دەستێک لە پشتی تیرۆرەوە!

کەیسی خواناس وریا

جەمال موحسین

٢٥ ی جونی ٢٠٢٣

لەم وتارەدا خواناس بە بێخودا ناو ئەبەم.

لەڕووی شەخسیەوە شاردنەوەی نائارامی و پەژارە بۆ لەدەستدانی گەنجێکی پڕلەهیوا کە دید و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ئاین نەشاردۆتەوە و بەئاشکرا و ئازایانە بیروڕای خۆی دەربڕیوە، ئاسان نییە! کەسێک تیرۆر کراوە. ئەگەرچی بەداخەوە کوردستان مێژوویەکی لەگەڵ تیرۆردا هەیە، بەڵام هەریەکە و بەجۆرێک بووە و هەریەکەش سوێیەکی تایبەت بەخۆی هەیە. دنیای پڕ وزە و لەنجەی سەمائاسای بێخودا وریا هەروەک خولیای گەنجانی جۆشدا بوو، توڕەیی و پەستی کۆنەپەرستانیشی گەیاندبووە سەروو لوتیان. ئاخر لەکاتی تیرۆرکردنی ماریا سامیدا، بەدەستی نزیکترین کەسی خۆی کە تائێستاش بۆ خەڵک دەرنەکەوت بەناوی ئیسلامی سیاسیەوە چۆن حزبی ڕەنگزەردی ئەو دەڤەرە ئەو کارەی ئەنجام دا، بێخودا نەیشاردەوە کە لەسەر موسڵمان و مەسیح و بودی و بێباوەڕبوون و بێخودایی و هەر بیروڕایه‌كی تر، کەس مافی سەندنەوەی ژیانی لە کەسی تر نییە، کەچی ژیانیان لە خۆشی سەندەوە.

کێن ئەو دەستە ڕەشانەی وایان لێئەکرێ پەنجەپیانان بە پەلەپیتکەی تفەنگ و هەڵگرتنی پەرداخێک ئاو لایان وەک یەک بێ؟ بۆچی ئەو دوو جۆرە لە گەنج بوونیان هەیە، لەکاتێکدا هەردوو جۆرەکانیان سەر بە خەڵکێکی هەژار و دەستەنگن؟! ئەوە سیستمێک و جۆرێک لە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنە دوو بەرەی دروست کردووە هەردووکیان هەژار کراو و بێبەش لە تواناییەکان و سەروەتی کۆمەڵگە. یەکێکیان لە ئەنجامی بەرەنگاریکردن و ناڕازیبووندا ئەکەوێتە ڕۆیشتن بەپێچەوانەی شەپۆلی باوەوە و یەکێکیشیان بەناچاری و فریودان و خۆشخەیاڵ بوون، یان ئەبێتە چەکداری هەر ئەو هێز و دەسەڵاتەی ڕەشوڕووتی کردووە، یان پاڵ بەوەهمی خودا و ئاینەوە ئەدات و خۆی بۆ بەهەشتی ئەودنیا هەڵئەگرێ تا بەخەیاڵی خۆی لە نەگبەتیەکانی ژیان و دنیا بحەسێتەوە.

دەسەڵات لە سەرکوت و ئەزیەتدان و زیندانیکردن و تیرۆرکردنی جۆری یەکەمدا درێغی نەکردووە و لەپێگەیاندنی جۆری دووەمیشدا هەروا. دەسەڵات وەک پایەیەکی ئایدۆلۆژی پاڵیداوە بە ئاینی ئیسلام و شەریعەتەوە. بۆیە هەر کاتێک کار و چالاکیەک، دەربڕینێک، ڕەخنەیەک لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازەوە کرابێ و لەبۆتەی ئەم ئایدۆلۆژیەی دەسەڵاتدا نەتوابێتەوە، لەژێر پاساوی لادان لە شەریعەت و یاسا کۆنەپەرستانەکانیاندا دەستیان بۆ سەرکوت و تا ڕادەی تیرۆریش بردووە. ئەوە دەسەڵاتە ڕێی خۆشکردووە مزگەوتەکان ببن بە مۆڵگەی بانگخوازانی فەتوادەر. پارەی لەخشتەبردنی گەنجان و کردنیان بەدوژمنی کەسانی بێباوەڕ و نائاینی و هاندانیان بۆ کوشتنی ئەمانی داوە بەو مەلا و بانگخوازانە. ئەوە دەسەڵاتە دەمی ئەوانی چەور کردووە تا هەرچی جنێو و قسەی ناشرین و سوکایەتیە بە هەڵسوڕاوانی ژنانی بدەن. بەئاشکرا باسی کوشتنی ئازادیخوازان و بێباوەڕان و بێخودایان و هەر دەنگێک بکەن کە ئەوان پێیان “لادەر” بێت. ئەوە دەسەڵاتە وەزارەتی ئەوقاف و زانایانی ئاینی داناوە و پارەی دزراوی خەڵک ئەکات بە قوڕگیاندا و لەژێر ناوی چەندین دەزگادا بزنسی گەورەیان داناوە. بەرهەمی کۆمەڵایەتیەکەشی پێگەیاندنی کەسانێکە لە نمونەی بکوژی بێخودا وریا کە توانیویەتی بەئاشکرا بانگەشەی کوشتن بکات و دوای ئەوەش کە دەستگیر ئەکرێ، دان بەوەدا ئەنێ لەسەر جیاوازی بیروڕا کوشتوویەتی.

ڕاسته‌ كه‌ جۆری كوشتنه‌كه‌ و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی پێشتر له‌ بێخودا وریا كراوه‌ ڕاست و ڕه‌وان نیشانده‌رن كه‌ تیرۆره‌ به‌ ده‌ستی باوه‌ڕدارێكی ئیسلامی، كه‌سێك كه‌ مێشكی ئاخنراوه‌ به‌ بیروڕای دواكه‌وتوو و ڕق و قینه‌ و حه‌ز به‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و كوشتنی كه‌سانێك كه‌ خۆیان وته‌نی ”جنێو به‌ ئاین و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یان ئه‌ده‌ن”. كه‌سێك كه‌ له‌ولاشه‌وه‌ پاڵپشتیی مادی و مه‌عنه‌وی ده‌سه‌ڵات له‌و ڕه‌وت و مه‌یله‌ی ئه‌و له‌سه‌ری مه‌له‌ ئه‌كات، ئه‌بینێت. ئاگاداره‌ كه‌ چۆن ده‌ستڕۆیشتووترینی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ ده‌ستی له‌سه‌ر سنگی بۆ ڕابه‌ره‌كه‌ی ئه‌م داناوه‌ و ئه‌ویش چۆن ستایش و پاڵپشتی ئه‌و ”وه‌لی ئه‌مرانه‌” ئه‌كات.

ده‌ستێك له‌پشتی تیرۆری بێخودا وریا و كه‌سانی هاوشێوه‌یه‌وه‌یه‌. ده‌ستێك كه‌ به‌هۆی قه‌یران و بێوه‌ڵامی به‌پێداویستیه‌كانی ژیانه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نوقمی بێمافی و پشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه‌، بره‌ودانی به‌ كۆنه‌په‌رستی گه‌یاندۆته‌ لوتكه‌ی خۆی، له‌پشتیشه‌وه‌ شمشێر ئه‌داته‌ ده‌ست گه‌نجه‌ گۆشكراوه‌كان به‌ داعشیزم و وه‌ك ته‌ماشاچییه‌ك به‌به‌رچاویه‌وه‌ ئازادی تیرۆر ئه‌كرێ. ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ درێژەی پرۆسه‌ی ئیمانی ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵدانی ئه‌وانه‌ بۆ پێشگرتن به‌ هه‌ر پێشكه‌وتن و ئازادیه‌ك كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ بنه‌وه‌ ده‌ستی بۆ ئه‌بات. هاوكات ئه‌مه‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ كه‌ به‌نیازه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌پێوه‌ری زیاد له‌ ١٤٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆمه‌ڵكوژ بكات به‌حوكمی (الله‌)، هه‌روه‌ك بانگخوازێك له‌ دوای تیرۆری بێخودا وریاوه‌، مایكی كه‌ناڵێك خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی و بنه‌ماكانی ئه‌و حوكمه‌ ڕۆشن ئه‌كاته‌وه‌.

ئه‌وان نابێ بتوانن درێژه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و فه‌توای كوشتنی بێباوه‌ڕان و بێخودایان و ئازادیخوازان بده‌ن. نابێ به‌ره‌ی ئازادیخوازی ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانشین. له‌ناوخۆی كوردستان پێویسته‌ بره‌و به‌ جوڵانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ ئاین و هه‌ر بیروڕایه‌ك بده‌ین، بره‌و به‌ ئازادی ده‌ربڕین و ئاینداری و بێئاینی بده‌ین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ئه‌و كۆنه‌په‌رستیه‌ی ژینگه‌ی له‌باری له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ خوڵقاوه‌ ئاشكرا و ڕسوا بكه‌ین. ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ ئه‌بێ له‌ژێر فشاری جوڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازیدا ناچار بكرێ ده‌می كۆنه‌په‌رستی ببه‌ستێ. فه‌تواده‌رانیان ڕاپێچی دادگا بكرێ و كۆمه‌ڵگه‌ له‌ تیرۆریزمی ئیسلامی و هه‌وڵ بۆ پاكتاوكردنی بێباوه‌ڕان و بێخودایان بپارێزرێ. ئه‌گه‌ر نا دوێنێ ماریا و ئه‌مڕۆ (خواناس) تیرۆر ئه‌كرێن و سبه‌ی ئازادیخوازی هه‌موو له‌ قه‌فه‌ز ئه‌نرێ. ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌ی پشتی تیرۆره‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌بێ زنجیری ئازادیخوازی لێبئاڵێنرێ!

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …