دیوێکی دیکەی روداوەکانی فەلەستین!

موحسن کەریم

دیوێکی دیکەی روداوەکانی فەلەستین!دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای پێکدادانی نێوان بزوتنەوەی حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل، پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە. پشتیوانی بێدرێغی ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژاوا لە ئیسرائیل و تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی فەلەستین و غەززە، بەناوی شەرعیەتی بەرگریکردن لەخۆ لەلایەک و پشتیوانی رژێمی ئیسلامی ئێران و ڕەوتە ئیسلامیەکان لە بزوتنەوەی حەماس و ئەو تاوانەی دژی خەڵكی مەدەنی ئەنجامی دا بەناوی شەرعیەتی بەرەنگاربونەوەی داگیرکاری ئیسرائیل و تاوانەکانی دژی خەڵکی فەلەستین، دۆخەکەی بەرەو ئاکامێکی ترسناك پاڵ پێوەناوە.

ئەمریکا بەناوی ئەوەی کە ئێران لەو کارەی حەماس و تێوەگلاوەو هانی گروپە ئیسلامیەکانی سەربەخۆی وەکو حزبوڵلاو گروپە ئیسلامیە شێعەکانی عێراق، دەدات بۆ پەلاماردانی ئیسرائیل و لێدان لە بنکەو بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل و بەوەش دۆخەکە بەرەو بارگرژی زیاتر دەبەن، هەڕەشە لەئێران دەکات و هەروەها بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل هێزی دەریایی ڕەوانەی دەریای ناوەڕاست دەکات و هێزی سەربازی بۆ ناوچەکە دەنێرێ و فەزای میلیتاریزم و جەنگ پەرە پێدەدات. هاوکات بانگەشەی ووڵاتانی دیکەی رۆژاواو ئەوروپایی بۆ ڕەواییدان بە هێرشەکان و کۆمەڵکوژیەکانی خەڵکی غەززە و بێبایەخکردنی ژیان و گیانی هاوڵاتیانی فەلەستینی، فەزایەکی میدیایی و فکری لەدژی خەڵکی فەلەستین بەڕێخستوە. ئێران و ڕەوتە ئیسلامیەکانی لایەنگری ئێران و حەماس خۆیان وەکو بەرگریکاری مافی ڕەوای خەلكی فەلەستین و بەرەی بەرەنگاری و پارێزگاری  و نوێنەری وەستانەوە بەرامبەر بە ستەم لەسەر خەڵکی فەلەستین نمایش دەکەن. ئەم دۆخە بەشێوەیەك فەزایەکی ئالودەی بە درۆو چەواشەکاری و وونکردنی ڕاستیەکان پێکهێناوە، کە حەقیقەتی تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و تیرۆریزمی حەماسی لێڵ و ناڕوون کردوە. لەناو ئەم فەزا ئالودەو تەمومژاویەدا، مافی ڕەوای خەڵکی فەلەستین بۆ پارێزراوبوون لە کوشتار و ستەم و سەرکوتی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئاوارەبوون و چارەسەری کێشەی دەیان ساڵەیان، تووشی تەموومژو لێڵی دەبێت و دۆخی ناوچەکەش بەرەو تاریکی و لێڵی زیاتر و بارگژی و پێکدادانی بەرژەوەندیەکانی ئەم هێزو دەوڵەتە ڕکابەرانەی یەکتر دەچێ لەسەر حسابی ئەمنیەت و ژیان و سەلامەتی و گیانی هاوڵاتیانی فەلەستینی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەڵام حەقیقەتی کێشەی فەلەستین و تاوانەکانی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی مەدەنی غەززەو کۆمەڵکوژیەکانی دژی مناڵ و ژن و لاوو پیر، بێمافیەکانی خەڵکی فەلەستین و سەپاندنی ئاوارەیی دەیان ساڵە بەسەریاندا و بێبەشکردنیان لە گەڕانەوەیان بۆسەر ماڵو حاڵی خۆیان و سیاسەتی ئاپارتایدی ئیسرائیلی دژی خەڵکی فەلەستین، نەك هەر ناتوانرێ بەبیانوی تیرۆریزمی ئیسلامی و حەماس جیهادەوە خەفەو پەردەپۆش بکرێ، بەڵکو لەم روداوەی دواییشدا، خەڵکی ئازادیخوازی دنیا و بگرە لەناوخۆی ئیسرائیلیشدا، سەرباری ئەو تاوانەی حەماس دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیلی ئەنجامی دا، بەروونی دژایەتی خۆیان بۆ بەربەریەتی ئیسرائیل ڕاگەیاند و بەدەنگی بەرز رۆژنالیزمی نۆکەرو جیرەخۆر دەوڵەتانی رۆژاوایی و سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی رۆژواو ئەمریکایان خەجاڵەت کردو پشتیوانی لە دۆزی رەوای فەلەستین کردو سەرکۆنەی تاوانەکانی ئیسرائیلیان دژی خەڵکی غەزە کردو خوازیاری ڕاگرتنی هێرشە دڕندانەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە و چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین بوون.

گومان لەوەدا نیە کە هەردوو بەرەی بۆرژوازی لە پرسی فەلەستین و روداوە کارەساتبارەکانی غەزەدا دەیانەوێ ئاراستەی روداوەکان هەرچی زیاتر بەزیانی خەڵکی ناوچەکەو بە هێشتنەوەی رقو کینەی نەتەوەیی و دینی و دژایەتی نێوان خەڵکی ناوچەکەو درێژەدان بە ستەم و چەوساندنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکە بەرن، بەڵام خەڵکی ئازادیخوازو ئینساندۆستی ناوچەکەو دنیا رێگایەکی دیکەیان نیشان دا، ئەویش وەستانەوە بەرامبەر بەو ئاراستەیەو بانگەشەی ئینساندۆستی و ئاشتی و ئازادییان کردو ڕایانگەیاند کە ئەوان بەخۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسییان دەتوانن ئایندەیەکی دیکە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی فەلەستین و ئاشتی لەناوچەکەدا بنەخشێنن.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …