مانگرتنی کرێکارانی ئێران و گواستنەوە بۆ بزوتنەوەیەکی سیاسی فراوان!

توانا حەمە نوری

مانگرتنی کرێکاران لە ئێران لە زیادبووندایە. لەماوەی ڕۆژانی دوای مانگرتنە گەورەکەی کرێکارانی تواندنەوەی ئاسنی ئەسفەهان لە ١٥ و ١٦ نۆڤەمبەر، کرێکارانی ژمارەیەکی زۆری کارگە و کۆمپانیا پیشەسازی و بەرهەمهێنانەکان و کەرتی خزمەتگوزاری مانیان گرتووە. داخوازییەکانیان بەشێوەیەکی سەرەکی داخوازی ئابووری و پیشەییە. لەزۆربەی حاڵەتەکاندا مانگرتنی کرێکاری لەگەڵ گردبوونەوە و لە هەندێک حاڵەتدا بەڕێپێوان و وتنەوەی دروشم دەستیپێکردوە. مانگرتن و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی کرێکاران لەدۆخێکدایە کە خرۆشان و پێکدادانی شەقام و خۆپیشاندانی جەماوەری شارەکانی سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە و کۆمەڵگا بەرەو گۆڕانکاری جیددی هەنگاودەنێت.

بۆ دابینکردنی خواستەکانیان، کرێکاران لەم یان ئەو ناوەندی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییدا ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. هەر لە مانگرتنی گەورە و زۆر گرنگی کرێکارانی پڕۆژەی پیشەسازی نەوت لە ١٠ و ١١ی ئۆکتۆبەر کە بەهێز و توندوتیژی و دڕندەییەکی توند سەرکوت کرا، تا مانگرتنی گەورەی کرێکارانی تواندنەوەی ئاسن. لەو نێوەشدا نزیکەی هەموو ڕۆژێک شاهیدی مانگرتنی کرێکاران بووین بەجۆرێک کە دەتوانین بڵێین پڕۆسەی مانگرتنی کرێکاری بە ڕوونی زیادی کردووە.

بەدوای مانگرتنی کرێکارانی تواندنەوەی ئاسنی ئەسفەهان، شەپۆلێکی مانگرتن و دەستلەکارکێشانەوە بەشێکی بەرچاوی ناوەندە پیشەسازی و خزمەتگوزاریەکانی ئێرانی گرتەوە.  هەروەها شۆفێرانی کۆمپانیاکانی گواستنەوەو بارهەڵگریش بە مانگرتنی کرێکارانەوە پەیوەست بوون.

زۆرینەی ئەم مانگرتن و گردبوونەوە کرێکاریانە لەو کارگە و کۆمپانیا پیشەسازی و بەرهەمهێنەرانەدا بووە کە لەڕووی بەرهەمهێنانەوە گرنگن و ڕێژەیەکی بەرچاو لە کرێکاران کاریان تێدا دەکەن. وەکو کارگەی تواندنەوەی ئاسنی ئەسفەهان کە ١٤ هەزار کرێکاری هەیە  و کۆمەڵگەی پیشەسازی ئەلەمنیۆمی باشوور کە گەورەترین کۆمپلێکسی ئەلەمنیۆمی ئێرانەو زیاتر لە دوو هەزار کرێکاری هەیە. هەروەها پیشەسازی پترۆکیمیایی مەسجد سلێمان کە بە ٨٠٠ کرێکار دەستی پێکرد و ئێستا زیاتر لە ٤٥٠٠  کرێکار و کارمەندی هەیە. کۆمپانیای پیشەسازی دیزڵ و بەهمەن مۆتۆرز، کە بەهەمن مۆتۆرز لقێکی “گرووپی پیشەسازی بەهمەن”ەکە ٤٠٠٠ کرێکار و کارمەندکاری تێدا دەکەن. کۆمپانیای کروز پارتس کە یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی پارچەی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئێران و ئەم کۆمپلێکسە زیاتر لە ١٢ هەزار کرێکاری هەیە و زیاتر لە ٧٠%ی کرێکارەکانیشی ژنن. پاڵاوگەی یازدەیەم (قۆناغی ١٣)ی کێڵگەی غازی باشووری پارس کە لە کەرتی سەکۆ و دامەزراوەکانی دەریایی، بۆری دەریایی، وشکانی و دامەزراوەی کونکردن کاردەکات، زیاتر لە ١٥ هەزار کرێکاری هەیە..

سەرەڕای سروشتی ئابووری زۆرینەی ئەو مانگرتنانە، بەڵام لەهەندێک حاڵەتدا کرێکاران ڕێپێوانیان کردووە و دروشمی سیاسی هاوشێوەی ئەو دروشمانەیان بەرزکردۆتەوە کە لە شەقامەکاندا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ووتراونەتەوە. بۆنموونە لە کۆمپانیای پارس ئەمپۆل ساوە، دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” وترایەوە. دروشمی کرێکارانی تواندنەوەی ئاسنی ئەسفەهان “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” بوو لە مانگرتن و گردبوونەوەی رۆژی٢١ی نۆڤەمبەردا. داڕشتنی دروشمی سیاسی لەژێر کاریگەری دروشمی جەماوەری سەر شەقام کە بۆڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هاتۆتە سەر شەقام، شتێکی نوێ نەبوو. پێش ئەوە کرێکارانی کارگەی شوکولاتەی ئایدین لە مانگرتن و گردبوونەوەیان لەناوچەی کارگەکەدا دروشمی “لە کوردستانەوە بۆ تەورێز، هەژاری و گەندەڵی و جیاکاری”یان دەوتەوە. بەشە ناوخۆییەکان لە شوێنی کاردا دروشمی “ژن، ژیانی ئازادی”یان دەوتەوە و پێش هەموو شتێک و لە هەمووی گرنگتر کرێکارانی پڕۆژەی پیشەسازی نەوت لە مانگرتنی سیاسی خۆیاندا لەڕۆژانی١٠ و ١١ ئۆکتۆبەردا “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”یان وتەوە.

دەستپێکردنی ئەو شەپۆلە لە مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکاری و بەهێزبوونی مۆرکی سیاسی لەناو ناڕەزایەتیەکانی کرێکاراندا لەجەرگەی خرۆشانێکی گشتی جەماوەریدا دژی هەژاری و بێکاری و گرانی و گەندەڵی و نەبوونی ئازادی و سەرکوتی سیاسی و ستەم و ئاپارتاید دژی ژنان و تاد.. نەك هەر بزوتنەوەی کرێکاری دژی رژێمی ئیسلامی سەرمایە بردۆتە قۆناغێکی نوێوە، بەڵکو گوژمێکیشی داوە بە خەباتی سیاسی گشتی ژنان و لاوان و جەماوەری خەڵك بەگشتی بۆ سەرنگونکردنی رژێمی ئیسلامی! زیادبوونی مانگرتنە کرێکاریەکان و دروشمە سیاسیەکان گوزارشت لەو ڕاستییە دەکات کە کرێکاران وەک هەموو گەنجان و جەماوەری ستەملێکراو دەیانەوێت سیستەمی سیاسی ئێستا بگۆڕن.

بزووتنەوەی چینی کرێکار هەنگاوی بۆ مەیدانی سیاسەت و تێپەڕاندنی مەیدانی ئابوری ناوە. ڕەنگە هێشتا و لە کورتماوەدا شاهیدی مانگرتنی کرێکاری گەورە و سیاسی کرێکاری نەبین، بەڵام زەمینەی گواستنەوە لە مانگرتنی ئابوورییەوە بۆ مانگرتنی سیاسی ئامادەیە. چینی کرێکار لە ژینگەی کارەوە و لەو شوێنەی کە ئامراز و ئیمکاناتی ئەم خەباتە لەبەردەستدایە دەست بە خەبات دەکات و لە داواکارییە کۆنکرێتی و ئابوورییەکانیەوە دەست پێدەکات و هەر لەڕێێچکەی ئەم خەباتەیە کە خەبات و بزووتنەوەی سیاسی چینی کرێکار پتەوتر دەبێت. لەغیابی حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری جەماوەری، بزوتنەوەی چینی کرێکار هێشتا نەبۆتە بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی. بەڵام ناکرێ ئینکاری ئەو ڕاستیە بکرێت کە مانگرتنی ئابووری و فراوانبوونیان بەتایبەت لەدۆخێکی شۆڕشگێڕانەی وەکو ئێستا دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت بۆ مانگرتنی سیاسی و فراوانبونی بزووتنەوەی سیاسی چینی کرێکار.

سەرەتای دیسەمبەری ٢٠٢٢

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …