وەهمی هەڵبژاردن!

موحسین کەریم

بڕیارە لە مانگی (٦)ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و دەنگۆی گۆڕانکاری لەهەموو لایەکەوە بڵاودەکرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر ئەو پرسە بڕیارێکی لە ماوەی ڕابردوودا دەرکرد.

بێگومان یەکێتی و پارتی پێویستیان بە هەڵبژاردن و گەرمکردنی فەزای دەنگدان هەیە، تا دوای ریسوابوونی دەسەڵاتەکەیان لای خەڵک و ئومێدخواستن بە نەمانی، شەرعیەتیکی درۆزنانە بۆ دەسەڵاکەیان بەدەستبهێننەوە. هاوکات لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکاریانەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای دەستێوەردانەکانی دادگای فیدراڵی لەکاروباری سیاسی و ئیداری و یاسایی هەرێمی کوردستان هاتۆتەئاراوە کە هاوسەنگیەکی نوێی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا دروستکردوە، ئارایشی حکومەتی هەرێم بدەنەوە، بەجۆرێك ئەو پاشاگەردانیەی کە ئێستا لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا هەیە کۆتایی پێ بێت یاخود کەم بکرێتەوە.

یەکێتی و پارتی، بۆ رازیکردنی ئەمریکا دەبێت ئەوکارە بکەن. ئەمریکا پیویستی بەوە هەیە لە عێراقدا پێگەیەکی سیاسی- سەربازی هەبێت. تەنها جێگاش بەدەستیەوە ماوە، هەرێمی کوردستانە. هەڵبەتە دۆخەکە هەم بۆ ئەمریکاو هەم بۆ پێگەی حزبەکانی کوردایەتی لە ستراتیژی سیاسی ئەمریکادا لەناوچەکەدا، گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. ئەمریکاش ناچارە بە ڕیکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا پێگەی خۆی لەعێراقدا بپارێزێ و هەرێمی کوردستانی بەهێزو یەکگرتوو، وەکو خۆیان دەڵێن، ئەو کارتە دەبێ بەدەست ئەمریکاوە بۆ ساتوسەودا لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی ئەمریکا. بەو دۆخەی ئێستای هەرێمەوە کە یەکێتی بەتەواوی لەپاڵ حکومەتی ناوەند و لەژێر رێنماییەکانی ئێراندا دەجوڵێتەوە، کارەکە لە ئەمریکا تێکدەدات. ئەو هەڕەشەیەی کە گوایە ئەمریکا لە سەرانی پارتی کردوە بەوەی ئەگەر لەگەڵ یەکێتیدا ئەو دۆخەی ئێستا تەواونەکەن، دەیانخاتەوە بەر رەحمەتی بەغدا، بۆ ناچارکردنیانە بە ڕازیبوون بە سیاسەتەکەی ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەوە یەکێتی و پارتی، کە لەچاوی حکومەتی بەغداوە لە هەموو کاتێکی پێشووتر لاوازترن، بەوەی کە ئەمریکا کە پشتیوانی هاتنەسەردەسەڵاتی ئەوان بوو چ لە ساڵی ١٩٩١ و چ لە دوای روخانی رژێمی بەعس، خۆی ئەو پێگەیەی نەماوە لە عێراق و ناچارە موجامەلەی حکومەتی ناوەند بکات، هەروەها دۆخی نێوان یەکێتی و پارتی بەرەو داڕمان و لێکترازان چووەو توانای هیچ جۆرە بەرەنگاریەکیان نەماوە بەرامبەر بە ناوەند، و لەهەمووشی گرنگتر ئەوان دەزانن کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کەوتۆتە بەر نەفرەتی خەڵكی کوردستان و هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نەماوەو شەرعیەتی جەماوەرییان لەدەستداوە، بگرە بەشێك لە خەڵك وەکو تۆڵەکردنەوە لەوان ئومێد بە گەڕانەوەی هەرێم بۆ سەر عێراق دەخوازن، بۆیە بەناچاری یەکێتی و پارتی دەیانەوێ لەرێگای هەڵبژاردنەوە ئەو پەیامە بە بەغدا بگەیەننەوە کە هێشتا لەلایەن بەشێکی خەڵکی کوردستانەوە قبوڵکراون و دەبێ وەکو نوێنەری خەڵکی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ خۆیان و دەسەڵاتەکەیاندا بکەن.

بەڵام پرسی هەڵبژاردن دیوێکی دیکەیشی هەیە. ئەویش ئەوەیە کە دەستەو گروپی ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی، لەوانەی کە لە دامێنی دەسەڵاتی گەندەڵ و نایەکسان و تاڵانچی و مافیایی کوردایەتیەوە داکەوتوون و خۆیان یان بەشێك بوون لەدەسەڵات و لە ململانێی بەرژەوەندی نێوان خۆیاندا لەیەکتر زویر بوون یان خراونەتە کەنارەوە، یاخود لەخێروبەرەکەتی سیستەم و ئەو دۆخە سیاسی و ئابوریەی کە دەسەڵاتدارانی چەتەگەری کوردایەتی بۆیان سازکردوون، سامانی خەیاڵیان بۆخۆیان کۆکردۆتەوەو ژیانی شاهانە دەژین، مژدەی چەواشەکارانەی گۆڕانکاری گەورە لەئاکامی ئەم هەڵبژاردنەوە بە خەڵکی کوردستان دەدەن. ئەو ئۆپۆزیسیۆنە ساختەچیە وانیشان دەدات کە هەڵبژاردنی ئەمجارە لەوانی دیکە جیاوازەو پارتی و یەکێتی ناتوانن ساختە بکەن لە دەنگەکاندا، بۆیە کاتی ئەوەیە تۆڵەیان لێبکرێتەوەو لەڕیگای دەنگدان بەو ئۆپۆزیسۆنە ساختەکارەوە، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کۆتایی پێبێنن! هەڵبەتە ئەوانە خۆشیان دەزانن کە ئەو کارەیان خەیاڵەو دۆخی سیاسی و میلیشیایی هەرێم و پێگەی ئەو دوو حزبە چەکدارە لای خودی ئەمریکاو ئێران و حکومەتی عێراق و تەنانەت تورکیاش لەوانەی ئۆپۆزیسیۆن گرنگترە، چونکە کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی  کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەو دەوڵەتانەو سەرکوتکردن و بێگدەنکردنی خەڵك و هەر جوڵەیەکی سیاسی جەماوەری ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی خەڵك بۆ بۆرژوازی کوردو ناوچەکە بەهێزی میلیشیای خۆماڵی ئیمکانی هەیە، نەك بەو ئۆپۆزیسیۆنە پلاستیکیەی نەوەی نوێ و فڵانە کۆنەپەرلەمانتار و تۆراوی سیاسی.

هەڵبژاردنی ئەمجارە لەم دۆخێکی تایبەتیدا دەکرێ کە خەڵک و مامۆستایانی کوردستان ماوەی (٥) مانگ شەقامیان لە دەسەڵاتی مشەخۆری کوردایەتی گرت و خواستی رۆشتنی ئەم دەسەڵاتە جارێکی دیکە لە هەموو کونوقوژبنێکی شارو شارۆچکەکانی کوردستان دەنگی دایەوە. ئامانجێكی ئەم هەڵبژاردنە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیەوە کپکردنەوەی ئەو دەنگەیە. بۆ دەسەڵات درێژکردنەوەی تەمەنیەتی و بۆ ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش وەرگرتنی هەندێ ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوریە بەرامبەر بەو خزمەتەی پێشکەشی دەسەڵاتی دەکات! هەڵبژاردن رێگای خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی کوردستان، کە بەهۆی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیەوە ژیانیان کراوەتە دۆزەخ، نیە! رێگایە ئەوان درێژەدانە بەوەی کە ساڵانێکە و لەماوەی (٥) مانگی ڕابردووشدا گرتیانەبەر!

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …