بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری‌و ئەرکەکانمان

به‌رامبەر بەقەیرانی سیاسی و ئابوری ‌و بارودۆخی سەختی هەژاری‌و برسێتی کە بەهۆی دەسەڵات‌و بنبەستی دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوایی کوردەوە روبەرووی جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان بوەتەوە، رێگا چارەو بەدیلی سیاسی دامەزراندنی دەسەڵاتی شوراکانی کرێکاران‌و خەڵکی چەوساوەو زەحمەتکێشی کوردستانە.

بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بێبەش‌و چەوساوەی کوردستان سەرەنجام دەبێت مەسەلەی دەسەڵات بە قازانجی خۆی یەکلابکاتەوە تا لەوڕێگایەوە سەرجەم خواست و داواکان‌و بەرنامەی گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری خۆی بەئەنجام بگەیەنێت. بەڵام بۆ گەیشتنی بزوتنەوەکە بەو ئامانجە بگات ئەو هەنگاوانەی خوارەوە پێویستن:

  • پێویستە بەرامبەر بەم هێرشەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆسەر ژیان و گوزەران و تاڵانکردنی گیرفانی مامۆستایان‌و کارمەندان‌و کرێکاران‌و خانەنشینان بزوتنەوەو جموجوڵێکی فراوان و سەراسەری بەرێبخرێت. ناڕەزایەتیەکان بە فراوانی و لەهەموو شارو شارۆچکەیەك، لەهەموو دامەزراوه‌و فەرمانگەو نەخۆشخانەو خوێندنگاو زانکۆیەك دەست پێبکات‌و درێژەی هەبێت.
  • ناڕەزایەتیەکان هەموو شێوازەکانی مانگرتن‌و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندان لەناو فەرمانگەو نەخۆشخانەو زانکۆ و خوێندنگاکاندا بگرێتەخۆی. پێویستە بەردەوام شێوازەکانی خەبات‌و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان بگۆڕدرێن‌و تەنها بەیەك شێوازی ناڕەزایەتیەوە خۆمان تەنگەبەرو قەتیس نەکەینەوە.
  • لەهەموو ناوەندەکانی کارو فەرمانگەو خوێندنگاو زانکۆو پەیمانگاکان و خەستەخانەکان “دەستەکانی سەرپەرشتی” ناڕەزایەتیەکان لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریەوە لەچالاکترین و هەڵسوڕاوترین کەسەکان دروست بکرێن.
  • کاری ئەم دەستانە بریتی دەبێت لە دوو ئەرکی سەرەکی:

یەکەم؛ دابینکردنی رابەریەکی تێکۆشەرو شۆرشگێڕ بۆ سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکان کە هەنگاو بەهەنگاو ئاسۆی داهاتووی روون دەکاتەوە‌و پێ بەپێ بەرەوپێشچوونی توانای ناڕەزایەتیەکان‌، خواستەکان‌و شێوازی ناڕەزایەتیەکان دەگۆڕن.

دووەم؛ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی رێکخراوەی جەماوەری ئیدامەکارو شوراکان لە ناوەندەکان و شوینی ژیان وکارداو لەناو توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگادا. فاکتەرێکی گرنگ بۆدەرکیشانی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر لە په‌رش‌و بڵاوی و خۆرسك بوونی، بوونی رابەریەکی موعتەبەرو رێکخراوەی خەباتکاری جەماوەریە.

  • بەڵام هەنگاونان بۆ دروستکردنی شوراو رێکخراوەی جەماوەری ئیدامەکار لە دوو ئاستدا بەرجەستە دەبێت:

یەکەم؛ دەستەکانی هەمان پیشە لەناوەندە جیاوازەکاندا پێکەوە تۆڕی دەستەکان دروست بکەن بۆ سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکان لەو ناوەندانەدا. هەروەها دەستەکانی هەرناوەندە هاوکاتی سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکان پێویستە خەریکی رێکخستنی جەماوەری ناڕازی ناوەندەکەی خۆیان بن و ناوبەناو کۆبوونەوەی گشتی سازبکەن‌و کرێکاران و کارمەندانی ناوەندەکەیان بکەنە بەشداری بڕیارەکان.

دووەم؛ لەگەڵ دەستەکانی دیکەدا لەناوەندە جیاجاکاندا پەیوەندی دروست بکەن‌ بەمەبەستی هاوئاهەنگکردنی کارەکان و ناڕەزایەتیەکان‌. هەروەها پەیوەندی ئەم دەستانە تا ئاستی شارو شارۆچکەیەك و هەروەها تائاستی سەرجەم شاروشارۆچکەکان بچێت‌و تۆڕێکی سەراسەری دەستەکانی ناڕەزایەتی لە کوردستاندا دروست بکەن. پەیوەندی نێوان دەستەکانیش بنەمای پەیوەندی نێوان شوراو رێکخراوە جەماوەریەکان لەئاستی ناوەندەکان و شارو شارۆچکەکاندا فەراهەم دەکات.

  • شێوازی کارو دەخالەتی دەستەکان‌و لەهەنگاوی دواتردا شوراو رێکخراوە جەماوەریەکان بەوجۆرە دەبێت کە:

یەکەم؛ گرتنەبەری شێوەی گونجاو لە دەربڕین‌و بەرێخستنی ناڕەزایەتیەکاندا و خۆبەدوورگرتن لە رووبەروبونەوەی پێشوەخت لەگەڵ دەسەڵاتدا.

دووەم؛ خستنەرووی خواستەکان و دەستبردن بۆ شێوازی ناڕەزایەتی دەربڕین بەپێی ئاستی ناڕەزایەتیەکان‌و هاوسەنگی هێزی نێوان جەماوەرو دەسەڵات.

سێهەم؛ لەو شوێنانەدا کە خزمەتگوزاری زۆر پێویست پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێ و کاریگەری راستەوخۆی بۆسەر سەلامەتی ژیانی هاوڵاتیان دەبێ، بەشێوەی درێژماوە کار راگرتن ئەنجام نەدرێ، یان سیستەمی خەفارەت رەچاوبکرێ.

چوارەم؛ دەستەکان‌و رێکخراوەکان و شوراکان لەو ناوەندانەی کە داهاتیان هەیە ئیدارەو حکومەت ناچاربکەن کە بەشێك لەو داهاتە تەرخان بکرێ بۆ مووچەی کرێکارو فەرمانبەران‌و کارمەندانی ئەو شوێنانە. هەروەها لەکاتی پێویست‌و گونجاودا خۆیان دەستبەرن بۆ جێبەجێ کردنی.

پێنجەم؛ پڕوپاگەندەی فراوان لەناو جەماوەردا بۆ شوراو رێکخراوەی جەماوەری‌و هەروەها ناساندنی شورا لە ئاستێکی فراواندا. هەوڵدانی بەبەرنامە بۆ سود وەرگرتن لە میدیا بۆ ئەو مەبەستە.

شەشەم؛ وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و گونجاو دژی بڕیارو هەنگاوەکانی دەسەڵات بۆ پشتگوێ خستنی خواستەکان بە بەیانی کورت و شێوازی گونجاو. توندکردنەوەی فشار لەسەر ئەو حزب‌و رێکخراوانەی کە بەشێوەی بەیناوبەینی‌و ناپەیگرانە بەرگری لە ناڕەزایەتی‌و خواستەکانی جەماوەر دەکەن.

  • داواکاریەکان : داواکاریە دەستبەجێکان؛
  1. هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچەو دانی موچە بەبێ دواکەوتن و لەکاتی خۆیدا. گێڕانەوەی مووچە دەستبەسەرداگیراوەکان لەلایەن حکومەتەوە.
  2. دابینکردنی لانی کەمی بژێوی بۆ ئەو کەس‌و خێزانانەی کە بەهۆی قەیرانەوە کارەکانیان لەدەستداوە.
  3. دابینکردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتی‌و سەرەتاییەکان، وەکو دابینکردنی ئاوو کارەباو نەخۆشخانەو سوتەمەنی…
  4. ئازادیی بێچەندوچوونی ناڕەزایەتی‌ دەربڕین‌ بەشێوەی جەماوەری: کۆبوونەوە، مانگرتن، دەستلەکارکێشانەوە، رێپێوان‌و خۆپیشاندان. ئازادیی بێچەندوچونی رێکخراوبون‌و دروستکردنی رێکخراوەی جەماوەری سەربەخۆ لە دەسەڵات.
  • کێشەی خەڵك تەنها کێشەی مووچەو نەبوونی خزمەتگوزاری نیە، بەڵکو کێشەیەکی ئابوری و سیاسی هەمەلایەنەیه‌ کەسەرتاپای کۆمەڵگای بەرەو داڕوخان بردوە. برسێتی و بێدەرەتانی روبەڕووی دەیان هەزار خێزان بوەتەوە کە هیچ سەرچاوەیەکی داراییان نەماوە بەهۆی راوەستانی پرۆژەکان‌و قەیرانی ئابوریەوە. بارودۆخی ژیان‌و گوزەرانی لاوان و بێکاران بەشێوەیەکی سامناك خراپ بوە. ژنان باری سەختی ئەم بارودۆخە قەیرانگرتوەیان بەکٶڵدا دراوەو ئەوەندەی دیکە مافەکانیان پایەماڵ کراوە. بۆیە ناڕەزایەتی جەماوەر بوعدێکی فراوان‌و هەمەلایەنی بەخۆوە گرتوە.

لەوڕووەوە، هاوکاتی رێکخستنی ناڕەزایەتیەکان و پێکهێنانی دەستەو رێکخراوەی جەماوەری و شوراکان لەناوەندەکانی کاردا، پێویستە هەڵسوڕاوانی رادیکاڵ‌و ئازادیخوازو یەکسانیخوازو کۆمۆنیستی ناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لەهەوڵی ئەوەدابن و دەستبەرن بۆ دروستکردنی دەستەو گروپ‌و رێکخراوە جەماوەریەکان لە ناو توێژە ناڕازی‌و بێماف‌و چەوساوەکانی کوردستاندا:

  1. پێکهێنانی دەستەکانی گەڕەك لە کەسانی هەڵسوڕاوو چالاكی گەڕەك‌و بەتایبەتی گەنجان بۆئەوەی سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکانی گەڕەکەکان بکەن‌و روبەڕووی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیان بکەنەوە. هەروەها ئەو گروپی گەنجانە لەکاتی پێویستدا دەتوانن هەستن بە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی گەڕەکەکانیان و رێگابگرن لەکاری پشێوی و تاڵانکردن.
  2. بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی دژی بێکاری. دەستەکان‌و گروپەکانی ناڕەزایەتی لەناو ئەم بەشانەدا پیك بهێنرێن‌و لێك گرێبدرێنەوەو گەشەی پێبدرێ بۆ پێکهێنانی رێکخراوی جەماوەری کە دروشمی دابینکردنی بژێوی و بیمەی بێکاری بەرزبکاتەوەو لەگەڵ بزوتنەوەی گشتی جەماوەریدا گرێبخواتەوە. گەنجان و دەستەو گروپەکانی گەڕەکەکان دەتوانن دەورێکی بەرچاویان هەبێ لەم بزوتنەوەیەدا.
  3. بەرێخستنی بزوتنەوەیەکی یەکسانیخوازی ژنان لەلایەن هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازی ژنانەوە کە هاوکات بۆ بەدیهێنانی مافە سەرەتاییەکانی ژنان و پرسی یەکسانبوونیان لەگەڵ پیاواندا تێبکۆشێت‌و هاوکات ببێتە بەشێك لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی گشتی بۆ نان و ئازادی.
  • یەکێك لە گرفتە سەرەکیەکانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا کە فرسەتی سەرکەوتنیشی کەم دەکاتەوە ئەوەیە کە چینی کرێکار لە کوردستان دەورێکی بەرچاوی تێدانیە، بەتایبەتی کرێکارانی ناوەندو دامەزراوە ئابوریە هەستیارەکانی وەکو نەوت‌و گاز‌و بەرهەمهێنانی کارەباو چیمەنتۆو… تاد. پێویستە بەشێوەیەکی لێبڕاوانە کاربکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە.

دەبێ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و بەتایبەتی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست ‌و چەپ هەوڵی جدی بدەن بۆ دەستراگەیشتن بەم ناوەندانە. پێویستە گروپ و دەستەی جۆرواجۆری کرێکاران لەو ناوەندانەش دروست بکرێن. هەنگاو بەرەو دروستکردنی رێکخراوەی جەماوەری‌و شوراکانی خۆیان بنێن. بزوتنەوەی کرێکاری لەم ناوەندانە لەگەڵ بزوتنەوەی گشتی لێك هەڵپێکرێن.

ئەم هەنگاوانەی سەرەوە لە پرۆسەیەکی ئامادەسازی سیاسی و رێکخراوەیی جەماوەردا دەچێتە پێشەوە تا ئەوکاتەی کە دەستە ناڕەزایەتیەکان فراوان بوونەتەوەو جەماوەرێکی فراوانتر پێیانەوە پەیوەست بوون و هەنگاویان ناوە بەرەو دروستکردنی شوراو رێکخراوە جەماوەریەکان لەناو خەستەخانەو فەرمانگەو ناوەندەکانی خوێندن‌و دامەزاروە ئابوریەکان‌و پاشانیش گەڕەکەکان. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ چونەسەری هێزو توانای جەماوەر بۆ سەپاندنی خواستەکان و بەدیهێنانیان بەرەوپێش دەچێت‌. لەوجێگایانەی کە دەسەڵات وەڵام ناداتەوە خۆی ئەوەندە هێزی پەیدا کردوە کە تەرحەکان و رێگاچارەکانی خۆی جێبەجێ دەکات‌و بەوجۆرە لەگەڵ دروستبوون و بەهێزبوونی شوراو رێکخراوە جەماوەریەکاندا لە ناوەندەکان و گەڕەکەکاندا ئیتر لەخوارەوە جەماوەری ناڕازی و هوشیارو رێکخراو دەست دەبات بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و بڕیارەکانی خۆی لەخوارەوە. بەکردەوە دەسەڵاتدارێتی شوراو ئەنجومەنەکانی خەڵك لەخوارەوە جومگە ئابوری و سیاسیەکانی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر دەستی خۆیەوەو بەکردەوە زەمینەی راگەیاندنی دەسەڵاتی شوراکان فەراهەم دەبێت.
لەکۆتاییدا بانگەوازی سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حزب، هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست‌و چەپ، ئازادیخوازو یەکسانیخواز و هەموو ئەو کەس‌و لایەن‌و گروپانە دەکەین کە خوازیاری کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە کارەساتبارەی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستانن، پێکەوە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکانە هەنگاوبنێین .
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٩-٣-٢٠١٦

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *