کرێکاران و پرسی ڕێکخراوبوون

وەستا مهدی

کرێکاران ناتوانن هیچ داوایەك بەسەر خاوەنکاردا فەرز بکەن ئەگەر ڕێکخراونەبن، کەواتە دەتوانین بڵێین هێزی چینی کرێکار لەیەکڕیزی و ڕێکخراوبونیدایە. ئەم دەستەواژەیە هەروا لەخۆیەوە نەخراوەتە سەر لاپەرەی مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری، بەڵکو کرێکاران تاقییان کردوەتەوە، لەڕێگای ڕێکخراوبوونەوە کرێکاران توانیویانە سەعاتەکانی کارکردن لە ١٥سەعاتەوە بکەن بە ٨سەعات.

لەکوردستان سەدان هەزار کرێکار هەیەو ناخۆشترین هەلومەرجی کار بەسەریاندا سەپێنراوە، بەڵام هێشتا پرسی ڕێکخراوبوون لەناو کرێکاراندا لاوازەو هێشتا کرێکاران سەنگەری بەرەنگاربوونەوەیان لاوازە، خۆیان هەست بەم ڕاستیە دەکەن و ڕێگریەکانی بەردەمیان دەناسن و بەشێوەی جۆراو جۆر لەسەر پرسی ڕێکخراو بوون قسە ئەکەن و تەفسیر لەچەمکی ڕێکخراوبوون ئەکەن. کاتێک فشارەکانی خاوەنکار زۆردەبێت لەسەریان ئەوانیش دێنە جواب،  بەڵام لەسایەی ئەوەی کە بێتەجروبەن، لەجیاتی ئەوەی کە دەستکەوتیان هەبێت زۆرجار زیانی تێدا ئەکەن.

بۆنمونە کرێکارانی ژینگەپارێز زنجیرەیەك خۆپیشاندانیان ئەنجامداو کۆمەڵێک داواکارییان هەبوو هیچکام لەداواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراو بەشێك لەکرێکاران لەسەر کارەکانیان دورخرانەوە. ئەم حاڵەتە لەکارگەی گرین عێراق بەهەمان شێوە ڕوویداو بەشێك لەکرێکاران لەسەرکار لابران و زیانەکان لەدەستکەوتەکان زۆرتربوون. ئەو نمونانەی کە تائێستا کرێکارانی کوردستان نیشانیان داوە لەگەڵ ئەم دۆخە سەختەی ئێستاش کە بۆکرێکاران بوەتە جێگای ناڕەحەتی و دوودڵی و پرتوبۆڵەی هەمووڕۆژەیان، دووسەرچاوەی هەیە: یەکەمیان، سیستمی سیاسی و هەژموونی دەسەڵاتداران و دوهەمیان ناڕێکخرابوونی کرێکارانە.

بۆ باشکردنی دۆخی کار و ژیانی کرێکارانیش تەنها یەك ڕێگا هەیە لەبەردەم کرێکاراندا کە هاوسەنگیەك لەنێوان خاوەنکارو کرێکاراندا دروست بکات، ئەویش ڕێکخراوبوونە. کرێکاران ئەبێت پرسی ڕێکخراوبوون بکەنە قسەوباسی هەمووڕۆژەیان و هەوڵبدەن تەواوی ڕێگرییەکان لەبەردەمیاندا لاببەن.

ڕێکخرابوون دەتوانێت چارەنوسی تەواوی کێشەکان دیاری بکات و کۆتایی بەم دەورەیە لەکاری سەخت و کرێی کەم و هەڕەشەی دەرکردن لەسەرکارو دواکەوتنی موچەو حەقدەست و …هتد بهێنێت.. ئەوەی کرێکاران پییانوایە لەهەلومەرجێكی وەك ئەمەی کرێکارانی کوردستاندا دەست بردن بۆ ڕێکخراوبوون سەختەو ڕێگریەکان زۆرن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کرێکاران بەشوێنێك گەیشتوون کە دەرباز بوون لێی بووەتە جێگای مشتومڕی هەموو ڕۆژەیان. بەڵام هێشتا لەبازنەیەکی داخراودان .بۆیە دەتوانین بڵێن کە لەناو کرێکاراندا  ئاسۆی سەرهەڵدانی جموجوڵەکانی کرێکاران بۆ باشکردنی بارودۆخی کار و ژیان خەریکە ڕۆشندەبێتەوە

ئەو باوەڕەی کە لەلای بەشێك لەکرێکاران هەیە کە پێیانوایە ڕێکخراوبوون بێ ئیستیفادەیەو هیچی لێ نایەتە دی، هەر لەوێوە سەرچاوەی دەگرێت کە کرێکاران کەم تەجروبەن و هێشتا هێزی خۆیان ناناسن، هەندێکیش پییانوایە کە خاوەنکار ڕاستەوخۆ دەتوانێت گشت ئەو کرێکارانە لەکارەکانیان دووربخاتەوە کە بڕیاریان داوە لەدەوری داواکارییەکانیان ڕێکخراوبن و لەڕێگای نوێنەرانی هەڵبژێدراوی خۆیانەوە بەدواداچون بۆ داواکاریەکانیان بکەن. بەڵام لەڕاستیدا ئەم وێناکردنە هەڵەیە، لەبەرئەوەی کە پرسی ڕێکخراوبوون یەکێکە لەو مافانەی کە بە یاسا بۆ کرێکاران دەستەبەرکراوە.

زۆر نمونەش هەیە کە دەریدەخات ڕێکخراوبوون بۆکرێکاران زەروریەو ئەگەر کرێکاران لەڕێگای ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە نوێنەرایەتی بکرێن، دەتوانن درێژە بەخەبات بدەن هەتا کۆتایی بەدواداچون بکەن بۆ خواستەکانیان. بەهەر ئەندازەیەك کرێکار خاوەنی ڕێکخراوی خۆی بێت بەو ئەندازەیەش دەستکەوتی ئەبێت. نمونەیەکی زیندوی تری خەباتی ڕێکخراوەیی کرێکار لەشکڵێکی زۆر ئاسان و بچوکدا نیشان ئەدەم بۆئەوەی کرێکاران بزانن کە ڕێکخراوبوون بێدەستکەوت نابێت،.

کرێکارانی کارخانەی چیمەنتۆی تاسڵوجە ماوەی زیاتر لە ٢٠ساڵە بەشێوەی جۆراوجۆر سەرقاڵی خەباتن بۆ وەرگرتنەوەی قازانجی ساڵانە کە لەنێوان دوو کومپانیادا دەستی بەسەردا گیراوە. خەباتی کرێکاران ئەگەرچی پچڕ پچڕ درێژەیان پێداوە، بەڵام بەردەوام بەشێکیان وەك نوێنەرانی هەمویان بەشێوەکی ڕێكخراو بردویانەتە پێشەوە. دوای یەك دەیە لەخەبات بەڵام هێشتا وازیان نەهێناوەو خاوەنکاریش هێشتا نەیتوانیوە هیچ کام لەو کرێکارانە لەسەرکار دەربکات کە بەشدارییان کردوە. کرێکاران چەندین جار دەرگای کارخانەیان داخستووە لەپێناوی بەدیهێنانی داواکارییەکەیان، چەند نەفەریان بەڕێژنەی تەقەی پاسەوانەکانی ئەو کارخانەیە ساڵی ٢٠١١بریندار بوون، بەڵام هێشتاش کۆڵیان نەداوەو ئێستا کێشەکەیان گەیاندوەتە وەزارەتی پیشەسازی بەغدادو لێکۆڵینەوە لەو داوایە بەردەوامە. بۆیە ئەبێت کرێکاران هاوشێوەی کرێکارانی کارخانەی چیمەنتۆی تاسڵوجە دوابریاری خۆیان بدەن و خۆیان بۆ دفاع لەمافەکانیان ئامادەو تەیار بکەن و شێوازی ئەو ڕێکخراوەیە دیاری بکەن کە دەتوانێت کاریگەری هەبێت و خەباتکاربێت لەپێناوی مافەکانیاندا.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …