێتەوە، دەستیان بۆ چ ئاستێکی باڵا لەجنێوفرۆشی و شەخسیەت شکاندن و سوکایەتیکردن و تەنانەت هەڕەشەکردن لە هەڵسوراوانی ژنان بەڕێخست، بەڵام ئەوەی لە شکاتەکەی یەکێتی زانایانی ئیسلامیدا بەرجەستەیە، ئەوەیە کە ئەم ئاخوندە نەزانانە کە خۆیان ناوناوە زانا، لەسەر بنەمای پیرۆزکردنی فرەژنی، دەنگی ئەو ژنانە ببەستێت کە ئەم دیاردە قێزەونە، کە شەریعەت بۆ حەزی پیاوان پیرۆزی کردوە، قەبوڵ ناکەن و نایانەوێت لە چوارچیوەی یاساو ڕێساکانی شەریعەتی ئیسلامی”دا، بێحورمەتیان پێبکرێ و ببنە بابەتێک بۆ حەزی پیاوان و کەسایەتیان لێبسەندرێتەوە. بەتایبەتی فرەژنی، لەپاڵ مارەبڕینی کچانی منداڵ بەشەرعی مەلا، زەواجی سیغەو مسیاردا، بەئاشکرا و بەبێ بازاڕی کڕین و فرۆشتن، کە ژنان تێیدا دەبنە کاڵا، سەرناگرێ. هەربۆیە شیلان حەمە نوری راستی وتووە کە فرەژنی شێوەیەکە لەشێوەکانی لەشفرۆشی.

بەڵام هۆکاری ئەوە چیە کە لەم بابەتەدا، یەکێتی زانایانی ئیسلامی،  پەنا بۆ دادگا دەبات؟

وەزارەتی ئەوقاف و یەکیەتی زانایانی ئیسلامی وەک بەشێک لەپێکهاتەی حکومەت و سیستەمێکی حوکمرانی کە بۆرژوازی کوردو حزبەکانی جێگایان بۆکرددۆتەوە، جگە لە وەزیفەی بلاوکردنەوەی خورافات و دواکەوتویی و ڕاوەستان لەپشتی ئیسلام و شەریعەتەکەی ئەرکێکی تریان نیە. ئەم دەزگایانە، کەوەزیر و دەیان راوێژکار و هەزاران مەلاو کارمەندی موچەخۆری وردو درشتی لەسەر حسابی دهات و ڕەنجی هاوڵاتیان دامەزراندووە، هیچ خزمەتگوزاریەک پێشکەش ناکەن و هیچ ڕۆڵێکیان نیە لەراپەراندنی ویستەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی کوردستاندا، بگرە کاریان ئەوەیە خورافەو ژەهری کۆنەپەرستی و پیاوسالاری و فەرهەنگی هەزاران ساڵ لەمەوبەر ڕەواج پێبدەن و لەرای گشتی کۆمەلگادا موقەدەسی بکەن و هەرکاتێکیش چینی دەسەلاتدار لەتەنگانەدا پێویستی پێبوو بەریبدەنە گیانی خەلکەوە. بەواتایەکی تر وەزارەتی ئەوقاف و یەکێی زانایانی ئیسلامی لەزگەیەکی زیادەن و ئامرازێکی دەستی دەسەلاتن بۆ سەرکوتی خەلک و پاشەکشەپێکردنی ڕەوتی ئازادیخوازی و نارازی بەم دەسەڵات و سیستەمە، کە بۆرژوازی کوردو حزبەکانی دایانمەزارندووە.

لەفەزای سیاسی ئێستای کوردستاندا، کە چینی دەسەلاتدارو حزبەکانی گیرۆدەی قەیران و لێکترازانی ڕیزەکانیانن، لەکاتێکدا کە نارەزایەتی خەلكی کرێکارو زەحمەتکێش هەرڕۆژە یەخەی دەسەلات لەسەر نان و کارو ئازادی دەگرێ، لەکاتێکدا کە چارەونسی حکومەت و ئەزمونی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەلایەن خەلکەوە کەوتۆتە ژیر پرسیارەوە، ئەوە یەکێتی زانایانی ئیسلامیە کە ئەرکی شەڕی خەڵک و دەسەلات، بۆ بابەتی فرەژنی، دەگۆڕێ و وەک تەرەفێک لەکەمپینی ئیسلامیەکاندا بەدژی مافەکانی ژنان دێتەمەیدانەوە. بەدڵناییەوە شاریبوون و مەدەنیەتی کۆمەلگای کوردستان فرەژنی قەبوڵ ناکات و ناتوانرێ ژیانی خەڵکی کوردستان بەیاساو ڕێسای چەندیدن سەدەی رابردوو لەقاڵب بدرێت وەک ئەوەی “زانایانی ئیسلامی” پیرۆزیانکردووە، مەگەر ئەوەی سەرکوتگەری چینی دەسەلاتدار، تا ئەو ئاستە بڕوات هەناسەی ئازادی لەژنان و پیاوان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی و خەلكی نارازی بەیەکجاری بگرێ.

بەلام ئەم بابەتە هەر بەوەندەوە ناوەستێ، بەتایبەتی کاتێک کە ڕۆژنیە لەمیدیاکانەوە نەبینین و نەبیستین کە سەرۆکی هەریم و حکومەت و سەرانی دەسەلات، بەقاتوڕیباتەوە دەرنەکەون و باس لەپرسی ژن نەکەن و خۆیان وەک لایەنگری مافەکانی ژنان لەئاست ولاتانی دەرەوەدا دەرنەخەن، کەچی لەبەرامبەر ئەو هەموو سوکایەتی و بێڕیزیەی کە ئیسلامیەکان بەژنان و خەڵکانێکی سکولار و مەدەنی دەیکەن، بێدەنگن و هیچ کاردانەوەیەک لەخۆ نیشان نادەن. ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە دەسەلات خۆی لەپشت کەمپین و پەلامارەکانی ئیسلامیەکانەوەیە و هەر خۆی یەکێتی زانایانی ئیسلامی بەرداوەتە گیانی ئەو ژنانەی فرەژنیان قەبوڵ نیە، تا هەم دڵی ئەو حزبانەی لەپەرلەمان کشاونەتەوە رازی بکا و هەم دۆخەکە لەدژی ژنان و نارەزایەتیە جەماوەریەکان تەنگ بکاتەوە.

بەدڵنیایەوە شیلان حەمەنوری هیچ تاوانێکی نەکردوە وئازادانە رای خۆی ووتوە و داکۆکی لەکەسایەتی ئینسانیی ژن کردووە، کەوایە ئەوە ئەرکی هەر ئینسانێکی ئازادەیە، لەپاڵ شیلاندا بەوتنی ” فرەژنی جۆرێکە لە لەشفرۆشی” لەبەرامبەر شکاتەکەی یەکێی زانایانی ئیسلامی و حکومەتەکەی ڕاوەستێ.

٩/١٢/٢٠٢٢

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …