ماکیاڤیلیزم لە باوەڕی سیاسی بۆرجوازیدا: حەماس و ئیسرائیل وەک نموونەیەک

 سەمیر عادل

مرۆڤ هیچ پێویستی بەوە نیە تا بیسەلمێنێت کە دەوڵەتی ئیسرائیل دەوڵەتێکی داگیرکەرە. ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆریستیە بەپێی ئەو پێوەرەی نەتەوە یەکگرتووەکان دایناوە، کە ئیسرائیل خۆشی ئەندامیەتی، هەروەها دەوڵەتێکی ئاپارتایدە لەباشترین شێوەدا. بوونی وەک دەوڵەت بووەتە نیشانەیەکی پرسیاری گەورە، هەرچی پێوەری ئەخلاقیە لەدەستیداوە بۆ بەرگریکردن لە شەرعیەتی خۆی.

لەبەرامبەردا ئەو هەموو تاوانە دژە مرۆڤایەتیانەی کە ئیسرائیل زیاتر لە حەوت دەیەیە ئەنجامی داوەو  ئەنجامی ئەدات، لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە نییە. حەماس چی کرد وا ئەو وێرانکاریە بەسەر کەرتی غەززەدا هات، نزیکەی ١٥ هەزار کەس کوژران، کە زیاتر لە شەش هەزاریان منداڵن؟ بۆئەوەی لەڕێگەی ئاڵوگۆڕێکی بێهودەو بێئاسۆوە کە ٣٠٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن لە بەرامبەر ٥٠ دەستگیرکراوی ئیسرائیلیدا. پرسیارێک کە دێتەپێشەوە، ئایا ئەم هەموو کارەساتە شایانی ئەوەیە کە بەهاکەی جەماوەری غەززە دەیدەن؟

هەموو ئەو میدیایانەی خۆیان بە “بەڕەنگاری و ئۆپۆزسیۆن” ناودەبەن، پێکی سەرکەوتن دەخۆنەوە! سەرکەوتنێک کە باجەکەی ئاگربەستە بۆ وەستاندنی شەڕ بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ. ڕەنگە زیاتر درێژببێتەوە. گرنگ نیە سبەی چی ڕوودەدات. ئەوەی گرنگە “ئاگربەست”ە. سەرکردەکانی حەماس ئەوەش زیاد دەکەن کە مەرجەکانی خۆیان سەپاندووە. کە دەیکەنە مامەڵەیەک بەسەرماندا، گوایە سەرکەوتنێکی گەورەیە بزووتنەوەی بەڕەنگاری فەلەستین بەدەستی هێناوە.

بۆ میدیای نەتەوەپەرستی و ئیسلامی عەرەبی شتێکی نوێ نییە کە بتوانن شکستەکان بکەنە سەرکەوتن، بەکەڵک وەرگرتن لەو تۆپهاوێژە میدیا زەبەلاحانەی کە لە جیهاندا تایبەتە بەخۆیان، بە ڕیزکردنی هەزاران ڕستەی داڕێژراوی دروستکراو لە پێدانی وێنایەکی ناڕاست بۆ شاردنەوەی ڕاستیە تاڵەکان لەبەرامبەر جەماوەرەکەیاندا. دواتر بڵاوکردنەوەی بۆ ناوکۆمەڵگە. ئەمە پراکتیزەکردنی سیاسەتی ماکیاڤێلیزمیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.

ئەم سیاسەتە له لایەن ئیسرائیلەوه لەشەڕەکەیدا وەها جێبەجێ دەکرێت ناوی دەبات بە یاسای هانیباڵ. ئەمەش ئەو یاسایەیه که ڕێگه ئەدات به ​​قوربانیدانی هاوڵاتیان و سەربازەکانی، ئەگەر ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی بکات، جا چ ستراتیژی بێت یان تاکتیکی. مەبەستمان لە ئاسایشی نوخبەکەی و چینەکەی و دەوڵەتەکەیەتی. هەر لەو چوارچێوەیەشدا حەماس خۆی هەمان یاسا جێبەجێ دەکات، کاتێک تەواوی شەڕی خۆی لە دژی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەردا سنووردار کرد بە ڕێکەوتنێکی نێوان خۆی و ئیسرائیل، کە ناوی لێنرا ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، دەستگیرکراوەکان، یان دیلەکانی هەردوولایان، بەبێ گوێدانە ناوەکان، بەهاکەی مردن و وێرانکاریە کە بەسەر هەر بستێکی کەرتی غەززەدا سەپێنراوە.

بەدەر لە هەر جەنجاڵیەکی میدیایی هەردوولایان، ئەوەی لە مامەڵەی بارمتە و ئاڵوگۆڕی زیندانیەکان ئاشکرای کرد، درۆی باوەڕی سیاسی هەردوولایان بوو. دوا شت کە گرنگی پێدەدەن مرۆڤە. بنیامین نەتانیاهۆ شانازی بە مافی ئیسرائیلەوە دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی و ئاسایشی هاووڵاتیانی. هاوکات حەماس ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی کردویەتی تۆڵەسەندنەوەیە لەوەی کە لە کەرتی ڕۆژئاواو  ئەقسا بەرامبەر فەڵەستینیەکان دەکرێت. ئەوان ئامادەن هەموو شتێکی سەوزو وشک بسوتێنن، نەک بۆئەوەی کە ڕایدەگەیەنن، بەڵکو لەپێناو گۆڕینی هاوسەنگی هاوکێشەی سیاسی و باشترکردنی چانسی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا. ئەو سەرکەوتنە گوماناویە، جائەوەی نەتانیاهۆ ڕایدەگەیەنێت نزیکبوونەوەی ئامانجەکەی بێت بە لەناوبردنی غەززە، یان ئەوەی سەرکردەکانی حەماس ڕایدەگەیەنن بە گەیشتنیان بە ئاگربەست “بە مەرجەکانەوە” ، جگە لە درۆیەکی شاکار بۆ ساڕێژکردنی برینەکانیان شتێکی تر نیە. بەڵام ئەوانەی باجەکەی دەدەن فەلەستینیەکانن لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززەدا.

گەلی فەلەستین مافی خۆیەتی بەرەنگاری داگیرکاری ئیسرائیل بێتەوە، هەروەها هەر شێوازێکی گونجاو بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەو داگیرکاریە کێنەتۆزیەی کە جۆرەها نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لە بەرامبەریدا پراکتیزە دەکرێت. ئەوەی گرنگە دەبێت مرۆڤ وەک محوەرێک بمێنێتەوە، لە خەباتدا بۆ ڕزگاری و چێژ وەرگرتن لە ئازادی و ژیانێکی ئاسایش و ئارامدا. بەڵام ئەو مامەڵەکردن و گرێبەستە بۆ ئاڵوگۆڕی ژمارەیەک دیل و ئاگربەست بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ، ناساندنی بە سەرکەوتنێکی گەورە لە بەرامبەر مردنی هەزاران کەسی بێتاواندا، واتە ئازادکردنی ٣٠٠ کەس لە زیندانەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر مردنی ١٥ هەزار کەسدا، بە سەرکەوتن، درۆیەکی شاخدارە. چ پێوەرێک دەتوانێت ئەم هاوکێشەیە بسەلمێنێت!؟ ئایا ئەم ٣٠٠ کەسە دڵخۆش دەبن لە بەدەستهێنانی ئازادیی خۆیان، کاتێک لە زیندان دێنە دەرەوەو دەبینن هەموو شتێک وێران بووەو ئازیزانیان لەدەستداوە، یان تەنانەت کەسیش لە ئازیزانیان نەماوە پێشوازیان لێبکات، یان ماڵێک نیە بۆ حەوانەوەیان؟

ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە کە ئەوان درۆ لەگەڵ دونیا دەکەن. ڕەنگە درۆکەیان بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، بەڵام بۆ هەمیشە ناخایەنێت. لێرەدا ئیسرائیل ئاشکرا بووەو نیشانیدا چ دەوڵەتێکی پڕ ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستە. سەرەڕای ئەوەش بۆ نادادپەروەریەکەی ماوەی سێ چارەکە سەدەیە زۆر بەشێوەیەکی پیشەیی کاریان لەسەرکردوە. سەبارەت بە حەماسیش، کاتێک شەڕ کۆتایی دێت، جەماوەر دەزانێت کە نرخی ڕزگارکردنی ٣٠٠ زیندانی فەلەستینی شایانی مردنی دەیان هەزارو لەناوبردنی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون نییە. هەڵبەتە بۆ حەماس چوونە ناو هاوکێشەی سیاسی یان دوورخستنەوەی ڕکابەرەکانی، سەرکەوتنێکە، بەڵام دەیکەنە مامەڵەیەک بەناوی سەرکەوتنی گەلی فەلەستین و خۆڕاگری بۆ بزووتنەوەی بەڕەنگاری. تەپڵ لێدنی ئەو قەڵەمە بەکرێگیراوانەی ئەو دروشمە بەرزدەکەنەوە، کە بەهۆی دڕندەیی ئیسرائیلەوە لە غەززە ئاشکرا بوو، “یەکێتی مەیدانەکانی بەرەنگاری”، گۆرانی دەڵێن کە کەرامەتی شەیتانی گەورە و بچووکیان لە خۆڵدا چەقاندووە. لەهەمانکاتدا ئەوە باش دەزانن کە ئەمە سەرکەوتنێکی خەیاڵیە و زۆر پێویستیانە بۆئەوەی سروشتی سیاسەتی نامرۆڤانەی خۆیان داپۆشن، یان تەمومژاوی بکەن بۆئەوەی بتوانن بە ئامانجە سیاسیەکانیان بگەن.

دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕی غەززە پرسێکە کە قوڕگی مرۆڤایەتی گرتووە. ئەو ئاگربەستەش کە ڕاگەیەندرا بەناوی ئاڵوگۆڕی دیلەکانەوە، ئەو نازناوەیە کە لایەنە شەڕکەرەکان خۆیان لەژێریدا حەشارداوە. لەکاتێکدا ڕاستیەکە ئەوەیە کە هەردوولا یەکتریان ماندوو کردووەو  هەموو ئەو شتانەی وەک سەرکەوتن دەگوترێ جۆرێکە لە پوچی و بێمانایی. ئەو کەسەی ئاگربەستی سەپاند ئیسرائیل نەبوو و حەماس نەبوو بە مەرجەکانیشەوە، بەڵکو ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەیە کە جیهان  بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوای هەژاند، کە سیاسەتمەدارە دووڕووەکان و درۆزنەکان،  ئەوانەی کە لەبارەی مافی مرۆڤەوە دەگرین، ناچار کرد دەنگی خۆیان لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی فاشستی ئیسرائیل بەرز بکەنەوە.

ئەو جەماوەرە رزگاریخوازەی کە بەرگری لە مافەکانی گەلی فەلەستین دەکەن، ئەوانەن کە ئاگربەستیان بەسەر هەردوولادا سەپاند. توانای کۆتاییهێنان بە شەڕەکەو ڕاگەیاندنی ئاشتیان هەیە. هەروەها بە پشتیوانیکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی کۆتایی بە دەیان ساڵەی نادادپەروەریەکی ئاشکرای نەتەوەپەرستی دەهێنن.

Check Also

گیان له‌ ده‌ستدانی حسێن مورادبیگی (حه‌مه‌ سوور) خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌

به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ حسێن مورادبیگی (ناسراو به‌ حه‌مه‌ سوور)مان بیست، كه‌ …