خەڵکی ئێران خوازیاری ئازادی ویەکسانی وبەدیهێنانی ژیانێکی باشترن

وتەی دەشتی جەمال لە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیالە ٨ی شوباتی ٢٠٢٣

بەناوی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەڵ جووڵانەوەی کرێکاریی ئێران بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەین.

ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیا کۆبووینەتەوە تا بەدەنگی بەرز پشتیوانیی خۆمان بۆ خرۆشانی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و خەڵکی ئێران ڕابگەیەنین کە ماوەی ٤ مانگە دژی ڕژێمێکی کۆنەپەرست و سەرکوتگەر، سەرباری کوشتنی سەدان کەس و زیندانیکردنی دەیان هەزار کەس بەردەوامە. لێرەین بۆئەوەی پشتیوانیی خۆمان بۆ بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران نیشان بدەین، کە لەلایەن ڕژێمێکی تیۆکراسی دژە کرێکارییەوە بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت دەکرێ و ڕابەرانی لە زیندان توند دەکرێن و دروستکردنی سەندیکای سەربەخۆ و مانگرتن و خۆپیشاندان بۆ مافە سەرەتاییەکان بە تاوان دەژمێردرێ و ئاکامەی زیندان و ئەشکەنجەو بگرە لەسێدارەدانە!

ئەمرۆ رۆژێکی سەراسەریە بۆ هاوپشتی لەگەڵ راپەرینی شۆشگیرانەو بزووتنەوەی کرێکاری ئێران. ئەم خۆپیشاندانەی ئەمرۆ لەلایەن دەیان یەکیتی کرێکاری لە ئاستی ئەوروپا و ئەمریکاو کەنەدا پشتیوانی دەکرێت و ئەوانیش بەناردنی پەیام و بە راگەیاندنی خۆپیشاندان و ریپیوان لەشارە گەورەکان پەیوەستبوونی خۆیان بە داوکاریەکانی ئەم نارەزایەتیەوە دەربڕیوە.

چوار مانگە ژنانی ئێران بۆ سەرەتاییترین ماف، واتە ئازادی جل پۆشین و دژی حیجابی زۆرەملێ ڕژاونەتە شەقامەکان و بەداخەوە تائێستا دەیان کچی گەنج کوژراون، یان بەدەستی ئەنقەست کەمئەندام کراون، یان لە زیندان توندکراون. لاوان کە دەیانەوێ وەکو هاوتەمەنەکانی خۆیان لە دنیا ئازادنە بژین و بیربکەنەوە و ژیانێکی هاوچەرخ بژین، ڕووبەڕووی کوشتن و لەسێدارەدان و زیندان بوونەتەوە! خانەنشینان، مامۆستایان، بێکاران، خەڵکی کەمدەرامەت هەموو ماوەی ٤ مانگە هاوار دەکەن نامانەوێ چیتر لەژێر سایەی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامیدا ژیانی کولەمەرگی و هەژاری ڕەها بەسەر بەرین و هەژاری و برسێتی ببێتە نسیبی خۆمان و خێزانەکانمان. ئێستا سەرجەم خەڵکی ئێران دژی دەسەڵاتی ٤٠ ساڵەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران دەنگیان هەڵبڕیوەو داوای ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی شەرافەتمەند و هاوچەرخ و ئینسانی دەکەن. ئەوانیش دەیانەوێ وەکو ئێمە بژین! بەڵام ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە کوشتن و زیندان و سێدارەو تیرۆر وەڵامیان دەداتەوە!

ئەم بزووتنەوە جەماوەرییەی کرێکاران و ژنان و لاوان و سەرجەم توێژە بێبەشەکانی ئێران، بە کوشتنی مەهسا ئەمینی لەلایەن “پۆلیسی ئەخلاق”ی ڕژێمی ئێرانەوە تەنها لەبەرئەوەی حیجابەکەی بەدڵی ئەوان نەبوو، تەقیەوەو سەراپای ئێرانی گرتەوەو بناغەکانی کۆماری ئیسلامیی هێناوەتە لەرزین. دروشمە سەرەکیەکەی “ژن، ژیان، ئازادی”یە. خەڵکی ئێران خوازیاری ڕوخاندنی سیستەمی حوکمڕان و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی نوێن لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازادانەی خەڵك بۆ بەشداری لە کاروباری سیاسی خۆیاندا.

کۆمیتەی هاوپشتی لەگەڵ جووڵانەوەی کرێکاریی ئێران کە لە پەرلەمانی بەریتانیا لە ٢٨ی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لەسەر دەستی جۆن مەکدۆنیڵ و چەند هەڵسووڕاوی یەکێتییە کرێکارییەکانی بەریتانیا و ژمارەیەك هەڵسووڕاوی داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان و کرێکاران و ئازادیخوازان پێکهات، کاردەکات تا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی تاوانەکانیەوە دژی خۆپیشاندەران، لەئاستی نێودەوڵەتیدا تەریك بکرێتەوە. فشاری بخرێتەسەر تا دەست لە کوشتن و زیندانیکردن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و ڕابەرانی کرێکاری و هەڵسووڕاوانی سیاسی هەڵگرێ. کاردەکات لەسەر ڕاکێشانی پشتیوانی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوو کەسایەتیە چەپ و مرۆڤدۆست و پێشکەوتنخوازەکانی بەریتانیا بۆ خرۆشانی جەماوەری و بزووتنەوەی کرێکاری ئێران. ئەم کۆمیتەیە تیشك دەخاتە سەر پرسەکانی ژنان و دژایەتیکردنی ئاپارتایدی جێندەری لە ئێران. ئەم کۆمیتەیە هەوڵ دەدات لەسەر ئاستی جەماوەری و ڕەسمی فشار بۆسەر ڕژێمی ئیسلامی دروست بکات تا دەست لەسەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران هەڵبگرێ و ئازادی جلپۆشین، ئازادی دروستکردنی سەندیکا و ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ، ئازادی هەڵسووڕانی سیاسی بەڕەسمی بناسێت. سزای لەسێدارەدان هەڵوەشێنێتەوە. پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێنێتەوە! سەرجەم زیندانییە سیاسیەکان و خۆپیشاندەرانی زیندانی ئازادبکات و ئەوانەی تەقەیان لەخەڵك کردوە، ئەشکەنجەی خۆپیشاندەرانیان داوە و سزای سێدارەیان بۆ خۆپیشاندەران دەرکردووە ڕووبەڕووی لێپیچینەوەی یاسایی ببنەوە!

ئەم کۆمیتەیە لەنزیکەوە چاودێری ناڕەزایەتیە نەپچڕاوەکان و مانگرتنی بەردەوامی کرێکارانی ئێران دەکات، لەوانە پیشەسازیی نەوت و گاز و پترۆکیمیایی و کارگەی تواندنەوەی ئاسن و پیشەسازیی شەکری “هەفت تەپە” و کارمەندان و مامۆستایان و پەرستارەکان و …هتد. هاوکات کۆمیتەکە باوەڕی وایە کە هاودەنگیی نێودەوڵەتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکار بۆ ئازادی بنەمایەکی سەرەکیی بزووتنەوەی کرێکارییە.ئەم کۆمیتەیە لەڕێگەی فشارەکانیەوە بۆسەر حکومەتی بەریتانیا کار دەکات بۆ داخستنی باڵوێزخانەی ئێران لەبەریتانیا و دەرکردنی دیبلۆماتەکانی. لەئاستی یەکێتیە کرێکارییەکاندا کار دەکات بۆ دەرکردنی نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی کاری جیهانی. هاوکات کاردەکات بەئاڕاستەی ئەوەی ڕێگا بدرێ خەڵکی ئێران ئازادانە بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆیان بدەن و دەوڵەتان دەخاڵەت لەبڕیاری سیاسیی ئەواندا نەکەن. خەڵکی ئێران نایانەوێ دووبارە ڕژێمی پاشایەتی کە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوخاندیان، ئەمڕۆ بەناوی شۆڕشەوە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەکو بەدیل بەسەر خەڵکی ئێراندا بسەپێنرێت. نایانەوێ لەژیر دروشمی “ڕژێم چەینج”دا، داخوازییەکانی جەماوەری خەڵك بەلاڕێدا بەرن.

داواکارم هەموان پێکەوە بتوانین ئەم کۆمیتەیە بەهێزبکەین و دەورمان هەبێت لە پشتیوانیکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ناڕازی ئێران بۆئازادی و یەکسانی و بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر.

سوپاستان دەکەم.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …