پاراستنی سەلامەتی ” ئێڤار ابراهیم” لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەولێرە!

دوای چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لە کەناڵی روداو سەبارەت بە کەیسی کوژرانی پارێزەر “ناز سلێمان ” لە شاری هەولێر، “ئیڤار ئیبراهیم” ئەندام پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی لیژنەی بەرگری لە مافەکانی ئافرەتان، لەلایەن چەند ژمارە تەلەفۆنێکی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێدەکرێت‌و لەسەر سۆشیال میدیاشەوە سوکایەتی و هەڕەشەی ناوزڕاندنی لێدەکرێت. بەرامبەر بەم هەڕەشەو سوکایەتیانە ناوبراو سکاڵای یاسایی تۆمارکردوە، بەڵام تۆمارکردنی سکاڵاکە رێگری لە بەردەوامبوونی هەڕەشەکان‌ بۆسەری نەکردوە.

نیوەڕۆی ٣/١/٢٠١٦ کچە پاریزەرێك بەناوی”ناز سلێمان” دیارنامێنێ‌و پێشنیوەرۆی رۆژی دواتر لە نزیك گەڕەکی ” شاری خەونەکان- دریم سیتی” تەرمەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دەدۆزرێتەوە. جۆری ئەو بەڵگانەی کە ووتەبێژی پۆلیس‌و راگەیاندنی پزیشکی دادوەری هەولێر دەربارەی مردنەکەی بڵاویان کردەوە، گومانی لای خەڵکێکی زۆرو کەسوکاری “ناز سلێمان”یش دروست کردوە. “ئیڤار ئیبراهیم” لەو بەرنامەیەی تەلەفزیۆنی “روداو”دا ئەوەی راگەیاند کە گومانی لەسەر مردنەکە هەیەو پەلەکراوە لە شاردنەوەی تەرمەکە و لێکۆڵینەوەی پێویست نەکراوە. لەسەر ئەم گومان کردنە، “ئێڤار ئیبراهیم” روبەرووی هەڕەشەو ناوزڕاندن بۆتەوە و ژیان‌و کەرامەتی مۆڤایەتی لەژێر هەڕەشەدایە.

ئەم هەرەشەیە لە “ئیڤار ئیبراهیم”و هەوڵی ناوزراندنی لە لایەن هەر لایەن‌و کەسێکەوە بێت ئەو گومانە لای خەڵك زیاتر دەکات کە لەسەر روادوی مردنەکە دروست بوەو پێدەچێت کەسانێکی لە پشتەوە بێت کە دەستیان لە کوشتنی ” ناز سلێمان”دا هەبووە. لەلایەکی تریشەوە گومان لەسەر کەمتەرخەمی دەزگا ئەمینەکانی هەولێر دروست دەکات کە نایانەوێت راستی و گرێکانی ئەم کەیسە و چەندین کەیسی تر بکرێنەوەو ئاشکرا بکرێت.

ئێمە ئەوە رایدەگەیەنین کە ژیان‌و سەلامەتی “ئیڤار ئیبراهیم”و راگرتنی ئەو شەپۆلی ناوزڕاندنەی پێی دەکرێت، لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەولێردایە. هەموو جۆرە دەستدرێژی‌و هەڕەشەو سوکایەتی وناوزڕاندنێکی ناوبراو بە تاوانێکی ئەنقەست دادەنێین‌و ئیدانەی دەکەین.

دەسەڵاتدارانی هەولێر فایلێکی رەشیان هەیە لە شاردنەوەی تاواندا ، بۆیە مافی خەڵکی کوردستان‌و کەسوکاری “ناز سلێمان” و هەروەها “ئێڤار ئیبراهیم “یشە کە گومانیان لە روداوەکە هەبێت‌و داوای لێکۆڵینەوەی ووردو بێلایەن لە دۆسیەی مردنەکە بکەن. هەڕەشەکان لە ئێڤار ئیبراهیم بۆئەوەیە کە کەیسەکەی “ناز سلێمان”یش وەکو کەیسی تیرۆری سەردەشت عوسمان و چەندین کەیسی ترلەناو تاریکی دەسەڵاتی دادوەریی هەولێردا وون بکرێن‌و بنێژرێن!

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٢/١/٢٠١٦

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *