کورتەیەک لەبارەى تێوەرى قەیرانى ئابوورى لەلاى مارکس!

خەسرەو سایە

ئەم ووتارە لەمارسی ساڵی ٢٠٠٩ نوسراوە وپاشان بەسێ بەش لەبڵاوکراوەی ئۆکتۆبەردا بڵاوکراوەتەوە، لێرەدا ولەبەر گرنگی ناوەڕۆکی باسەکە بەپێویستمان زانی یەکجێ هەرسێ بەشەکە پێکەوە بڵاوبکەینەوە.

 بەشى یەکەم

لەگەڵ سەرهەڵدانى “قەیرانى دارایى” لەئەمریکاو جیهانى بوونەوەى, ناوى مارکس لەپانتاییەکى فراواندا کەوتەوە سەرزاى دەزگاکانى ڕاگەیاندن و لەلایەن گەلێک نوسەر و لێکۆڵیارى سیاسى وئابوورییەوە ئاماژەى پێکرایەوە. دیارە ئەمە بەو هۆیەوەیە کەمارکس وەک بیرمەندێکى کەم وێنە وخاوەن تیورێکى مونسەجم ویەکپارچەی زانستییە لەمەیدانى ڕەخنەگرتن لەئابوورى سەرمایەدارىدا. لەم ووتارەدا هەوڵ دەدەین خستنەڕوویەکى کورتى تێورى مارکس سەبارەت بەقەیرانى ئابوورى، باس لێوە بکەین وهەمووان بەڕادەیەکى هەرچەند کەمیش بێت بە تێورییە ئابوورىیەکانى ئەو لەمەڕقەیرانى ئابوورى لەڕژێمى سەرمایەداری ئاشنا بکەین.

بەلام لەبەشى یەکەمى ئەم ووتارەدا ولەسەرەتادا بۆ تێگەیشتن لەناوەڕۆکى بابەتەکە بەپێویستى دەزانین ئاماژەیەکى گشتى بەتێورى ئابوورى مارکس و ئەو چەمکانەى کەپەیوەندیان بەقەیرانى ئابووریەوە هەیە بخەینەڕوو.

تێوەرى ئابوورى مارکس وەک زانستێک:

ئەگەر تشارڵزداروین لەمەیدانى ڕەچەڵەک ناسى جۆرەکانى زیندەوەرەوە بەتیورى “کێشمەکێش لەپێناو مانەوەدا” گەیشتبێ و”شانەى زیندوو”ى وەک یەکەیەک لە سەرهەڵدانى سەرەتاکانى ژیانى زیندەوەرانى دۆزیبێتەوە وبەم هۆیەشەوە بناغەى زانستى بایۆلۆژى داڕشتبێت، ئەگەر ئەلبێرت ئەنیشتاین لەبووارى ماددەو دۆخەکانى جوڵە وپێکهاتە ناوەکیەکانیدا بەتیورى ڕێژەیى وگۆڕان لەجوڵەوە بۆ وزە، گەیشتبێ و شۆڕشێکى لەزانستى فیزیادا بەرپاکردبێت، ئەوا کارڵ مارکس بەدۆزینەوەى تیورى چەوسانەوە و سەرچاوەکانى دەوڵەمەند بوون لەکۆمەڵگاى سەرمایەدارى هاوچەرخدا، توانى بناغەکانى زانستى ئابوورى دابڕێژێ وبەم کارەشى ناوى خۆى لەپاڵ زانست ناسانى جیهاندا جێگیر بکات. لەمەش زیاتر مارکس بە ڕەخنەگرتن لەتیورو باوەڕى کەسایەتیە ناودارەکانى سەردەمى خۆى لەوانە ئادەم سمێس ودیڤید ڕیکاردۆ، وجۆن ستیورات میل، توانى پێکهاتەکانى سیستەمى ئابوورى سەرمایەدارى (کالا، دراو، سەرمایە، بەها، پڕۆسەى بەرهەمهێنان، بازرگانى، دەوڵەت..) شیبکاتەوە و لەڕەوتێکى مێژوویدا قانونمەندى سەرهەڵدان وگەشەو پاشان قەیرانەکانى سەرمایەدارى بناسێنێ و ناکۆکیە دەروونیەکانى بەشێوەیەکى زانستیانە دابڕێژێتەوە.

مارکس لەناسینەوەى سەرچاوەى دەوڵەمەندبووندا، چەمکى سامان، لەچەمکى داهات جیادەکاتەوە وئاماژە بەوە دەکات کەسامان بوونێکى فیزیکى وسروشتیانەى هەیە. یانى سروشت خۆى لەخۆیداو لەشێوە خاوەکەیدا، سەرچاوەى هەموو سامانێکى کۆمەلایەتییە. لەوانە دەکرێ بڵێین کە سروشت سەرچاوەى، ئاو وزە، کانزاو وتەنانەت هێزى مرۆیى وەک بوونەوەرێکى سروشتى وبەشێک لەسروشت ئامادەیە. بەلام داهات کردەیەکى کۆمەلاتییە و لەپڕۆسەى بەرهەمهێنانى کۆمەلایەتیدا بەدەست دێت. پڕۆسەیەک کەئینسانەکان بەبێ ئەوەى خۆیان هەڵیانبژاردبێت تێى دەکەون ولەدەورى هێزەکانى بەرهەمهێنان دەچنە پەیوەندێکى ئابوورى وکۆمەلایەتى وسیاسى وئایدۆلۆژى وتەنانەت یاسایى و کەلتورىیەوە. لەم پڕۆسەیەشدا ئینسانەکان لەڕێگاى ئەقڵ وبیرو ئەزموونەوە وبە بەکارهێنانى هۆیەکانى بەرهەمهێنان سامانى سروشت دەگۆڕن بەداهاتى کۆمەلایەتى کەدواتر ئەم داهاتە لە دابەشبوونەوەى خۆیدا بەسەر بەشە کۆمەلایەتیەکاندا دابەش دەبێت وئینسانەکان لەقەوارەى چینە کۆمەلایەتییەکاندا ڕێژەیەک لەو داهاتەیان بەنسیب دەبێ. بەلام دیارە دابەشبوونەوەى داهاتى کۆمەلایەتى بەرهەمهاتوو لەکردەى بەرهەمهێناندا، کارێکى ڕیازى وئەخلاقی نییە، بگرە پڕۆسەیەکى ئالۆزە وچەندین فاکتۆرى سیاسى ویاسایى و تەنانەت ئایدۆلۆژى و فەرهەنگى تێیدا حوکم دەکاو ڕۆژانەو سات لەدواى سات کێشمەکێشە مرۆیى وچینایەتییەکان ئاڕاستە دەبێت بۆی. بەلام ئەو خاڵەى کەمارکس لەپڕۆسەى گۆڕینى سامان بۆ داهاتدا پێداگرى لەسەر دەکات، ئەوەیە کەدابەش کردنەوەى داهات بەسەر دەوڵەمەندان وهەژاراندا، بەسەر کرێکاران و سەرمایەداراندا، لەهەموو سیستەمە ئابوورىیەکاندا وبە تایبەتیش لەسیستەمى سەرمایەداریدا، لەسەر دزینى ڕەنج و میحنەت و هێزى کارى بەشێکى کۆمەڵگا ڕاوەستاوە وهەرئەمەش دەبێتە بناغەى چەوسانەوەى ئینسان لەلایەن ئینسانەوە. تەنانەت ئەمە بناغەى ناعادیلانە بوونى هەموو سیستەمە چینایەتى وئابووریەکانە کەتێیدا کەمایەتییەکى کەم لەکۆمەڵگا بەهۆى خاوەندارێتیانەوە بۆ ئامرازەکانى بەرهەمهێنان زۆرینەى زۆرى داهاتى کۆمەلایەتیان لەدەستدا خڕ دەبێتەوە وبەبێ ئەوەى خۆیان ماندوبکەن وزەحمەت بکێشن ژیانێکى پڕلەنازو نیعەت وفیرعەونى بەدەست دێنن، کەچى لەولاشەوە کرێکاران وزەحمەتکێشان کەزۆرینەى پێکهاتى ئینسانى کۆمەڵگا دیارى دەکەن و ڕۆژ تائێوارە زەحمەت وماندوویى دەکێشن و تەمەنى خۆیان لەبەرهەمهێنانى کۆمەلایەتییدا سەرف دەکەن، به‌ڵام هەمیشە هەژار ودەست کورتن وسفرەیان خاڵیەو موحتاجى بژیوى و ساوپەنایەکن بۆ ژیانکردن.

بەلام مارکس لەم ڕاستیە سادەیەوە لەڕوانگەى بەرژەوەندیەکانى چینى کرێکارو هەژارى کۆمەڵگاوە دەست دەکات بەشیکارێکى زانستیانە لەمەڕ بونیادەکانى ئابوورى سەرمایەدارى و یاساکانى دادەڕێژێتەوە وسەرەنجامیش ڕەخنەى خۆى لەم سیستەمە دەخاتەڕوو. وەلەم نێوەشدا ڕۆلى کرێکاران وەک گۆڕهەڵکەنى ئەم سیستەمە دەناسێنێ. تەنانەت لەهەوڵە شیکاریەکانى مارکسدا بۆ ڕژێمى سەرمایەدارى ئەو کلیلە زانستیەش دەداتە دەست کۆمەڵگاى بەشەرى کەبتوانێ ماک وبونیادەکان وڕەوتى گەشەو سەرهەڵدانى کۆمەڵگا چینایەتییەکان وسیستەمە ئابوورییەکانى پێش سەرمایەدارى بناسێنێ و ماهیەتیان بخاتەڕوو. ئەم ڕاستیەش لەووتە بەناوبانگەکەیدا بەتەواوى بەرجەستەیە، کاتێک دەڵێت:

” ئاناتۆمى ئینسان ڕێگایەکە بۆ ئاناتۆمی کردنى مەیمون”.

بەلام مارکس لەهەوڵە شیکارییەکانیدا بۆ ئابوورى سەرمایەدارى وداڕشتنەوەى تیوریەکانى پشتى بەستوە بە میتۆدى ماتریالیزمى دیالەکتیکى وسەرەنجامیش ڕێبازێکى شیکارى بۆ ئابوورى سیاسى بەدەستەوە دەدات. کەوایە ناوەڕۆکى ئەم ڕیبازە چییە؟

میتۆدى شیکارى مارکس بۆ ئابوورى سەرمایەدارى لەتەجریدکردن وسەرنجدان لەکاڵا وەک یەکەیەکى بناغەیى ئابوورى سەرمایەدارى کەخۆى هەڵگرى بەهاى بەکاربردن وبەهاى ئاڵوێر پێکردنە، دەستپێدەکا و لێرەشەوە بەڕاستییەکانى ئابوورى سەرمایەدارى وناکۆکیە دەروونییەکانى دەگا. بەوتەى خۆى “هەڵهێنجانى دلۆپێک ئاو لەدەریا، دەتوانرێ بەهەمان تایبەتمەندىیەکانى خودى ئاوى ئەو دەریایە بگەیت”.

لەڕوانگەى مارکسەوە مەیل وئارەزووى سەرمایە بۆ بەدەستهێنانى قازانج و دووبارە بەدەستهێنانەوەى زۆرترى قازانج، یەکێکە لەخاسیەتە جیانەبوەوەکانى سیستەمى سەرمایەداریە کەسەرەنجام لەڕەوتى چەقبەستن و گەورە بونەوە وکەڵەکەبوونیدا حوکمى مەرگى خۆى بەرهەمدێنێ.

مارکس هەوڵیدا تائەو ڕاستیە بسەلمێنێ کە سەرمایەدارى ڕژێمێکى ئەبەدى وهەتاهەتایی نییەو تاسەر لەبەردەم پڕۆسەى پەرەسەندن و گەشەدا نییە، بەڵکە دەورانێک ڕوولە ڕاوەستان و دەورانێکى تر ڕوو لەقەیرانە چاره‌ هەڵنەگرەکانى خۆى دەکاو سەرەنجام مل بۆ بنبەست ونابوودى خۆى دەنێ. بەواتایەکی تر ڕەوتێکى سروشتى سەرهەڵدانى ناکوکیە دەروونیەکانى ئەم ڕژێمە سەرەنجام چارەنووسى سەرمایە دیارى دەکا، سەرەکى ترینى ئەم ناکۆکیانەش ناکۆکى نێوان سروشتى کۆمەلایەتى بەرهەمهێنان و بەکاربردنى هێزى کارە بۆ بەرهەمهێنانى زێدەبایى لەگەڵ موڵکدارێتى تایبەتى ئامرازەکانى بەرهەمهێناندا. خودى هەرئەم ناکۆکیەیە کەسەرەنجام گەشەى سەرمایەو سەرمایەدارى بەبنبەست و مەرگدا دەکێشێ وزەنگى کوتایى هاتنەکەشى دەکوتێ.

مارکس لەئەنجامى سەرنجدانى زۆرى لەکاڵا، سنورى “یاساى بەها”ى ڕێکاردۆى تێپەڕاند وبە”یاساى زیدەبایى” کە سەرچاوەى چەوسانەوە ودەوڵەمەندبوون و کەڵەکەى سەرمایەو سامانى سەرمایەدارانە گەیشت و سەرەنجام ئەو پێناسەیەى بۆ ئابوورى سەرمایەدارى کرد کەبریتییە لە پڕۆسەى یەکیتى نێوان بەرهەمهێنان و ئالۆوێرى کۆمەلایەتى کەلەسەر بناغەى بەرهەمهێنانى زیدەبایى ڕاوەستاوە، بەواتایەکیتر ئابوورى سەرمایەدارى بریتییە لەبەرهەمهێنانى کاڵا و زیدەبایى. ئەمەش بەومانایە دێت کەسەرچاوەى قازانج وکەڵەکەى سەرمایەو دەوڵەمەند بوون، بۆ ئەوبەشە لەسەرمایە ناگەڕێتەوە کەلەبوارەکانى بازرگانى (یانى سەرمایەى تیجارى) وبانک (یانى سەرمایەى مالى) و عەقارات دا وەگەڕخراون، بەڵکو ئەوە سەرمایەى پیشەسازیە کەلە بەرهەمهێنانى کۆمەلایەتییدا ئاڕاستەیە بۆ بەکاربردنى هێزى کارى کرێکاران وبەرهەمهێنانى کاڵایى. وە لێرەشەوە ئەو بەشە لەزیدەبایى بەرهەم هاتوو لەپڕۆسەى بەرهەمهێنانى کۆمەلایەتیدا، خۆى دەگوازێتەوە بۆبەشەکانى سەرمایە وبەشێوەى “سود” و”ریع” و”قازانجى بازرگانى” دەبێتە داهات بۆ بەشە جیاجیاکانى سەرمایەداران. بناغەى ئەم لێکدانەوەیەى مارکس ئەو باوەڕە پێکدێنێ کەقەیرانى ئابوورى سەرچاوەکەى لەبەرهەمهێناندایە نەک لەبەشەکانى ترى وەک بانک وبازرگارنى وعەقارات. بەلام بۆ تێگەیشتن لەتیورى قەیران لەلاى مارکس پێویستە لەسەرەتاوە هەندى چەمکى ئابوورى لەدەزگاى فیکرى مارکسدا ڕۆشن بکەینەوە.

پێناسەى چەند چەمکێک لەتێوەرى ئابوورى مارکسدا:

سەرەکیترینى ئەو چەمکانەى کەلەتیورى قەیرانى ئابورى مارکسدا بەکاردێن وپێویستە لێرەدا لەسەریان ڕاوەستین ئەمانەن:

سەرمایەى نەگۆر:

بەو بەشە لەسەرمایە دەوترێت کەخەرج کراوە بۆدابینکردنى ئالەت ومەکینەو پێداویستیەکانى تر کەبەکاردێن لەپرۆسەى بەرهەمهێناندا. ئەم بەشە لەسەرمایە بۆیە پێى دەوترێت نەگۆڕ چونکە بەهاى خوى بەشێوەیەکى شێنەیى و بەبەردەوامى وەک خۆى بەش بەش لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا دەگوێزێتەوە بۆ نرخى کالا بەرهەمهاتووەکان. بەواتایەکیتر سەرمایەى نەگۆڕ هەمیشە لەبەردەم داخوران و دووبارە تازەکردنەوەدایە، بەبێ ئەوەى گۆڕانێک بەسەر نرخەکەیدا بێت سەرمایەداران پێبەپێى بەرهەمهێنانى کاڵاکان بەشێکى دەباتە نرخى ئەو کالایانەوە کەبەرهەم هاتوە وبەم جۆرەش بزربوونى خۆى دەپارێزێت و بەهاى خۆى وەک خۆى دووپات دەکاتەوە.

سەرمایەى گۆڕاو:

بەو بەشە لەسەرمایە دەوترێن کەبەشێوەى کرێ لەلایەن سەرمایەدارانەوە دەدرێت بەکرێکاران لەبرى کارێکى دیاریکراودا و بۆماوەیەکى دیارى کراو. ئەم بەشە لەسەرمایە بۆیە پێى دەوترێت گۆڕاو چونکە لەبەرامبەر نرخى هێزى کاردایە ولەژێر چەندین کاریگەریدا بەردەوام کەم و زیاد دەکات. نرخى هێزى کار لەهەر کۆمەڵگایەکدا لەژێر کاریگەرى یاساکان وکارى تەخسووسى و شارەزایى و خەباتى چینایەتی و ئاستى بژێوى چینى کرێکاردا کەم و زیاد دەکات. بەلام سەرمایەى گوڕاو بۆیە لەلایەن مارکسەوە پێناسەى “گۆڕاو” ى بۆکراوە جگەلە و پێناسەیەى سەرەوە هاوکات لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا ڕێژەکەى دەچێتە سەرەوە، واتە سەرمایەیەک کەلەشێوەى کرێدا لەلایەن سەرمایەدارانەوە بۆکڕێنى هێزى کار دەدرێ بەکرێکاران، بەهایەکى زیاتر لەخۆى دەخاتە سەر ڕێژەى ئەو سەرمایەیەى بەکارهێنراوە بۆکڕێنى هێزى کار. کەمارکس بەزیدەبایى ناوى لێدەنێت.

زیدەبایى:

هەرسەرمایەدارێک لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا بڕێک لەمەوادى سەره‌تایى (بۆنمونە خورى) وئامڕازەکانى بەرهەمهێنان وگواستنەوە و وزە و شوێنێک (کارگە) بۆکارکردن بەکاردێنێ. بەلام بۆئەوەى لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا، ئەم پێکهاتووانە بگۆڕى بۆکالایەکیتر- بۆنمونە خورى بگۆڕێ بە پۆشاک – پێویستى بەقەوارەیەک لەهێزى کارو بەکارخستنى کرێکارانە. لەپاش ئامادەبوونى ئەم هۆکارانە کالایەک دێتە کایەوە کەسەرمایەداران بەنرخێکى زیاتر لەنرخى تێچووى لەبازاڕدا دەیفرۆشیتەوە و بەم جۆرەش بڕێکى زیادە دەستگیر دەکات. مارکس بەم بڕە زیادەیە دەڵێت “زێدەبایى”. با لەهاوکێشەیەکى حسابیدا کەمێک زیاتر نهێنى ئەم بڕە زیادەیە ڕوونبکەینەوە:

با وادابنێین لەنمونەکەى سەرەوەدا سەرمایەدارێک بڕى 10 دۆلارى بۆکڕینى مەوادى خاو، یانى خورى وڕێژەیەک بۆنرخى ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان وکرێى کارگەو تێچووى گواستنەوە وپێویستیەکانی تر سەرفدەکات و لەبرى 8 سەعات کارى ڕۆژانەى کرێکارێکیشدا 3 دۆلار خەرج دەکات و بەم جۆرەش کۆى گشتى مەسروفاتى سەرمایەدارەکە دەکاتە 10+3 =13 دۆلار. بەلام کاتێک لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا خورىیەکە دەگۆڕێ بۆکالایەکیتر لەوانە بەپۆشاکێک و دواتر دەبرێتە بازاڕى فرۆشتنەوە دەبینین بەنرخێکى زیاتر فرۆشراوە، بۆنمونە 16 دۆلار. لێرەدا دەبینین زیادەیەک لەچاو کۆى تیچووى کاڵاکە بەرهەم هاتووە (16- 13=3 دۆلار). نهێنى ئەم زیادەیە لەکوێدایە؟

ئاشکرایە سەرمایەدارەکە خورى و پێداویستیەکانى ترى بەنرخیکى جێگیر و زانراو لەبازاڕدا کڕیوە، هەروەها نرخێکى دیارىکراوى داوە بەڕۆژانەکارى کرێکارەکە کە3 دۆلارە وکۆى هەموو ئەمانەش دەکاتە 13 دۆلار کەسەرجەم نرخى تێچووى کالا بەرهەم هاتووەکەیە و بەپێى مەنتقى حسابى دەبى لەبازاڕیشدا ئەوکالایە نرخەکەى 13 دۆلاربێت، بەلام دەبینین لەنمونەکەدا بە16 دۆلار فروشراوەتەوە. کەوایە دەبى ئەم 3 دۆلارە سەرچاوەیەکى هەبێت. ئەوسەرچاوەیەش هیزى کارى کرێکارەکەیە، یانى بەشێکى دزراەوە کەبەشێوەیەکى شاراوە سەرمایەدارەکە نەیداوە بەکرێکارەکە. ئەمەچۆن؟ هێزی کارى کرێکاران بەپێچەوانەى مەوادو ئامرازەکانەوە هەم فاکتۆرێکى زیندووە وهەم ئەو خاسیەتەى هەیە کەلەکاتى بەکارهێنانیدا تواناى خۆ بەرهەمهێنانەوەى بەبەهایەکى زیاترەوە هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە مەواد وئالەتەکان وکارگە هۆکارێکى مردوون ووەک خۆیان نرخەکانیان دەگوازنەوە بۆ نرخى گشتى تیچووى کالاکان. لەئاستێکى ڕۆشنتردا ئەم نمونەیە ئەو راستیە دەردەخات کەکرێى رۆژانە کارى کرێکارەکە بەواقعى 6 دۆلارە نەک 3 دۆلار، بەلام سەرمایەدارەکە تەنها 3 دۆلارى پێداوە. کەوایە کرێکارەکە لەڕۆژکارى کارەکەیدا کە6 دۆلارى بەرهەمهێناوە تەنها 3 دۆلارى پێدراوە ولەم حساباتەشدا ئەوە دەسەلمێ کەنرخى نێوەى ڕۆژى کارەکەى وەرگرتوە و نیوەکەى ترى خاوەنکارەکە بردویەتی. ئەم نرخە دزراوەش کەچۆتە گیرفانى سەرمایەدارەکەوە مارکس بەزیدەبایى ناوى لێدەنێت. هەرئەمەش سەرچاوەى داهات و دەولەمەندبوونى سەرمایەدارانە.

پێکهاتى ئۆرگانیکى سەرمایە:

مەبەست لە باڵانسى بەکارهێنانى ڕێژەیەک لەسەرمایەى نەگۆرە بۆ سەرمایەى گۆڕاو. ئەمە بەومانایەدێت کەپێکهاتى ئۆرگانیکى سەرمایە پەیوەندى نێوان بڕى بەکار هاتووى ئالات وئەده‌وات و ماکینەى پێشکەوتووە لەچاو بڕى هیزى کاردا. سەرمایەداران هەمیشە بۆ ئاسانکردنەوەى پڕۆسەى بەرهەمهێنانى کالاکان وخێرا پێکردنى دەورانى بەرهەمهێنان، هەوڵدەدان کەئامڕاز ومەکینەى نوێ ببەنە نێو بەرهەمهێنانى کالاکانەوە، بەمەش ڕێژەى پێویستبوونى بەهێزى کار لەکارەکانیاندا کەم دەکاتەوە. بەلام سەرچاوەى زیدەبایى وبەرهەمهێنانى بەهاى زیاتر ئامڕاز و ئالەت ومەواددى خاو نییە، بەلکو سەرچاوەى زیدەبایى هێزى کارى کرێکارانە. جا بەچونە سەرەوەى ڕێژەى سەرمایەى نەگۆر، یانى بەچونە سەرەوەى ئاستى بەکارهێنانى ئالات ومەکینە وئامرازى پێشکەوتوو کەخۆى دەبیتە مایەى کەمبونەوەى بەکارهێنانى ڕێژەى هێزى کار، ئەوا ڕێژەى زیدەبایى کەم دەبێتەوە. بۆنمونە سەرمایەدارێک کەجاران بەپاچ وخاکەناز کەناڵکیشى بۆراکێشانى ئاو بەکارهێناوە پێویستى بە ژمارەیەکى زۆر لەکرێکاران بووە بۆ ئەنجامدانى کارەکەى، بەلام کاتێک شۆفل و دەزگاى پێشکەوتوو تر دەخاتە هەر ئەم کارەوە ، پێویستى بەڕێژەیەکى کەمتر لەکرێکاران دەبێ. بەم جۆرەش ڕێژەى پێکهاتى ئۆرگانى سەرمایەکەى، یانى هاوسەنگى نیوان سەرمایەى نەگۆڕ لەچاو سەرمایەى گۆردراو کەبۆ کڕین وبەکارهێنانى هێزى کارى کرێکارانە بەرزدەکاتەوە. لەم نمونەیەشدا ئەگەر گریمانە بکەین کەجاران بۆ کارەکەى 20 کرێکارى بەکارهێنابێت ئێستا 7 کرێکارى پێویستە. بەلام دیارە بەکەم بوونەوەى ژمارەى کرێکارەکان لە20 بۆ 7 سەرچاوەى زیدەبایى وقازانج لەکارەکەى کەم دەکاتەوە. چونکە زیدەبایى لەهێزى کارەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لەتەکنۆلۆژیا و ئامڕازەکانەوە. ئەمە ئەو ناکۆکیەى نیزامى سەرمایەدارى دەردەخات کەمارکس بەناکۆکى نێوان پێویستى سەرمایە بۆ بەکارهێنانى تەکنۆلۆژیاى پیشکەوتوو لەلایەک و توشبوونى بەکەمبوونەوەى سەرچاوەى زێدەبایى. یانى ناکۆکیەک کەلە پێکهاتى ئۆرگانى سەرمایەوە سەرچاوەى گرتوە. ئەمە بەو حاڵەتەوە کەپێکهاتى ئۆرگانیکى سەرمایە ڕێژەى سەرمایەى نەگۆرە لەچاو سەرمایەى گۆراودا کەپێ بەپێ لەپرۆسەى بەرهەمهێناندا گۆڕانى بەسەردا دێت، کەدیارە لەهاوشانى خۆیدا ئەم ناکۆکیە توندترو قوڵتردەکاتەوە.

بەشى دووەم

یاساى مەیلى دابەزینى تێکڕایى قازانج

لەبەشى یەکەمى ئەم ووتارەدا ئاماژەیەکى خێرامان بەتیورى وڕەخنەى مارکس لەئابوورى سەرمایەدارى داو بەجیاکردنەوەى “سامان” لە”داهات” شێوازى چەوسانەوەى کرێکارانمان لەسیستەمى سەرمایەداریدا خستەڕوو، هەروەها بەشێوەیەکى کورتیش ئەو چەمکانەمان باسکرد کەبۆ تێگەیشتن لەتیورى قەیرانى ئابوورى لەلاى مارکس پێویستن.

لەم بەشەدا هەوڵدەدەین ڕاستەوخۆ بچینە سەر دەزگاى تیورى قەیرانى ئابوورى لاى مارکس. بەلام لەسەره‌تاى ئەم بەشەدا دەبێ ئەوە بڵێین کەقەیرانى ئابوورى زادەى خودى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارىیەو خاسیەتێکى زاتى و لێک جیانەبوەوەیەتى. ئەمە بەومانایەیە کەناکۆکیەکانى خودى ئەم سیستەمە لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا ولەڕەوتى کەڵەکەو گەشەى سەرمایەداریدا، قەیرانە ئابوورىیەکان بەرهەمدێنێ. مارکس لەمبارەوە ئەو حوکمە سادەیە دەخاتەڕوو کەدەڵێت” سەرمایە لەڕەوتى خۆیداو بەدرێژایى هێل لەسەر حوکمى – وەگەڕخستنى کەمترین ئاست لەسەرمایە لەپێناو زۆرترین قازانجدا- ڕاوەستاوە”، ئەمەش بنەماى ململانى و کێشمەکێشى نێوان کار و سەرمایەیەو بەپێویست مونافەسەى نێوان سەرمایەکان دێنێتەکایەوە و بەردەوامیش توندى دەکاتەوە. کەدیارە لەم مونافەسەیەشدا هەر سەرمایەیەک نەتوانێ دەستى بەڕێژەیەکى زیاتر لەقازانج ڕابگات وبەمیزانێکى تایبەتەوە لەکێشمە کێشەکانى بازاڕدا سەردەربهێنێ، دووچارى قەیران و شکست دەبێ. مارکس هاوکات پەنجە لەسەر ئەو ڕاستیە دادەنێ کە”سەرمایە شێوازێکى بەرهەمهێنان بۆخۆى قۆرخدەکات کەپێشتر بەهۆیەوە گەشەى سەندووە، بەلام خودى خۆى لەبەردەم ئەو شێوازە لەبەرهەمهێناندا دەبێتە ڕێگر. بەتایبەتى کەناکۆکى نێوان چەقبەستنى ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان لەلایەک و سروشتى کۆمەلایەتى هێزى کار لەلایەکیترەوە بەئەنجامێک دەگات کەپێکەوە مانەوەیان لەچوارچێوەى ڕژێمى سەرمایەداریدا ناگونجێ و سەرەنجام دەبێ ئەم قاڵبە بدڕێنێ.”

بەلام مارکس هەموو ئەم بۆچونانەى خۆى لەقاڵبى چ تیوریەکدا، سەبارەت بەقەیرانى ئابوورى داڕشتۆتەوە؟ بەواتایەکیتر دەزگاى تیورى ئەو لەناسینەوە و شیکردنەوەى قەیرانى ئابووریدا چییەو چۆن کارکردەکانى دەردەکەوێت؟

جەوهەرى تیورى قەیرانى ئابوورى لەلاى مارکس لەدۆزینەوەى یاساى “دابەزینى مەیلى تێکڕایى قازانج لەگشت سەرمایەى کۆمەلایەتیدایە”. ئەمە چۆن و چون ئەم یاسایە، ئابوورى سەرمایەدارى بەرەو قەیران پاڵ پێوە دەنێ؟

لەپێشەوە ئاماژەمان بەوەدا کەڕاکردن بەدواى قازانج و کەڵەکەى هەرچى زۆرترى ڕێژەى زیدەبایى یاسا وحوکمێکى بنەڕەتییە لەشێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەداریدا و هەرسەرمایەیەک نەتوانێ لەپرۆسەى کەڵەکەبوون و چەقبەستن و خۆ زۆرکردندا ئەم ئامانجە بەدەست بهێنێ، ئەوا توشى شکست و قەیران دەبێت، بەلام سەرمایە لەپێناو بەدەستهێنانى تێکڕایى بەرزى قازانجدا بەناچار پێویستى بەبرەوپێدان وپێشخستنى هێزەکانى بەرهەمهێنان هەیە، تالەم ڕێگایەوە ماوەى تێچووى کارى کۆمەلایەتى بۆ بەرهەمهێنانى کالاکان لەلایەک کەم بکاتەوە و لەلایەکى تریشەوە دەورانى بەرهەمهێنانیان خێراوخێراتر بکاتەوە و قەوارەى بەرهەمهێنانیان چەندان وچەندان بکاتەوە. بۆئەمەش سەرمایە ناچارە بەڕاکێشان وبەکارهێنانى بەردەوامى ئامڕازو مەکینە وتەکنۆلۆژیاى پێشکەوتوو بۆ نێو مەیدانى بەرهەمهێنانى کۆمەلایەتى. کەدیارە سەرئەنجامى هەر هەوڵێک بۆ دابینکردنى ئامرازو تەکنۆلۆژیاى پێشکەوتوو بەکەڵەکەکردن وبردنە سەرەوەى ڕێژەى سەرمایەى نەگۆر (کەدەخرێتە خزمەتى کڕینى ئامڕاز وتەکنۆلۆژیاى پێشکەوتووەوە) لەئاست بەرهەمهێنانى کۆمەلایەتیدا تەواو دەبێت وبەمەش پێکهاتى ئۆرگانیکى سەرمایە بەشێوەیەکى لاسەنگ لەچاو سەرمایەى گۆڕدراودا (کەبۆکڕینى هێزى کارى کرێکار بەرکاردێت) بەردەوام دەباتە سەرەوە. بەچوونە سەرەوەى پێکهاتى ئۆرگانیکى سەرمایە ناکۆکیەکى چاره‌ هەڵنەگر سەردەردێنێ: ئەویش ئەوەیە کەسەرمایە لەلایەک پێویستى بەئامڕاز وتەکنۆلۆژیاى پێشکەوتوو هەیە، بەلام لەولاشەوە ولەگەڵ بەکارهێنانى هەرئاستێک لەتەکنۆلۆژیاى پێشکەوتوودا پێویستى بۆ وەگەڕ خستنى هێزى کارى کرێکاران کەم دەبێتەوە. لێرەدایە کەپەرەسەندنى هێزەکانى بەرهەمهێنان لەسیستەمى سەرمایەداریدا خۆى دەبێتە ڕێگرێک لەبەردەم کەڵەکەى زیاترى سەرمایەدا.

بەواتایەکى تر سەرمایەدارى لەگەڵ پێشکەوتنى تەکنۆلۆژیا و هاتنەکایەوەى ئامڕازى بەرهەمهێنانى مۆدێرن، پێکهاتى ئۆرگانی لەگشت سەرمایەى کۆمەلایەتىدا دەباتە سەرەوە، یانى ڕێژەى سەرمایەى نەگۆڕ لەچاو سەرمایەى گۆڕدراودا بەئاستێکى نامەوزون دەباتە سەروە. ئەمە لەکاتێکدایە کە قازانج سەرچاوەکەى لەسەرمایەى گۆڕدراوەوە دێت (یانى ئەوبەشە لەسەرمایە کە بۆ کڕین وبەگەڕخستنى هێزى کارى کرێکاران تەرخان دەکرێ)، نەک لەئامڕازەکان و تەکنۆلۆژیاوە. وە لەگەڵ هاتنەخوارەوەى ڕێژەى قازانج هۆکارى بەردەوامى بەرهەمهێنان لەڕژێمى سەرمایەداریدا کزدەبێ و سەرمایە لەپەرەسەندن دەکەوێ ونیشانەکانى قەیران وەک نەخۆشیەک سەردەردێنێ. نەخۆشییەک کەدەرکەوت ونیشانە ئابوورى وکۆمەلایەتییەکانى خۆى لەشکڵى جۆراوجۆردا نیشاندەدات. لەوانە قەیرانى دارایى، کەسادى بازاڕ، هەلاوسانى نرخ و تەنگ بوونەوەى بازاڕ، کەمى سەرمایەو کەڵەکەبوونى کالاى جیماو(نەفرۆشراو.(

لەمبارەوە مارکس لەکتێبى سەرمایەدا، بەرگى سێهەم، بۆ شیکردنەوەى یاساى مەیلى دابەزینى تیكڕایى قازانج، چەند هاوکێشەیەکى ماتماتیکى دێنیتە ئاراوە، کەسەرەکی ترینیان بەمجۆرەى خوارەوە دادەڕێژێ:

هاوکێشەی یەکەم

 

 

تێگڕایی قازانج = 

 

 

زیدەبایی

سەرمایەی نەگۆڕ + سەرمایەی گۆڕاو

بەپێى ئەم ئەهاوکێشەیە تێکڕایى قازانجى گشت سەرمایەى بەگەڕخراو، (یانى سەرمایەى گۆڕدراو کە بۆکڕینى ئامرازەکانى و پێداویستىیەکانى بەرهەمهێنان بەکاربراون زائید سەرمایەى گۆڕدراو کەبۆ کڕین و وەگەڕخستنى هێزى کارى کرێکاران خەرج کراوە)، یەکسانە بەدابەشکردنى گشت زیدەبایىیەکى بەرهەمهاتوو لەپرۆسەى بەرهەمهێناندا. ئەگەر ئەم هاوکێشەیە بەشێوەیەکى حسابى لەتاک سەرمایەیەکدا بەنمونە وەربگرین و گریمانەى ئەوەبکەین کەسەرمایەدارێک 200 هەزار دۆلار بەشێوەى سەرمایەى نەگۆڕ دەخاتە وەبەرهینانى کاڵایەکەوە – بۆنمونە مانیفاکتۆرێکى پارچەچنین- و هاوکات 100 هەزار دۆلاریتر بۆ وەگەر خستنى 1000 کرێکار، بەشێوەى سەرمایەى گۆڕاو دەخاتە کارەکەیەوە، بەم جۆرەش کۆى سەرمایەى وەگەرخاوەکەى یەکسانە بە 200 + 100 کە دەکاتە 300 هەزار دۆلار. خۆ ئەگەر بۆئەم حاڵەتە ڕێژەى چەوسانەوەى ئەم 1000 کرێکارە لەسەدا سەد گریمانە بکەین ئەوا تێکڕایى قازانجى هەموو سەرمایەى بەگەڕ خراوەکە یەکسان دەبێ بە یەک لەسەر سێ، هەروەک لەم نمونەیەدا بەرچاودەکەوێت:

 

 

تێكرڕايى قازانج =

100$ 100 1
200 $ + 100$ 300 3

بەلام ئەگەر هەر ئەم سەرمایەدارە مانیفاکتۆرەکەى بگۆڕێ بە تەکنۆلۆژیاى هاوچارخ و سێ جار بڕى سەرمایەى نەگۆڕ لەچاو حاڵەتى سەرەوەدا بخاتەگەڕ، یانى ئەم جارەیان 600 هەزار دۆلار بخاتە کارە نوێیەکەیەوە و هاوکات 200 هەزارى تر بۆ وەگەڕخستنى دوو ئەوەندەى ترى کریکار بەکاربهێنى، یانى 2000 کرێکار بخاتەکارەکەیەوە، وە هاوکات بەڕێژەى چەوسانەوەى لەسەداسەد سود وەرگرێ، ئەوکات دەبینین تێکڕایى قازانج لەکۆى گشت سەرمایەى وەگەڕخراودا کەم بۆتەوە بۆ یەک لەسەر چوار، هەروەک لەخوارەوەدا خۆى نیشانداوە:

 

 

تيێكرڕايى قازانج =

200$ 200 1
600 $ + 200$ 800 4

لەم نمونەیەى سەرەوەدا بەڕۆشنى دیارە کەزیدەبایى بەدواى وەگەڕخستنى تەکنۆلۆژیاى نویدا زیادى کردووە، تەنانەت ڕێژەى وەبەرکارخستنى کرێکاران لە هەزارەوە بووە بەدوو هەزار، بەلام لەولاشەوە دەبینین کەچوونە سەرى ئەم ڕێژانە لەچاو ڕێژەى چوونە سەرەوەى سەرمایەى نەگۆڕدا کەسێ هێندە بۆتەوە، کەمترە، چونکە تەکنۆلۆژیاى نوێ شوێنى ڕێژەى کرێکارانى گرتۆتەوە وسەرمایەدار پێویستى بەبردنە سەرەوەى هەمان ڕێژە نییە کەلەبەشى تەکنۆلۆژیادا دەستى بۆبردووە. وەکو ووتیشمان کەسەرچاوەى قازانج و زیدەبایى لە ئامڕازەکان وتەکنۆلۆژیاوە نایەت بەڵکو لەوەگەڕخستن و چەوسانەوەى هێزى کارى کرێکاراندایە. ئەمە ئەو ناهاوسەنگىیەیە کەسەرمایە لەپڕۆسەى گەشەپێدانى هێزەکانى بەرهەمهێناندا دەیباتە پێشەوە و سەرەنجام لەگەڵ مەیلى هاتنە خوارەوەى تێکڕایى قازانج بەرەو ڕووی دەکاتەوە.

بەلام ئەمە تەنها یەک نمونەیە لەوەگەڕکەوتنى تاک سەرمایەیەکدا، کەدیارە پرۆسەکە لەگشت سەرمایەى کۆمەلایەتیدا ئاڵۆزو ئاڵۆزتردەبێتەوە. لەلایەکىتریشەوە دەبێ ئەوەبڵێین کەیاساى مەیلى دابەزینى تێکڕایى قازانج هاوکێشەیەکى جەبرى و ماتماتیکى نییە و ڕاستەوخۆ لەپەیوەند بە پڕۆسەیەکى کۆمەلایەتى وئابوورىیەوە دەچێتە پێشەوە. ئەمە بەو مانایەى کە دابەزینى تێکڕایى قازانجى سەرمایە لەگشت سەرمایەى کۆمەلایەتیدا حاڵەتى دابەزینى شێنەیى و پلە بەپلەیى نییە کەسەرنجام بەکەم بوونەوەى تێکڕایى قازانج قەیرانە ئابووریەکان لەبەرهەمهێنانى سەرمایەداریدا بخوڵقێنێ، بەڵکو کارکردى یاساى مەیلى تێکڕایى قازانج ناوبەناوە و لەو حاڵەتانەشدا قەیرانەکان بەدواى خۆیدا دێنآ کەبەکردەوە لەگشت سەرمایەى کۆمەلایەتیدا مۆرى خۆى داکوتاوە و تواناى چوونە سەرەوەى زۆرترى لەچاو کەڵەکەو چەقبەستنى سەرمایەدا لێبڕاوە و بوارى لەبەردەم دابەستراوە. تێگەیشتن لەم واقعیەتە تێگەیشتنە لەسەرهەڵدانى قەیرانە ئابوورىیە نۆبەتییەکان، کەهەر 50 ساڵ وەیا 20 و 10 ساڵ لەئەنجامى گەشەى تەکنۆلۆژیاو چەقبەستن و کەڵەکەبوونى لەڕادەبەدەرى سەرمایەى نەگۆڕ لەچاو ئاستى وەگەڕخستنى هیزى کاردا، یانى سەرمایەى گۆڕدراو، قەیرانە ئابوورىیەکانى سەرمایەدارى تۆماردەکات.

بەلام کار بەوەندەوە ناوەستێ، بەتایبەتى کە ئابوورى سەرمایەدارى تواناى پەرەسەندنى ئارام و هاوسەنگى سەرمایەى نییە و بەشێوەیەکى بابەتیانە ڕووبەرووى ناکۆکیەکى گەورەیە کاتێک کە هێزەکانى بەرهەمهێنان برەو پێدەدات، بەناچار دەکەوێتە نێو ئانارشیزمى بەرهەمهێنان و تێکەولێکە ومونافەسەى بازاڕەوە، ئەمە وەک خسڵەتێکى جیانەبوەوەی، بەرهەمهێنانى بەها وزیدەبایى. لێرەشدا شێوەى لادان و بەفیڕۆدان (تبزیر) دێنێتەکایەوە. بازاڕى بۆرس و مامەڵەى نەبڕاوەى ئەوراقى پشتیوانەیى و سەهەمە بانکییەکان سنورێکى بێپایانیان بۆ پەیدادەبێ. مارکس ئەمجۆرە لەسەرمایە بەسەرمایەى نادیار(وەیا سوەرى) ناولێدەنێ، کەژمارەى خەیاڵى لەخۆ دەگرێ، بەبێ ئەوەى هیچ بەهایەکى واقعی هەبێت کەچى لەبازاڕى بۆرسه‌دا تادێت زۆرترو زۆرتردەبێتەوە، تادەگاتە ئەوەى هەرەمێکى سەرەوخوار وخەیاڵى لەبانکەکاندا دادەمەزرێنێ. بەلام ئەم زۆرو زۆربوونە لەژمارەى دراوى سەرکاغەز زۆرنابات لەبنەوە هەرەس دێنێ، هەروەک ئەوەى کەلە”قه‌یرانى دارایى” ئەمرۆدا خۆى نیشانداوە..

هاوکات مارکس بەسەرنجدان لەیاساى مەیلى دابەزینى تێکڕایى قازانج واوەتر دەچێت و کارکردەکانى ئەم یاسایە بەمیلێکى جولاو لەنێوان بەرزبوونەوە و دابەزیندا دەشوبهێنێ و لێرەشەوە باس لەو هۆکارانە دەکات کەبەدەست سەرمایەو سەرمایەدارانەوەیە بۆ دەربازکردنى سەرمایەکانیان لەگێژاوى دابەزینى تێکڕایى قازانج کەبەهۆى هێنانە کایەوەى ئامراز وتەکنۆلۆژیاى پێشکەوتووە وە گیرۆدەى دەبێت. هەربۆیە پێمان دەڵێت کەکارکردى ئەم یاسایە شێوازێکى دەورەیى و بەکردەوە دەرهاتنى هەیە و هەردابەزینێک بەپێویست بەقەیرانى ئابوورى ناگات. بەواتایەکى تر مارکس لەتیورى خۆیدا بۆقەیرانى ئابوورى سەرمایەدارى جگەلەوەى باس لەڕەوت وپڕۆسەیەکى واقعى وزانستى لەسەرهەڵدانى قەیرانە ئابوورىیەکاندا دەکات ، هاوکات هۆکارە ناکام کەرەوەکانیشى دێنێتە نێو باسەوە. بەمجۆرە دەکرێ بڵێین یاساى مەیلى دابەزینى تێکڕایى قازانج یاسایەکە بۆ لێکدانەوەى جەوهەرى قەیران و هۆکارە ناکامکەرەوەکانى. ئەو هۆکارانەى کە بنەماى سیاسەتى ئابوورى دەوڵەت وسەرمایەداران لەسەردەمى قەیرانى ئابووریەکاندا پێکدێنێ، کەبەگشتى ڕووى لەکۆمەڵە هەنگاویکن بۆداشکانەوەى ئەنجامى قەیران بەسەر چینى کرێکارو کۆمەڵگادا. کەبێگومان لەسیاسەتى شەرو جەنگ بەرپاکردنەوە تا دابەشکردنەوەى جیهان و پەلاماردانى ئاستى بژێوى کریکاران و کۆمەلانى خەڵک دەگرێتە خۆى و بەدوایدا دەورەیەک لەهەژارى و نەدارى و تەنانەت زەمینەکانى سەرهەڵدانى شۆڕش و ڕاپەرینە شارییەکان دێنێتەکایەوە..

بەشى سێهەم و کوتایى

هۆیە ناکامکەرەوەکانى قەیرانى ئابوورى

لەبەشى پێشوودا باسمان لەوەکرد کەجەوهەرى تیورى قەیرانى ئابوورى لاى مارکس ڕاوەستانە لەسەر یاساى مەیلى ڕوولەخوارى تێکڕایى قازانج وکارکردەکانى لەسەر گشت سەرمایەى کۆمەلایەتى لەبوارى بەرهەمهێناندا. هەوەرها ئەوەشمان باسکرد کەئەم یاسایە ڕۆڵێکى ڕەهاى هەیە وسەرمایەداران بەوهۆیەوە کەبەردەوام پێویستیان بەگوێزانەوەى ئامڕاز وتەکنولۆژیاى نوێ هەیە بۆ بوارى بەرهەمهێنان، لەچاو وەگەرخستنى هێزى کاردا، بەپێویست پێکهاتى ئۆرگانیکى سەرمایە دەباتەسەرەوە و بەم شێوەیەش تێکڕایى قازانج دێتەخوارەوە و لەم پرۆسەیەشدا کاریگەریەکانى خۆى بەسەر بەرهەمهێنان و کەڵەکەى سەرمایەوە دادەنێ…

لەم بەشەدا هەوڵدەدەین باس لەهۆکارە ناکام کەرەوەکانى قەیرانى ئابوورى بکەین، یانى باس لەو فاکتۆرو هەلومەرجانە بکەین کەسەرمایەداران و دەوڵەت دەیگرنە دەست بۆ هەستانەوەى مەیلى ڕوولەخوارى تێکڕایى قازانج و خۆ دەربازکردن لەقەیرانى ئابوورى. بەلام سەرەتا خستنەڕووى چەند خاڵێک بەپێویست دەزانین:

یەکەم، مارکس هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کەباس لەیاساى هاتنە خوارەوەى مەیلى تێکڕایى قازانج، وەک یاسایەکى بنەڕەتى لەسەرهەڵدانى قەیرانى ئابووریدا دەکات، ئەو هۆکارانەش لەنێو خودى ئەم یاسایەوە دەردێنێ کەبۆ ناکامکردنەوەى قەیران و مەیلى ڕوو لەخوارهاتنى تێکڕایى قازانج دەکەونەکارەوە وپێیان دەڵێت “هۆکارە ناکام کەرەوەکانى یاساى مەیلى ڕوولەخوارى تێکڕایى قازانج”، کەڕاستەوخۆ وەک فاکتۆرو هەلومەرجى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى جێگایان گرتووە. هەربۆیە مارکس لەتیورى خویدا بۆقەیرانى ئابوورى، باس لەیەکێتى نێوان کارکردەکانى ئەم یاسایەو هوکارە ناکام کەرەوەکانى دەکات. بەجۆرێک کەناکرێت لێکیان جیابکەینەوە. هونەرى ئەم پێکەوە باسکردنەش خستنەڕووى دیالەکتیکى نێوان یەکێتى ودژەکانە وەک قانونمەندیەکى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى.

دووەم، بەلام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کەئەگەرچى هۆکارە ناکام کەرەوەکانى قەیران بوونێکى واقعى و لێک جیانەکراوەیان لەپرۆسەى بەرهەمهێنانى سەرمایەداریدا هەیە، بەلام ڕۆڵیان حاڵەتێکى هەمیشەو بەردەوام نییە و سەرمایەداران بەحوکمى چەقبەستن و چڕبوونەوەى سەرمایەو زیادکردنى فشارەکان بۆسەر کرێکاران تائاستێکى دیاریکراو دەتوانن پەناى بۆبەرن. تەنانەت وانییە لەگەڵ هەرقەیرانیکدا هەربەشێک لەسەرمایە بتوانێ دەست بۆئەم هۆکارە ناکام کەرەوانە بەرێت و مەیلى ڕوو لەخوارهاتنى تێکڕایى قازانج بەرێتە سەرەوە. چونکە بەکردەوە ڕۆڵگێرانى هۆکارە ناکام کەرەوەکان لەیەک هەلومەرجى سیاسى و کۆمەلایەتى وئابووریدا و لەچوارچێوەى ململانێى چینایەتى کاروسەرمایەدا بەربەستیان بۆ پەیدا دەبێ و بەم هۆیەشەوە تواناى ڕۆڵگێرانى خۆیان لەدەست دەدەن.

لەم بارەوە مارکس لەکتێبى سەرمایەدا کۆمەڵە فاکتۆرێک باس لێوە دەکات کەئێمە لیرەدا بەکورتى لەسەر سەرەکیترین دانەى ئەو هۆکارانە ڕاوەستین:

١/ توندکردنەوەى چەوسانەوە:

مارکس باس لەتوندکردنەوەى چەوسانەوەى هێزى کارى کرێکاران دەکات وەک فاکتۆرێک بۆ بەدەستهێنانى زیدەبایى زیاتر و بردنەسەرەوەى ڕێژەکەى، کەلەڕەوتى خۆیدا سەرمایەداران وەک هۆکارێکى ناکام کەرەوەى قەیرانى ئابوورى پەناى بۆدەبەن. ئەمەش لەدوو ڕێگاوە دەبێت: ڕێگاى یەکەم بەرهەمهێنانى زیدەبایى ڕێژەیىیە. پێشتر ووتمان کەچوونە سەرەوەى پێکهاتى ئۆرگانیکى سەرمایە بەو مانایە دێت کەسەرمایەدار بڕى زۆرتر لەسەرمایەکەى بۆ ڕاکێشانى ئامڕاز وتەکنۆلۆژیاى تازە تەرخان دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بردنە پێشەوەى تواناى بەرهەمدارى هێزى کارى بەکارهێنراو لەماوەى دیارىکراودا. بەم ڕێگایەش زیدەباییەکى ڕێژەیى دەچێتە گیرفانى سەرمایەدارانەوە. بالەم بارەوە نمونەیەک بهێنینەوە. سەرمایەداریک پێش ڕاکێشانى ئامڕازى پێشکەوتووى بەرهەمهێنان لەماوەى 8 سەعات کارى ڕۆژانەدا توانیویەتى 10 کرێکار بخاتەکارەوە و لەو ڕۆژەدا 100 پارچە لەکاڵاى بەرهەمهێناوە، بەلام کاتێک ئامڕازو تەکنۆلۆژیاى پێشکەوتوتر دەخاتە کارەکەیەوە دەبینین ئێستا هەرئەو 100 پارچەیە لەکالا بە6 سەعات کارى ڕۆژانەو تەنانەت بە 6 کرێکار بەرهەمى دەهێنێ بەمجۆرە دەبنین تواناى پاشەکەوت کردنى هێزى کارى بۆ پەیدادەبێت وئەم زیادەیەش بەشێوەى زیدەبایى ڕێژەیى لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا کەڵەکە دەکاتەوە. ئەمە خوى لەخۆیدا توندکردنەوەى چەوسانەوەیە چونکە لەبەرهەمهێنانى 100 پارچە کالادا ئەرکى 8 کرێکارەکەى خستۆتە سەرشانى 6 کرێکار. بەلام لەڕێگاى دووەمى توندکردنەوەى چەوسانەوەدا مارکس باس لە زیدەبایى ڕەها دەکات، کەئەویش بەهۆى درێژکردنەوەى ماوەى ڕۆژکارى کرێکاران و زێدەکارى و هەڵگرتنى مۆڵەتى مانگانەو کاتەکانى پشووەوە بەدیدێت. ئاشکرایە کەلەسەردەمى قەیرانى ئابووریدا، دەوڵەتان و سەرمایەداران بەهێنانە کایەوەى چەندین یاساوە ئەم مەبەستەیان دێننە دى. بۆنمونە داسەپاندنى سەعات کارى زیادەى ڕۆژانە لەژێرناوى “ئاوەدانکردنەوەى نیشتمان و بوژانەوەى ئابوورى وولات”. یانى لەڕێگاى بلاوکردنەوەى راگەیاندنى قەومى وئاینى وتەنانەت ئەخلاقیەوە دەولەت و سەرمایەداران هەوڵدەدەن کرێکاران بکێشنە بەر زیادکردنى ڕۆژانەکار لە8 سەعاتەوە بۆ 9 و10 وزیاتر. وەیا ئەوەى کە دەوڵەت مۆڵەتى سالانە نادات بەکرێکاران وماوەى پشووەکان کەم دەکاتەوە و سەرەنجامیش کارى بەخۆرایى بەسەر کرێکاراندا دادەسەپینى و چەوسانەوە توند دەکاتەوە. هەموو ئەمانەش سەرەنجام زیدەبایى ڕەها و قازانجێکى زیاتر و بێ بەرابەر دەخاتە گیرفانى سەرمایەداران ودەوڵەتەکەیانەوە.

٢/   هەرزانکردنى بەهاى سەرمایەى نەگۆڕ، یانى ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان.

ووتمان ڕەوەندى یاساى مەیلى ڕوولەخوارى تێکڕایى قازانج خۆى بەرئەنجامى چونە سەرەوەى پێکهاتى ئۆرگانێکى سەرمایەیە کەلەڕێگاى ڕاکێشانى ئامڕازو تەکنۆلۆژیاى پێشکەوتووەوە بۆنێو پڕۆسەى بەرهەمهێنان دێتەکایەوە. ئەمە بەو مانایەیە کەنەک هەر بەهاى ئەوکالایانەى کەبۆ بەکارهێنانى ڕۆژانەى دانیشتوان بەکاردێت، دێتەخوارەوە و نرخیان بەپێى کارى تێچووى کۆمەلایەتى هەرزان دەبێت لەبازاڕى کڕین وفرۆشتندا، بەڵکو خودى بەرهەمهێنانى ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان وەک هەرکالایەکیتر ماوەى کارى تێچووى کۆمەلایەتیان کەم دەبێتەوە و بەم هۆیەشەوە بەهایان هەرزانتر دەبێت. ئەم ڕاستیە لاى مارکس لەو حوکمەوە لێک دەدرێتەوە کەئامڕازەکانى بەرهەمهێنان، یانى پێکهاتى سەرمایەى نەگۆڕ وەک بەرئەنجامێک لەتواناى وەبەرهێنانى هێزى کاردا، کەبەهۆى پێشکەوتنى تەکنۆلۆژیاو ماوەى کارى تێچووى کۆمەلایەتییەوە، بەردەوام لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا کۆنترۆڵ کراوە بەهاکانیان وەک هەر کالایەکىتر کەم بۆتەوە و هەرزان بوون. بەلام خودى ئەم واقعیەتە لەڕەوەندى بەرهەمهێنانى سەرمایەداریدا وەک میکانیزمێک لەڕێگاى سەرمایەى بازرگانیەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەشى كشتو کاڵ و ئەو مەیدانانەى کەکاریان بەرهەمهێنانى کالاکانى بەکاربردنەو بۆ پێداویستى ڕۆانەى دانیشتوان بەکاردێت. بەواتایەکىتر کاتێک کەسەرمایە لەڕەوتى خۆیدا ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان بەهۆى بردنە سەرەوەى پێکهاتى سەرمایەى نەگۆڕەوە هەرزان دەکاتەوە، ئەم هەرزابوونە بەهەمان شیوە لەمەیدانى ئامڕازەکانى بەکار هێنراوى کەرتى کشتوکاڵیدا بەدی دێنێ و ئامرازەکانى ئەم بوارەش بەبەهایەکى هەرزانەوە دەخاتەگەرو لەم ڕێگایەشەوە بەهاى کاڵا خۆراکیەکان بەپێی تێچوونیان هەرزان دەبێ وکۆمەڵە کالایەک دەخاتە بەردەم کرێکاران کەنرخی تێچوویان هەرزانە.

لەبارەى فاکتۆرى هەرزان کردنى ئامرازەکانى بەرهەمهێنانەوە مارکس خاڵێکى تر دێنێتە نێو باسەکەوە، ئەویش مونافەسەى نێوان سەرمایەکان وتێکشكان و وەدەرنانى بەشێکیانە لەپڕۆسەى بەرهەمهێناندا. بەپێى بنەما ، سەرمایە لەپێناو بەرهەمهێنانى قازانج و زیدەبایدا دەکەونە بەرامبەر بەیەکەوە و هەرسەرمایەیەک نەتوانێ لەمونافەسەى حەریفەکانى خۆیدا جێگاوڕێگایەکى گونجاو بەدەست بهێنێ توشى تێکشکان دەبێ. بەتایبەتى لەسەردەمانى قەیراندا ئەو سەرمایانەى کەنەتوانن زۆرترین بەشى زیدەبایى لەوەگەرخستنى سەرمایەى کۆمەلایەتیدا بپچڕن بەناچار تواناى مانەوە لەدەستدەدەن و توشى شکست دێن، ئەمەش ڕێگا دەکاتەوە بۆ چڕبوونەوەى سەرمایەو کڕینەوەى ئامڕازەکانى بەرهەمهێنانى سەرمایە شکستخواردوەکان بەنرخێکى هەرزانتر، لەنرخى پێشوویان و بەمجۆرەش سەرمایە سەرکەوتوەکان لەم مونافەسەیەدا بەبەهایەکى هەرزانتر لەمەیدانى بەرهەمهێناندا دەکەونەوە گەڕ و بەشى زیدەبایى سەرمایە شکست خواردووەکان بۆخۆیان دەبەن.

٣/ هێنانە خوارەوەى کرێى کرێکاران و لێگرتنەوە لەئاستى بەهاى واقعى هێزىکار:

بەهاى هێزى کار (کرێ) لەهەر بڕگەیەکى گەشەى سەرمایەداریدا و لەهەر ولاتێکدا یەکسانە بە بەهاى ئامڕەزاکانى بژێوى کرێکاران کە بۆ نوێکردنەوەى هێزیان پێویستیان پێیەتى. سەرمایەدارى هەمیشە لەهەوڵدایە بەهاى واقعى ئەم هێزى کارە لەزۆر ڕێگاوە بەرەو خواربهێنێ و کرێکاران لەئاستێکى بژێوى خراپ و خراپتردا ڕابگرێ. ئەمە بەو مانایە دێت کەسەرمایەداران بەردەوام هەوڵەدەن بۆ هەرزان کردنەوەى هێزى کار تا لەڕێگایەوە ڕێژەى زیاترى زیدەبایى کەڵەکە بکەن. بەلام سەرمایەداران چۆن دەست بۆ ئەم کارەدەبەن؟

لەمەدا چەندین ڕێگا لەبەردەستدایە: یەکەم لێگرتنەوەى کرێى کرێکاران بەبەهانەى جۆراوجۆرو پارچەپارچەکردنى بەناوى “ختورە، موخەسەسات، شارەزایى، تەمەنى کار” و شتى لەمجۆرەوە. دووەم، لەڕێگاى کۆپى کردنى پارەوە، یانى هێنانە کایەوەى دراوى نوێ(دراوى رەمزى) کەبەهاى پێشووى خۆیان لەدەستداوە و نرخیان لەبەرامبەر شتومەکدا هاتۆتە خوارەوە. بۆ نمونە پارەى تەبعى عێراقى کەحکومەتى بەعس لەسەردەمى قەیرانى ئابوورى سالانى 80 بۆسەرەوە چەندین جار پەناى بۆبرد وبەهاى کرێى کرێکارانى پێ هێنایە خوارەوە. سێهەم: بەرهەمهێنانى کالاى پێویست بۆ بژێوى رۆژانەى کرێکاران بەچۆنایەتى خراپ و چەندایەتى کەمترەوە. ئاشکرایە ئاستى بژێوى کرێکاران لەچەندین کالاى خوارکى، پۆشاک، خانوبەرە، خزمەتگوزارى، تەندروستى و گەلێک کالاى تر کە بۆخوشگوزەرانى ڕۆژانە پێویستن، پێکدێت. بەلام سەرمایەداران بۆبردنەسەرەوەى ڕێژەى قازانجى سەرمایە بەردەوام بەدواى بەرهەمهێنانى “کالاى بەدیل” دەگەڕآ کە لە ڕووى چۆنایەتى و چەندایەتىیەوە خراپترو کەمترە، و بۆهەرزان ڕاگرتنى ئاستى بژێوى ڕوولەخوارى کرێکاران، پەنابۆ ئەم جۆرەکالایانە دەبات. (پڕکردنى بازاڕەکانى کوردستان بە کالاى خوارکى ئیکسپایەر و دەرمانى ئیرانى و تورکى ومیسرى.. نمونەگەلێکى ئەم واقعیەتەن) کەدیارە ئەمەش دیاردەى هەژارى و نەبوونى ڕووبەڕووى کرێکاران دەکاتەوە. بەم جۆرە کەم کردنەوەى کرێ و گۆڕینى بەهاى واقعى کرێ لەڕێگاى بەرهەمهێنانى کۆمەڵە کالایەکى چۆنایەتى خراپ و چەندایەتى کەمەوە کەئاستى بژیوى کرێکاران دیارى دەکەن ڕێگایەکى ترە بەدەست سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانەوە، بۆ ناکام کردنەوە وبەرگرتن بەهاتنە خوارەوەى تێکڕایى قازانجى سەرمایە. بەلام ئەوەى کەسەرمایەداران ودەوڵەت بۆ هەستانەوەى مەیلى ڕوو لەخوارى تێکڕایى قازانج تاچەند دەتوانن کرێى کرێکاران کەم کەنەوە و پەلامارى ئاستى گوزەرانى کرێکاران بدەن، مەسەلەیەکى ئارەزوومەندانەى خاوەنکارو دەوڵەت نییە و ئەم فاکتۆرە خۆى دەباتە نێو خەباتى چینایەتىیەوە. بەتایبەتى کەدابەزینى کرێ ئاستێکى سنوردارەو ناتوانرێ تا ئاستى سفر بهێنرێتە خوارەوە. لەلایەکى تریشەوە خودى داکۆکیکردن لەکرێ وئاستى بژێوى یەک مەیدانى مەرگ وژیانى ڕۆژانەى کرێکارانەو خاسیەتى مەوجودیەتى ژیانى کارگەرییە. لێرەدایە پەیوەندى نێوان کاروسەرمایە بەمەیدانیکى هەمیشەیى خەبات و ڕووبەروو بوونەوەى چینایەتى لەنێوان پڕۆلیتاریاو بۆرژوازى دەگۆڕێ. خەباتى کریکاران و ڕێکخراوە کرێکاریەکان لەپێناو بردنەسەرى کرێ و باشکردنى ژیان یەک واقعیەتە کەلەگەڵ سەرهەڵدانى سیستەمى سەرمایەداریدا لەدایک دەبێ و دەچێتە نێو مێژووى خەباتى چینایەتییەوە.

ئەگەر باسەکەمان کورت بکەینەوە. ئەوا دەبێ بڵێین کەیاساى مەیلى ڕوولەخوارى تێکڕایى قازانج و هۆکارە ناکام کەرەوەکانى، بەشێوەیەکى ڕەها وەک قانونمەندیەک لەپڕۆسەى بەرهەمهێنانى کۆمەلایەتیدا وەک جەوهەرى قەیرانى ئابوورى کاردەکاو بەکردەوە ئاسەوارەکانى بەسەر پڕۆسەى بەرهەمهێناندا دادەکوتێ. بەلام کۆمەڵەى ئەم هۆکارە ناکام کەرەوانە گەرچى خۆیان میکانیزمێکى تێپەرین و کەم کردنەوەى کارکردەکانى قەیرانى ئابووریە، بەلام بەتەنها ڕوخسارێکى ئابووریان نییە و لەهەرولاتێکى دیاریکراودا و لەهەر سەردەمێکدا تێکەڵ بەیەک خەباتى سیاسى و چینایەتى وکۆمەلایەتى دەبن و ناکۆکیەکانى ئەم ململانییەش لەئاستى ئینسانیدا بەپێکدادانى کۆمەلایەتى و زۆرجاریش بەجەنگ و پشێوى و ڕاپەڕین و بزوتنەوەى زیندوودا دەکێشێ.

لەلایەکىتریشەوە ئێمە لەم باسەدا هەوڵمانداوە کاکڵەى تیورى قەیران لەلاى مەرکس بناسێنین، بەلام نابێت ئەوەمان لەبێر بچێت کە لێکدانەوەى هەرقەیرانێکى ئابوورى لەهەر سەردەمێک و لەهەرولاتێکدا، پێویستى بەڕۆچوونى زیاتر هەیە لەم ئاستە تیوریەى مارکسەوە بۆ شیکردنەوەى کۆمەڵەى ئەو چەمک و لێکدانەوانەى دەمانبەستێتەوە بە تایبەتمەندیە ئابوورى و سیاسى و کۆمەلایەتییەکانى هەرولاتێکەوە. چونکە دەرکەوتنى قەیران لەهەرسەردەمەدا ولەهەر ولاتێکدا بەپێى تایبەتمەندىیەکانى ئابوورى ئەو ولاتەو جیگاى لەکاردابەشکردنى جیهانیدا، نیشانەکان و دەرکەوت و شێوە و ئاساوارى تایبەت بەخۆیەوە دەگرێت. کەوایە دەکرێ بڵێین لەم کورتە باسەدا ئێمە باسمان لەدەزگاى تیورى مارکس بۆ ناسینەوە و قانون مەندى قەیرانى ئابوورى لەسیستەمى سەرمایەداریدا کردووە، نەک بەشێوەیەکى کۆنکریت لەبارەى قەیرانى ولاتێکەوە قسەمان کردبێت. کاریکى ئاوا تێپەڕین لەم ئاستە ودەستبردن بۆ ڵیکدانەوەى کۆنکرێتى قەیرانە ئابوورىیەکان لەهەرولاتیکدا دەخوازێ.

وەک دوا ووتەش لەم باسەدا، دەبى ئاماژە بەوە بدەین کەقەیرانى ئابوورى گەرچى خاسیەتێکى زاتى ولێک جیانەبووەوەى سیستەمى سەرمایەداریە و بەدەورى خۆى زمینەکانى خەباتى چینایەتى وشوڕش و ئاڵوگۆرە کۆمەلایەتییەکان پێکدێنێ. تەنانەت گەرچى لەسەردەمانى قەیرانى ئابووریدا خەباتى چینایەتى کرێکاران و کۆمەلانى خەڵکى زەحمەتکێش توندتر دەبێتەوە و ڕەنگە تا ئەو ئاستەش بڕوا کە داواى گۆڕانى کۆمەلایەتى وچاکسازى و ڕوخانى دەسەلاتەکان لەنێو جەماوەردا بهێنێتەکایەوە. بەلام مەرج نییە لەهەرقەیرانێکدا شوڕش وڕاپەڕینى کرێکاران و جەماوەرى خەڵک ببێتە کردەیەکى ئۆتۆماتیکى. حاڵەتێکى ئاوا بە ڕۆڵى ڕێکخراوبوون و هوشیارى و حزبییەتى چینى کرێکار و بزوتنەوە کۆمەلایەتییەکانەوە گرێى خواردووە. لەهەرحاڵدا سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان لەسەردەمانى قەیراندا تێدەکۆشن چەوسانەوە توند بکەنەوە وبارى تێکشکاوى سەرمایە بەسەر ڕەنج و میحنەتى کرێکاران و کۆمەڵگاى کار کردواندا بشکێننەوە، بۆئەمەش پەلاماردانى ئاستى گوزەران و مافەکانى کرێکاران و توندکردنەوەى کۆنەپەرستى و سەرکوت و بەربەست کردنى ئازادیەکان تا دەست بردن بۆجەنگ و داگیرکارى و دابەشکردنەوەى دنیاو بازاڕەکان.. وەک یەک گۆشەى سەرەکی لەسیاسەت وکارنامەى سەرمایەدارى و دەوڵەتەکەیدا جێگاى بۆ پەیدا دەبێت. لەلایەکى تریشەوە لەسەردەمانى قەیراندا ئەرکى داکۆکیکردن لەئاستى بژێوى و دەستکەوتەکان یەک وەزیفەى حەیاتى خەباتى کرێکاران پێکدێنێ. چینى کرێکار ئەگەر نەتوانێ لەسەردەمى قەیرانى ئابووریدا، لەبەرامبەر پەلامارو هێرشى سەرمایەداراندا خۆى ڕابگرێ و داکۆکى لەدەستکەوتەکان وئاستى بژێوى خۆى بکات، ئەوا دواى تەواوبوونى قەیران و دەستپێکردنەوەى دەورەیەکى تر لەگەشەى سەرمایە، رووبەڕووى لەهەلومەرجیکى سەخت و دژوارتر دەبێتەوە و ناچاردەکرێت بە ملدان بەبارودۆخێکى دژوارترى کار و فرۆشتنى هێزى کارەکەى. بۆرژوازى لەهەرقەیرانیکدا پەنا بۆ هەژارى و نەبوونى وبێکارسازى و داخستنى کارگەو بەرتەسککردنەوەى فرسەتەکانى کارو سەرەنجام داسەپاندنى هەلومەرجى کۆنەپەرستى وژێر پێنانى مافەکانى کریکاران و جەماوەرى خەڵک دەبا، ئەمەش بەپێویست کریکاران ڕادەکێشێتە نیو مەیدانى خەباتێکى ڕۆژانەوە. بەلام ڕاوەستانەوە بەڕووى ئەم بارودۆخانەو هەوڵدانى کرێکاران بۆئەوەى نەک هەر لەئاکامە زیانبارەکانى قەیرانى ئابوورى خۆپارێزى بکات، بەڵکو دەبى بەخەباتى خۆى خودى قەیرانى ئابوورى قوڵبکاتەوە و قەیرانى ئابوورى بەیەک قەیرانى شۆرشگێرانە بگۆرێ کەنەک هەر ئاستى کرێ و بژێوى خۆى بەرەو باشبوون بەرێ، بگرە شۆرشێک بێنێتە کایەوە کەنیزامى پێچەوانەو زاڵمانەى سەرمایە بۆهەتاهەتایە لەگۆڕ بنێ. بێگومان گۆرانێکى ئاوا پێویستى بەلەمەیداندا بوونى حزبى کۆمۆنیستى وشۆرشگیرى کریکارى دەخوازێ کرێکاران لەسەردەمانى قەیرانى ئابووریدا ناتوانن بەتەنها لەڕێگاى یەکێتىیە کرێکارییەکانیانەوە بەرامبەر بەبۆرژوازى و دەولەت و قودرەتى سەرمایە راوەستن ، بۆیە دەبى ئەوان لەحزبى خۆیاندا خۆیان ڕێکخراو ویەکگرتووبکەن. لەیەک ووتەدا خەباتى چینایەتى کرێکاران لەدژى سەرمایەدارى بوونێکى جیانەکراوەى ئەم نیزامەیە و لەسەردەمى قەیراندا فرسەتى ئەم خەباتە بەرەو گرتنى دەسەلاتى سیاسى و هێنانە سەرکارى حکومەتى کرێکارى دەکاتە یەک واقعیەتى عەمەلى. هەربۆیە بەقسەى مارکس سەردەمى قەیران لەهەمان کاتدا سەردەمى لێدانى زەنگى شۆڕشە کرێکاریەکانە.

March-2009

 

Check Also

سەبارەت بە دواگۆڕانکاریەکانی بارودۆخی سیاسی کوردستان

گفتوگۆی ئۆکتۆبەر لەگەڵ خەسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارەت بە دواگۆڕانکاریەکانی بارودۆخی سیاسی کوردستان  …