کرێکارانی کوردستان یەك کێشەی سەرەکیان هەیە کە هەموو کێشەکان لەوێوە سەرچاوەی گرتووە!!

قسەوباسی وەستامەهدی لەپانێڵی (بەرەو ژیانێکی باشتر بۆکرێکاران)

سەبارەت بەکێشە کانی کرێکاران

من پێموایە کرێکاران یەک کێشەی سەرەکیان هەیە کە هەمووکێشەکانی تر لەوێوە سەرچاوەگرتوە، ئەویش سیستەمی کاری کۆمپانیاکان و حکومەت و وەزارەتی کارە کە ساڵانیکە بۆ روتاندنەوەو چەوساندنەوەی لەڕادەبەدەری کرێکاران دایسەپاندووە، تا کۆمپانیاکان کەحکومەت و بەرپرسان بەشەسەرەکیەکەی بەدەستەوەیە، ڕەنجی کرێکاران بەتاڵان ببەن و بێسنور بیانچەوسیننەوە.

کرێکاران نەک هەربێ کێشە نین، بەڵکو دەیان کێشە ڕووبەڕوویانە. لەوانە کێشەی نەدان و کەمی موچە، کێشەی گرێبەست و ماوەی کار، نەبونی مەشق و راهێنان وسەلامەتی کار، تا کێشەی بیکاری و لەسەرکاردەرکردن و دەیانی تر.. بەلام ئەم کێشانە لەچیەوە سەرچاوەیان گرتووە؟.

دووشت هەیە کێشەن، بەڵام نابێ تێکڵاویان بکەین؛ یەکەمیان خواستە کرێکاریەکان واتە ئەوانەی کە کرێکار داوای دەکەن، بەڵام جێبەجێ ناکرێن؛ بۆ نمونە خواستی ئازادی ڕیکخراوبوون، دووەمیان ئەو کێشانەی کە بەواقعی ڕۆژانە یەخەی کرێکاری گرتوە، واتە لەئەسڵدا خواستی ڕۆتینی کرێکار نین، بەلام بەهۆی سیستەمی کارەوە یەخەی بەکرێکاران گرتووە پێویستە لێرە باسی بکەم.

سەرچاوەی کێشەکان سیستەمی کاری کۆمپانیاکانە:

کرێکارانی کەرتی تایبەت لەسەرجەم کارگەکاندا بەسیستەمی وەجبات و شەفتات کاردەکەن. بەشی هەرەزۆری کارگەکان، کار تیایاندا ٢٤سەعاتیە. لەهەندێک کارگەدا هەم کارەکانیان سەختەو هەم لە٨ کاتژمێر زیاتر کاردەکەن. بەشێك لەکارگەکان جۆرێک لە ڕیاکر سەلامەتی کار ڕەچاودەکرێ وهەندێکیش زۆربایەخ بەسەلامەتی شوێنی کار نادەن. کارگەو کۆمپانیاش هەیە بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی کاری تەلارسازی دەکەن، هیچ گوێ نادەن بەسەلامەتی شوێنی کار.

بەڵام کەرتی گشتی یان ڕونتر بڵێم کەرتی حکومی بەبەراورد بەکەرتی تایبەت، هێشتا دۆخی کارکردن کەمێك باشترە. لانی کەم سەعاتەکانی کارکردن کەمترە، پشووە فەرمیەکان دەیانگرێتەوە. تەنها هەندێک ناوەند نەبێت کە لانی کەم ئەبێت لەڕۆژانی پشوی فەرمیشدا خەفارەتیان هەبێت، بۆ نمونە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کارەباو نەخۆشخانەکان. لایەنی سەلامەتی کار تیایاندا کەم تازۆر ڕەچاو دەکرێت. تەنانەت هێشتا هەندێ مافی یاسایش جێبەبەجێ دەکرێت.

ئەم سیستمە کەی سەری هەڵدا؟

ئەم سیتەمەش بەدوای کشانەوەی دەخاڵەتی حکومەت و وازهێنان لەبەرپرسیاریتی و سپاردنی کاری کرێکاران بە کۆمپانیاکان، لەژێر ناوی بازاڕی ئازاد دا، سەری هەلداوە وهەموو سەلاحیەت و ئیختیاراتیکی بەخاوەنکارو کۆمپانیاکان داوە. تەنانەت حکومەت خۆی بۆتە کۆمپانیایەکی گەورە و بوارە سەرەکیەکانی کاری کرێکارانی بەدەستەوەگرتوە، لەوانە بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، بازرگانی و گەیاندن و.. تەنانەت یاسای کار خۆی ئەم سیستەمەی کە کۆمپانیاکان بالادەستن، کردۆتە یاسا وحکومەت نە لەئاستی کرێ و ماوەیکارو پشوو ومافەکانی کرێکاران بەرپرسیارە و نە چاودیڕی دۆخەکەش دەکات. لایەکی تری ئەم سیستمە بەتایبەتیکردنی پڕۆژەو هەڵوەشاندنەوەی بواری خزمەتگوزاریەکانە و فرۆشتنیانە بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان. بەمجۆرەش هەڵوەشاندنەوەی تەعینی مەرکەزی..

کاری کۆمپانیاکان چییە یان رونتر بڵێم کومپانیاکان بە چ جۆرێك کار بەکرێکار دەکەن؟

 

مەبەست لەم سیستەمە پەیمانکاری و کاری مۆقەت و قۆنتەراتی، سیستەمێک کە پێی دەڵین (زیڕۆ کۆنتراکت). ئەمەش شێوازی ئازادکردنی بازاری کارو خۆدزینەوەی دەسەلاتە لەبەرپرسیارێتی وچاودێری.

لەم سیستەمەدا، کاری ڕۆژانە، گرێبەستی فەردی، مەرجەکانی خاوەنکار بەکرێی کەم و سەعاتکاری زۆر، نەهیشتنی زەمانی خانەنشینی، مافی لەسەرکاردەرکردن و سزادانی کرێکار لەلایەن خاوەنکارەکانەوە، پایەماڵکردنی هەموو ماف وئیمتیازاتەکانی کرێکاران، لەوانە نەمان و نەدانی حەوافزی ساڵانە، پشوی سالانە، خۆراک و جلو بەرگ، ڕاهینان و مەرجەکانی سەلامەتی کار.. ژێرپێنانی ئازادی ڕیکخراوبوون ودەیان شتی تر..

لەم چوارچیوەیەدا کرێکارانی کۆمپانیاکانی نەوت وگاز وچیمەنتۆ، ئەگەرچی هەندێک شتیان بۆ بەرەسمی ناسراوە، بەلام شوینی کار بووە بە سەربازگەیەک.

قەیرانی ئابوری:

ئەوەی دەسەلات بەقەیرانی دارایی و نەبونی موچە ناوی دەبات، گۆڕدراوە بەکێشەی نەدانی سلفەو راوەستانی پڕۆژەکان بە خاوەنکارەکان و کۆمپانیاکان، ئەمەش کێشەیەکی دروست کردوەوە بە سەر کرێکاراندا شکاوەتەوە. بۆنمونە کێشەی دواکەوتنی موچەی ژینگەپارێزان، داخستنی پرۆژەکان و بێکاربوونی کرێکاران بەبێ ئەوەی حساب بۆ ژیان وگوزەرانی خۆیان و خیزانیان بکرێ..

لەسەر کێشە سەرەکیەکانی کە رۆژانە کرێکاران لەگەڵی بەرەوڕوون، نمونەی کارگەو پڕۆژەکان باس ئەکەین؛

کە من پێش ئەم پانێڵە لە گەڵ دوهەڵسوراوی کرێکاری لە دوکارخانە کە هەر یەك لەدو کارخانەیە نزیکەی هەزار کرێکاری هەیە ،بەڵام من نامەوێت نە ناوی ئەو دوکارخانە یەو نەناوی ئەو دوهەڵسوراوە بهێنم ،تەنهاوەك نمونە باسێان دەکە .

نمونە: کارخانەی ئەلف:

ئەم هەڵسوراوە ئەڵێ لەم کارخانەیە کەمن کاری تیدائەکەم ،دوو کێشەی سەرەکی مان هەیە:

١- ناعەدالەتی و نایەکسانی لەمامەڵەی ئیدارە لە دانی مافی کرێکاران .

لەزۆربەی کارخانەو کارگەکان هەیە، بۆ نموونە من خۆم و زۆر برادەری تریشم بە دوو ساڵ، سێ ساڵ لەوێ بووین و دینارێکمان بۆ زیادنەکراوە. کەسیش هەبوە کە کەمترین ماوە کاری کردوە، بەڵام دوای چەند مانگ پارەی بۆ زیاد کراوە.

٢- ستافێکی بیانی کۆنترۆڵی هەموو بەشەکانی کۆمپانیایان کردبوو. ئەو ستافە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیانا کە موچەیەکی باشیان وەردەگرت، هەموو زوڵم و ستەمێک، لە سەپاندنی ئەرکی زۆر بەسەر کرێکاراندا لەچاو ئەرکی ئاسایی خۆیاندا، لە شەڕی دەروونی لەگەڵیان، لە ماندووکردنیان، درێغیان نەدەکرد. تەنانەت برادەری خۆم هەبوو لە بەشەکانی تردا، بەهۆی ئیشی زۆرەوە، لەبەرئەوەی کۆمپانیا کرێکاری پێویستی نەخسبوە سەرکار، نەیتوانیوە سوود لەو ئیجازە ساڵانەی خۆی وەربگرێ کە بیست و یەک ڕۆژە. ئەگەر ڕۆژێك ئیجازەی کردبێ بە شەڕ و بە ناخۆشی بووە. بەتایبەت ئەو کارمەندانەی بەشی بەرهەم کە خۆم یەکێك بووم لەوانە، کاریکیان نەکرد کە بمێنیتەوە لایان. باکیان پێت نەبوو، وەکو کۆیلەیەک سەیریان ئەکردی، کە هەرچی ئەرک و شتی ناخۆش بوو بەسەریانا ئەیسەپاند و شەڕی دەروونیان لەگەڵا ئەکردین و هەموو شتێک.

نمونەیەکی تر/ لەکارخانەی باء

لەگەڵ هەڵسوراوێکی تر کە لە بەشی ئینتاجی کارخانەیەکەو ئەو کارخانەیە زیاد لە هەزار کرێکاری هەیەو بۆ سێ شەفت کار بەکرێکارەکانی دەکات. قسەم کرد سەبارەت بەکێشەکانیان کە رۆژانە لەگەڵی بەرەو رون، لەوەڵامدا وتی ئێمە کێشەمان زۆرە بەڵام من ئەم چەند کێشەم خاڵبەندی کردووە بۆئاگاداریتان .

كێشەی سەرەكی و پێشێلكردنی مافی كرێكار

١-بڕی كەمی موچە لەچاو كارەكانیان. لەگەڵ ئەوەی لە یاسای كاردا هەیە هەر كرێكارێكی بیانی ئەبێت كرێكارێكی عێراقی بۆ ماوەی دوو ساڵ كاری لە گەڵ بكات و دواتر كرێكارە عێراقییەكە دەچێتە شوێنی كرێكارە بیانییەكە، بەهەمان موچەو ئیمتازەوە بەپێی شارەزایی لە كارەكەی

٢-بێمنەتی خاوەنكار بەهۆی وەزعە سیاسی و ناوخۆییەكانی وڵات، خاوەنكار ئەمەی قۆستۆتەوە لە كەمترین فرسەت و بچوكترین هەڵە كرێكار سزا ئەدات و یان دەری ئەكات.

٣ – نەبوونی كەسانی خاوەن ئەزموون بۆ سەرپەرشتیكردنی كار. بەكوردی نەبوونی كەسی شیاو لەشوێنی شیاو كێشەیەکی گەورەیە بۆ كرێكار، بەجۆرێك كرێكارەكە زۆر لە سۆپەر فایزەرەكەی شارەزاترە لە كارەكەی و ناچاریشە بەقسەی بكات، بەوهۆیەشەوە لەسەروتر بە كەمتەرخەم و توشی سزا ئەبێت، چونكە لەكۆتایدا كرێكار بەرپرسە لە هەڵەو كەسانی سەرو خۆی لە چاكی بەرپرسن، بەهۆی واستەو واستەكارییەوە ئەو شوێنە بەدەست هێنراوە.

٤-هەبوونی سزا لە كاتی هەڵەو نەبوونی پاداشت لە كاتێ كە شایەنی پاداشتە.

٥-پەیڕەونەكردنی سیستەمی بەرزكردنەوەی ئاستی كرێكار بەپێی ئیشی ساڵانەو خیبرەی لە كارگەكان.

٦-كردنی چەند كارێك لەیەك كاتدا یانی بە كرێكارێك ئیشی چەند كرێكارێك ئەكرێت، ئەمەش هەم هەلی كار كەم ئەكاتەوە هەم كرێكار زیاتر لە توانای خۆی ئەزێت ئەدات.

٧-پەیڕەونەكردنی یاسای كاری عیراق لە زێدەكاری، واتا (ئیزافە)کاری. لە یاسای كاردا هەر كاتژمێرێك بەكاتژمێر و نیو بۆ كاری ئاسان و، یەك كاتژمێر بە دوو كاتژمێر لە كاری قور س و تاقەت پڕوكێن هەژمار دەکرێ.

٨- سەعاتی زیادەی كاركردن و حساب نەكردنی كاتی زیادە، بۆنمونە لە یاسای كاردا هاتووە؛ كرێكار كاتی كاری ئاسایی ٨ كاتژمێرە لە ڕۆژێكدا، نیوسەعات بۆ سەعاتێك كاتی پشوو و نانخواردنە لەو ٨ سەعاتەدا، بەڵام زۆربەی كارگەكان ٩ كاتژمێر لەڕۆژێكدا كاردەكەن.

٩- نەبوونی هۆكاری گواستنەوە بە گوێرەی پێویست، بۆنمونە هۆكاری گواستنەوە بەپێی ڕێكەوتن لەگەڵ كارگە بۆ کرێکار دابین دەكرێت، بەڵام بەهۆكاری باش پەیڕەونەكردنی ئەو هۆكارە، كرێكار ناچارە لەڕۆژێكدا چەند كاژمێرێكی بە گواستنەوە بڕوات.

١٠- خواردنی پاك و خاوێن و تەندروست، ئەمەش كێشەی گەورەی كرێكارە لە كارخانەكان.

هەر ئەو هەڵسوراوە وتی من ئاگادارم لەزۆربەی کارخانەکان لەم کێشانەی ئێمەی تیدایە.

ئێمە بێدەنگ نەبوینە، بەڵام هێشتا ئەو هێزەمان نییە کە خاوەنکار لەم پێشێلکاریانە کە دەیکا دەرحەقمان راگرین .

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …