ململانێیەکی قێزەون!

موحسین کەریم

ململانێیەکی قێزەون لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمدا لەسەر پاروی دەمی بەشێکی فراوان لە خەڵکی کوردستان بەڕێوەدەچێت! ماوەی ٣ مانگە سەدان هەزار مووچەخۆری کوردستان، لە خانەنشینان، مامۆستایان، کارمەندان و کرێکارانی کەرتی حکومی و تاد. لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەکانیاندا راگیراون و ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادەکانیان لەناو گێژاوی برسێتی و هەژاری و نائەمنی ژیاندا بەبارمتەگیراوە! فشاری پەیداکردنی نان و خۆراکی رۆژانە، پارەی ئاوو کارەبای حکومی و موەلیدە، کرێ خانوو، پارەی خزمەتگوزاری لەپاڵ فشاری پارەی نەخۆشخانەو داوو دەرمان تەنگی بەو خەڵکە هەڵچنیوەو کارەساتێکی مرۆیی چاوەڕێی خەڵکی کوردستان دەکات! کارەساتەکە هەر بەوێرانکردنی ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانەوە ناوەستێ، بەڵکو ژیانی بەشی هەرەزۆری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لەئاکامی ئەم دۆخەو وەستانی بازارەوە روبەرووی کارەسات دەبێتەوە.

دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم، بێدەربەستانەو نابەرپرسیارانە حکومەتی ناوەندی تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە ناکات. حکومەتی ناوەندیش حکومەتی هەرێم بە سەرچاوەی کێشەکە دادەنێت بەوەی کە داهاتی نەوتی و نا نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغدا ناکات،  ئەوانیش ئامادە نین ئەو بڕەی حکومەتی هەرێم داوای دەکات ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکەن! بەمجۆرە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان کەوتۆتە نێوان بەرداشی ئەم دوو دەسەڵاتە نابەرپرس و دژە مرۆیی و بێباکەوە.

گومان لەوەدا نیە کە حکومەتی هەرێم دەتوانێ مووچەی مووچەخۆرانی بدات، ئەگەر بەقەدەر سەرە دەرزیەك بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نیشان بدات. نەك هەر بەو داهاتەی کە لەتاڵانچێتی و باج و قاچاخچێتی نەوت و پارەی گومرگەکانەوە بەدەستیان دەکەوێ، بەڵکو ئەگەر کەمێك لەو پارەیەی کە لەداهاتی کوردستان دەیان ساڵە دەیدزن و بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێ، بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، ئەوا بەدڵنیاییەوە نەك مووچە بە تێروتەسەلی و لەکاتی خۆیدا دابەش دەکرێ، بەڵکو دەتوانرێ پرۆژەی ئابوریش ئەنجام بدرێ و دۆخی ئابوری کوردستان لەوەی ئێستا هەیە زۆر باشتر بێت. بەڵام چەتەکانی بۆرژوازی کورد، کە دەسەلاتیان بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و چینی بۆرژوازی کوردە، لەسەر کارەسات و هەژاری و برسێتی و چەوساندنەوەی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و ىیبەشکردن و بێمافکردنیان، سامانی خۆیان کەڵەکە دەکەن و ژیانی شاهانە بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان دابین دەکەن!

ئەوەندەی دەگەرێتەوە سەر حکومەتی ناوەند، سەرەڕای ئەوەی کە ئیدیعای دەسەلاتی بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەکات و فشارەکانی لەسەر یەکێتی و پارتی بۆ پەلوپۆکردنیان رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت، بەڵام ئەم فشارانەی بۆسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بە قیمەتی بەبارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵكی کوردستان دەباتەپێشەوە. حکومەتی ناوەندیش بەهەمانشێوەی حکومەتی هەرێم، لەلایەن کۆمەڵێك مافیای چەکداری ئیسلامی سەر بەئێرانەوە بەڕێوەدەبرێ و هیچ بەرپرسیارێتیەکی نیە بەرامبەر ژیانی خەڵکی عێراق، چ جای خەڵکی کوردستان، بۆیە هیچ باکی بەوە نیە کە پاروی دەمی خەڵکی کوردستان بکاتە کارتی فشار بۆ چۆکدادان بەیەکێتی و پارتی و جێبەجێکردنی ئەجندا سیاسیەکانی خۆی دژ بە خەڵکی کوردستانی عێراق! ئەگەر لەعێراقدا دەسەڵاتێك هەبوایە کە هێندەی نوکە دەرزیەك بەرامبەر هاوڵاتیانی بەرپرس بوایە، بەدەر لە کێشەی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان، نەیدەتوانی قبوڵی ئەوە بکات کە موچەخۆرانی کوردستان بۆماوەی سێ مانگ بێمووچە بن و ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان ببێتە دۆزەخ.

بەڵام گومان لەوەدا نیە کە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، لە روانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق و کوردستانەوە، لە روانگەی بەرژەوەندی کرێکاران و خانەنشنینان و مامۆستایان و کارمەندان و توێژە مووچەخۆرەکانی کوردستانەوە، دوو دەسەڵاتی کۆنەپەرستی تاڵانچی مافیایی بۆرژوازین و ئامانج و بەرنامەی سیاسی و کاروکردەوەی سیاسیان تەنها تاڵانکردنی سفرەی خاڵی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کۆکردنەوەو کەڵەکەکردنی سامانە خۆیان و هاوچینەکانیان لەناو چینی بۆرژوازیدا و هیچی تر. دوژمنی چینایەتی کرێکارو زەحمەتکێشن و هیچ خاڵێکی هاوبەشیان لەگەڵیاندا نیە. بۆیە هەڵوێستی دروست و سەرڕاستی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و مامۆستایان و مووچەخۆران لەسەر پرسی مووچەو ژیان و گوزەرانیان ئەوەیە کە دەبێ ڕاستەوخۆ نیشانە لەو دوو دەسەڵاتە بگرێ، وەکو دوژمنی خۆیان سەیریان بکەن، بەهەموو رێگایەکی مومکین فشاریان بۆ بهێنن کە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژیانیان نیشان بدەن و کۆتایی بە یاری قێزەونی بەبارمتەگرتنی پاروی دەمیان بهێنن. دەبێ دەستبەجێ مووچەکانیان بەبێ دواکەوتن و بەسەریەکەوە پێبدرێ. نەدان و دواخستنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن هیچ کام لەو دوو حکومەتەوە هیچ پاساوێكی نیەو بایەخی یەك فلسی قەڵبی نیە! رووی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و مامۆستایان و خانەنشینان و کارمەندان و مووچەخۆران دەبێ لەهەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم بێت.

جێی خۆیەتی کە خەڵکی ناڕازی و مامۆستایان و مووچەخۆران، ئێستاو کە بە تەجروبەی خۆیان هەڵوێستی نامرۆڤانەی حکومەتی ناوەندیشیان بینی بەرامبەر بە قوتی دەمی خۆیان و خێزانەکانیان، نەفرەت لەو گروپ و لایەنانە بکەن کە پڕوپاگەندەی ساختەکارانەیان دەکرد سەبارەت بەوەی ئەگەر بچینەوە پاڵ بەغدا کێشەی مووچەو ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستان باش دەبێ! دەرکەوت کە ئەوانیش لەسەر بنەمای درۆ و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی و مادی خۆیاندا ئامادەن خەڵکی کوردستان بەدەستبەستراوی ڕادەستی حکومەتی کۆنەپەرست و فاشیست و شۆڤێنیستی ئیسلامی و دژی بەشەری ناوەند بکەنەوە!

رێگای خەڵکی نارازی کوردستان رێگای هەڵبژاردن لەنێوان دوو حکومەتی تاڵانچی و چەتەگەری بۆرژوازی ناوەند و هەرێمدا نیە، بەڵکو جیاکردنەوەی رێگای خۆیانە لەوان و هێنانەمەیدانی هێزی رێکخراوی هوشیارانەی خۆیانە دژی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم بەئاقاری سەپاندنی خواستەکانی خۆیان و بەدەسهێنانی مافەکانیان و پێچانەوەی بارگەوبنەی ئەم مافیا دەسەڵات بەدەستانە و دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری کوردستان و عێراق لە شوراکانی خۆیاندا. دەسەڵاتێك کە لە نوێنەرانی ڕاستەقینەو دڵسۆزو ڕاستەوخۆ هەڵبژێردراوی خەڵك پێکبێت لەناو کارگەو گەڕەک و شارەکاندا کە قابیلی لێپرسینەوەو لێپێچینەوەبن لەهەر کاتێکدا کە ئەوانەی هەڵیان بژاردوون، بیانەوێ! دەسەڵاتیك کە خەڵك خۆی هەڵیبژیرێ و هەرخۆشی چاودێر بێت بەسەریەوە، نەك ببێتە باڵادەست و ملهوڕ و زەرووی خوێنمژ بەسەریانەوە! دەسەڵات و حکومەتێك کە بەرپرسەکانی هیچ ئیمتیازێکی یاسایی و مادی جیاواز لە خەڵکیان نیە. ئیمتیازێکی دارایی ئەوتۆیان نیە کە دەرگا بکاتەوە بۆ کەسانی هەلپەرست و چاوچنۆک تا لەرێگای پلەوپایەی حکومیەوە دەوڵەمەند بن! دەسەڵات و حکومەتێك کە مووچەی بەرپرسەکانی هەر لە بەڕێوەبەرێکەوە تا وەزیرێك، مووچەکەی هێندەی مووچەی کرێکارێکی شارەزا دەبێت!

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …