باڕێگا نەدەین کوردستانی عێراق ببێتە مەیدانێک بۆ یەکلاکردنەوەی پلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەدژی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان!  

فشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چەک کردنی هێزە ئۆپۆزسیونە کوردییەکان لە دوای کوشتنی “ژینا ئەمینی” و هێرشەکانی ساڵی ڕابردوی ئێران بۆسەر ئەو حزبانە تادێت چڕدەبێتەوە. عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە دوای  سەردانی بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕێكەوتننامەیەکی ئەمنیان واژۆ کردوە، کەتایبەتە بەئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران. وەك ئەوەی ڕاگەیەنراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت پلانەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوەو ئەندامانی ئەو هێزانە لە چەند کەمپێكدا کۆبکاتەوە و ئەگەرتا مانگی ٨ی ئەمساڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی کەلە خاكی هەرێمدا جێگیرن لە چەك دانەماڵریت، ئەوا دەست بە هێرشی زەمینی دەکات. ئەم پیلانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتێکدایە کەلە ماوەی ڕابردودا دەستی نەپاراستوە لە تیرۆری نەیاران و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ڕژێمەکەی لە کوردستانی عێراق، وە هەر لەم ماوانەی ڕابردودا بوو کەدوو ئەندامی حزبی دیموکراتی لە قەلادزی ویەکێکی دیکەی لە هەولیر تیرۆر کردوە. ئەمە جگەلەوەی کەلە ساڵانی ڕابردوودا، دەیان کەس لە ئۆپۆزسیونی کۆماری ئیسلامی لەهەرێمی کوردستان تیرۆر کراوە وچەندین جاریش بەکاتشیوشا و درۆن بارەگای حزبەکانی ئوپۆزسیونی بوردومان کردوە وبەرەوامیش بەپاساوی ناڕاست دێهاتە سەرسنورەکانی تۆپباران کردوە ولەئەنجامدا چەندین قوربانی لیکەتۆتەوە.. ئەمانە هەمووی بەشێك بووە لە کارنامەی ڕەشی ئەم ڕژێمە نەگریسە. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان و تەنانەت لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتش، بێجگە لە هەڵبژاردنی بێدەنگی بەرامبەر بەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی، بەکردەوە بوونەتە پاشکۆی دەولەتانی کۆنەپەرسیتی ناوچەکە وئێران وبەشێوازی جۆرواجۆر هاوکاری ئەو ڕژێمەیان کردوە بۆ جێبەجێبوونی پیلان وسیاسەتەکانی لەدژی ئۆپۆزیسۆنی ڕژێمەکەی. ئەمە لەکاتێکدایە کەئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی بۆتە مایەی نائارامی و پشیوی وتێکدانی ژیانی خەڵک، بەتایبەتی لەناچە سەرسنوریەکان.

وەک ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی ئیران بەردەوام بوونی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی لەهەرێم، کردۆتە بەهانەیەک بۆ دەخالەتگەری سیاسی وسەربازی تا نفوزی خۆی لەبەرامبەر ئەمریکاو دەوڵەتانی ناوچەکەدا بپارێزێت، ئەمەش لەسەر حسابی تێکدان ونا ئارام کردنی ژیانی خەڵکی کوردستان. بەڵام پیلانی ئەم جارە کەلەژێر ناوی چەک داماڵاینی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا و بەهاوکاری هەردوو حکومەتی عێرق وهەرێم دەچێتە پێشەوە، لەدرێژەی ئەو سیاسەتە سەرکوتگەری ولەشکرکێشیەی دایە کە بۆ سەر شارەکانی کوردستانی ئێران و بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی وئەو خرۆشانە شۆرشگیرانەیە دایە، کەلەیەک ساڵی رابردودا، کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستۆتە بەردەم ڕوخانەوە. بەواتایەکیتر پلانی داماڵینی چەک لەلایەنە ئۆپۆزسێۆنەکان، ئەڵقەیەکیترە لە زنجیرەی بەمیلیتاریزمە کردنی شارەکانی کوردستانی ئێران وجێگیرکردنی سەربازگە وگرتن و زیندانی کردن و لەسێدارەدانی هەزارن کەس. بەدڵناییەوە ئەم پیلانەی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگای کوردستان بۆ نێو دەورەیەکی تر لە پەرەگرتنی تیرۆرو وئینسانکوژی و جەنگ و نا ئارامی و ئاوارەیی ڕادەکێشی وکارەساتێکی مرۆیی گەورە روبەرووی خەڵکی کوردستان وهەزارن پەنابەری ئیرانی دانیشتویی هەرێم دەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر ئەم پیلانە سەربگرێت کۆتایی هاتنی دەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئیران لە عێراق وکوردستان قایمتر دەکا ودەی سپێرێت بە کاتێکی نادیار و داهاتوی ناوچه‌که‌ش به قازانجی به‌ره‌ی کۆنه‌په‌رستان وره‌وتی ئیسلامی سیاسی دەبات.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کەهەرجۆرە بەندو بەست وهاوکاریەکی حکومەتی عێراق وهەرێم بۆ کۆماری ئیسلامی ئیران لەدژی ئوپۆزسیۆنی ئیرانی، سەرکۆنە دەکات، هاوکات دەسەڵاتدارانی بەغداو هەولیر بەرپرسیار دەکات لەچارەنوسی سالم وسەلامەتی ئەندامان ولایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نیشتەجێ لەهەرێمی کوردستان. بێگومان کۆتایی هێنان بە دەخاڵەت ودەستێوەردانە سیاسی وئەمنی وسەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان وناوچەکە وبەشکست کێشانی پلانەکانی، بەڕوخانی ئەم ڕژێمە وسرینەوەی ڕۆڵی تێکدەرانەیەتی لەئاست ناوچەکەدا. بۆ ئەمەش ئەرکی بەرەی ئازادیخوازان وجەماوەری زەحمەتکێشە له‌پاڵ خەباتی شورسگیرانەی ژنان ولاوان و خەڵکی ناڕازی ئیراندا ڕابووەستن و ئەرکی هاوپشتی وهاوخەباتی گەورە لە ئەستۆبگرن، تا سه‌نگه‌ری خەباتی چینایه‌تی بۆ ‌سەرنگونی کۆماری ئیسلامی ئیران وبه‌هێزتر و بەرفراوان تر ببێتەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، خەڵکی ئازادیخوازی شارەکانی هەرێم بانگەواز دەکات کەلە دژی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەنگ هەڵبڕن وبەفشار خستنە سەر دەسەلاتدارانی هەرێم رێگا نەدەن لەوە زیاتر کوردستانی عێراق ببێتە مەیدانێک بۆ یەکلاکردنەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی. هاوکات داوا لەهاوڵاتیانی هەرێم دەکات کەبەوپەڕی تواناوە، لەهەر پێشهاتێکدا، بەهانای ئاوارە وپەنابەر ئیرانیەکانەوە بچن ولەهەر هاوکاری پێکرنێکیاندا درێخی نەکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٨/٧/٢٠٢٣

.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …