هەڵبژاردنی پارێزگاکان و گەرمبوونی بازاری درۆ!

موحسین کەریم

پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوك وەکو یەکێك لە پارێزگاکانی عێراق ماوەیەکە دەستی پێکردوە. سەرجەم حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە هەموو رەنگ و ئاراستە سیاسی و فکریەکانیانەوە کەوتوونەتە سەردان و بانگەشەکردن و داواکردن لە خەڵك بۆ بەشداریکردن و دەنگدان بە لیستەکانی ئەوان!

ئەوەی جێگای سەرنج و بگرە گاڵتەجاڕیە، ئەو بەڵێنانەیە کە ئەو حزبانە بە خەڵکی کەرکوکی دەدەن بۆئەوەی دەنگیان پێبدەن. بێئاگا لەوەی کە خەڵك لەوان باشتر دەزانێ کە درۆیەکی شاخدار دەکەن، چونکە ئەوەی کەدەسەڵاتی بەکردەوەی کەرکوکی بەدەستەوەیە میلیشیا شێعەکانی حەشدی شەعبین کە دەسەڵاتی تەواویان بەسەر دەسەڵاتی سیاسی عێراقدا هەیە.

یەکێتی و پارتی و ئەوانەی لەگەڵیاندا لیستیان دروست کردوە، ڕەنگە بەهێزترین لایەنی سیاسی و لیستی هەڵبژاردنی ناو هێزو لایەنە بۆرژواییەکانی کورد بن، بە ئیسلامی و ناسیۆنالیست و پۆپۆلیستیەوە، بەڵام ئەوەتا حکومەت و دەسەڵاتەکەیان لە کوردستان، کە خۆیان بێڕکابەر کۆنترۆڵیان کردوە، لەبەردەم میلیشیا دەسەڵاتدارە شێعەکانی عێراقدا زەلیل و داماون. هەموو دەسەڵاتیان بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی بریتیە لە توانای پاڕانەوە بۆ دابینکردنی بڕێك قەرز تا بەڵكو بتوانن مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی پێبدەن، کەچی حکومەتی ناوەندی هەر رۆژە بە بیانویەکەوە دەستی دەستیان پێدەکات! هێزگەلێك کە دەسەڵات و حکومەتەکەیان نەتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی لە حکومەتی بە‌غدا وەربگرێ، ئیتر دەتوانێ چی بۆ خەڵکی کەرکوك بکات! کێ بڕوا بە پڕوپاگەندەکانیان دەکات!؟

لەدوای ئەوانیشەوە، ئەو لایەنەی کە بە شەوقەوە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دەکات، نەوەی نوێیە، گوایە ئەگەر خەڵك دەنگ بدات بە کاندیدەکانی ئەوان ئەوا پۆستی پاریزگاری کەرکوك وەردەگرن و کەرکوك ئەکەن بە بەهەشت! هەڵبەتە نەوەی نوێ، بەپێی مەنتقی هاوسەنگی هێز و پێکهاتەو خاسیەتی هێزە سیاسیەکان لە کوردستان، کە یاسای هێزی چەک و ژمارەی چەکدار و میلیشیا حوکم دەکات، خاوەنی هیج پێگەیەکی سیاسی و دەسەڵات نیە و نابێ. ئەوان لەرێگای بڵاوکردنەوەی درۆو چەواشەکاری و بەرێخستنی ماشێنی فریودان دەیانەوێ کڵاو بکەنە سەر خەڵک و گوایە ئەگەر دەنگ بەوان بدرێ دۆخە دەگۆڕن!

بەمجۆرە کەمپینێکی فراوانی درۆکردن و چەواشەکاری و کڵاولەسەرنان لەلایەن ئەو هێزو لایەنانەوە دەستی پێکردوەو ئامانجیان ئەوەیە کە هەرچۆن بوە بەشێك لە خەڵك قانع بکەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، تا دەنگ بەوان بدەن و لەو رێگایەوە چەند ئەندامێکیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراق سەربخەن. بەوجۆرەش پێگەیەك پەیدابکەن بۆ دانوسانکردن لەسەر بەدەدستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسی- مادی بۆخۆیان و هیچی تر.

گومان لەوەدا نیە کە ئەوەی لە کەرکوك و باقی پارێزگاکانی عێراق دەکرێ بەمانا بۆرژوازیەکەشی هەڵبژاردن نیە. هەڵبژاردن لەسایەی دەسەڵاتی میلیشیادا گاڵتەجاڕیە. هێزێکی میلیشیایی خاوەن دەیان هەزار چەکدار، ئەگەر تەنها دەنگی چەکدارەکانی خۆیان بهێنن و بگرە ئەگەر هێشتا بەشێك لە چەکدارەکانیشیان دەنگیان نەدەنێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی نانیان بەدەستی ئەو حزبانەیە، ناچارن لەریزەکانی ئەواندا بن و وەکو رەمزی هێزو توانای سەربازی ئەوان دەرکەون و کاربکەن، بەرامبەر بە سەدان هەزار دەنگی دیکە کە لەناو رێکخراوی جەماوەری خەباتکار و لەدەوری بەرنامەی سیاسی و هێزێکی سیاسی شۆڕشگێڕ خۆیان رێك نەخستبێ، دەوەستێتەوەو بێکاریگەری دەکات. نمونەیەکی زۆر زیندوو بۆ خەڵکی کوردستان، دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیە. گۆڕان دەیانهەزار دەنگی لە یەکێتی زیاتر بوو، سەرباری ئەوەی کە هێزێکی سایسیش بوو، بەڵام یەکێتی خاوەنی هێزی چەکدار و پارە بوو، سەرەنجام یەکێتی مایەوە وەکو دەسەلاتداری ناوچەی سەوز و گۆڕانیش بەرەو ئاوابوون چوو! ئەوەی نەوەی نوێ تەنها کاریکاتۆرێکی بزوتنەوەی گۆڕانەو هیچی تر.

بەمجۆرە ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە ئەگەر ئەو لایەن و دەستەوتاقمانەی بۆرژوازی کورد دەیانەوێ لەرێگای بەڕێخستنی هاتوهاورێکی ڕاگەیاندن و چەواشەکاریەوە خەڵك بۆسەر سندوقەکانی دەنگان ڕابکێشن، تا پارێزگاری لە پێگەو بوون و مانەوەی خۆیان و دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیان بکەن، ئەوا بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ریسواکردنی ئەو چەواشەکاریەو فریونەخواردن بە درۆکانیان مەسەلەیەکی سیاسی هێجگار هەستیار و پێویستە بۆ پاراستنی ریزی خەباتی خۆیان لەو هێزانەو رێگاگرتن لە گەندەڵبوونی خواست و ئامانجەکانیان بەهۆی سیاسەتی ئەو لایەنە سیاسیە ساختەکارانەی چینی داراو خاوەن سەرمایەداری کوردەوە. خەڵکی کوردستان و عێراق بۆئەوەی گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەرانیان بکەن و کۆتایی بە نایەکسانی و بێمافی و چەتەگەری دەسەڵاتی مافیایی بۆرژوازی بهێنن، ئەوا دەبێ رێگای شۆڕش هەڵبژێرن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.. هیچ رێگایەکی دیکەیان لەپێش نیە! دەبێ هەر لەئێستاوە هەنگاوەکانی سەرەتای ئەو پرۆسەیە بە خۆرێکخستن و خۆسازدان و هاتنەمەیدانی یەکگرتوانە لەدەوری بەرنامەی سیاسی شۆشگێڕانەو ‌هێزی سیاسی شۆڕشگێڕ بۆ سەپاندنی خواست و مافەکانیان بەسەر دەسەڵاتدارانی مافیایی کوردستان وعێراقدا دەست پێ بکەن.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …