بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت شەڕی حەماس وئیسرائیل

بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت شەڕی حەماس وئیسرائیل

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەر، بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل بەڕێخست و وەک کاردانەوەیەکیش هێزەکانی ئیسرائیل، جگەلەوەی هێرشەکەی حەماسی بە ڕاگەیاندنی شەڕ ناوزەد کرد، هاوکات کەوتە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە و بۆردومانی ناوچەکانی غەزە و لە ئەنجامدا بە هەزاران کەس کوژرا و برینداری لە هەردولا لێکەوتۆتەوە و وێرانکاریەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەم ڕووداوە لە فەزای سیاسی کێشمەکێشی هێزە جیهانی و ناوچەییەکاندا و لەژێر سێبەری جەنگی ئۆکرانیا و پەرەگرتنی میلیتاریزم و ململانێی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی ڕاکێشاوەتە نێو جەنگ و کارەساتێکی گەورەی ئینسانیەوە، کە ئاکامەکەی جگە لە سەپاندنی وێرانی و کوشتار و ئاوارەبونێکی زیاتری خەڵکی بێتاوان شتێکی تر نییە، بە تایبەتی کە دوای دوو ڕۆژ گەرم بوونی ئاگری شەڕی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل تادێت ئاماری قوربانیەکان و دەخاڵەتی دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە ئیمپریالسیتیەکان ڕوو لەسەر دەکات.

ئەم شەڕ و پێکدادانە لە گۆشەیەکی خۆیدا، بەرئەنجامی بنبەستی پڕۆژەی چارەسەرکردنی “ئاشتیانەی” ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوایه‌ بۆ کێشەی فەڵەستین و لەسەرکاربوونی حکومەتێكی فاشیست و ڕاستڕەوی وەک حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، کە لە ئێستادا گیرۆدەی قەیرانێکی قوڵی سیاسی و ئابورییە. هاوکات گۆشەیەکه‌ لە کارنامە و هەوڵی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە تیرۆریست و کۆنەپەرستەکانی لە ئاست ناوچەکە و لە فەڵەستین، لە چەشنی حەماس و جیهادی ئیسلامی، بە دژی هەوڵەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا کە ماوەیەکە بۆ لێکنزیکردنەوە و ڕێکەوتنی دەوڵەتانی عەرەبی لەوانە سعودیە و مەغریب و سودان لەگەڵ ئیسرائیل، دەستیان داوەتێ، تا بتوانن زەمینەیەک بۆ ئارایشتدانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوجۆرەی کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی دەیخوازێ، سازبکەن. پشتیوانی کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی و سەدر و مالیکی و حکومەتەکەی سودانی لە حەماس و هێرشەکەی، نیشانەیەکە لەم راستیە.

بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنه‌گرە ئه‌وه‌یه‌ کە هەردوو لای ئەم شەڕە، نەک هەر نایانەوێت برینێک کە لە جەستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکۆلراوە چارەسەر ببێت، بەڵکو بە درێژەدانیان بە کارنامەی جەنگ و تیرۆریزم و کاولکاری، پاساو و خۆراک لە یەکتر وەربگرن و بۆ ڕاگرتنی پێگەی خۆیان و هێزنواندنیان، لەو گێژاوەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، نەک هەر کوشتار و وێرانکاری هەرچی زیاتر بەسەر هاولاتیانی بێتاوان داسەپێینن، بەڵکو گشت ناوچەکە بەرەو کارەساتێکی گەورەی ئینسانی ڕاپێچبکەن.

بێگومان لەم شەڕەدا کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بێتاوانی فەڵەستین و ئیسرائیل بەهۆی مەیدانداری ئەم دولایەنە کۆنەپەرست و ئینسانکوژانەوە، قوربانی ئەوه‌ڵ و ئاخرن و ساڵانێکە ژیان و ئەمنیەتیان پایماڵدەکرێ و شوێنی ژیانیان وێرانو خاپور دەکرێ، دەبێ بەرانبەر هەردولای ئەم شەڕ و میلیتاریزمە ڕابوەستەنەوە و ڕیزی سەربەخۆی خۆیانی لێبپارێزن. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە ساڵانێكی زۆرە له‌ پێکهێنانی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی یەکسان لە مافدا، وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین داکۆکی و بەرگری دەکات، هاوکات خەڵکی ئازادیخواز چ لەجیهان وناوچەکەو چ لەئیسرائیل و فەلەستین، وە لەپێشیانەوە خەباتی یەکگرتوانەو پێکەوە گرێدراوی کرێکارانی ئیسرائیل و فەلەستین بانگەواز دەکات لەدژی ئەم شەرە و لایەنەکانی بێنەمەیدانەوە. ئەمە ئەو هێزو بزوتنەوەیەیە کەمەسەلەی فەلەستین لەدەستی دەولەتان و هیزە بۆرژوازیە تیرۆریستو ئینسان کوژەکان دەردێنێ ودەرگا بەرووی چارەسەرێکی سیاسی وئاشتیانەدا دەکاتەوە.

٨/١٠/٢٠٢٣

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …