حکومەتی ئیسرائیل و بنبەستی رێگاچارە!

نوری بەشیر

شەڕی حکومەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵكی غەززە سێ مانگی تێپەڕاند، هێرشەکانی لە کوشتارو بریندارو کاولکاری و ئاوارەیی تابێت دەچێتەسەرەوە. ئاخرین ئامارەکانی کوشتاری خەڵكی غەززە بەرزبۆتەوە بۆ ٢٣٢١٠ کەس کە دوولەسەر سێی کوژراوەکان ژن و منداڵن. ئاماری بریندارەکان نزیکبۆتەوە لە ٦٠ هەزار کەس، وە بە هەزاران کەس لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکانی غەززەدایە. زۆربەی ئەو شارە کاولبووەو بە هەزاران بریندار بەپێی راپۆرتی پزیشکانی بێسنوور لە کاتوسەعاتدا لەبەردەم مەرگدان. هەروەها ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكانی غەزە گەیشتۆتە ١٠٥ كەس. لە ٨٥٪ ی دانیشتوانی غەززە کە دوو ملیۆن و سێ سەدهەزار کەس بوون، ئاوارەبوون. ژمارەیەکی زۆر بەهۆی تینوێتیو برسێتیەوە بەپێی راپۆرتی یوئێن، مردوون.

درێژەکێشانی شەڕو هێرشەکانی لەهەموو روویەکەوە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا نیە، هەروەک چۆن راگرتنیشی لەئێستاو بەپێی فشارێک رووبەڕووی دەبێتەوە شکستێتی، ئەگەرچی وانیشاندەدات کە دەیەوێت  شەڕەکەبەردەوام بێت و دامنەی فراوانبکاتەوە، بەڵا بەجیا لەزیادبوونی ناڕەزایەتی جیهانی و ناوخۆی ئیسرائیل بەدژی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی و هاوپەیمانەکانی، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلیش رۆژانە بەرزدەبێتەوە، خەرجیەکانی شەڕەکەی دەچێتە سەرەوەو داواکاری کۆمەكی جیهانیە لە هاوپەیمانەکانی. هەروەها درێژەی ئەم هەلومەرجە ئاڵۆزی ناوچەکەی زیادکردووە کەئەمەش لەبەرژەوەندی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوای هاوپەیمانی ئیسرائیلدا نیە، بۆ ئەمەش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل و چەند وڵاتی عەرەبی کردوە.

حکومەتی ئیسرائیل لە قەیرانێکی گەورەدایە لە بەردەوامی شەڕەکەی یان وەستانیدا، لەبەرامبەر هەلومەرجی درێژەکێشانی شەڕ، کۆمەڵێک هەنگاو و پلان و بەرنامەی نوێی خستۆتە بەرنامەی کاریەوە کە ناوەرۆکی رێگاچارەی یەکلایەنەی بەرژەوەندیەکانیەتی بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی لەم شەڕەدا بەرۆکی گرتووە. لەوانە شوێنکەوتنی سەرانی بزوتنەوەی حەماس و بەدرۆن لێدانی کەسایەتی حەماس و سوپای پاسداران و حزبوڵا، کوژرانی ژمارەیەک لە سەرانی ئێران و هێزەکانی لایەنگری ئێران، لەوانە؛ ساڵح عاروری، جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس لەباشوری بەیروت، وە کوژرانی وسام حسن الطویل لە سەرانی حزبوڵاو هەروەها کوژرانی رازی موسەوی لە سەرانی سوپای پاسداران لە سوریا، هەروەها موشەکبارانی باشوری لوبنان، بەمەبەستی فراونکردنەوەی شەڕەکەو ململانێی لەگەڵ ئێراندا.

هەروەها لەژێرناوی لەناوبردنی حەماسدا بەرنامەی کۆچی بەزۆری خەڵكی غەززەی بۆ ناوچەی سنوری نێوان میسرو ئیسرائیل لە بەرنامەدایەو بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ میسرو سعودیە و وڵاتی کۆنگۆ لە گفتوگۆدایە. بەپێی وتەی یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بەدوای کۆتایی شەڕەکەدا بەرنامەی ئەوەیان هەیە کە ئیدارەی مەدەنی کەرتی غەززە دەگوازرێتەوە بۆ دامەزراوەیەکی فەڵەستینی بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی غەززە بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕێنمایی و سەرپەرشتی دەکرێت.

لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەی ئیسرائیل دروستیکردوە، کێشە بۆ ئەمریکا دروستبووە، هەم وەڵامی ئیسرائیل بە موشەک دەدرێتەوە، هەم حوسیەکان و هێرشی درۆنی کێشەیەکی زۆری بۆ پاپۆڕە بازرگانیەکانی ئیسرائیل، ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردوە، وە میلیشیا شیعەکانی لایەنگرانی ئێران لە عێراق هێرشە درۆنیەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، کوردستان و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی و لە سوریا زیادی کردووە.

لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتیەکان لەدنیادا تەنیا بەڕووی حکومەتی ئیسرائیلدا نیە، بەڵکو یەخەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەشی گرتۆتەوە کە هاوپەیمانی لەگەڵدا دەکەن. ئەو ریزە ملیۆنیەی لەدنیادا دێنە شەقامەکان و داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و چارەسەری کێشەی فەلەستین دەکەن، بەرۆکی حکومەتی ئەمریکاو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی گرتوە کە بەدژی ئاگربەستن، ئەوەش بۆخۆی درزو کەلێنی خستۆتە نێوان حزب و حکومەتەکانیان لەسەر قبوڵکردنی ئاگربەست یان درێژەدان بەشەڕ. ئەو ناکۆکیەش ناو یوئێنیشی گرتۆتەوە. ریزی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بەرەو زیادبوون دەچێت لەو شوێنانەی کەبەرهەمی چەک و تەقەمەنیان هەیەو دەنێرێت بۆ ئیسرئیل. ناڕەزایەتی ریزی مرۆڤدۆستی بەدژی ئەو لایەن و کۆمپانیانەی کە کۆمەكی حکومەتی  دەکەن فراواندەبێتەوە.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدا روودەدەن، کەئەمریکاو رۆژئاوا لە دنیادا رووبەڕووی شکست و پاشەکشەیەک بۆتەوە بەتایبەت لە ئاسیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەک و بەبیانوی کۆمەكی حکومەتی ئیسرائیل پشتکردنە حکومەتی ئۆکرانیا، کە لەئاخرین قسەکانی  زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتی کە ناتۆ بەتەنیا جێیان هێشتین، وە پێشڕەویەکانی روسیا لە ئۆکرانیا، بەناچار ئەمریکاو ناتۆ بۆ رێگاچارە دەگەڕێن، لەکاتێکدا لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانەدا قەیرانی حکومەتی ئێسرائیلیش یەخەی گرتوون. بەناچار ئەمریکا لەبەرامبەر ترسی هێرشە درۆنیەکانی حوسیەکانی یەمەنداو مەترسی بۆسەر بەرژەوەندی بازرگانیان لە کەنداودا، هاوپەیمانیەکی نوێی دروستکردوە لە ١٠ وڵات لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا، لەژێرناوی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی خۆشگوزەرانیدا، لەکاتێكدا کە لە هاوپەیمانی پێشوو بەسەرۆکایەتی سعودیە بۆ بەرگری لە حکومەتی یەمەن و بەدژی حوسیەکان شکستیان هێنا.

درێژەکێشانی شەڕی ئیسرائیل و هەوڵی فراونکردنەوەی بۆ ناوچەکە و  جینۆسایدی خەڵكی غەززەو راگوێزانی زۆرەملێ تا دەگاتە پلانەکانی بۆ دوای شەڕەکەی، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، وەک هاوپەیمانەکانی لە ئایندەی دەترسن و بۆیە بەناچاری، هوشداری دەدەن بە ئیسرائیل.

هەربۆیە درێژکێشانی شەڕ و بەرنامەو پلانێکی یەکلایەنە بۆ غەززە و فەلەستین، بەپێی بەرنامەی بەرژەوەندیەتی حکومەتی ئیسرائیل لە کوشتارو کۆچی زۆرە ملێ و نەخشەی ئێستاو دوای شەڕ، چەندە هاوکاریەکانی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواش بەردەوام بێت، کە ناتوانێت هەر بەردەوام بێت، ناتوانێت ئارامیەک لەو ناوچەیدا بەدیبێنێت، بەتایبەت بەبێ رێگاچارەی یەکجاری ٧٥ ساڵەی کێشەی خەڵكی فەلەستین، ئەوا ئەو برینە سارێژ نابێت و بەچەندین شێوەی تر لەلایەک حکومەتی ئیسرائیل کوشتارو کاولکاری دووبارە دەکاتەوە، لەلایەکی ترەوە ئیسلامی سیاسی هێز لە کێشەی فەلەستین وەردەگرن، وەک ئەوەی ئێستا لەناوچەکدا دەبینرێت، کێشەکانی ئەمانە وەک ئێستا دەیبینین ئاگرەکەشی ناوچەکە دەگرێتەوە، بۆیە رێگاچارەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە بنبەستێکی گەورەدایە بەو دەلیلەی کە جێگاورێگایەکی چەند دەیەی لەمەوپێشی بۆ ئەمریکاو غەرب نەماوە، هەروەها جارێکی تر کێشەی فەلەستین بە کەیسێکی گەورترەوە کە ئەویش جینۆسایدی ئینسانە لەدنیای هاتوهاواری سەرمایەداریدا، هاتۆتەوە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە.

بەبێ چارەسەری کێشەی فەلەستین هەمیشە قوربانیەکانی خەڵکی مەدەنی فەلەستین و ناوچەکە دەبن، هەربۆیە زەرورە بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جیهانیەکان، بۆ ئاگربەست و رێگاچارەی یەکجاری کێشەی فەلەستین بەڕوویاندا بەهێز بکرێت.

 

 

 

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …