دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی کۆمپانیاکان و چیکردن!!

وەستا مەهدی ڕەسوڵ

سەرەتا دەمەوێت وێنایەکی گشتی لەسەر چینی کرێکاری کۆردستان بخەمە بەردەست. کرێکاران لە چ بارودۆخێکدا کاردەکەن ؟چ سیستمێکی کار جێبەجێ دەکەن ؟وئاستی گوزەرانیان چۆنە؟ وتەعامولی خاوەنکار بە چ شێوەیەکە لە گەڵیان ؟ ئەگەر لە دۆخی کارکردنەوە سەیرکەین، دەبینین بەشێوەکی گشتی کرێکارانی کەرتی تایبەت لە گشت کارخانەکاندا بە سیستەمی وەجبات و شەفتات کاردەکەن. بەشی هەرەزۆری کارخانەکان کار تیایاندا ٢٤سەعاتیە. لە هەندێ کارخانە هەم کارەکانیان سەختەو هەم لە ٨ کاتژمێر زیاتر کاردەکەن. بەشێك لە کارخانەکان جۆرێک لە سەیفتی تیدایە و هەندێکیش زۆربایەخ بە سەلامەتی شوێنی کار نادەن. کارخانەو کومپانیاش هەیە بەتایبەت ئەو پرۆژانەی کاری تەلارسازی دەکەن، هیچ گوێ نادەن بە سەلامەتی شوێنی کار. کەمترین کارخانە هەیە دەرمانخانەو دکتۆری موقیمی تێدابێت.

کرێکارانی کەرتی گشتی یان رونتر بڵێم حکومی، دۆخی کارکردنیان کەمێك باشترە. لانی کەم سەعاتەکانی کارکردن کەمترە، پشوە رەسمیەکان دەیانگرێتەوە. تەنها هەندێ ناوەند نەبێت کە لانی کەم ئەبێ لە رۆژانی پشوی فەرمیشدا خەفارەتیان هەبێت، بۆنمونە بەرێوەبەرایەتیەکانی کارەبا و نەخۆشخانەکان . لایەنی سەیفتیش تیایاندا کەم تازۆر رەچاودەکرێت. تەنانەت هێشتا هەندێ مافی یاسایش جێبەبەجێ دەکرێت.

کەواتە دەتوانم بڵێم ژینگەیەکی سەڵامەت بۆکارکردن لە کوردستان دابین نەکراوە. بەڵگەش ئەوەیە کە ئاماری ساڵانەی قوربانیانی کارکردن روو لەزیادبوونە. لە هەر گەشەکردن و زیادبونی پرۆژەکاندا رێژەی قوربانیەکانیش دەچێتەسەرەوە. خاوەنکار لەکوردستان پشت دەبەستێت بە گرێبەستی تاك. گرێبەستی بەکۆمەڵ نییە. سەرەتای دامەزراندنی بەلێشاوی کارخانەکانی پیشەسازی چیمەتۆ و شیش و پاڵاوگەکانی نەوت و دروستکردنی خواردەمەنی وخواردنەوەی غازیەکان، بەهۆکاری نەبونی نوسینگەکانی بەکارخستن، کرێکاران لەرێگای حزبەوە یان لەرێگای کەسایەتیەکەوە وەیان لەبەرئەوەی کە لەنزیكی دێیەك یان لەبەرئەوەی موڵکی کەسانێك کەوتوەتە ناو زەمینی کارخانەکەیەوە، چونەتە سەکار. کەمترین کرێکار لەسەر شەهادەو ئیختیساس کاری دەست کەوتووە. کارخانەکان بەشێك لە کرێکارەکانیان ئەو کومپانیایانە هێناویانن کە یان پشکیان هەیە لە کارخانەکان یان بەسەرپەرشتی کاری کارخانەکان بەرێوەدەبن وشارەزاییان هەیە.

کرێکارانی کوردستان لە ئەنجامی مومارەسەی کاردا بوونەتە کرێکارێکی شارەزا لەو کارەی کە دەیکەن، بەڵام هیچکات موچەکەی ناگاتە موچەی ئەو کرێکارانەی کە هاتوون. چینی کرێکار لە کوردستان ئازادی رێکخراوبونیان نییە ، بۆدفاع لەمافەکانیان هیچ جۆرە رێکخراوێکیان نییە . نارەزایەتی لەسەر شێوەی کار، کەمی موچە، ناسەلامەتی شوێنی کار، زیادەکاری، قەدەغەیە. چەندین کرێکار بەهۆکاری ئەوەی نارەزایەتی رێكخستووە روبەروی دەرکردن لەسەرکار بوونەتەوە.

با بچینە سەرئەوەی کە کرێکارانی کومپانیاکان لەبەرامبەر بەم دۆخەدا چیبکەن وە یا چی بکرێ. بەبروای من بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، بەتایبەت کە حوکمەت شانی خۆی خاڵی کردوەتیەوە لە بەرپرسیاریەتی بەژیانی کریکاران و رێگەشی خۆش کردوە بۆ کومپانیان کە خۆیان چۆن دەیانەوێ ئاوها کار بەکرێکاران لە بەرامبەر بەم دۆخەدا چیبکەن وەیا چی بکرێ! هیج رێگە لەبەردەم کرێکارانی کومپانیاکان نەماوە تەنها ئەوەنەبێت لەرێگای کۆبونەوەی گشتیەوە نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و دەستەی کرێکارانی کارخانەو کارگەکان دروست بکەن، کە هیچ وەسیلەیەك نەبێت بۆ دفاع، ئەبێ هەر ئەمە بکەن و بۆهەر نارەزایەتیەکیش بانگەوازی هاوچینەکانیان بکەن پشتیوانیان بەدەست بهێنن .

کرێکارانی کارخانەی گرێن عێراق نمونەی ئەم جۆرە لەرێکخراوبونیان تەجروبەکردووە. کرێکارانی کارخانەی چیمەنتۆی تاسلوچەش بەهەمانشێوە لەرێگای دەستیەکەوە توانیویانە نارەزایەتی خۆیان دەرببرن. کرێکارانی ژینگە پارێز لە ئیدارەی گشتی راپەرین ، کرێکارانی ژینگەپارێز لە چەمچەماڵ و تەکیە وسەید سادق وهەڵەبجە هەروایان کرد . ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە کە ئێستا کرێکاران بەئاسانی دەتوانن دەستی بۆبەرن، بەتایبەت کە سەردەم سەردەمی تەکنەلۆجیای زۆر پێشکەتووە و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەردەستی گشت کرێکارانە .

کێشەی نێوان خاوەنکارو کرێکاران و رێگەچارەکەی بۆئەوەی خاوەنکارو کۆمپانیاکنی کەرتی تایبەت دەست هەڵگرن، لەم زوڵمەی کە لەکرێکارانی دەکەن لەگرەوی هاتنەمەیدانی بەشی پێشرەوی چینی کرێکارە و رێکخراوبونیانە بەجۆرێك کە بتوانێت فشاردانێ لەسەر خاوەکارەکان .

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …