هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا:

ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ بەرامبەر بە فراوانبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل لەدژی خەڵکی غەززە و ترس لەهێرشکردنە سەر ڕەفەح، ئەو دوا “پەناگەیە”ی کە زیاتر لە ملیۆن ونیوێک کەس لەخەڵکی غەززە، کەپاش کۆچپێکردنی زۆرەملێ وهەڵهاتنیان لەژێر باری  بۆردومان و کۆمەڵکوژییەکی هەمەلایەنەدا کەلەلایەن قەسابە دەسەڵاتدارەکانی ئیسرائیلەوە بەڕێوە دەبرێ، پەنایان بۆبردووە، جارێکی دیکە حکومەتی سەربازی ئیسرائیل، بە گوێنەدانێکی تەواو بەفشارو داوای جیهان، هیرشی بۆسەر ڕەفح دەستپێکرد .

گوشارەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جیهانی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژیەکانی سوپای ئیسرائیل و پارێزەرانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە ئەمریکا و ئەوروپا و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرانی ئەو وولاتانەی ناچار بەکردنەوەی ڕێگەیەک کردوە بۆ دەربازبوون لەم بنبەست و زەلکاو و کۆمەڵکوژیە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک. ڕێککەوتنێک کە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی (بە نێوەندگیری حکومەتەکانی قەتەر و میسر) بە پلانی ئاگربەستێک لەنێوان حەماس و ئیسرائیل گەیشت! ڕێککەوتنێک کە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و هەموو زلهێزە دەسەڵاتدارەکانی جیهان، سەرەڕای بەشێکی زۆری خەڵک لە ئیسرائیل، بنەماڵەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و هەروەها خەڵکی غەززە و بنەماڵەی هەزاران بارمتەی فەلەستینی، دیل و دیلەکانی دەستی ئیسرائیل پێشوازییان لێکرد! دەیان هەزار فەلەستینی بەو هیوایە بوون کە بە ئاگربەست و کۆتاییهاتنی ئەو کوشتارانەی لێیان دەکرێ ئیتر بتوانن تەرمی ئازیزانیان لەژێر باڵەخانە و شار و گوندە وێرانبووەکان دەربهێنن و لە شوێنێکدا بیاننێژن.

لە کاتێکدا لە غەززە، لە دڵی خەڵکی گیرخواردوو لە ڕەفەح، تروسکاییەکی ئومێد بەکۆتاییهێنان بەو خوێنڕێژیەی کە لە شار و ماڵ و کۆمەڵگاکەیاندا بەڕیکەوتووە، گەشابوەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا، کەوتۆتە ژێر فشاری بزووتنەوەیەکی جیهانیی داکۆکیکردن لە خەڵکی فەلەستین و دژ بە کۆمەڵکوژی و پشتیوانیی هەمەلایەنەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە ئیسرائیل، هاوکات لەژێر فشاری بزووتنەوەی خوێندکارانی ناڕازی بەدژی ئەو کۆمەڵکوژیەی سوپای ئیسرائیل و پشتیوانی تەواوی سەربازی و دارایی ئەمریکا، کەوتۆتە لەرزە، لە هەلومەرجێکدا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەژێر فشاری ناڕەزایەتیە یەک لەدوای یەکەکاندا، ڕەوتی قەیرانێکی قوڵی سیاسی تێدەپەڕێنن. لەکاتێکدا زۆرێک لە خێزانەکانی بارمتە ئیسرائیلیەکانی دەستی حەماس و خەڵکی ناڕازی بەم وەحشیگەریە رژابوونە شەقامەکانەوە و داوای ئاگربەستیان کرد، کەچی ڕۆژی دووشەممە، حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل، بەخەڵکی غەززەی لە ڕەفەح، کەزیاتر لە ملیۆن و نیویك زیندانی، ژن، منداڵ، بەساڵاچوو، کەمئەندام، نەخۆش و هیتر، کەئەوێیان بەدوا پەناگەیان دانابوو، فەرمانیان پێکرا جارێکی تر “جێگۆڕکێ” بکەن و هەڵبێن! چونکە دەیانەوێت هێرش بکەن! وە ئەمڕۆش سێشەممە دەستی بە هێرشەکەی کرد!

ناتانیاهۆ و کابینە جەنگیەکەی، هەموو ڕێگاکانی هەڵهاتنیان لەبەردەم خەڵکی بێتاوانی غەززەدا داخستوە. ڕێگاکانی گەیشتنی خۆراک و هاوکاریە نێودەوڵەتیەکانیان بەڕووی خەڵکدا داخستوە بۆئەوەی بەتەواوی ناوچەکە کاول بکەن و دانیشتوانەکەشی کۆمەڵکوژ بکەن. هاوکات دەستیاندایە هێرشێک کە خۆی ئاماژەیە بۆ بنبەست و نائومێدی و بێئاسۆیی فاشیزمێک کە شکستی هێناوە. بکوژان و ئەو قەسابانەی کە بەخراپ کەڵک وەرگرتن لە دڕندەییەکانی فاشیزمی هیتلەر، ماوەی حەوت مانگە هەمان تاوانی نازییەکان کەبەرامبەر بە جوولەکەکان کراوە، لەدژی خەڵکی فەلەستین ئەنجامی دەدەن! هێرش بۆ سەر ڕەفەح بێئومێدی بزووتنەوەی کۆنەپەرستانەی زایۆنیستیە، کە ئەمڕۆ خوێنی خەڵکی بێتاوانی غەززە و فەلەستینی کردۆتە هەوێنی مانەوەی خۆی!

هێرش بۆ سەر ڕەفەح ڕێگای بۆ هەر جۆرە پاشەکشەیەك و دەرچوون لەو گۆشەگیریە نێودەوڵەتییەی زایۆنیزم و فاشیزمی ئیسرائیل دژی گەلی فەلەستین لای خەڵکی جیهان، هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەمریکاو ئەوروپا و ئەفریقا و گۆشەگیربوون لای گەورەترین پارێزەرانی لە ئەمریکاو ئەوروپا، نەهێشتۆتەوە. هەوسارپچڕاندنی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل و بێ ئایندەییەکەی، هەروەها کرانەوەی دۆسیەی ئەستوری تاوانەکانی و قەسابیکردنی خەڵکی غەززە لەلایەن سوپای لۆمپەن-فاشیستی ئیسرائیلەوە، بەقەد سەرەدەرزیەک لەڕۆڵی وێرانکەر و بەشداری ڕاستەوخۆی سەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و لەپێشیانەوە ئەمریکا لەم جینۆسایدە و لەم لەناوبردنە پلان بۆدانراوەی خەڵکی فەلەستین کەم ناکاتەوە.

ببنبەستی زایۆنیزم لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی بێدرێخی ئەمریکا و هەموو ولاتانی دیکەی ڕۆژئاوادا، بنبەستی هەموویان، بنبەست و چەقبەستوویی بۆرژوازی و سەرمایەداریەکی هاوچەرخە کە بەبێ شەڕ و کوشتار و برسیکردن و ڕاونان و دەربەدەرکردنی سەدان ملیۆن لەخەڵکی بێبەش و کرێکاری جیهان ناتوانرێت بمێنێتەوە! ئەم بنبەستەی “دیموکراسی ڕۆژئاوا” بنبەستێکی ئابووری، سیاسی، ئەخلاقی، ئایدۆلۆژی، و کولتووریی بۆرژوازییە، کە بڕیاربوو لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە، خەڵکی جیهان لەڕیگای “ئابووری بازاڕی ئازاد”ەوە بەیەکجاری “رزگار” بکات!

دەربازبون لەم بنبەستە، تەنانەت بە کۆمەڵکوژییەکی یەکجارەکی ملیۆنان کەس لە خەڵکی بێتاوانی فەلەستین و خستنەڕێی روباری خوێنی زیاتر بە ئاسانی لەتوانادا نیە! هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح بۆ هەموویان قومارێکی دۆڕاوە. ئەم وەحشیگەریە، ڕوخساری ڕاستەقینەی بۆرژوازی جیهانی و بۆرژوازی و “دیموکراسی” ڕۆژئاوایی و مەودای ماف و مافەکانی مرۆڤی ئەوان نمایش دەکات! نمایشێک کە گوزارشت لە داڕمانی بناغەکانی نەزمی جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکاو داڕمانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکەی دەکات.

بەڵام هێرشکردنە سەر ڕەفەح دوا چانسی قومارکردنی ئەم فاشیزمە شکستخواردووەیە! نابێت ڕێگە بدرێت لەوە زیاتر خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە بکەنە قوربانی شکستە مێژووییەکەیان! هێرش بۆ سەر ڕەفەح دەبێ دوا بزمار بێت لە تابووتی زایۆنیزم و فاشیزمی ڕەگەزپەرستی یەهودی و پارێزەرە جیهانیەکانیان!

داکوتانی ئەم بزمارە کاری چینی کرێکاری جیهانییە، کاری هەمان بەشەریەتی شارستانییە کە تا ئەمڕۆ ئەم دەولەتە نازدارەی میلیتاریزمی ڕۆژئاوایی! ئەم هارتیرین و دڕندەترین و پڕچەکترین هێزە سەربازی و مالی و سیاسیەی بۆرژوازی ڕۆژئاوای، لەخودی ڕۆژئاوادا خستۆتە سەر ئەژنۆ! ئەمە کاری بەشەریەتێکی موتەمەدینە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەمریکا و ئاسیا و ئەفریقا، کە نایەوێ لەوە زیاتر هەژاری و نەهامەتی و ڕەگەزپەرستی و حکومەتە سەربازی و میلیتاریستی و ئایینی و کۆنەپەرستە یەهودی و مەسیحی و ئیسلامیی و چەوسینەرانەی کاری مرۆڤ درێژەی هەبێت!

ئێمە سێ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ناوچەکە خۆمان بە بەشێک لەو هێزەی مرۆڤایەتی دەزانین کە لە مەیداندایە و بەهێزی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەم زەلکاوە هەنگاوهەڵدەگرێت. ئێمە چینی کرێکار و بەشەریەتی موتەمەدین، سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکاریەکان، هەموو دامودەزگا و هێزە مرۆڤدۆستەکان و ئازادیخوازەکان لە سەرانسەری جیهان و لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست بانگەوازدەکەین ڕووبەڕووی ئەم دڕندەییە بوەستنەوە. نابێ ڕێگە بە دەستەی فەرمانڕەوای ئیسرائیل و پارێزەرانی جیهانی و ناوچەیییان بدرێت کە بە ئاسانی کۆمەڵکوژییەکی گشتی بەبێ بەربەست ئەنجام بدەن. پێویستە وایان لێبکرێت لە کار و کردەوە تاوانکاریەکانیان پەشیمان بکرێنەوە و هەموو جیهاندا بەرامبەریان بخرۆشێت.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

حیزیی حیکمەتیست (خەتی رەسمی)

٧ی ئایاری ٢٠٢٤

 

Check Also

وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە سیدنی، ئوسترالیا.  عامر سابیر …