راگەیاندنی ژیان لەدەستدانی هاورێ مام عیسی!

“مام عیسا” کرێکاری کۆمۆنیست وشاعیری سادەی کرێکاری،ماڵئاوایی لێکردین

(مام عیسا) یەکێک لەسیمای کرێکارانی کارگەی جگەرەی سلێمانی وئەندامی کارای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، وشاعیری دڵناسکی کرێکاری بۆیەکجاری ماڵئاوایی لێکردین. مام عیسای کۆمۆنیست وپشت هەمیشە قایم بەباوەڕی مارکسیزم ولینینیزم،بۆڕزگاری یەکجاری جەماوەری کرێکار وبەشمەینەتان. بەشێکی زۆری ژیانی تەرخان کردبوو بۆڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی سەرمایەداری وڕێکخستنی کرێکاران وزەحمەتکێشان. هەربۆیە لەڕیزی پێشەوەی ئەوکۆمەڵەکادرانە بوو کەلەدامەزراندن وڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بەشانازیەوە ئیمزای خۆی لێدابوو.

مام عیسا لەزوربەی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران لەکوت( کاتێک دووردەخرێتەوە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس) وسلێمانی لەڕیزی پێشەوە، وئەژیتاتۆری ناڕەزایەتیەکان بوو وبەدەنگی بەرزی ناڕازی داواکاریەکانی بەگوێی بەرپرسانی کارگەی جگەرە وچیمەنتۆی تاسلوجە دەدا. لەبۆنەکرێکاریەکانی وەک ١ی ئایار هەمیشە یەکێک لەوڕەهبەرەکرێکاریانەبوو بەهۆی جێگەو وڕێگەی کۆمەڵایەتی وخۆشەویستی ناوجەماوەرەوە کەکۆمەکی ماڵی بۆمەراسیمەکان کۆدەکردەوە.

مام عیسا لەڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ یەکێک بوو لەڕەهبەرەهەڵسوڕاوەکانی شوراکان ودەورونەخشی بەرچاوی گێرا لەدروستکردنی شوراکاندا. مام عیسا یەکێک بوو لەشاعیرە کرێکاریەکان، بەشیعرە ناسک وسادەکانی جێگای خۆی لەناودڵی کرێکارانی کارگەی جگەرە کردبۆوە. ئەو کۆڕوکۆبوونەوەیەی کەمام عیسای تێدابا، بەقسەخۆشەکانی هەموانی خۆشحاڵ دەکرد. بزووتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سیمایەکی خۆشەویستی پڕهیوا بەدنیایەکی باشتری خۆی لەدەستدا. مام عیسا لەساڵەکانی دواییدا لەسەرکۆمەکی خۆی نەخۆشخانەی لەبیارە دروستکرد وهەرلەوێش ژیانی لەدەستدا. ماوەی پتر لە١٥ساڵ بوو لەشاری لەندەن ئۆنتاریۆی کەنەدا دەژیا. بەڵام بەهۆی نەخۆشی وخراپی تەندروستی هەرلەکوردستان بۆدواجار چاوی لێکنا.

ئێمە لەحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق وکوردستان/ کەنەدا، وێڕای ناردنی پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بۆخانەوادەکەی وسەرجەم کرێکاران وکۆمۆنیستەکانی کوردستان وعێراق. بەڵێن دەدەین کەدرێژەدەری باوەڕی مام عیسا بین لەباوەڕبوونی بەمارکسیزم ولینینزم.

 بەرزوبەڕێز بێ ژیان پڕخەباتی شۆڕشگێرانەی مام عیسا

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق/کەنەدا
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان/کەنەدا

١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥  

Check Also

کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی، دەتوانێ بەر بە کوشتاری ژنان بگرێت!

 رێبوار ئەحمەد “سیستەمی حوکمڕانی بەرپرسیارە لە کوشتاری ژنان”! ئەمە ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکە کە ڕێکخراوی ئەمینستی بەم …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *