ئیسڕائیل و هەڕەشەی بردنەسەری جینۆساید

بنار مستەفا

زیاتر لە چوار مانگە کەرتی غەزە لەلایەن ئیسڕائیلەوە بە چڕی بۆمبارانکراوە و هێرشی کراوەتە سەر. ئەم هێرشە بەشێوەیەک دڕندانە و پڕ لە کارەسات بووە، لە ئاستێکی فراواندا قسە لەسەر ئەنجامدانی جینۆسایدە و لە دادگای نێونەتەوەیی لاهاییش تاوتوێ دەکرێت.

لەماوەی ئەم چوار مانگەدا جیهان شایەتی کاولکارییەکی کەموێنە بووە، کە لە غەزە دەخوڵقێت. ڕێژەی قوربانیان و ماڵوێرانکردن لە ئاستی کارەساتە فراوانە مێژوویەکاندا بەراورد دەکرێت. دەیان هەزار کەس ژیانی لەدەستداوە، دەیان هەزاری تر برینداربوون، ماڵ و ڕێگاوبان و شوێنی ژیانی خەڵکی بەسەریەکدا داڕوخاوە، تەنانەت نەخۆشخانەکان، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، قوتابخانە، کەمپی ئاوارەیی و هتد. جێگەی ئامانجی هێرشەکانی ئیسڕائیل بوون.

وێڕای ئەم تراژیدیایە و ئەم ئامارە دڵتەزێنانە، زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە ناوخۆی غەزەدا ئاوارەبوون و لە ڕەفەح گیرساونەتەوە. ڕەفەح کۆتا خاڵی غەزەیە و لە سنوور میسڕە. سنوور داخراوە و هیچ جێگەیەکی تر نییە، خەڵکی لە ڕەفەحەوە پەنای بۆ بەرێت. هیچ ڕێگایەکی دەرچوون نییە و شوێنێکی تریش نەماوە لە کەرتی غەزە بۆ ژیان گونجاو بێت. لەئێستادا ڕەفەح ئامانجی هێرشێ داهاتووی ئیسڕائیلە.

هەڕەشەی هێرش بۆ ڕەفەح مایەی کارەساتێکی هێندە فراوانە، کە تەنانەت ئەو هاوپەیمانانەی ئیسڕائیلیش، کە بەگشتی لە ئاستی کارەساتەکاندا سەریان بە لایەکی تردا دەسوڕێنن، نەیانتوانیوە چیتر پاساو بهێننە و بێدەنگ بمێننەوە. هۆشداریان داوەتە ئیسڕائیل، کە ئەنجامی نەدات یان ئاگاداری خەڵکی مەدەنی بێت. هەڵبەت ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئیسڕائیل لە مرۆڤدۆستییانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لەژێر گوشاری ناڕەزایەتی فراوانی خەڵکیدا ناچار بە هەڵوێست نواندن بوون.

ئەنجامدانی ئەم هێرشە، گومان لەسەر جینۆساید ناهێڵێتەوە و درێژەپێدانییەتی لە ئاستێکی فراوانتردا. دەبێت ئیسڕائیل ڕابوەستێندرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت درێژە بە جینۆساید بدات. چاوەڕوانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناکرێت، بەر بە ئیسڕائیل بگرێت یان تەنانەت لە هاوکارییەکانیان بێبەشی بکەن. تەنانەت هەڵوێستەکانیشیان زیاتر بۆ میدیاکان و هێورکردنەوەی خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەرانە لە وڵاتەکانیان.

ئەو جەماوەرە بەرینەی لە ڕۆژەکانی سەرەتاوە هاتنە مەیدان دژ بە جینۆسایدی خەڵکی لە غەزە، دەتوانن کۆتایی بە پیلانی بردنەسەری جینۆسایدی ئیسڕائیل بهێنن. پێویستە بەم بەرە مرۆڤدۆستییە جیهانییەوە پەیوەست بین و ڕێگە لە کارەساتە مرۆییەکان بگرین!

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …