بڕیاری لەسێدارەدانی وەهاب هەڵەبجەیی!

موحسین کەریم

دادگای کەتنی هەولێر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژە تیرۆری یەکێتی دەکرد وەکو تاوانباری سەرەکی لە کەیسی کوشتنی هاوکار جافدا. ئەگەرچی ماوەیەکی زۆرە پارتی کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف، ئەفسەری دژە تیرۆری یەكێتی کە سەنگەری بۆناو پاراستنی پارتی گواسستبوەوە، بەدەستەوە گرتوە بۆ فشارخستنە سەر یەکێتی، بەڵام ئەم بڕیارەی دادگای هەولێر پلەیەکی دیکە ململانێ و کێشەی نەبڕاوەو بێچارەسەری یەکێتی و پارتی توندتر کردەوەو بەجێگایەکی ترسناکی گەیاند. گومان لەوەدا نیە کە دادگاکانی هەولێر و سلێمانی، دادگای حزبین و بڕیارەکانیان لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە بۆ دەردەکرێ و ئەوان تەنها سیفەتی یاسایی پێدەدەن! بۆیە ئەم بڕیارەی دادگای کەتنی هەولێر، ناچێتە ناو چوارچێوەی جێبەجیکردنی یاسا بەرامبەر بە تاوانێك کە ئەنجام دراوە و تاوانکارێك کە بەو تاوانە هەستاوە یان نەخشەی بۆ داڕشتوە، بەڵکو دەچێتە ناو چوارچێوەی ململانێی سیاسی نێوان ئەو دوو هێزەوە لەسەر دەسەلات و پۆست و ئیمتیازاتی سیاسی و لاسەنگکردنی تای تەرازوی هێزی سیاسی لەدژی یەکێتی، هەربۆیە بەدوای بڕیارەکەی دادگای هەولێردا، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەییدا دەرکەوت و مەدالیای شەرەفی پێشکەش کرد!

بڕیاربوو دوای کۆبونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، کە بەدوای چەندین مانگ لە پەناگیری قوبادو وەزیرەکانی یەکێتی لە کابینەکەی مەسرور بارزانی ئەنجام درا، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندی نێوان ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە هەڵبدرێتەوە! وا بانگەشە دەکرا کە پارتی و یەکێتی رێدەکەون و وەزیرەکانی یەکێتی مانگرتنەکەیان دەشکێنن و حکومەت کارەکانی دەست پێدەکاتەوە، مەسەلەی هەڵبژاردنیش بەرێکەوتنی نێوان هەردوولا، یەکلادەکرێتەوە! موژدەی ئەوە دەدرا بە خەڵك کە گرفت و کێشەکانیان کە بەهۆی ململانێی نێوان ئەو دوو حزبەوەو پەککەوتنی کارەکانی حکومەتی هەرێمەوە قوڵتر بووبوەوە، کۆتایی پێدێت و ئاهێك دێتەوە بەبەری خەڵکدا! بەڵام پێشبینی ئەوەی کە کێشەو ململانێی نێوان ئەو دوو حزبە لەوە قوڵتر و ئاڵۆزترە کە بەو سادەییە ئەو هەموو ئومێدەی لەسەر هەڵبچنرێت، بۆ ئێمەو بزوتنەوەکەمان سەخت نەبوو. هەر ئەوکاتە ئێمە ووتمان خودی چۆنیەتی رێکەوتن لەسەر ئەو بڕگەو بابەتانە و لەناویاندا هەڵبژاردنیش بەناو کۆمەڵێك کێشەو گرفتی سیاسی و ململانێی نێوان ئەو دوو حزبەدا دەڕواتە پێشەوە. زۆری نەخایاند کە هەموو شتێك جارێکی دیکە بوەوە بە بڵقی سەرئاو لەنێوان ئەو دوو حزبەدا.

پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە و لە هەلومەرجێكی سیاسی تازەی ناوچەیی و عێراق و کوردستاندا دەبێت پێناسەی پەیوەندی نیوانیان و هاوسەنگی هیزی نێوانیان بکەنەوە. حکومەتی هەرێم، تەنها شێوەی حکومەتیی دەسەڵاتی دوو حزبی میلیشیاییە لە دوو ناوچەی نفوزو دەسەلاتدا. ئەو حکومەتە لەئاکامی رێکەوتنێکی سیاسی نێوان ئەو دوو هێزە خاوەن میلیشیا و ناوچەی نفوزە، لە ئاستێكی دیاریکراوی هاوسەنگی هێزی نێوانیاندا، وەکو چەترێکی هاوبەش بۆ سیمای دەسەڵاتدارێتیان بەرامبەر بە بەغداو لەئاستی دەولەتانی دنیادا پێکهاتووە، نەك دەسەلاتێکی یەکپارچەی سیاسی و حکومەتی کە دوو حزب بەپێی هاوسەنگی سیاسی و نفوزی سیاسی وجەماوەری و رێژەی دەنگەکانیان تێیدا بەشدارن. ئێستا ئەو هاوسەنگیە تێكچووەو هەردوولا دەیانەوێ پێناسەی بکەنەوە. پارتی دەیەوێ و ئەوەشی بەئاشکرا ڕاگەیاندوە کە یەکێتی ئیتر ئەو پێگەیەی جارانی نەماوە تا لە حکومەتدا وەکو هاوبەشێكی سەرەکی و خاوەن بڕیاری هاوتا مامەڵەی بکات، بەتایبەتی کە پارتی توانیویەتی دزە بکاتە ناو دەزگای هەستیاری زانیاری و دژە تیرۆری یەکێتیەوەو هەروەها چەند هێزی چەکداری دۆست و سەربە پارتی لەناوچەی نفوزی یەکێتیدا دروست بکات. یەکێتی لەم گێژاوەدا گیری خواردوەو پارتیش هەررۆژە بەجۆرێك فشاری بۆدەهێنێ بۆ تەسلیمکردنی! بڕیاری دادگای هەولێر کە سەرۆکی هەستیارترین دەزگای ئەمنی یەکێتی نیشانەگرتوە هەنگاوێکی دیکەیە لە زنجیرەی فشارەکانی پارتی بۆ تەسلیمکردنی یەکێتی بە دەسەلات و بڕیاری سیاسی پارتی.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …