ئارامی و ئاسایشی  ‌شاری که‌رکو‌ک به‌ خه‌باتی یه‌کگرتوانه‌ی خەڵکی شارەکە، زامن ده‌کرێ!

شاری کەرکوک بە درێژایی  چەندین ساڵ لەژێر سایەی ڕژێمی ناسیوناڵ فاشیستی بەعسدا، لە گەڵ سیاسەتی تەعریبکردن وشۆڤێنیزمدا، بەرەوڕوبوو، دوای لەشکرکێشی و داگیرکردنی عێراق، ژیانی خەڵکی ئەم شارە لەگەڵ سیاسەت و کارکردەکانی ناسیونالیزمی کورد وحزبەکانی بەرەوڕوکرایەوە وئەوانش دەستیان بەسەر پلەو پۆست و ئیمتیازاتدا گرت و لەڕێگای سەپاندنی سیاسەتی نەتەوەچێتیەوە کەوتنە تاڵان وبڕو و گەندەڵی و ژیانی خەڵکی شارەکەیان نوقمی هەژاری و بێدەرەتانی کردو کەشێکی گومان و ترسیان بەسەر شارەکەدا داسەپاند و ڕفاندن و تیرۆرکردن و زەوتکردنیان وەک بەشێک لەسایەتەکانیان برەوپێدا. بەدوای ڕوداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و لەشکرکێشی سوپا و هێزە میلیشیا جۆربەجۆرەکانی شیعە و حەشدی شەعبی و فیرقەی ئاڵتونی بۆ سەر شاری کەرکوک و داسەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی و میلیشیایی به‌سه‌ر شارەکەدا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لەم شارەدا چووە قۆناغێکی تر لە کێشمەکێشی نێوان حکومه‌تی عێراق و ئەحزابی ئیسلامی سیاسی شیعە و ئەحزابی ناسیونالیستی کورد. لەلایەک حکومەتی عیراق پارێزگارێکی لەسەرو بڕیاری خەڵک وتەنەنات لەسەرو یاساکانی خۆشیەوە بەسەر شاری کەرکوکدا داسەپاندو چەند بریارێکی قەومی وکۆنەپەرستانەی دەرکرد و ده‌ستی بردن بۆ ڕووخاندنی ماڵان لەو گەڕەکانەی زۆربەی دانیشتوانی کوردزمانن. هەروەها دەستیدایە داگیرکردنی زەوی وزاری جوتیارانی چەند گوندێک و لابردنی چەندین به‌ڕێوه‌به‌ر و کارمه‌ندی کوردزمان وبەمجۆرەش نه‌ک ‌هه‌ر به ‌شێوازێکی تر سیاسەتی تەعریب و تەرحیلی ڕژێمی بەعسی فاشیستی زیندوکردەوە، بگره‌ هه‌ڵاواردن و دنه‌دانی نەتەوەپەرستی و شۆڤێنیستانه‌ی په‌ره‌پێداوه‌. لەلایەکی دیکەوە ئەحزابی ناسیونایستی کورد، بەتایبەت یەکێتی و پارتی بەشێک لە ململانێی نێوان خۆیان لەسەر پۆست و ڕاگرتنی پێگەی خۆیان لەم شارەدا، لەهەوڵی دانانی پارێزگارێکی کوردزمانی سەر بە حزبەکانیاندان، تا بارودۆخەکە بۆ پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر بگێڕنەوەو جارێکی تر بنکەو بارەگا وهێزی چەکدار و ئاسایشیان بۆ شارەکە، لەڕیگای ڕقه‌به‌ری قەومی لە کەرکوکدا بەدەست بهێننەوە. لەمانەش زیاتر دەسەڵاتی خۆجیی ئێستای کەرکوک بەئاشکرا، سیاسەتی جیاکاری و ناوچەگەرێتی لەدژی خەڵکی شاری کەرکوک بەڕێوە دەبا وزۆرینەی دانیشتوانەکەی لەگەڵ بێکاری ونەبونی خزمەتگوزاریدا بەرەوڕوکردۆتەوە ومەسەلەی دامەزراندن وپلەی وەزیفی لەدەستی توێژێکی دیاریکراودا کەسەربەتاقم وعەشیرەتیکی دیاریکراوی دەوروبەری پارێزرگار ودەست وپیوەندەکانیەتی چرکردۆتەوە. بێگومان دۆخێکی ئاواش ژیان و گوزه‌ران و سه‌لامه‌تی و ئاسایشی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌، لەبه‌رده‌م مه‌ترسی و کاره‌ساتێکی بەردەوام و دڵته‌زێندا ڕادەگرێ‌. کاره‌ساتێک که ‌به‌بێ لەبەر‌چاوگرتنی جیاوازیی زمان و ئاین، هه‌موو خه‌ڵکی شاره‌که‌ی کردۆته‌ نیشانه.

خه‌ڵکی شاری که‌رکوک به‌رده‌وام قوربانی کارنامه‌ی سه‌رکوت و له‌شکرکێشی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی عێراق و سیاسه‌تی نابه‌رپرسانه‌ و یاریکردنی حزبه‌ بۆرژوا ناسیونالیسته‌کانی کورده‌ به‌ چاره‌نوسی خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌وه‌، تا له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ به ‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان بگه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و داهات و سامانی ئه‌م شاره‌دا بگرن. هه‌ربۆیه‌ نابێ فریوی ئه‌و بەڵێنه‌ درۆییانه‌ بخۆن که ‌له‌ژێر ناوی “ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک”دا به‌ خه‌ڵکی ده‌یده‌ن، چونکه‌ خودی ئه‌م لایه‌نانه‌ ‌به ‌ته‌جروبه‌ نیشانیانداوه‌ که‌ هه‌ر خۆیان و هێزە میلیشیاکەیان سه‌رچاوه‌ و هۆکاری نائارامی و شه‌ڕی نەتەوەیی و سه‌رکوت و دەستدرێژیکردنه‌ سه‌ر موڵک و ماڵ و ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکن و نایانه‌وێ و ناتوانن دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ له ‌دۆخێکی ئارام و پێکه‌وه‌ژیاندا ڕابگرن.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گێرانه‌وه‌ی دۆخی ئاسایی و مه‌ده‌نی بۆ ئه‌م ‌شاره‌ له‌هه‌نگاوی یه‌که‌مدا بەندە بە وه‌ده‌رنان و ده‌ستکۆتاکردنی هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانی حکومه‌تی عێراق و هێزی میلیشیای هه‌ر حزبێکی ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەوە.  خه‌ڵکی شاری که‌رکوک ده‌بێ به‌رامبه‌ر به‌م دۆخه‌ مه‌ترسیداره ‌و هه‌ر ئه‌گه‌رێکی نه‌خوازراو، به‌ هوشیاریه‌وه‌ له‌ ژیانی خۆیان و کارنامه‌ی هێز و لایه‌نه‌کان بڕوانن و ‌له‌م ئاراستەیەشدا به‌ته‌واوی تواناوه‌ لەبەرامبەر مامه‌ڵه‌ی حکو‌مه‌تی عیراق و سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی شیعە و سیاسەتی نەتەوەپەرستی یەکێتی و پارتیدا بوەستنەوە و  ڕێگانه‌ده‌ن به‌ڵا و تراژیادیایه‌کی تر به‌سه‌ر ژیانیاندا دابسه‌پێننه‌وه‌.

هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وعێراق ڕاده‌گه‌یه‌نن که ‌دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ مه‌ترسیه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م شاره و ئاساییکردنه‌وه‌ی ژیانی دانیشتوانه‌که‌ی، به‌ یه‌کیه‌تی و به‌ هاتنه‌مه‌یدانی خه‌باتی یه‌کگرتوانه‌ی جەماوەری شاری کەرکوک و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ گیانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ده‌مارگیری ئاینی مه‌یسه‌ر ده‌بێ، به‌وه‌ ده‌بێ که‌ خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ ڕیزی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌‌ڕیزی ئه‌حزابی ناسیۆنالیست و تایفی و به‌ژه‌وه‌ندیه‌کانیان جیابکه‌نه‌وه‌ و یه‌کده‌ستانه‌ له‌ ده‌وری ئه‌م خاڵانه‌‌ بێنه ‌مه‌یدانه‌وه‌ و چاره‌نوسی خۆیان و شاره‌که‌یان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ده‌سته‌وه‌بگرن:

١/ قەدەغەکردنی هەرجۆرە سیمایەکی چەکداری لەشاردا، بوونی هەر هێزیكی سەربازی و میلیشیای حزبی چ لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بێت وەیا لەلایەن ئەحزاب و تاقمی قەموی و ئیسلامیەوە، قەدەغەیەو ڕیگاپیدراونیە.

٢/ پارێزگاری به‌وه‌کاله‌ت (راکان جبوری) پارێزگارێکی داسه‌پاوه‌ و هیچ شه‌رعیه‌تیکی نییه‌ و‌ ده‌بێ له‌سه‌ر کار لابچێت.

٣/ راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی هه‌موو ئه‌و بریارانه‌ی که ‌له‌لایه‌ن پارێزگاری داسه‌پێنراوه‌وه‌، به‌دژی ئازادی و گوزه‌رانی ‌خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ دراوه‌ و بۆته‌ مایه‌ی جیاکاری و ڕقەبه‌ری نەتەوەیی‌‌.

٤/ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی شارەکە و خزمەتگوزاریەکان لە ڕێگای خەرجکردنی بەشێک لە داهاتی نەوتی شارەکەوە.

٥/ زامنکردنی ئازادیی هه‌ڵسوڕانی سیاسی بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان و ده‌سته‌بەرکردنی ئازادیی نیشته‌جێبوون  و مامه‌ڵه‌کردن به‌ موڵک و ماڵه‌وه، بۆ هه‌موو دانێشتوانی شار به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی‌.

٦/  هه‌رجۆره‌ ره‌فتار و گوفتارێک که‌ هانی رقه‌به‌ری نەتەوەیی و ئاینی و تیره‌گه‌ری ده‌دا و پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی پێکه‌وه‌یی و هاوڵاتی چونیه‌کی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌، قه‌ده‌غه‌یە و دەبێ وه‌ک تاوان بناسرێ و ئه‌نجامده‌رانی هه‌رکه‌س و لایه‌نێک بن ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی دادگا بکرێنه‌وه‌‌.

‌حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان ‌بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی شاری که‌رکوک ده‌کەن که‌ له‌پێناو هه‌ڵگرتنی فه‌زای سه‌ربازی و سه‌رکوت و بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسیه‌ک که‌ له‌ ئێستادا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ‌ژیان و گوزه‌رانیان، له‌ده‌وری ئه‌و خواستانه‌ی سه‌ره‌وه‌ خه‌باتی خۆیان یه‌کخه‌ن و ریزی یه‌کگرتوویان بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌. هەردوو حزب سپاردنی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م شاره‌ به ‌ئیداره‌یه‌کی کاتی که‌ ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵک خۆیانه‌وه‌ به‌ڕیوه‌ببرێ و به‌رپرسیاریه‌تی پاراستنی ئه‌منیەت و دابینکردنی خزمه‌تگوزاریه‌کان له‌ئه‌ستۆ بگرێ، به‌ ڕیگاچاره‌یه‌کی گونجاو ده‌زانن تا ئەو کاته‌ی کێشه‌ی ئه‌م شاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له‌ ئاست عێراقدا یه‌کلاده‌کرێته‌وه‌.. بێگومان هاودڵی و هاوخه‌باتی دانیشتوانی ئه‌م شاره‌ و یەکگرتوویی تێکۆشانی چینایه‌تی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و دورکه‌تنه‌وه‌ لە دەمارگیری و رق و کینەی نەتەوەیی و تایەفی، بە پێناسەی ئینساندۆستیەوە دەتوانێ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی مەدەنیەت بپارێزێ و فەراهەمی بکات. هه‌ر ئه‌مه‌ش‌ ئه‌بێته‌ مایه‌ی ڕاكێشانی هاوپشتی و پاڵپشتی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی سه‌راسه‌ری عێراق بۆ دانیشتوانی ئه‌م شاره‌.

  حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق   

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٣

Check Also

توندبوونەوەی فەزای جەنگ و مەترسی سەرهەڵدانی شەڕ و وێرانکاری

په‌یامی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان دوای وێرانکردنی نزیك بە تەواوەتی غەززە و …