نارەزایەتی جەماوەری مامۆستایان چیمان پێدەڵێ!!

مەهدی ڕەسوڵ

گرنگترین و بەرجەستە ترین نارەزایەتی جەماوەری پیشەیی لە مساڵدا نارەزایەتی مامۆستایانی میلاک و وانەبێژان بووە کە ماوەی زیاتر لە ٧٥رۆژە درێژەی هەیەو ١٧٠هەزارمامۆستا و فەرمانبەری کەرتی پەروەردە بەشێوەی جۆراوجۆر تێدابەشداربوون. ئەم نارەزایەتیە دوای ئەوە دەستی پێکرد کە حوکمەتی هەرێم موچەی سێ مانگی ئەمساڵی دواخست و  وەڵامی بە خواستی  مامۆستایانی وانە ببێژەیش  نەدایەوە کە ماوەیەکی زۆرە داوا دەکەن لانی کەم بکرێن بە گرێبەست. هەروەها داوای لە مامۆستایان کرد کە سەرەڕای وەڵامنەدانەوەی خواستەکانیان، بایکۆتی هۆڵەکانی خویندن کۆتایی پێبهێنن!

لەچوارچێوەی ئەم ناڕەزایەتیەدا، ژمارەیەك مامۆستا بریاریاریاندا بچنە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی خوستەکانیان بۆ حکومەتی ناوەندی و داوا لە سەرۆك وەزیران بکەن کە موچەکانیان راستەوخۆ لە بەغداوە بۆ سەرفکرێ. ئەوەبوو ژمارەیەك مامۆستا لە شارەکانی سەر بە پارێزگای سلیمانیەوە بەرێ کەوتن بۆ بەغداد، بەڵام لە بازگەی چیمەن رێگەیان پێنەدان و هەر لەوێ تا ماوەیەک جادەی نێوان کەرکوک سلێمانیان داخست.

ئەم نارەزایەتیە جەماوەریە لەئێستادا هیچ وەڵامێکی دڵخۆشکەری وەرنەگرتوەتەوە و حوکمەتی هەرێم و ناوەند هێشتا نەگەیشتون بە رێکەوتن لە سەر هیچ  لەو کێشانەی کە چەندین ساڵە درێژەی هەیە و یەکێك لەو مەسەلانەش پرسی موچەی فەرمانبەران و گشت ئەو سەکتەرانەیە کە حوکمەت خۆی خاوەنکاریانەو مانگانە موچە لەو وەردەگرن و ئاسەوارە خراپەکانیشی بەسەر شانی خەڵکی کوردستانا شکاوەتەوە.

ئەوەی کە نارەزایەتی مامۆستایان سەلماندی و ئەبێ هەم مامۆستایان و هەم خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و بەتایبەت جەماوەری نارازی بیزانن، ئەوەیە کە یەکەم نە حوکمەتی عێراق و نە حوکمەتی هەرێم چارەسەری کێشەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ناکەن. هەرئەوەی کە ماوەی ٧٥رۆژە دەرگای هیچ خوێندنگایەک لە بەشێک لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حوکمەتی هەرێم نەکراونەتەوە و هەزارەها خوێنکار بێبەشن لە خوێندن، لەبەرئەوەی کە موچە بە مامۆستا نادرێ و پلە بەرزکردنەوەیان راگرتووەو وانە پێژەکانیش دانەمەزرێنن، بەڵام لە بەغداش مانگانە موچە ئەدەن،  ئیتر خەڵک پێیوایە حوکمەتی عێراقی باشترە لە حکومەتی هەرێم! بەڵام  ئەوە بۆخۆی تێنەگەیشتنە لە ئەسڵی کێشەکان و چۆن و لە کوێوە سەر چاوەیان گرتووە ! بەڵگەش رێگریەکەی دەسەڵاتدارانی کەرکوکە لە چوونی مامۆستایان بۆبەغدا. کەواتە رێگەچارە چییە؟

بە بروای من ریشەی هەموو کێشەکان سیاسین و تەنانەت بە بارمتەگرتنی قوتی خەڵک و زیادبونی رێژەی بێکاری و ئاوارەیی و شەرو ململانێی ئەحزاب و نائیستقراری سیاسی و ئابوری و خراپبونی ئەوزاعی کۆمەڵاتی بەگشتی لەو سیستمە سیاسیە دایە کە دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی حزبی بەعس ، ئەمریکا نەخشەی بۆداناو لە رێگای ئەحزابی بۆرجوازی عیراقەوە جێبەجێکرا. سەرەتا دەستورێکی بۆ ئامادەکرا کە ئەمریکیەکان پێیان باش بوو. ئەو دەستورە کە پێکهاتەی عێراق پارچە پارچە دەکات و لەسەر بنەمای نەتەوەو و ئاین و مەزهەبەکان پێناسەی ئەکات! بەڵام ئەم سیستمە ماوە ی٣٠ساڵ لە کورستان وە ٢٠ساڵیش لە عێراق بەکردەوە نیشانی دا کە سەرکەوتو نەبووەو رۆژبەرۆژو ساڵ بەساڵ قەڵەشتی چینایەتی و ئابوری و سیاسی زیادیکردو تا ئێستاش بەرەو خراپتر دەچێت.

بۆیە یەک رێگە هەیە لەبەردەم جەماوەری نارازی لە هەرێمی کوردستان و لەعێراقیش، ئەویش گۆرێنی ئەم سیستمە فاشلەیە. تەنها ئەمە رێگەچارەیە. نارەزایەتیەکان پێویستە لە ئاستیکی رێکخراوتردا و فراوانتردا درێژەی پێبدرێت و بەئاسۆو بە دیلی سیاسی و ستراتیجی رۆشنترەوە بێتەدەرەوە. بزوتنەوەی جەماوەری رێکخراوو سیاسی بۆ مامۆستایان و تەوای کرێکاران و خەڵکی نارازی تاکە مەرجە بۆ وەڵامدانەوە بە تەوای کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتیەکان هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراق.

وەستامەهدی

٧دیسەمبەری ٢٠٢٣

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …