دزیکردن بە گوێرەی یاسا !

مستەفا باهیر

لەوای داگیر کردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لەساڵی ٢٠٠٣دا،  عێراق  بوو بە   یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهان. لەدوای ڕوخانی ” سەدام حسین “ەوە عیراق  دابەشکرا بەسەر  “تایفەو  نەتەوەو  دینەکان “داو هەریەکە پشکێکی لەدەسەڵات بەرکەوت..  ئەمانیش کەوتنە  دزینی سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێڕزەوی عێراق و بەهەدەردانی سەروەتەکەی و دابەشکردنی پلەباڵاکانی دەسەڵات بەسەر  کەسوکارو  خێزانەکانی خۆیاندا. بە ملیارەها دۆلار و دیناریان دزی بۆ خۆیان و دەستو پێوەندەکانیان. خزمەتگوزاریەکانی وەک “کارەبا ، ئاو ، تەندروستی، پەروەردە ، ڕیگاو بان و..هتد” بەتەوایەتی  پشتگوێخرا. ئەمە بێجگە لە بڵاوبونەوەی  بێکاریەکی یەکجار گەورە لەسەرتاسەری عیراقدا. بۆیە خەڵکی عێراق بەگشتی و لاوان بەتایبەتی ناچار بەوە بوون کە  عێراق بەجێبهێلن و ڕوبکەنە وڵاتانی تر. تاوەکو ئێستاش ملیۆنەها عێراقی لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبونەتەوە، بێجگە لەو ژمارە زۆرەی کە لە ناوخۆی وڵاتدا لە کەمپەکاندا ژیان بەسەردەبەن. هەمو ئەمانە لەدەست ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە ڕایانکردوە.

بەرامبەر بەمانە  کریکاران و هەژارانی عێراق ناڕەزایەتیان دەربڕیوەو چونەتە سەر شەقامەکان، بەڵام دەسەڵاتداران بە گوللە جوابی داخوازی خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە و بێجگە لەوەی کە بە سەدانیان لە خۆپیشاندەران  کوشتوە، بەهەزارانیش برینداربون  و بە هەزارانیش ڕاپێچی زیندان کران.  هەرچەندە دەسەڵاتدارانی عێراق توانیان بەهێزی چەک ناڕەزایتیەکان هێورکەنەوە. بەڵام ناچاربوون بەوەی کە وەڵام بەهەندێ لە داخوازی خۆپیشاندەران بدەنەوە. بەڵام تاوەکو  ئێستاش  گەندەڵی بەشیوەی یاسا بەردەوامی هەیە.

بەگوێرەی ئەو یاسایەی کەخۆیان دەریانکردوە بەچەندین شێوە بەردەوامیان بە دزیکردن داوە. بۆنمونە کەسێکی وەک “غازی ئەجیل یاوەر” سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، هەرچەند ماوەیەکی کەم سەرۆک کۆمار بوو ، بەڵام بەپێی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق، خانەنشینی مانگانەی ئەلیاوەر” ٦١٦٨٠٠٠٠ ” دیناری عێراقییە ، کە دەکاتە نزیکەی٥١ هەزار دۆلاری ئەمریکی. ئەگەر کۆی ئەو خانەنشینیەی کە یاوەر بۆ ماوەی ١٨ ساڵ لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٤ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢وەری گرتوە کۆکەیتەوە دەکاتە ژمارەیەکی خەیاڵی . ئەمە  بێجگە لە مووچەی پاسەوانەکانی کە ئەویش ژمارەیەکی بێشومار دەکات، بەمەرجێک کە خۆی ئێستا لە کەنەدا دەژی ،  بیگومان لەوێ پێویستی بە پاسەوان نیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتیکی جزیرەنێت، زۆربەی بودجەی عێراق دەچێت بۆ هەرسێ سەرۆکایەتیەکە. مووچەی مانگانەی سەرۆک کۆمار ٥٠ ملیۆن دینارە ، ٤٠ ملیۆن  دیناریش وەک دەرماڵە و میوانداری وەردەگرێت، کە یەکسانە بە ٧٣ هەزار دۆلار، بۆیە مووچەی ساڵانەی ٨٧٦ هەزار دۆلارەو لە ماوەی ٤ ساڵدا ٣ ملیۆنو ٥٠٤ هەزاردۆلار وەردەگرێت. هەرچەندە عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت کاتێک کە من جێگری سەرۆک کۆمار بووم مانگانە  بۆ دەرماڵەو میوان، بێجگە لە موچەکەم، یەک ملیۆن دۆلارم وەردەگرت. هەریەک لەمانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر پاسەوانیان هەیە تێکرای موچەی ئەوانیش بە ١٠یان ملیۆن دۆلارە.

هەروەها سەرۆکی پەرلەمان مانگانە ٣٥ ملیۆن دیناری عێراقی وەردەگرێت و ٢٠ ملیۆن دیناریش وەک دەرماڵە و میوانداری وەردەگرێت. بێجگە لەوەی کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر پاسەوانی هەیەو لەگەڵ ئەوانیش شەریکە بەشە. ئەندام پەڕلەمانەکانیش مانگانە ٤٠ ملیون دینار زیاتر دەکەون لەسەر دەوڵەت بە موچەو پاسەوانەکانیانەوە.

بێگومان حکومەتیش بەهەمانشێوە موچەی خەیاڵی خۆیان هەیە بۆ نموونە سەرۆک وەزیران و جێگرەکانی، یەکی  ٤٠ ملیۆن دیناری عێراقی وەردەگرن، بێجگە لە ٢٠ ملیۆن دەرماڵە و میوانداری، کەدەکاتە نزیکەی ٦٥هەزار دۆلاری ئەمریکی. موچەی مانگانەی وەزیرەکانیش یەکی ٢٠ ملیۆن دیناری عێراقییە ، ١٥ ملیۆنیش وەک  دەرماڵە و میوانداری وەردەگرن.

بێجگە لە دزی و ئەو موچە زۆرەی کە بەیاسا وەری دەگرن، ئەمانە  شتی سەیرو سەمەرە دەکەن کە هێشتا  لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوی نەداوە، بۆ نمونە پارێزگای پێشوی نەجەف “لوئەی جەواد حسین ئەلناسری”  کە تەنها لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠  لەوپۆستەدا بووە ، چوار ژنی هێناوە و هەرچوارەکەیانی دامەزراندوە، هەریەکەیان لە شوێنیکی گرنگ و بە موچەیەک کە لە ٢ ملیۆن دینار زیاترە. لەوەش سەیرتر دینبازەکانی شیعەيە کە ١٣ ملیار دیناریان لە گۆڕی موسا کوڕێ جەعفر ناسراو بە ئیمام کازم دزیوە.

لەکوردستانیش دزیکردن بەگوێرەی  ئەو یاسایانەی کە لە پەرلەمانەوە دەردەچیت وەک عێراق وایەو بەردەوامە. حزبەکانیش وەک نوقلی بەرات پۆست دەدەن بەهەوادراو کەسوکاری خۆیان. بەرپرسی حزبەکان خۆیان دەڵێن لە کوردستان زیاتر لە ٥ هەزار بەڕێوەبەری گشتی هەیە کە ئەمانە موچەی خەیاڵی وەردەگرن. لە کوردستانیش ئەوەی جێگای سەرنج بوو کاتیک دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نادەستوربونی پەڕلەمانیداو دەرگای پەڕلەمان داخرا. پەڕلەمانتارەکان یەکی ٥٢ ملیۆن دیناریان وەک بەخشیش وەگرت کە دەکاتە موچەی ٢٠ ساڵی فەرمانبەرێکی خانەنشین کە لە مانگیکدا تەنها ٢٢٠ هەزار دینارە وەردەگرێت.

بەکورتی دەسەڵاتداران لە عێراق و کوردستان ماوەی ٢٠ ساڵە بەپێی یاسا و بەدەر لە یاسا بەملیارەها دۆلارو دیناریان دزیوە. ئەم دەسەڵاتە لەعێراق و کوردستان بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکرێت کە چاکسازی بکەن و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە سەروەتی عێراق و کوردستان بخەنە خزمەتی کریکاران و هەژارانی ئەو وڵاتەوە.

بۆیە پێویستە لەسەر کریکاران و هەژارانی عێراق یەکگرتوانە لەدەوری یەکتر کۆببنەوە، هەوڵبدەن بۆ لەناوبردنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە. تاوەکو ئەم حزبانە لە کوردستان و عێراق دەسەڵاتداربن ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو هەژار لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات ،تەنها ڕێگاچارە لەناوبردنی ئەم دەسەڵاتەیە، ئەویش تەنها  بەیەکگرتوی خۆمان  دێتەدی.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …