هەوڵی پارێزگاری کۆن شکستی خوارد

بنار مستەفا

لە بەرنامەی باڵۆنی کەناڵی ڕووداو میوانداری سالار عەزیزی کرد، کە پارێزگاری سلێمانی بوو لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. لە بەرنامەکەدا قسەوباس لەسەر ڕووداوەکانی سەردەمی پارێزگاری ناوبراو کراو و ئاماژەش بەوە درا، کە ئەو بە کەمی لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندن چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات.

دیارە هۆکاری دەرنەکەوتن لە میدیاکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێنانە ئارای ئەو کەیسانەی لەگەڵیدا دەژی، بە دیاریکراوی مامەڵەی لەگەڵ دەستفرۆشان و کوشتنی بەکر عەلی. پارێزگاری کۆن دەزانێت، هەر کاتێک گفتوگۆگۆ ئەنجام بدات، ئەم کەیسە دێتەوە سەر مێز. پێی وابوو بە تێپەڕینی کات ئەم کەیسانە لە بیری خەڵکی کاڵ دەبنەوە و دەتوانێت بە ویستی خۆی ڕێڕەوی بۆ ڕووداوەکان دروست بکات و مێژوو تۆمار بکات. هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکەی، ئەم هەوڵەی زوو بە شکست مەحکوم کرا.

ڕەنگە سی ساڵ مێژوویەکی درێژ بێت، بەڵام هێندە درێژ نییە شایەتحاڵ نەمابێت و لە بیرەوەری ئەو کەسانەدا نەمابێت، کە لەو سەردەمەدا ژیان و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکان بوون، یان خۆیان لەگەڵیدا دەرگیر نەبووبێتن. تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژدا بە گرتو ڤیدیۆ، وتار، کۆمێنتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شێوەی تر قسەکانی پارێزگاری کۆن وەڵامیان وەرگرتووە و شایەتحاڵان ڕووداوەکانیان تەواو جیاواز و پێچەوانە گێڕایەوە.

پارێزگاری کۆن گوتی، کە لە خەمی دەستفرۆشاندا بووە و جێگەی تایبەتی بۆ تۆمار کردوون، بەڵام دەستفرۆشانی ئەو سەردەمە لە زاری خۆیان و بە واژۆی خۆیان گێڕایانەوە، کە چۆن هێزە چەکدارەکان دەسەلات هێرشیان دەکەردە سەریان، کاڵا و عەرەبانەکانیان تێکدەشکان یان دەستیان بەسەردا دەگیرا و لە بەرانبەر پارەیەکی زۆردا پێیان دەدرایەوە. ئەگەر بەڕاستی بچووکترین خەمخۆری لە پارێزگاری ئەو کاتەوە هەست پێ بکرایە، دەستفرۆشان هێندە ئامانجیان نەدەبوو خێرا وەڵام بدەنەوە و بەرپەچی چەواشەکاری بگرن.

لە پەیوەند بە کەیسی تیرۆری بەکر عەلی، پارێزگاری کۆن هەوڵی دا خۆی لێ بێ بەری و تەنانەت بێ ئاگا بکات. وێڕای ئەوەی بۆ ئەم کەیسەش کۆمەڵێک شایەتحاڵ ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە و ئەو کاتژمێرەیان گێڕاوەتەوە و تۆمار کراون، قسەکانی پارێزگاری کۆن ناکۆکی زۆرە و زیاتر شێوەی ڕیوایەتێکی دروست کراو دەردەکەوێت تا ڕووداوی ڕاستەقینە. هەروەها لە بۆنە و چاوپێکەوتنی جیاوازدا، کە قسەی لەسەر کردووە، ناوەڕۆکی دژبەیەکی داوە. بۆ نمونە چەند ساڵ پێشتر لە کەناڵی کوردستان ٢٤ گوتی، کە فیشەک لە ڕێگەی زەویەوە بەرزبۆیەوە و بەر بەکر عەلی کەوت، لە گێڕانەوەی ئەم جارەیان تەقە بە ئاسماندا کرا و بەر بەکر عەلی کەوت.

هەر وەک خۆشی گێڕایەوە و شایەتحاڵەتەکانیش ئاماژەیان پێ داوە، ئەو ڕۆژە لە خۆپیشاندانەکەوە بەکر عەلی هەڵهات و لە کۆڵانەکاندا تەقەی لێکرا. پێویست ناکات یاساناس یان لێکۆلەر بیت بۆ تێگەشتن لەوەی، کە بەکر عەلی کراوەتە ئامانج، هەر بۆیە دوور لە خۆپیشاندانەکە و لە کۆڵانەکاندا چەکدارانی سەر بە دەسەڵاتە دوایکەوتوون و تەقەیان لێ کرد. بڵاوبوونەوەی نامەی بەکری حاجی سەفەر بەڵگەیەکی ترە و پارێزگاری کۆن دەتوانێت لە بەرانبەریدا تەنها بێدەنگی هەڵبژێرێت.

بەجیا لە تاوانی کوشتنی بەکر عەلی، سالار عەزیز دەیویست نیشانی بدات لە خەمی خەڵکی مافخراوی حامیەدا بووە. بەجیا لەوەی ئەمە تەنها قسەی خۆیەتی و خەڵکی حامیە و ڕاستی ڕووداوەکان تەواو پێچەوانەی ئەم ئیدعایە دەخەنە ڕوو، تەنانەت لە قسەکانی خۆشیدا بێ باکی و گوێنەدان بە ژیان و چارەنووسی خەڵکی بێ خانەولانەی حامیە بەدی دەکرێت. ئەو خۆی گوتی، کاتێک خەڵکی حامیە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕێن لە بەرانبەر تێکدانی ماڵەکانیان لە بەردەم پارێزگار خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، پارێزگار دەچێتە دەرەوە بۆ تەماشاکردنی جێیەکی نوێ بۆ بەنزینخانە و گوێ ناداتە خۆپیشاندەران. بەڕاستی گەر تۆزقاڵێک ناڕەزایەتی و داواکاری خەڵکی حامیە جێگەی بایەخی پارێزگار بووایە، بەو شێوەیە مامەڵەی دەکرد؟ خۆپیشاندەرانی بەجێ دەهێشت؟ بە ‘ڕێکەوت’ دروست ئەو کاتەی ئەو لەوێ نییە، بەکر عەلی ژیانی لێ دەسەندرێتەوە؟

پارێزگاری کۆن ناتوانێت چەواشە بکات و ڕاستی ڕووداوەکان بشارێتەوە و مێژوویەکی دروستکراو تۆمار بکات. کەسانێکی زۆر لە ژیاندا ماون و بە تاڵترین شێوە سەردەمی دەسەڵاتی ئەویان ئەزموون کردووە و ڕێگە نادەن مێژوو چەواشە بکرێت. هەر بۆیە بە دروست زوو هاتنە دەنگ. گەر ڕۆژێک دادگا سەربەخۆ بوو و یاسا سەروەرت بوو، بەڵگەکان لەوێ دەخرێنە ڕوو، نەک لە ڕاگەیاندنەکان.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …