بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت به‌ هێرشی موشه‌كیو درۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر

دوێنێ سوپای پاسدارانی کۆماری ئینسانکوژی ئیسلامی ئێران، بەپاساوی هەبوونی”بنکەی جاسوسی” دەستیبرد بۆ هێرشێکی موشه‌كی بۆ سەر شاری هەولێر ولەئەنجامدا ژمارەیەک لەهاوڵاتیانی مەدەنی کردە قوربانی ودانیشتوانی شارەکەشی لەگەڵ ترس ونائارامی بەرەو ڕووکردەوە.  ئەم هێرشە تیرۆریستیەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگه‌ی جیهانی ڕۆژانە لەشاشەی تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، هەواڵی ئەو هێرشە موشه‌كی ودرۆنیانە دەبینن ودەبیست، کەلەغەززە ویەمەن ولوبنانو عێراق وسوریا لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، شارو گوند وژیانی خەڵکی سیڤیل، دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە هاوڵاتیانی بێتاوان لەگەڵ داڕمان و وێرانکاری و کوشتاری کوێرانە بەرەوڕوودەکاتەوە. ئەم هێرشو پەلاماردانانە کەلەڕیزی پێشەوە لەلایەن دەوڵەتانێکی وەک ئیسرائیل وئەمریکاو بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپایی و دەوڵەتانی ناوچەکە، لەوانە تورکیاو ئێرانەوە، دەستیان بۆ دەبرێ و بەدوای خۆشیدا دەستەوتاقمی ئینسانکوژی ئیسلامی و هێزە میلیشیاییەکانیان، ڕاکێشاوە تا کوێرانە ژیان و ئەمنیەتی هاوڵاتیانی مەدەنی بەبارمتەبگرن، گۆشەیەکی تر لەو سیاسەتە میلیتاریستی وجەنگخوازی وکاولکاریە نمایش دەکات کەلەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاوا وهێز و دەوڵەتانی ناوچەکەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندیەکانیان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دایانسەپاندووە.  سیاسەتێکی میلیتاریستیو کاولکاری وا کە ته‌نانه‌ت هیچ سنورێکی بۆ ئەو یاسا و پەیماننامە و ڕێکەوتنانە نەهێشتۆتەوە کەلە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە وهەرخۆشیان واژۆیان کردووە.

کۆماری دڕندە و ئینسانکوژی ئیسلامی ئێران کە ڕۆژانە هاوڵاتیانی ژێردەستی خۆی ڕووبەڕووی گرتن و سێدارە دەکاتەوەو هەر ناڕەزایەتیەکی بەرهه‌قیان بەخوێناویترین شێوە وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ وهاوکات لەئاستی ناوچەکەشدا بۆتە سەرچاوەی ئاشوب وهەڵخراندنی دەستەوتاقمی میلیشیایی لەدژی ژیانو ئارامی خەڵک، بەدڵنیایەوە لەهەر دۆخێکدا ئامادەیە دەست به‌رێت بۆ کردەوەی تیرۆریستی وکاولکاریو ئینسانکوژی، لەنمونەی هێرشە موشه‌كیه‌كه‌ی بۆ سەر شاری هەولێر. ئەم ڕژێمە کەلەچەند ساڵی رابردوودا بەدەستبردن بۆ کردەوەی تیرۆریستی و تۆپباران کردنی ناوچە سنوریەکان وڕاکێشانی هێزی سوپاو بۆردومانی شارەکانی کوردستان، بەردەوام هەڕەشەیەک بووە بۆسەر ئارامیو ئاسایشی خەڵکی کوردستان.هەرجارەش بۆ کردەوەکانی پاساوێکی هەبووە، تا لەم ڕێگایەوە، هەژمونی ودەخاڵەتی سیاسیو سەربازی خۆی چ لەعێراق وچ لەکوردستاندا بەرامبەر بەهێزە ناوچەیی و جیهانیە نەیارەکانیدا زامنبکات. بەڵام پەلامارەکەی ئەمجارەی سوپای پاسداران بۆسەر شاری هەولێر جارێکیتر ئەو راستیە لەمەحەک دەداتەوە، کەسیاسه‌تی خۆگرێدانەوەی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد ودەسەڵاتەکەی بەدەوڵەتانی ناوچەکە وڕاکێشانی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی وڕاوەستان لەژێر سایەو سێبەری سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتانەو هاوکات بەدەستخستنە ناو دەستی ئەحزابی شیعەو سوننە ودەستەوتاقمی میلیشیایی کەڕاستەوخۆ سەربەئێرانن، ئەودۆخەی لێکەوتۆتەوە کەکوردستان ببێتەمەیدانی یەکلاکردنەوەی سیاسەت وبەرژەوەندیە دژە خەڵکیەکانی ئەم هێز ودەوڵەتانەو لەئاکامیشداخەڵکی کوردستان لەنێوگێژاوی شەڕو ململانێی ئەواندا ڕابگرن.

بێگومان خەڵکی کوردستان هەقیانەژیانێکی ئارامو سەلامەتو دوور لەجەنگو ماڵوێرانی بەسەربەرن.لەم پێناوەشدا نابێ فریوی پڕوپاگەندەی درۆزنانەی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپایی وحزبە ناسیونالیستەکان سەبارەت بە”دۆستایەتییان لەگەڵ کورد” بخۆن. هاوکات نابێ هێج چاوەڕوانییەکیان لەهەڵوێستی دووڕووییو ڕیاکارانەی حکومەتی عێراق و لایەنە شیعەکان، هەبێ، بەڵکو دەبێ لەپێناو دەستکۆتاکردنی ڕۆڵی هەموو ئەم هێز ولایەنانە ولەدەستگرتنیچارەنوسی کۆمەڵگا، یەکگرتوانە لەمەیداندا ڕاوەستن.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پەلاماری سوپای پاسداران بۆسەر خەڵکی شاری هەولێر بەتوندی سەرکۆنە دەکاو هاودەردیی خۆی بۆکەسوکاری قوربانیانی ئەم تاوانە دەردەبڕێ وبانگەوازی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات کەلەبەرامبەریدا بێدەنگ نەبن و کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقاوبدەن.

١٦/١/٢٠٢٤

 

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …