با هێزە ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکان یەکبگرن بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ئیسرائیل لە دژی دانیشتووانی غەززە

شەوی ڕابردوو، ۱۷ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۳، سوپای ئیسرائیل نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد و زیاتر لە ۸۰۰ کەسی کوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌، بە بەرچاوی زه‌قی جیهانەوە به‌رامبه‌ر ئامێری دڕندانەی دەوڵەت و بەرپرسانی ئیسرائیل كه‌ زیاد له‌ ١٠ ڕۆژه‌  تاوانه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان درێژه‌ پێ ئه‌ده‌ن به‌ پاساوی كرده‌وه‌كانی حه‌ماس. ئەم هێرشە تیرۆریستییەی ئەم دواییە چه‌ند باره‌ جه‌خت له‌ ڕووی ڕاستەقینەی تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئیسرائیل ئەکاتەوە.

ئەوەی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی ئەنجامی داوە لەژێر چاودێری و پارێزگاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و بەریتانیا، بەشێکە لە سیاسەتی جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی فەڵەستین و سوودوه‌رگرتن له‌ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی حەماس، لە پێناو شاردنەوەی ئەو ستەمە نەتەوەییە ئاشكرایه‌ی کە لە دژی خه‌ڵكی فەڵەستین ئەنجام ئەدرێت.

دەوڵەتی ئیسرائیل هەوڵئەدات بە پشتیوانی میدیا بەکرێگیراوەکانی سەر بەو وڵاتانە، چیرۆکێکی هەڵخەڵەتێنەر و چەواشەکارانە بخاتەڕوو كه‌ گوایە ڕووبەڕووی ستەم و لەناوبردن ئەبنەوە، لە کاتێکدا سیاسەتی دەستبەسەراگرتنی خاکی فەڵەستینییەکان به‌ڕێوه‌ئه‌بات و ئۆردوگاکانی لەسەر دروست ئەکات و هەر کەسێکیش لەبەرامبەر ئەم کارەدا دەنگی نارەزایەتی هەڵبڕی دووچاری گرتن و زیندانی ئه‌بێته‌وه‌. هەروەها خانوی ئەو کەسانەی تۆمه‌تباریان ئه‌كات به‌ تیرۆریزم به‌سه‌ر خێزانه‌كانیاندا ئەڕوخێنێت و خوێنساردانه‌ منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان ئەکوژێت. ئەمڕۆش له‌پێناو ئامانجه‌كانیدا سیاسەتێکی به‌رنامه‌بۆداڕێژراو بۆ کوشتار و وێرانكاری له‌ دژی خەڵکی غەزە پیاده‌ئه‌كات و ئه‌وه‌شی به‌ زیندووی بمێنێته‌وه‌ ڕایئه‌گوێزێت و به‌زۆر ده‌ریئه‌كات.

بەرگرتن بە ملهوڕی ئەم دەوڵەتە کە تا ئه‌نیشكی بە خوێنی فەڵەستینییە بێتاوانەکان سووره‌،  ته‌نها لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی دەنگێك بۆ سەرکۆنەکردن و ڕەتکردنەوەی تاوانەکانی  ئیسرائیله‌وه‌ ئه‌بێت. هەروەها تەنها مرۆڤایەتی شارستانی و هێزە ئازادیخوازیەکانی جیهان ئەتوانێ ماشێنی دڕندانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بوەستێنێ و ئه‌مه‌ش بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی بەرفراوان لەبەردەم باڵیۆزخانەکانیدا لە سەرانسەری جیهان و لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری لە سیاسەتی ئیسرائیل ئەکەن. هەروەها بە کارکردن بۆ ئاشکراکردنی چیرۆکە درۆیینەکەی ئیسرائیل و ڕیسواکردنی دووڕوویی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەبارەت بە  گریانیان بۆ مافەکانی مرۆڤ.

ئێمە له‌كاتێكدا بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە نامرۆڤانانه‌ ئەکەین کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون و حکومەتی ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بە بەرپرسیار دەزانین لەو تاوانانە، ڕایئەگەیەنین کە ئەم شەڕە خوێناوی و کۆنەپەرستانەیەی  کە ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، ئەبێت دەستبەجێ بوەستێت و گەمارۆی ستەمکارانە لە سەر خەڵکی کەرتی غەزە لاببرێ. ڕێگه‌چاره‌ی ئاسایش و بەرقەراربوونی ئارامی و به‌رگرتن به‌ شەڕێکی خوێناوی دیکە لە ناوچەکەدا كه‌ ئاكامی سیاسەتی ئیسرائیل بێ، بریتیە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەڵەستین کە هاوشانی دەوڵەتی ئیسرائیل بتوانێ بژی و بمێنێته‌وه‌.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٨/١٠/٢٠٢٣

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …