بزوتنەوەی کرێکاری بەریتانیا،  هەنگاوی دیکەی پێویستە!

توانا نوری

ساڵێک لەمەوپێش سەندیکای کرێکارانی شەمەندەفەر، گواستنەوە و دەریایی (RMT) مانگرتنی نیشتمانی دەستپێکرد. دواتر کرێکارانی پۆست، مامۆستایان، کارمەندانی كەرتی حکومی، پەرستاران، وانەبێژان، پزیشکان و زۆر كەرتی تریشی گرتەوە. لەماوەی ئەم ساڵەدا سەدان هەزار کرێکار لە گەورەترین شەپۆلی ململانێ و خەباتی کرێکار و سەندیكایی و مانگرتن و خۆپیشاندان لە ٣٠ ساڵی ڕابوردوو بەڕێکرد. کرێکاران سەرلەنوێ خەباتی هاوبەش و دەستەجەمعی دەدۆزنەوە. بەڵام هێشتا ئەو جۆرە سەرکەوتنەیان بەدەست نەهێناوە کە پێویستە.

بەهۆی مانگرتنەکانەوە، مەزەندە دەكرێ ٢.٤٢ ملیۆن ڕۆژی کارکردن لەدەستچووبێت لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ – تەنها لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا ٥٥٦ هەزار ڕۆژی کارکردن لەدەستچووە.

ئەم شەممەیە سەدان کرێکار لە سەندیکای جیاوازەوە لە کۆنفرانسێکدا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی خەباتکردن و چۆنیش سەرکەوتن بەدەستبهێنن. کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی شەپۆلی مانگرتن، جۆری ستراتیژی کە پێویستە بۆ سەرکەوتن و سیاسەتی بزووتنەوەکە. کۆنفرانسەکە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ کرێکارانی سەندیکاکان بۆ وتووێژ و دڵنیابوون لەوەی خەبات بۆ سەرکەوتن دەکەن، هەروەها دەرفەتێکە بۆ کرێکاران کە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی هەماهەنگی باشتر و بەستنەوەی خەباتەکان و پەرەپێدانی ململانێکان.

چۆن شەڕ دەکەین، چۆن سەردەکەوین؟ کۆنفرانسی ئەندامانی ئاسایی سەندیکاکان . ئەم کۆنفرانسە لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی سەندیکا و بزووتنەوەکانی کرێکاران ڕێکخراوە و دەیان لقی سەندیکاکان و ئەنجومەنە پیشەییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا پشتگیری کراوە.

ئەم کۆنفرانسە لە قۆناغێکی گرنگدایە لە خەبات. شەپۆلی مانگرتنەکان بەپلەی یەکەم بەهۆی قەیرانی تێچووی ژیانەوە هەڵگیرسا کە ملیۆنان کەسی کرێکار دەستیان دایە تێکۆشان بۆ دابینکردنی خۆراک و وزە و خانووبەرە. نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو منداڵانی بەریتانیا لەئێستادا لە هەژاریدا دەژین.

نایەکسانی و نابەرابەری بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەریتانیا پەرەی سەندووە. لەکاتی پەتای کۆرۆنادا زیاتر زەق بۆوە. کاتێک دەوڵەمەندەکانی سەر بە حیزبی موحافزین پارەی گشتییان خوارد و ملیاردێرەکانی وەک جێف بازۆس و ئیلۆن ماسک سامانەکەیان بە ڕێژەیەکی زۆرتر فراوانتر کرد، لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵک زیانیان بەرکەوت.

پەتای کۆرۆنا ڕوونیکردەوە کە ئەوە کرێکارە کۆمەڵگا دەبات بەڕێوە. هەروەها کەمترین مووچەشیان پێدەدرێت و لە خراپترین بارودۆخدا کار دەکەن. ڕەگ و ڕیشەی شەپۆلی مانگرتن لەئێستادا لە متمانەی تازە دۆزراوی کرێکاراندایە بۆ ڕێکخستن و ململانێ و لە زۆر حاڵەتدا سەرکەوتن، لە ساڵی ٢٠٢١ەوەیە.

ملیۆنان کرێکار ئیلهامیان لە مانگرتنەکان و خەباتی دەستەجەمعی وەرگرتووە. هەروەها پشتگیری گشتی بۆ مانگرتنەکان، سەرەڕای هێرشی میدیای حکومی و ئەهلی، بەهێز و پتەوی خۆی ماوەتەوە. بەڵام دوای ساڵێک هێشتا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست نەهێناوە. دەسەڵات لەم ماوەیەدا توانی یاسایەکی نوێی دژە مانگرتن دەربکات. بەشێک لە هۆکاری ئەوەی کە دەسەڵات توانیوێتی ئەم کارە بکات، سنوورداربوونی مانگرتنەکانە. لە زۆربەی کەرتەکاندا مانگرتن تەنها یەک یان دوو ڕۆژە بووە و بە جیاش ماونەتەوە. هاوئاهەنگی لە نێوان کەرتەکاندا نییە.

ڕۆژی چالاکی هاوئاهەنگی ١٥ی ئازار، تا ٧٥٠ هەزار کرێکاری لە بواری پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە و خزمەتگوزاری شارستانی پێکەوە مانیان گرت. کاریگەری ئەو چالاکییە هاوبەشە، ئەو دەسەڵاتەی کە بە داخستنی شاری لەندەن لەگەڵ سەدان هەزار کەس لەسەر شەقامەکان پیشانی دا و هاودەنگیی نێوان کرێکاران ڕوون بوو. بەڵام زیاتر لە نۆ مانگی خایاند تا گەیشتینە ئەو ئاستە — و تەنها یەک ڕۆژیش بوو.

قەیرانی تێچووی ژیان کاریگەری لەسەر هەموو خەڵک هەیە و قووڵتریش دەبێتەوە. وەزیرێکی حکومەتی موحافزین پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی کرێکارانی (RMT) ئۆفەرێکی باشتریان پێنەدراوە، ڕوونیکردەوە کە دانپێدانان بە کۆمەڵێک داخوازی کرێکارانی کەرتێک پێشینە بۆ کرێکارانی کەرتەکانی تر دروستدەکات.

دەسەڵات تێدەگات کە خەباتی سەندیکایی کەرتی جیاواز بەشێکن لە یەک خەباتی کرێکاری سەرانسەری. سەرکەوتنێک بۆ یەکیکیان یارمەتی هەمووان دەدات و پێکەوە بەهێزتر دەبن. بەڵام بەداخەوە ئەم لایەنە سەرمایەگوزاری باشی تیانەکراوە. بەدڵنیاییەوە، ئەمە بۆچونی کرێکارانە بەڵام ڕەنگی لە لای سەرکردەی سەندیکاکان نەداوەتەوە.

لێرەدا پرسیاری سیاسی گرنگ و فراوان دێتە پێشێ. بزوتنەوەی کرێکاری دەبێت لە پێشەنگی بەرگریکردن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و شکستپێهێنانی دەستدرێژیکردن بۆ سەر مافی ڕێکخستن و کەمکردنی ئازادییە مەدەنییەکان و هەروەها دژایەتیکردنی ڕەگەزپەرستی و شەڕ بێت. چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەت و حکومەتەکەی و هەر سێ حیزبی بۆرجوازی، موحافزین، کرێکاران و لیبرال دیموکرات، پاشەکشەی جیددیان بە بزوتنەوەی کرێکاری لە بەریتانیا کردوە، بەڵام سەرەتاکانی خەباتی هاوبەش و دەستەجەمعی خەریکە دەستپێدەکاتەوە.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …