لە ساڵیادی خرۆشانی شۆڕشگێرانەی “ژن، ژیان، ئازادی” دا، هێشتا ژنان لە ڕیزی پێشەوەدان

سەوسەن سەلیم:
ساڵێک لەمەوبەر شارەکانی ئێران، بە دروشمی”ژن، ژیان، ئازادی”، بوونە مەیدانی خرۆشانێکی شۆرشگێرانەی ژنان و خەڵکی کرێکار و لاوان و جەماوەری سته‌مدیدە و دواتر لە هەموو شوێنێک هاواری بڕوخێ ڕژێمی ئیسلامی، لە گەروی هەزاران هەزار کەسەوە ئاسمانی کارگە و گەڕەک و زانکۆ و ناوەندەکانی شارەکانی ئێران، لە تارانەوە تا کوردستان و بلوجستانی تەنی و پاشان بەرەو ناوەندی شارە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا. ئەم بزووتنەوە و ئەم خرۆشانەی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئسلامی ئێران هێندە رادیکاڵ و سکولار و ئازادیخوازانە بوو، نەک هەر سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بووە جێگای پشتیوانیەکی گەورە، بەڵکو سەرۆک وەزیران و دەولەتانێکی وەک ئەمریکا و ئەوروپای ناچارکرد کە خۆیان بەم جوڵانەوەیە و خواستەکانیدا، هەڵواسن و بۆ دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرژەوەندیەکانی خۆیان سودی لێوەربگرن.
بێگومان ئەم خرۆشان و ڕاپەڕینە جەماوەریە، ڕیشەی لە سیستەمێکی سەرمایەداریدایە و لەدژی دەسەڵاتی ئیسلامی سەرمایەیە، کە بە سەرکوت و زیندان و سوپا و لەسێدارەدان و یاسا ئاینییەکان پارێزەریەتی وە بەرئەنجامی کێشمەکێشێکی چینایەتی ئاشکرای نێوان کرێکاران و زەحەمتکێشان و چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتەکەیەتی، کە هەر لە سەرەتای سەرکوتی شۆڕشی ساڵی ٧٩ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ بەڕێکەوتووە. بەڵام ناڕەزایەتی لەدژی سیستەمی سەرمایەداری و خەباتی چینایەتی، لە هەر وڵاتێکدا و لە هەر سەردەمێکدا، لەدەوری مەسەلە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا و ئەو بابەتانە سەرهەڵدادات، کە پێشڕەوی کۆمەڵایەتی بەرەو شۆڕش و دەستبردن بۆ کێشە ڕیشەیەکانی کۆمەڵگا دەبات، کە لەنێوان کارو سەرمایەدا، چەقی بەستوە. لێرەوە ئەگەر سەرنج بدەین لە سیستەمێکی دەسەڵاتدارێتی کە بەسەر خەڵکی ئێراندا خۆی داسەپاندووە، ئەوا بەڕۆشنی پێش هەرشتێک ئەو راستیە دەبینین کە حکومەتێکی ئیسلامی دژە ژن و ئازادیەکانی ژنانە. لەسایەی ئەم حکومەتەدا ژنان بەزۆر حیجاب دەکرێن، هەڵاواردنی ئاشکرا لە شوێنی کار و ژیان و هەڵبژاردنی پیشەدا دەکرێ، ئازادی جل پۆشین و هاتوچۆ و سەفەر، کە سەرەتایترین مافە نەک هەر نادرێ به‌ ژنان، بەڵکو تێزاب بە سیما و جەستەیاندا دەکرێ، لە خوێندگاکان گازی خنکیێەریان بەسەردا دەکرێ. بەپێی شەریعەتی ئیسلامی، شەلاق و بەردەباران دەکرێن، بە”قانونی زینا” دەکوژرێن و لە زیندان دەنرێن.. ئەم دۆخە بۆ ژنانی ئێران جەهەنەمێکە و ژنان کراونەتە کویلە. هەر بۆیە لە هەر ناڕەزایەتی و خروشانێکی جەماوەریدا لە ئێران، ژنان و مەسەلەکەیان، وەک هێزێکی سەرەکی بۆ یەکسانی و ئازادی ژن، وەک بابەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕیزی پێشەوەی داخوازیەکانی خەڵکدا ڕادەوەستێ. دەبێ ئەوەش وەبیر بهێنینەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە و تا ئێستا وەک دەسەڵاتێکی دژە ژن، پێداگرتو بۆ سەرکوتی شۆڕش نیوەی کۆمەڵگای بەئامانج گرتووە و سیستەمێکی دامەزراند کە سەرەتایترین مافی ژنان بە ڕەسمی نەناسێنێت. بەم جۆرە خەباتی چینایەتی کرێکاران لەدژی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی بەبێ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان و کۆتایی هێنان بەئاپارتایدی جنسی، ناتوانێ بەسەرکەوتن بگات. لێرەوەیە خرۆشانی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی ڕەنگ و بۆی ژنانەی وەرگرتووە و مەسەلەی ژنان و ئازادی و یەکسانی لەڕیزی پێشەوەی خواستەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا له‌ ئێران داناوە.
ئێستا کە ساڵیادی ئەم خرۆشانەی خەڵکی ئێران دەکەینەوە کە مەرگی مەهسا ئەمینی کردە ڕەمزی خۆی، دەبێ ئێمە ژنانی کوردستان و خەڵکی ئازادیخوازان، بەتەوای تواناوە، نەک هەر پشتیوانی بکەین بەڵکو دەبێ وەک بەشێک لە خەڵکی ئێران، دەستکەوتەکانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەدەستەوە بگرین و فشارەکانمان، لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆنەپەرستان، چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ئەورپا توندکەینەوە و بۆ سەرخستنی خەباتی ژنان و لاوان و کرێکاران تێبکۆشین. بێگومان به‌ ڕوخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە پلەی یەکەمدا، ئێمە ژنانی کوردستان و عێراق و ڕۆژەهەلاتی ناوەڕاست، دەرگایەکی گەورەمان بەروودا دەکرێتەوە، دەرگایەک کە نەک هەر ڕژێمە ئیسلامیەکان، بگرە ئەو رژێمانەش کە لافی دیموکراسی لێدەدەن و شەریعەتی ئیسلامیان کردۆەتە سەرچاوەی یاساکان، دەخاتە بەردەم گۆڕانکاریەکی گەورەی سیاسی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگیەوە و کۆمەڵگاکان لەبەردەم ڕێنیسانسێکی شۆڕشگێرانە دادەنێ کە ئازادی ژن و مافەکانی، خاڵی جەوهەریە.
هەربۆیە لە ساڵیادی خرۆشانە جەماوەریەکەی خەڵکی ئێراندا، هێشتا ژنانی ئێران لە ڕیزی پێشەوەدان و هه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ئامانجه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات..
یادی مەهسا ئەمینی و هەموو گیان بەختکردوانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی بۆ هەمیشە زیندوە.

١٧\٩\٢٠٢٣

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …