ناڕەزایەتیەکانی ژنانی ئەفغانستان بەدژی یاسا ئیسلامیەکانی تاڵیبان

نوری بەشیر

بەدوای یاسای قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە زانکۆکاندا لە هەفتەی رابردوودا، تاڵیبان یاسا ئیسلامیەکان توندتر دەکاتەوەو یاسای کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان – NGO– دەردەکات. بەپێی ئەم یاسایەش ژنان نابێ لە رێکخراوە نا حکومیەکاندا کار بکەن چونکە لەو رێکخراوانەدا رەچاوی یاسای پۆشینی حجاب ناکرێ یان شل دەبێتەوە.

 داسەپاندنی ئەم بڕیارە دژە ژن و دژی ئینسانیانە ناڕەزایەتیەکی زۆری ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی بەدوای خۆیدا هێنا. ژنان لە ٢٢ی دیسەمبەردا بەرامبەر بڕیاری بێبەشکردنی کچان لە خوێندن لە زانکۆکاندا، دروشمی خوێندن، کارکردن و ئازادی، خوێندن مافێکی سەرەتاییە بەرزکردەوە، بەڵام بەدوای بڕیاری قەدەغەکردنی کاری ژنان لەناو رێکخراوە ناحکومیەکاندا چوارچێوەی ناڕەزایەتیەکان فراوانتر بوەوە و  زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستانی گرتەوە. چونکە بەپێی ئەم بڕیارەی تاڵیبانژمارەیەکی زۆر لە ژنان رەوانەی ماڵەوە دەکرێن و خێزانەکانیان روبەروی برسێتی دەبنەوەو ژنانێك کە پێشتر ئازادی کارکردن و چونەدرەوەیان بەدەستهێناوە دەکرێنە کۆیلەی ناو چواردیواری ماڵ!

ژنانی ئەفغانستان لە ناڕەزایەتیەکانیادا داوایان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە هاوپشتی لە ژنانی ئەفغانستان بکەن لەبەرامبەر ئەم بڕیارە قەرەقوشیەی تاڵیبان دا بەرگری لە مافی خوێندن و کارکردنی ژنان بکەن.

ئەم یاسا دژە ژنانەی تاڵیبان دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر ژنان و کۆمەڵگای ئەفغانستاندا لەکاتێکدایە کە یاساکان و  شەریعەتی ئیسلام لەئێران کەوتۆتە بەر نەفرەت و زەبری شۆرشگێڕانەی ژنان و لاوان و کرێکارانی ئێرانەوە و   ژنانی ئەفغانستانیش وەکو سەنگەرێکی خەباتی خۆیان دژی دەسەڵاتی دڕندانەی دژە ژنی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی بەچاوی ئومێدەوە لێی دەڕوانن، بۆیە ئەوان لە بەشی ئەو کەسانە بوون کە لەسەرەتای دەستپێکردنی خرۆشانی شۆرشگێڕانەی ژنان و لاوان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانەوە هاوپشتی خۆیان بۆ خواستەکانی ژنان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئێران دەربڕیوەو لەیەكێک لە خۆپیشاندانەکاندا دروشمی “ژنانی ئێران ڕاپەڕیون ئیتر نۆرەی ئێمەیە”بەرزکردبۆوە. دەسەڵاتی تاڵیبانیش هەروەکو سەرجەم بزوتنەوەو رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ترسی روخانی جمهوری ئیسلامی ئێران هەراسانی کردوەو بەمجۆرە یاساو بڕیارە کۆنەپەرست و دژە ژن و دژە مرۆییانە دەیەوێ فریای خۆی بکەوێ و دەسەڵاتەکەی لە زەبری شۆڕشێكی جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئەفغانستان بپارێزێ.

دەسەڵاتی تاڵیبان بەم بڕیارانەی دەیەوێت جێگاوڕێگایەک کە ژنانی ئەفغانستان لە دنیای شارستانی ئەمڕۆدا بەدەستیان هێناوە، پاشەکشە پێبکات و بەوجۆرە کۆمەڵگای ئەفغانستان لەناو زەلکاوی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا و دەسەلاتی شەریعەتدا نغرۆبکات و هەموو تروسکاییەکی ژیانی هاوچەرخ لە خەڵکی ئەفغانستان بکوژێنێتەوە.

گومان لەوەدا نیە کە دوای روخانی تاڵبیان لەلایەن ئەمریکاوە، بەهۆی ئەوەی کە نەدەکرا هەمان یاساو رێسای تاڵیبان بەسەر سەری خەڵکدا ڕابگرنەوە، سەرباری ئەوەی کە دەسەڵاتی قەبیلەیی بۆرژوازی کۆنەپەرستیان بەسەر سەری خەڵکی ئەفغانستاندا سەپاند، بەڵام دەرفەتێكی بچووک پەیدابوو تا ژنان هەناسەیەك بدەن و کەمێك لە ئازادیە فەردیەکانیان بەدەست بهێنن، بەڵام دوای ڕادەستکردنەوەی دەسەڵات بە تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە، هەمان یاساو رێسای شەرع و ئیسلام دوبارە بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا دادەسەپێتەوەو دوبارە و دوای قوربانیەکی زۆر ژنان راپێچی کونجی ماڵەوە دەکرێن! بەڵام ئەوەی کە رێگادەگرێت لەوەی تاڵیبان بەهەمان هەوسارپچڕوای پێشووەوە دەسەڵاتی رەهاو دژە ئینسانی و دژە ژنی خۆی بەسەر خەڵکدا زاڵبکاتەوە، ئەزمونێکی خەباتکارانەیە کە لەماوەی روخانی دەسەڵاتی تاڵیباندا بەدەستیان هێناوە سەرباری ئەو دەروازەی هیواو ئومێدەی کەلەناو ژنان و خەڵکی ئەفغانستاندا لەئاکامی خرۆشان و هەڵسانی شۆرشگیڕانەی ژنان و لاوان و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا دروست بووە.

٢٤/١٢/٢٠٢٢

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …