روونكردنه‌وه‌يه‌ك:
بيرۆكه‌ى بنه‌ڕه‌تى ئه‌م باسه‌و به‌شێكى زۆريش له خودى باسه‌كه له سيمينارێكدا له‌سه‌ر پاڵتۆك له ساڵى ٢٠٠٥دا پێشكه‌ش كرا، به‌ڵام بۆ ئاماده‌كردنى به‌شێوه‌ى ئه‌م نوسينه له‌كاتى داڕشتنه‌وه‌ى باسه‌كه‌دا هه‌م ده‌ستكارى كراوه‌و هه‌م كه‌موزيادى تێدا كراوه. بڵاوکردنەوەی باسەکەش بەشێوەی نوسراو بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦دا و لەسەر ئینتەرنێت بوو.
هەرچەندە نزیکەی ٩ ساڵ بەسەر ئەم نوسینەدا تێدەپەڕێت، بەڵام پێموایە لێکدانەوەو لێکۆڵینەوەکانی ناو نوسینەکە بایەخی خۆیان لەدەست نەداوە، بۆیە بڕیارمدا کە بینێرم بۆ ژمارە (٢)ی بڵاوکراوەی “دیدگای سۆشیالیستی” بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی. بەڵام لە چەند جێگایەکدا هەوڵمداوە باسەکە بەپێی زانیاریەکان‌و روداوەکانی ئێستا ئەپدەیت بکەمەوە. ئەو شوێنانەی دەستکاریەکانی تێداکراوە لە پەراوێزی لاپەڕەکەدا ئاماژەی پێکراوە.
نوسينه‌کە هه‌ندێجار ده‌چێته ناو لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى مێژووييه‌وه كه ره‌نگه خوێنه‌ر دڵى ئه‌وه بخوازێ به ناوهێنانى سه‌رچاوه، لێكۆڵينه‌وه‌كه باوه‌ڕپێكراوتر بكرێ. بێگومان بۆ نوسينى ئه‌م باسه كه‌م تازۆر سوودم له‌و نوسراوه ماركسيستيانه وه‌رگرتوه كه به‌درێژايى ژيانى سياسيم له‌ماوه‌ى نزيك به‌چاره‌كه سه‌ده‌يه‌كدا خوێندوومنه‌ته‌وه، به‌تايبه‌تى نوسراوه‌كانى هاوڕێ مه‌نسورى حيكمه‌ت. هه‌روه‌ها هه‌ندێ نوسراوى ديكه‌ش كه به بۆچوونى خۆم به‌ڵگه‌ى زانستيیان هه‌بووه‌و جێى متمانه‌ى من بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه من له‌م كاته‌دا فرسه‌تى ئه‌وه‌م نه‌بوو كه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و نوسراوانه‌و لێره‌دا ناويان بهێنم.
به‌ڵام من به‌وه‌ى كه هيچ ده‌قێكى دياريكراوم نه‌هێنانه‌وه‌ته‌وه خۆم له‌و ئيلتزامه بۆ گه‌ڕان به شوێن سه‌رچاوه‌كاندا رزگاركردووه! هه‌ڵبه‌ت هه‌ر خودى گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و نوسراوانه‌ش كارێكى ئاسان نيه. هه‌رچۆنێك بێت، من خۆم به‌ته‌واوى له‌م باسه به‌رپرسيارم، چونكه له دوالێكدانه‌وه‌دا بۆچوونى خۆم به‌يان ده‌كه‌ن.
بۆ ساده‌كردنه‌وه‌و ئاسانكردنى شوێنكه‌وتنى باسه‌كه، هه‌وڵمداوه كه سه‌رجه‌م باسه‌كه‌م بۆ چه‌ند به‌شێكى سه‌ره‌كى‌و لاوه‌كى دابه‌ش بكه‌م‌و به‌و پێيه‌ش تايتڵيان بۆ دابنێم. هيوادارم كه توانیبێتم له‌بارى ته‌كنيكى نوسينه‌وه ئه‌وه‌م ئه‌نجامدابێت كه خوێنه‌ر شه‌كه‌ت‌و ماندوو نه‌بێ! له‌بارى ده‌ق‌و ناوه‌رۆكيشه‌وه جێگاى قبوڵى ئه‌و كه‌سانه بێت كه خۆيان به‌شه‌ريكى ره‌خنه‌يه‌كى سياسى كۆمه‌ڵايه‌تى پێشڕه‌وو راديكاڵ‌و زانستيانه ده‌زانن له ئيسلام‌و ناسيۆناليزمى كورد وه‌كو دوو بزووتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى‌و، كوردايه‌تى‌و ئيسلامى سياسى وه‌كو دوو بزووتنه‌وه‌ى سياسى بۆرژوازى له كوردستان.
پێشه‌كى:
كاتێك باسى تيرۆريزمى ئيسلامى ده‌كرێ، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانه‌ى كه به‌جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندييان له‌گه‌ڵ ئيسلام‌دا هه‌يه يان خۆشباوه‌ڕ كراون به‌ئيسلام، ده‌ڵێن: ئيسلام دينى ئاشتييه! ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌يه ته‌نانه‌ت له‌لايه‌ن ئه‌و تاقمه ئيسلاميانه‌شه‌وه ده‌كرێ كه رۆژانه پڕوپاگه‌نده بۆ “جيهاد” ده‌كه‌ن‌و به‌كرده‌وه‌ش ئه‌م فه‌رمانه‌ى ئيسلام به ملپه‌ڕاندن‌و سه‌ربڕين‌و تيرۆركردنى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى جێبه‌جێ ده‌كه‌ن! ناسيۆناليزمى كورديش بۆئه‌وه‌ى “ره‌سه‌ن‌و ناڕه‌سه‌ن”ه‌كانيان- به زمانى راگه‌ياندنى ره‌سميي بۆرژوازى “ميانه‌ڕه‌و و تونده‌ڕه‌و”-ه‌كانيان لێك جيا بكاته‌وه، تا له‌گه‌ڵ “ره‌سه‌نه‌كانيان”دا بسازێت، هه‌مان ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌يه ده‌كات. خه‌ڵكێكيش هه‌ن كه يان له‌ژێر كاريگه‌ریى ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌يه‌دا، يان به‌هۆى ده‌سەڵاتى ياسايی‌و فكريی ئيسلامه‌وه به‌سه‌ر ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تیدا تووشى ئه‌م وه‌همه بوون.
ئه‌وه‌ى من ده‌مه‌وێ لێره‌دا روونى بكه‌مه‌وه ئه‌وه‌يه كه تيرۆريزمى ئيسلامى سه‌رچاوه‌كه‌ى له ئيسلامه‌وه وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى كه لقێكى سه‌رچاوه‌ى فكريی ناسيۆناليزمى كورديش ئيسلامه! ئه‌مه سه‌ربارى لێكدانه‌وه‌ى ماهيه‌تى چينايه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئيسلامى سياسى له‌لايه‌كه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندى سياسى ناسيۆناليزمى كورديش له ده‌ست گرتنى به‌ئيسلامه‌وه له لايه‌كى ديكه‌وه.
بێگومان كارى من ئه‌وه نيه كه ده‌قه‌كانى قورئان لێك بده‌مه‌وه. ئه‌م كاره كه‌سانى ديكه كردويانه‌و كه‌م تا زۆريش سه‌ركه‌وتوو بوون له ده‌رخستنى ماهيه‌تى توندوتيژيى ئيسلام. به‌ڵام من ده‌مه‌وێ له‌و مه‌سه‌له زۆر ساده‌يه‌وه ده‌ست پێبكه‌م كه فه‌لسه‌فه‌ى بنه‌ڕه‌تيى ئايديۆلۆژياى ئيسلام پێكده‌هێنێ، ئه‌ويش په‌يوه‌ندى نێوان “خودا‌و كۆيله”يه. به‌پێى ئاينى ئيسلاميش ده‌بێت “كۆيله” گوێڕايه‌ڵ‌و جێبه‌جێكه‌رى فه‌رمانه‌كانى “خودا” بێت ده‌نا به‌سزاى سوتاندن له دۆزه‌خدا بۆ ده‌يان‌و سه‌دان‌و بگره هه‌زاران ساڵ هه‌ڕه‌شەى لێده‌كرێت.
ئيسلام له‌م دنيايه‌دا (واته له‌دنياى واقعيدا كه‌ئينسان بوارى ئيراده‌ى هه‌يه) هه‌ڕه‌شه ده‌كات‌و جێبه‌جێكردنه‌كه‌شى ده‌خاته ئه‌و دنيا (واته ئه‌و دنيايه‌ى كه ته‌نها “خودا” ده‌سه‌ڵاتى تێدا هه‌يه‌و ئينسان هيچ ئيراده‌يه‌كى نامێنێ‌و ملكه‌چ له‌به‌رده‌م چاره‌نوسى خۆي‌دا راده‌وه‌ستێ)! ئه‌مه تا ئه‌وكاته‌ى كه هێشتا “خودا” نه‌بووه‌ته ئامێرێك به‌ده‌ستى چينه داراو چه‌وسێنه‌ره‌كانه‌وه بۆ كۆنترۆڵكردنى چينه چه‌وساوه‌كان. ئه‌مه تا ئه‌وكاته‌ى كه هێشتا چەمکی خودا‌و کۆیلە هه‌ردووكيان وجودى زه‌مينيیان په‌يدا نه‌كردووه‌و “خودا” ئه‌ركى پاراستنى سامان‌و به‌رژه‌وه‌ندى چينه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى له‌خه‌ته‌رى کۆیلە واقعيه‌كان (چينه نه‌دارو چه‌وساوه‌كان) له‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه. ئه‌مه تا ئه‌وكاته‌ى كه هێشتا “خودا” بوونه‌وه‌رێكى زهنيه له مێشكى ئينساندا. بەڵام دواى ئه‌م ده‌وره تازه‌يه‌ى، ئيتر “خودا” وجودى مادى بۆ دروست كرا. چينه داراو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌سه‌ر زه‌وى ماڵيان بۆ پێكه‌وه ناو بۆيان پڕفه‌رش كرد. سزاى دۆزه‌خى ئه‌و دنياشيان بۆ سه‌رپێچيكه‌ران نزيك كرده‌وه بۆ دنياى ئێستا‌و ده‌ستيان كرد به جێبه‌جێكردنى! ئاينى ئيسلام ته‌سويرێكى گشتى‌و نموونه‌ييه له‌ده‌ورونه‌خشى تازه‌و زه‌مينيی “خودا” به‌رامبه‌ر به کۆیلە سه‌رپێچيكاره‌كان له زوڵم‌و سته‌م‌و نايه‌كسانى!
ئيسلام‌و مه‌سيحيه‌ت، ئيسلام دينى ده‌ره‌به‌گايه‌تى:
به‌پێچه‌وانه‌ى ئاينى مه‌سيحه‌وه، ئاينى ئيسلام به‌ته‌واوى پشتى به توند‌و تيژى‌و كوشتن‌و قه‌تڵوعام به‌ستووه بۆ ملپێكه‌چكردنى ئينسانه‌كان. ئاينى مه‌سيح دواى شكستى شۆڕشى سپارتاكۆس سه‌رى هه‌ڵدا. دواى ئه‌وه‌ى كه كۆيله‌كان له‌گۆڕينى ژيانى پڕ له كوێره‌وه‌ری و چه‌وه‌سانه‌وه‌يان له دنياى واقعيدا شكستيان خوارد، ئومێد به گۆڕينى دنيا به هێزى ئينسانى چه‌وه‌ساوه لاواز بوو. ئومێد به گۆڕينى ژيانى واقعى له‌به‌رامبه‌ر تواناى زه‌به‌لاحى ده‌سەڵاتى كۆيله‌دارى (ئيمپراتۆريه‌تى رۆما)دا كز بوو! ده‌ورانى بێ‌ئومێدى له‌ناو چينى چه‌وساوه‌ى ئه‌و كاته (كۆيله‌كان)دا گه‌شه‌ى كرد. له‌سه‌ر زه‌مينه‌ى ئه‌م بێئيراده‌ييه‌ى ئينسانه چه‌وساوه‌كان بوو له دنياى راسته‌قينه‌دا كه ئومێد به باشبوونى ژيان به‌رگێكى خه‌ياڵى له‌به‌رده‌كاته‌وه‌و ئاينى مه‌سيح وه‌كو خولياو ئومێدێكى ته‌ماوى‌و خه‌ياڵى ئينسانه چه‌وساوه‌كان سه‌ر هه‌ڵده‌دات. پاش ئه‌وه مه‌سيح كه هه‌ر له‌لايه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه له خاچ درا، بيروباوه‌ڕه‌كه‌ى بووه ئاينى ره‌سمى ئيمپراتۆريه‌تى رۆمانى‌و دواتريش ده‌سه‌ڵاته ده‌ره‌به‌گيه‌كانى ئه‌وروپا. ئاينى مه‌سيحى تا ئه‌وكاته‌ى نه‌بووه ئاينى ره‌سميى چينى ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌ناسه هه‌ڵكێشانى چه‌وساوه‌كان‌و داوانامه‌ى به‌زه‌يى له‌ده‌سه‌ڵاتداران‌و چه‌وسێنه‌ران‌و زۆرداران بوو!
به‌ڵام دينى ئيسلام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاينى چينى داراو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوو. ئه‌گه‌ر ته‌نها يه‌كه‌م رابه‌رانى ئيسلام (خودى محمد‌و ئه‌وانه‌ى پێيان ده‌وتن خه‌ليفه‌كانى راشدين: ئەبوبەكرى سديق، عومەرى كوڕى خه‌تاب، عوسمانى كوڕى عه‌فان‌و عه‌لى كوڕى ئه‌بى تاليبى ئامۆزاى محمد) وه‌كو نموونه ته‌ماشا بكه‌ين، ئه‌مانه له سه‌ركرده‌كان‌و خانه‌دانه‌كانى خێڵى قوڕه‌يش‌و خێڵه خاوه‌ن سامان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانى نيوه‌دوورگه‌ى عه‌ره‌ب بوون. پرۆسه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئاينى ئيسلام له سه‌ره‌تادا بريتى بوو له كێشه‌كمێشى نێوان سه‌ركرده‌و خانه‌دانه‌كانى ئه‌م خێڵ‌و قه‌بيلانه بۆ ده‌ست به‌سه‌راگرتنى ده‌سه‌ڵات‌و سامانى ئه‌وانى ديكه يان به‌شكردنى ده‌سەڵات‌و سامانى ناوچه‌كه له نێوان چه‌ند خانه‌دانێكى به‌هێزى ناوچه‌كه‌دا.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه شه‌ڕه‌كانى نێوان خانه‌دانه‌كانى ئيسلام‌و ئه‌وانى ديكه كه‌پێيان ده‌گوتن “كافره‌كان”، شه‌ڕى ده‌ست به‌سه‌راگراتن‌و تاڵانكردنى سامان‌و مومته‌له‌كاتى ئه‌وان بووه. خانه‌دانه‌كانى ئيسلام ئه‌و جه‌ماوه‌ره ره‌شوڕووته كۆيله‌يه‌ى كه له‌ده‌ورى خۆيان كۆكردبۆوه وه‌كو سوپايه‌ك له پرۆسه‌ى كه‌ڵه‌كه‌ى سامان‌و جێگيركردن‌و پته‌وكردنى ده‌سه‌ڵاتى خۆيان‌دا به‌كاريان ده‌هێنان. سه‌ركرده‌كانى ئيسلام ئه‌و “غه‌نيمه”يه‌ى له شه‌ڕدا ده‌ستيان ده‌كه‌وت، به‌شێكى كه‌ميان به‌سه‌ر جه‌نگاوه‌ره‌كانياندا دابه‌ش ده‌كردو به‌شى زۆرى بۆ خۆيان‌و بۆ پته‌وكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌يان بوو كه دواتر پانتايى قه‌ڵه‌مڕه‌وى ده‌سه‌ڵاتيان بۆ ده‌ره‌وه‌ى نيوه دوورگه‌ى عه‌ره‌بى كشاو له ماوه‌ى نزيك به چه‌ند سه‌د ساڵێكدا به‌شێكى به‌رچاوى له رۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ رۆژئاوا داگير كرد‌و گه‌وره‌ترين ده‌وڵه‌تى ده‌ره‌به‌گايه‌تى له رۆژهه‌ڵاتدا دامه‌زراند.
به‌مجۆره ده‌وڵه‌تى ئيسلامى، ناوى ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌ره‌به‌گيیه بوو كه له‌سه‌ر ده‌ستى محمددا پايه‌كه‌ى داڕێژراو پرۆسه‌ى سه‌ره‌تايى كه‌ڵه‌كه‌ى سامان‌و داكوتانى مێخى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شى له‌رێگه‌ى كوشتن‌و وێرانكارى‌و ده‌ست به‌سه‌راگرتن‌و تاڵانكردنى سامان‌و موڵكى قه‌بيله‌و گروپه‌كانى ديكه‌ى نيوه‌دوورگه‌ى عه‌ره‌بى، واته به‌زمانى ئيسلام “غه‌نيمه”وه به‌سه‌ره‌نجام گه‌يشت. ئه‌م پرۆسه‌يه‌ش هه‌نگاوه‌كانى داهاتووترى هه‌ر به‌هه‌مان شێوه به پاكسازى‌و قه‌تڵو عام‌و زه‌وتكردنى مومته‌له‌كات‌و ئه‌نفالكردنى “غه‌يره موسڵمان” به‌رێوه چوو له ده‌ورانى ئه‌وه‌ى پێى ده‌ڵێن “فتوحات”ى ئيسلامى كه سه‌دان ساڵى خاياندووه. كوشتار‌و سه‌ربڕينى پياوانى قه‌وم‌و قه‌بيله‌كانى غه‌يرى ئيسلام‌و ده‌ست به‌سه‌را گرتنى ماڵ‌و سامان‌و ژن‌و مناڵى ئه‌وان به‌شێكى گرنگ بووه له مێژووى ئيسلام‌و ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌تى ئيسلامى.
له‌و ده‌ورانه‌دا ئيسلام دينى ده‌وڵه‌ت نه‌بووه، به‌ڵكو خۆى ده‌وڵه‌ت بووه. ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ده‌وڵه‌تێك نه‌بووه كه دينى ئيسلام بكاته ئاينى ره‌سميى خۆى. له ده‌ورانى ده‌سه‌ڵاتى ده‌ره‌به‌گايه‌تى له ئه‌وروپادا، مه‌سيحيه‌ت له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌ته ده‌ره‌به‌گيه‌كانه‌وه به‌ده‌سته‌وه گيرا بۆ خزمه‌تكردن به‌به‌رژه‌وه‌ندى چينايه‌تى ئه‌وان‌و گێل كردن‌و سه‌ركوتكردنى جه‌ماوه‌رى چه‌وساوه‌و زه‌حمه‌تكێش (جوتياران). ئاينى مه‌سيحيه‌ت ئه‌م ده‌وره‌ى گێراو بووه دينى ره‌سمى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه. بەڵام ئيسلام خۆى ده‌وڵه‌تى ده‌ره‌به‌گايه‌تى له‌رۆژهه‌ڵاتدا دروست كرد. ئه‌گه‌ر قه‌شه‌كانى مه‌سيح مه‌وعيزه‌ى پارێزگاری سامان‌و ده‌سه‌ڵاتى ده‌ره‌به‌گه‌كانى ئه‌وروپايان بلآوده‌كرده‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌سيحيه‌ت بووه ئامێرێك به‌ده‌ست چينى ده‌ره‌به‌گه‌وه بۆ سه‌ركوتى هه‌ر هه‌وڵ‌و ده‌نگێكى نارازى به‌ده‌سه‌ڵاتيان به‌ناوى دژايه‌تیكردنى ئاينى مه‌سيحه‌وه، ئه‌وا سه‌ركرده‌كانى ده‌وڵه‌تى ئيسلام خۆيان مه‌لاو شێخ‌و سوڵتان‌و خانه‌دانه‌كانى ئيسلام بوون. بۆيه ئاينى ئيسلام‌و يه‌كێك له گه‌وره‌ترين‌و درێژماوه‌ترين ده‌سەڵاته ده‌ره‌به‌گيیه‌كانى رۆژهه‌ڵات يه‌ك ديارده بوون. قه‌واره‌ى ئه‌م ده‌وڵه‌ته كه به‌شێوه‌يه‌كى رۆشنتر له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى خه‌ليفه‌كانه‌وه شكڵى گرت‌و تا دواهه‌مين شێوه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (ده‌وڵه‌تى عوسمانی) نوێنه‌رايه‌تى ده‌سه‌ڵاتى ده‌ره‌به‌گايه‌تى رۆژهه‌ڵاتى كردووه. ئيسلام‌و ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌تى ئيسلامى خه‌سڵه‌تى سه‌ركوتگه‌رو چه‌وسێنه‌رانه‌ى هه‌بووه‌و نمونه‌يه‌كى به‌رجه‌سته بووه له ئيستبدادى رۆژهه‌ڵاتی.
كاتێك ده‌وڵه‌تى عوسمانى وه‌كو دواده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ده‌ره‌به‌گى تواناى به‌رامبه‌ركێى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانى تازه‌ى سه‌رمايداريدا نامێنى كه به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوو سه‌رتاپاى جيهان بگرێته به‌ر، ئيتر وه‌كو ده‌وڵه‌تێكيش به‌ره‌به‌ره تواناى ئيداره‌ى كۆمه‌ڵگاکانى ژير ده‌سه‌ڵاتى خۆى نه‌ما. ده‌سته‌واژه‌ى “پياوه نه‌خۆشه‌كه”، ته‌عبيرێكى ساده‌و ده‌قيقه له‌و حاڵه‌ته‌ى ده‌وڵه‌تى ده‌ره‌به‌گايه‌تى ئيسلامى له سه‌رده‌مى سه‌رهه‌ڵدان‌و گه‌شه‌كردنى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمايه‌دارى‌و سه‌قامگيربوون‌و په‌لهاويشتنى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى بۆرژوازى له كۆتاييه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌دا.
شه‌ڕى جيهانى يه‌كه‌م كه بۆ دابه‌شكردنى جيهان بوو له‌نێوان قوتبه‌كانى سه‌رمايه‌داريى مۆنۆپۆڵيدا، له‌گه‌ڵ خۆي‌دا ده‌وڵه‌تى عوسمانيشى راماڵى. به‌مجۆره كۆتايى به ده‌سەڵاتى ده‌وڵه‌تى ده‌ره‌به‌گى- ئيسلامى هات. له‌گەڵ روخاندنى دواده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى ئيسلاميدا، ئيتر ئيسلام وه‌كو ده‌وڵه‌ت كۆتايى پێهات. له‌م ده‌مه به‌دواوه ئيسلام له ده‌سه‌ڵاتى سياسيدا نه‌ما. له‌ده‌سه‌ڵاتكه‌وتنى ئيسلام، به‌ره‌به‌ره كاريگه‌ريشى له‌سه‌ر ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى كه‌مكرده‌وه. ئه‌وه‌ى كه له ئيسلام مايه‌وه بيروباوه‌ڕێكى دينى بوو كه به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوو بكه‌وێته په‌راوێزى كۆمه‌ڵگاوه.
ئيسلام، بزووتنه‌وه‌ى دژى ئيستعمار:
ده‌ورانى ئيستيعمار، كه وڵاتانى سه‌رمايه‌دارى رۆژئاوا زۆربه‌ى وڵاتانى رۆژهه‌ڵات‌و جيهانيان داگيركردبوو، بزووتنه‌وه‌يه‌كى دژى ئيستعمارى له‌رۆژهه‌ڵاتدا، به‌تايبه‌تى له ده‌يه‌كانى سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى رابردوودا‌و له‌جيهانى عه‌ره‌بيدا، به‌ناوى ئيسلامه‌وه سه‌رى هه‌ڵدايه‌وه. ئيسلامى سياسى‌و ده‌سەڵاتخواز جارێكى ديكه‌و به به‌رنامه‌ى دژايه‌تیكردنى ئيستعماره‌وه ده‌يويست جێگا له هاوكێشه‌ى سياسى-و كۆمه‌ڵايه‌تى تازه‌ى ئه‌م وڵاتانه‌دا په‌يدا بكات، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه ته‌بايى نه‌بوو له‌گەڵ ره‌وتى گه‌شه‌ى کۆمەڵایەتی‌و په‌ره‌سه‌ندنى ئابوورى سه‌رمايه‌داری‌دا كه رۆژبه‌رۆژ وڵاتانی دنياو سه‌رجه‌م ناوچه‌ى رۆژهەڵات‌و جيهانى عه‌ره‌بى‌و ئه‌وه‌ى پێى ده‌ڵێن وڵاتانی ئيسلامى به‌مۆرى خۆى مۆر ده‌كرد، و مه‌سائيلى سياسى‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابوورى‌و فه‌رهه‌نگى‌و… نوێى ده‌هێنايه ئاراوه كه وه‌ڵامه‌كه‌ى له‌هه‌ناوى كۆمه‌ڵگاى نوێ‌دا بوو وە ميكانيزمى کۆمەڵایەتی تازه‌ى ده‌خواست، نه‌يتوانى هيچ به‌ديلێكى سياسى-ئابوورى-کۆمەڵایەتی بدات به‌ده‌سته‌وه‌و شكستى خوارد. ئه‌م بزووتنه‌وانه لەبارى سياسيه‌وه كۆنه‌په‌رست‌و ئه‌نتى رۆژئاوايى‌و له‌بارى ئابوورىيه‌وه به‌سه‌رچوو بوون! له‌جێگاى ئه‌مان بزووتنه‌وه‌يه‌كى ديكه‌ى ميللى-نيشتمانى بۆرژوايى سه‌رى هه‌ڵداو گه‌شه‌ى كرد كه پلاتفۆرمى سياسى‌و ئابووريه‌كه‌ى دامه‌زراندنى سه‌رمايه‌دارى نيشتمانى‌و ميللى بوو له‌م وڵاتانه‌دا.
له دواهه‌مين قەڵای رووخاوى ئيسلام‌دا، بزووتنه‌وه‌يه‌كى ناسيۆناليستى- سيكولار كه به بزووتنه‌وه‌ى ئه‌تاتورك ناسرا، به‌شێوه‌يه‌كى خێرا‌و بێگه‌ڕانه‌وه بۆ په‌يوه‌ست بوون به بازاڕى جيهانيى سه‌رمايه‌وه، ده‌ورو نه‌خشى ئيسلامى تاڕاده‌يه‌كى به‌رچاو له ژيانى سياسى-ياسايى‌و به دواى ئه‌مانيشدا كۆمه‌ڵايه‌تيى ده‌وڵه‌تى تازه دروستبووى توركيادا كه‌م‌و بێبايه‌خ كرد. له وڵاتە عه‌ره‌بيه‌كاندا بزووتنه‌وه‌يه‌كى ناسيۆناليستى به‌ئاسۆى رزگاربوون له ئيستعمارو گه‌شه‌ى ئابوورى سه‌رمايه‌دارى‌و په‌يوه‌ست بوون به بازارى جيهانى سه‌رمايه‌وه، سه‌رى هه‌ڵداو گه‌شه‌ى كرد‌و توانى ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست‌و ده‌وڵه‌تانى ناسيۆناليستى-بۆرژوازى پێك بهێنن. له‌م ده‌ورانه‌دا ئيسلام وه‌كو بزووتنه‌وه‌ى سياسى تووشى شكست‌و بێئاسۆيى‌و بێكاريگه‌ر بوو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا.
ئيسلام و ئاينى ره‌سميى ده‌وڵه‌ت:
ناسيۆناليزمى عه‌ره‌بى‌و دەسەڵاتە بۆرژوا ناسيۆناليسته‌كانى به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه دەسەڵاتێکی چه‌وسێنه‌رو چينايه‌تى بوون، بۆ كۆنترۆڵكردنى جه‌ماوه‌رى كرێكار‌و زه‌حمه‌تێكش، كه بزووتنه‌وه‌ى سياسی کۆمەڵایەتی ئه‌وانيش شان به‌شانى بزووتنه‌وه‌ى ناسيۆنال-بۆرژوازى عه‌ره‌بى له‌ژێر كاريگه‌رى بزووتنه‌وه‌ى كرێكارى جيهانى‌و شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ردا چه‌كه‌ره‌و گه‌شه‌ى كرد، ده‌ستى به ئيسلامه‌وه گرت. ناسيۆناليزمى عه‌ره‌بى نه‌يتوانى ته‌نانه‌ت وه‌كو بزووتنه‌وه‌ى ئه‌تاتورك به‌ندى فكرى خۆى له‌گه‌ڵ ئيسلام‌و بۆچوون‌و سونه‌تى ئيسلام‌دا بپسێنێ.
ئه‌گه‌رچى سه‌رجه‌مى ئه‌م ناسيۆناليزمه به‌وانه‌ى كه له دابه‌شكردنى جيهانيى ده‌سه‌ڵاتدا خۆى وه‌كو هاوپه‌يمانى بلۆكى رۆژهه‌ڵات پێناسه ده‌كردو ئه‌وانه‌شيان كه پرۆ رۆژئاوايى بوون، هه‌موو ئيديعاى مه‌ده‌نيه‌ت‌و جۆرێك له سيكولاريزميان ده‌كرد، وه‌كو پێداويستى پرۆسه‌ى سه‌قامگيركردنى سه‌رمايه‌دارى خۆماڵى‌و ده‌سه‌ڵاتى ميللى- نيشتمانى-بۆرژوايى له‌م وڵاتانه‌دا بۆگرێدانه‌وه‌ى وڵاتە‌كانيان به بازارى جيهانى سه‌رمايه‌وه، به‌ڵام لەگەڵ ئه‌وه‌دا ئيسلام لقێكى بنه‌ڕه‌تى ئايديۆلۆژياو جيهانبينى ئه‌م ناسيۆناليزمه بووه‌و نه‌يتوانيوه ده‌ستبه‌ردارى بێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى غه‌يرى ناسيۆناليزمى عه‌ره‌ب كه پاشماوه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌وى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى بوون، وه بۆرژوازى خۆماڵى تێياندا به‌دەسەڵات گه‌يشت دواى “رزگاربوون” له ئيستعمار، به‌جۆرێك ئه‌وانيش ده‌ستيان به‌دينى ئيسلامه‌وه گرت بۆ هه‌مان مه‌به‌ستى كۆنترۆڵكردن‌و چه‌وسانه‌وه‌و سه‌ركوتكردنى چينى كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێشى وڵاته‌كانى خۆيان.
له به‌شێكى زۆرى ئه‌م وڵاتانه‌ى رۆژهه‌ڵاتدا (ئه‌وانه‌ى پێيان ده‌ڵێن وڵاتانی ئيسلامى) به عه‌ره‌بى‌و غه‌يره عه‌ره‌بيه‌وه، ئيسلام وه‌كو دينى ره‌سمى ده‌وڵه‌ته بۆرژوا-ميلليه‌كان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پێنرا يان به‌شێوه‌يه‌ك له شێوه‌كان له ژيانى ياسايى‌و کۆمەڵایەتی خه‌ڵك‌و هاوڵاتياندا ده‌خاله‌تى پێدرا. له‌م ده‌ورانه‌دا ئيسلامى سياسى جيگايه‌كى نه‌مايه‌وه له هاوكێشه سياسى-كۆمەڵايه‌تيه‌كانى ناوچه‌كه‌دا به‌گشتى، بەڵام ئيسلام وه‌كو ئامێرێكى خزمه‌تگوزارى دەسەڵاتى بۆرژوا-ميللى، هه‌ركاتێك ده‌وڵه‌تى ناسيۆناليستى له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ى كۆمۆنيستى‌و كرێكاری‌دا پێويستى بوايه به‌كارى ده‌هێنا بۆ چه‌واشه‌كردنى جه‌ماوه‌رى مه‌حروم‌و سه‌ركوتكردنى هه‌ڵسوڕاوانى سياسى چه‌پ‌و كۆمۆنيست‌و رابه‌رانى بزووتنه‌وه‌ى كرێكارى.
شكستى پرۆسه‌ى گه‌شه‌ى ئابوورى و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ئيسلامى سياسى:
له‌ماوه‌ى دەسەڵاتدارێتى بزووتنه‌وه بۆرژوا ناسیۆناليستیه‌كان به‌تايبه‌تى له‌جيهانى عه‌ره‌بدا، ئه‌وه‌ى كه بڕيار بوو به‌سه‌ره‌نجام بگات وه‌كو به‌ستنه‌وه‌ى بازارى كار‌و سه‌رمايه‌ى ميللى به بازارى جيهانيى سه‌رمايه‌وه به‌سه‌ره‌نجام نه‌گه‌يشت. سه‌رمايه له جيهانى عه‌ره‌بدا له‌رێگه‌ى به ئاكام گه‌ياندنى پرۆسه‌ى به رۆژئاوايى بوون‌و لێك هه‌ڵپێكران لەگەڵ ئابوورى بازارى ئازاد‌دا ده‌يتوانى پرۆسه‌ى گه‌شه‌و پێشڕه‌وى ئابوورى خۆى به‌سه‌ركه‌وتن بگه‌يه‌نێ. بەڵام ئه‌م كاره به‌هۆى كێشه‌ى نێوان بلۆكى رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا‌و مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستين‌و سه‌نگه‌رگرتنى به‌شى ئه‌سڵى ناسيۆناليزمى عه‌ره‌ب‌و ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى له‌پاڵ بلۆكى رۆژهه‌ڵاتدا به نيوه‌ناچڵى مايه‌وه.
ناكامڵيى ئه‌م پرۆسه‌ى به‌رۆژئاوايى بوونه‌ى سه‌رمايه له‌جيهانى عه‌ره‌بى‌دا ده‌رگاى كرده‌وه بۆ ئه‌زمه‌ى ئابوورى‌و به‌دواى ئه‌ويشدا په‌ره‌گرتنى هه‌ژارى‌و هاتنه‌خواره‌وه‌ى ئاستى گوزه‌رانى خه‌ڵكى كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێشى بۆ خوار ئاستى هه‌ژارى. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا كۆمه‌ڵێك حكومه‌ت‌و دەسەڵاتى سه‌ركوتگه‌رى بۆرژوا ناسيۆناليست له‌سه‌ركاربوون كه وەڵامى هه‌رجۆره ناره‌زايه‌تى‌و ده‌نگ هه‌ڵبڕينێكى خه‌ڵكيان به ئاگرو ئاسن ئه‌دايه‌وه. به‌م شێوه‌يه هه‌ژارى له سه‌رێك‌و سه‌ركوت‌و داپڵۆسين له‌سه‌رێكى ديكه‌وه سيماى كۆمه‌ڵگاو ده‌وڵه‌ت‌و حكومه‌تى بۆرژوا-ناسيۆناليستى پێكده‌هێنا. بنبه‌ستى ئابوورى‌و سياسى‌و ته‌نانه‌ت ئايدۆلۆژى ناسيۆناليزم‌و ميللیگه‌رایی زه‌مينه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى ناره‌زايه‌تى له دەسەڵاتى بۆرژوا ناسيۆناليستى به‌هێزو هه‌مه‌گير كرد.
له سه‌ره‌تاى حه‌فتاكانه‌وه بزووتنه‌وه ئيسلاميه‌كان به سيماو ناوه‌رۆكێكى جياوازه‌وه سه‌ر به‌رزده‌كه‌نه‌وه. ئه‌مجاره‌يان ئيسلامى سياسى به ناوه‌رۆكى دژى ئيستبداى‌و دژى هه‌ژاريه‌وه خۆى ده‌ناسێنێ. هه‌ڵبه‌ت بزووتنه‌وه ئيسلاميه‌كان ده‌ورى خزمه‌تچى ده‌وڵه‌تى بۆرژوا-ناسيۆناليستيان بينيوه له دژى بزووتنه‌وه‌ى كرێكارى‌و چه‌پ ته‌نانه‌ت له‌و ده‌ورانه‌شدا كه سه‌نگێكيان له هاوكێشه سياسيه‌كانى كۆمه‌ڵگادا نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مجاره له‌كێشمه‌كێشيدا لەگەڵ دەسەڵاتە ناسيۆناليستيه‌كاندا وه‌كو دوو بزووتنه‌وه‌ى ناوخێزانى بۆرژوازى، بۆئه‌وه‌ى كاميان ئابوورى سه‌رمايه‌دارى بچه‌رخێنێ، ئيسلامى سياسى خۆى وه‌كو نوێنه‌رى ئه‌و ناره‌زايه‌تيه‌ى خه‌ڵك له دەسەڵاتى ميللى-ئيستبدادى نيشاندا. ئه‌مجاره ئيتر بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى ناوه‌ڕۆكێكى سياسى ته‌واو جياواز له سه‌رده‌مى پێشووى به‌خۆوه ده‌گرێ.
له‌م ده‌وره‌يه‌دا ئيسلامى سياسى بزووتنه‌وه‌ى به‌شى هه‌ره دواكه‌وتووى بۆرژوازیيه كه دژى فه‌رهه‌نگى رۆژئاوا‌و مۆدێرنيزمه. له‌و ئاڵوگۆڕه سياسى‌و فه‌رهه‌نگى‌و كۆمه‌ڵایەتيانه ناڕه‌حه‌ت بوو كه كه‌م تازۆر پرۆسه‌ى نيوه‌ناچڵى رۆژئاوايى بوون لەگەڵ خۆى هێنابووى بۆ ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگايانه. له كاتێكدا بۆ راكێشانى جه‌ماوه‌رى مه‌حروم به‌لاى خۆي‌دا ئيستبدادو هه‌ژاريى ژێر دەسەڵاتى حكومه‌ته ناسيۆناليسته‌كانى وه‌كو دوو ديارده‌ى رۆژئاوايى ده‌ناساند، له هه‌مانكاتدا به توندى دژى كۆمۆنيزم‌و چه‌پ بوو. به‌كورتى بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى سياسى بزووتنه‌وه‌ی بۆرژوايى ده‌ورانى ئه‌زمه‌ى بۆرژوازيه‌و دژى كۆمۆنيست‌و دژى كرێكار‌و دژى مۆدێرنيزم بوو، به‌ڵام به‌ناوى هه‌ژاران (موسته‌زعه‌فين)و دژايه‌تيكردنى هه‌ژارى‌و ئيستبداده‌وه پێناسه‌ى خۆى كرده‌وه.
شكستى بلۆكى رۆژهەڵات‌و به‌رز بوونه‌وه‌ى ئيسلامى سياسى:
ئه‌گه‌ر كێشه‌ى فه‌له‌ستين ده‌ورێكى بنه‌ڕه‌تيى هه‌بوو له ناكام هێشتنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى بەرۆژئاوايى بوونى ئابوورى وڵاتانی جيهانى عه‌ره‌ب‌و تا راده‌يه‌ك جيهانى ناوبراو به ئيسلامى، ئه‌وا به‌و راده‌يه‌ش ماده‌يه‌كى پڕوپاگه‌نده‌ى سياسى و چوارچێوه‌يه‌كى ئايدۆلۆژى ناسيۆناليزمى عه‌ره‌ب بوو بۆ چه‌واشه‌كردنى جه‌ماوه‌رى كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێش، له‌پاڵ سه‌ركوت‌و داپڵۆسينى سياسيدا، به‌مجۆره‌ش لاوازكردنى بزووتنه‌وه‌ى كرێكارى‌و چه‌پ‌و ريزى سه‌ربه‌خۆى سياسى چينايه‌تى كرێكارى له‌جيهانى عه‌ره‌بدا. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ى سه‌ره‌وه بخه‌ينه پاڵ كاريگه‌رى كۆمۆنيزمى بلۆكى رۆژهه‌ڵات له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى چه‌پ‌و كرێكارى له‌دنياى عه‌ره‌بدا-چ له ده‌ورانى ره‌ونه‌قيداو چ له ده‌ورانى پاشه‌كشه‌و شكستى ئه‌م كۆمۆنيزمه ره‌سميه‌ى رۆژهه‌ڵاتدا- ده‌توانين ته‌سه‌ورى ئاستى لاوازى سياسى‌و نارۆشنى فكرى‌و كه‌مكاريگه‌ريى سياسيى بزووتنه‌وه‌ى كرێكارى‌و كۆمۆنيستى له گۆڕانكاريه کۆمەڵایەتی‌و سياسيه‌كانى دنياى عه‌ره‌بدا بكه‌ين. له بارودۆخێكى وادا، له غيابى كۆمۆنيزمێكى رۆشن‌و تيژو راديكاڵ‌و ده‌خاله‌تگه‌رى سياسى‌و کۆمەڵایەتیدا جێگا بۆ بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى سياسى خاڵى ده‌مێنێته‌وه كه ئيديعاى وه‌ستانه‌وه به رووى زوڵم‌و ئيستبدادو هه‌ژاريدا بكات! جه‌ماوه‌رێكى هه‌ژارو مه‌حروم‌و وه‌گيان هاتوو له زوڵم‌و ئيستبدادى وه‌حشيانه‌ى دەسەڵاتە ناسيۆناليسته‌كانيش ئه‌وان به فريادره‌س ببينن‌و شوێنيان بكه‌ون!
پرۆسه‌ى لاوازبوون‌و داخورانى بلۆكى سۆڤيه‌ت له ساڵانى هه‌شتاكان‌و دواتر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و داڕوخانى له يه‌كه‌م ساڵه‌كانى ده‌يه‌ى نه‌وه‌ددا، زه‌مينه‌ى بۆ به‌رزبوونه‌وه‌و به‌هێزبوونى ئيسلامى سياسى ره‌خساند. به‌دەسەڵات گه‌يشتنى ئيسلامى سياسى له‌ئێران به‌رهه‌مى دواساته‌كانى ململانێى نێوان بلۆكى رۆژئاوا‌و رۆژهەڵات بوو. ئه‌وده‌م رۆژئاوا كه نه‌يتوانى دەسەڵاتى شاهه‌نشايى دۆست‌و ژاندارمى خۆى له كه‌نداودا له زه‌ربه‌ى ناره‌زايه‌تى خه‌ڵك بپارێزێت، هاتنه‌سه‌ركارى رژێمێكى ئيسلامى له‌ئێراندا له جياتى رژێمێكى چه‌پ پێباشتر بوو، چونكه بزووتنه‌وه‌ى ناره‌زايه‌تى خه‌ڵكى ئێران له ساڵه‌كانى كۆتايى ده‌يه‌ى حه‌فتادا سيماى چه‌پ‌و كرێكارى پێوه بوو.
يه‌كه‌م وه‌زيفه‌ى رژێمى ئيسلامى ئێران له‌خوێن هه‌ڵكێشانى بزووتنه‌وه‌ى چه‌پ‌و كرێكارى بوو له كاتێكدا به‌ناوى “موسته‌زعه‌فين-هه‌ژاره‌كان”ه‌وه حوكمڕانيى ده‌كرد! سه‌ركوتى وه‌حشيانه‌ى هه‌موو مافێكى مه‌ده‌نى‌و سه‌ره‌تايى خه‌ڵك بوو. گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ژنان بوو بۆ ده‌ورانى دەسەڵاتى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى‌و زاڵكردنى دەسەڵاتى ئاين‌و شه‌ريعه‌تى ئيسلام بوو به‌سه‌ر ژيانى کۆمەڵایەتی خه‌ڵكى ئێران‌دا. زاڵكردنى ره‌شترين دەسەڵاتى بۆرژوايى-دژى كرێكارى‌و دژى كۆمۆنيستى بوو له ئێران‌دا. ئه‌مه په‌يامى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئيسلام بوو بۆ دەسەڵات‌و حكومه‌تكردن.
ناسيۆناليزمى كورد‌و ئيسلام؛ خاسيه‌تى کۆمەڵایەتی بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى
ناسيۆناليزمى كورديش وه‌كو ناسيۆناليزمى عه‌ره‌ب، ئيسلام پێكنه‌رێكى ره‌گه‌زى فكريى پێك ده‌هێنێ. بەڵام جياوازيیه‌كى ناسيۆناليزمى كورد‌و عه‌ره‌ب ئه‌وه‌يه كه ناسيۆناليزمى عه‌ره‌ب زياتر ره‌وتێكى شارى بووه. واته هێزى کۆمەڵایەتی ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه شار‌و خه‌ڵكى شاره‌كان بووه. بەڵام بزووتنه‌وه‌ى ناسيۆناليزمى كورد كه‌متر شارى‌و زياتر بزووتنه‌وه‌يه‌كه كه هێزى کۆمەڵایەتی خۆى له خه‌ڵكى دێهاته‌كانى كوردستان به‌ده‌ست هێناوه‌و شێوازى خه‌باتى، خه‌باتى چه‌كدارى‌و خه‌باتى شاخ، وە ناوه‌ندى خه‌باتيشى له‌ناو لادێكان‌و خه‌ڵكى لادێ‌دا بووه.
هيچ جۆره جموجوڵێكى سياسى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكى شاره‌كانى كوردستان وه‌كو درێژه‌ى ئاسايى‌و مه‌نتقى سونه‌تى خه‌باتى سياسى ناسيۆناليزمى كورد نابينرێ. ته‌نانه‌ت ئه‌و جموجوڵانه‌ى كه ناوبه‌ناو له شاره‌كانى كوردستان سه‌ريان هه‌ڵداوه زياتر له‌ژێر كاريگه‌رى بزووتنه‌وه‌ى چه‌پى كوردستاندا له ساڵه‌كانى هه‌شتاكاندا روويان ده‌دا. بزووتنه‌وه‌ى ناره‌زايه‌تى خه‌ڵكى شارۆچكه‌ى پێنجوين له به‌هارى ساڵى١٩٨٠، خۆپيشاندانه‌كانى لاوان‌و خوێندكارانى هه‌ڵه‌بجه له پايزى هه‌مان ساڵدا. خۆپيشاندانى به‌هارى ١٩٨١ی سلێمانى، بزووتنه‌وه‌و خۆپيشاندانه‌كانى خه‌ڵك‌و خويندكارانى زانكۆ‌و خوێندنگاكانى كوردستان له به‌هارى ساڵى ١٩٨٢، مانگرتنى خوێندكارانى زانكۆكان له به‌هارى ١٩٨٤دا، ته‌نانه‌ت خودى راپه‌ڕينى جه‌ماوه‌رى له شاره‌كانى كوردستان له ساڵى ١٩٩١دا سه‌ربارى هه‌ژمونى سياسى ناسيۆناليزمى كورد به سه‌ريدا، بەڵام له رووى سونه‌تى خه‌باتى سياسيه‌وه زياتر له‌ژێر كاريگه‌رى بزووتنه‌وه‌ى كۆمۆنيستى‌و چه‌پى كوردستاندا چووه‌ته پێشه‌وه.
بزووتنه‌وه‌ى شورايى‌و دواتر بزووتنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ریی شاره‌كان‌و يه‌كێتى بێكاران‌و… كه به‌شێوه‌ى جۆراوجۆر كه‌وتنه به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تيه‌وه، شاهيدى ئه‌وه‌ن كه ئه‌م خه‌ته جه‌ماوه‌ری‌و شارییه له خه‌باتى سياسى له كوردستانى عێراقدا په‌يوه‌ندى به ناسيۆناليزمى كورده‌وه نه‌بووه. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو فه‌رهه‌نگ‌و سونه‌ت‌و بۆچوونه كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كانی ناسيۆناليزمى كورد ته‌قديسى دواكه‌وتوويى دێهاتى كوردستان بووه. خاڵى ده‌ستپێكردن‌و كۆتايى ناسيۆناليزمى كورد دێهاتى كوردستان‌و شێوازى بيركردنه‌وه‌و سونه‌تى كۆمەڵايه‌تيى لادێ نشينه‌كانى كوردستانه نه‌ك خه‌ڵكى شارنشينى كوردستان! به‌م شێوه‌يه ريشه‌ى کۆمەڵایەتی بزووتنه‌وه‌ى ناسيۆناليزمى كورد له به‌شى دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵگاى كوردستاندايه نه‌ك خه‌ڵكى شارنشين كه به‌شى پێشكه‌وتووى كۆمه‌ڵگاى كوردستان پێك دێنن‌و سه‌نگ‌و قورسايى کۆمەڵایەتی مه‌زنى هه‌يه‌و رووبه‌رێكى فراوانى جوگرافياى دانيشتوانى كوردستان داگيرده‌كات.
ئيسلام‌و بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى:
به‌وجۆره‌ى كه بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى له‌بارى كۆمەڵایە‌تيه‌وه سه‌ر به‌به‌شى دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵگاى كوردستانه، به‌م ده‌ليله فكر‌و سونه‌تى کۆمەڵایەتی ئيسلام رووبه‌رێكى فراوان له جيهانبينى‌و بۆچوون‌و ته‌قليدى کۆمەڵایەتی بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى داگير ده‌كات. بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى به‌درێژايى مێژووى خۆى له ٨٠_٩٠ ساڵى رابردوودا، بێجگه له ده‌ورانێكى زۆر كه‌م‌و له‌لايه‌ن باڵێكى دياريكراوى ئه‌م بزوتنه‌وه‌يه‌وه نه‌بێ له كۆتايى ساڵه‌كانى ٧٠ دا (كۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجدارانى كوردستان)، هيچ ئيديعايه‌كى له‌وبابه‌ته‌ى نه‌بووه كه لەگەڵ ئيسلام‌دا ناكۆكى هه‌بێت. به پێچه‌وانه‌وه نه‌ك هه‌ر به‌شێكى به‌رچاوى سه‌ركرده‌كانى بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى مه‌لاو شێخ‌و بنه‌ماڵه‌ى ئاينى ئيسلام بوون، به‌ڵكو گرنگترين سه‌ركرده‌و ره‌مزى ناسيۆناليزمى كورد مه‌لاو پياوى ئاينى بوون: مه‌لا موسته‌فا، قازى محمد، شێخ مه‌حمود… تاد. ئه‌م پێكهاته‌يه‌ى سه‌ركردايه‌تى بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى خۆى نيشانده‌رى ئه‌وه‌يه كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه چه‌نده لەگەڵ ئيسلام‌دا ئاوێزان‌و تا چ راده‌يه‌ك ئيسلام ريشه‌ى قوڵى له پێكهاته‌ى فكرى‌و سياسى‌و کۆمەڵایەتی ناسيۆناليزمى كورددا هه‌يه. ته‌نانه‌ت سه‌ركرده‌يه‌كى ناسيۆناليستى وه‌كو تاڵه‌بانى كه ئيديعاى سۆشيال-ديموكراسى‌و مۆديلێكى ناسيۆناليزمى كه‌متر ئالوده به‌ئيسلام ده‌كات، چه‌ندينجار شانازى به‌وه‌وه كردووه كه پێى بڵێن ئايه‌توڵڵا تاڵه‌بانى. يان مه‌سعود بارزانى له‌وه نيگه‌ران بووه كه كه‌سانێك (گروپه ئيسلاميه‌كانى كوردستان) موزايه‌ده‌ى ئيسلامی به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن!
به‌م پێيه ده‌ستگرتن به فكر‌و سونه‌تى کۆمەڵایەتی ئيسلامه‌وه، كه ريشه‌ى له ژيانى دێهاتى‌و عه‌شيره‌تیدا مابۆوه، به‌شێك بووه له ژيانى سياسى بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى، وە چوارچێوه‌ى فكر‌و سونه‌ت‌و دابونه‌ريتى کۆمەڵایەتی ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه‌ى ديارى كردووه. ناسيۆناليزمى كورد، ناسيۆناليزمێكى ليبرال نيه، ناسيۆناليزمێكى ديموكرات نيه، ناسيۆناليزمێكى سيكولارو عيلمانى نيه، ناسيۆناليزمێكى شارى نيه، به‌ڵكو ناسيۆناليزمێكى دێهاتى، عه‌شيره‌تى‌و ميليشياييه. ده‌ستگرتن به فه‌رهه‌نگى ديهاتى‌و عه‌شيره‌تى‌و به سونه‌ت‌و شه‌رع‌و بۆچوونى ئيسلامه‌وه به‌شێكى بنه‌ڕه‌تييه له پايه‌كانى فكر‌و جيهانبينى‌و سياسه‌ت‌و دەسەڵاتيان. لەلای ئەوان ده‌ستگرتن به ئيسلامه‌وه، دڵنيايیه له مانه‌وه‌ى سه‌روه‌ت‌و دەسەڵاتيان.
ناسيۆناليزمى كورد‌و ئيسلامى سياسى
هه‌روه‌كو ئيشاره‌مان پێكرد، ئيسلام پايه‌يه‌كى فكر‌و سونه‌تى كۆمه‌ڵايه‌تيى ناسيۆناليزمى كورد پێك ده‌هێنێ، بۆيه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه ناسيۆناليزمى كورد (مه‌به‌ستى باسه‌كه كوردستانى عێراقه) رێكخراوه‌كانى ئيسلامى سياسى وه‌كو رکابەر يان ده‌قيقتر وه‌كو سه‌رچاوه‌يه‌كى گێچه‌ڵ بۆ دەسەڵاتە‌كه‌ى ته‌ماشا ده‌كات، بەڵام هاوكات ئيمكانى سازانى لەگەڵ ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه‌دا هه‌يه له هه‌لومه‌رجى سياسى دياريكراوو به‌تايبەتی له‌به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ى كۆمۆنيستى‌و كرێكارى‌و له كاتى خه‌ته‌رى په‌ره‌سه‌ندنى ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه‌دا.
ئيسلامى سياسى‌و رێكخراوه‌كانى له كوردستان له دواى راپه‌ڕين‌و كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى رژێمى به‌عس له كوردستان، كه ئيداره‌ى ناوچه‌كه كه‌وته ده‌ست ناسيۆناليزمى كورد، به‌ره‌به‌ره نه‌شونمايان كرد. پشتيوانى سياسى‌و چه‌كدارى‌و دارایی‌و لۆجستيكى رژێمى ئيسلاميى ئێران‌و هاوكاری حيزبه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تي بۆيان له‌به‌رامبه‌ر كۆمۆنيزم‌و چه‌پ له كوردستان كه بزووتنه‌وه‌يه‌كى مه‌زنى شورايى له‌پشت سه‌رى خۆى نابوو وه سه‌نگ‌و قورساييه‌كى به‌رچاوى له بارودۆخى سياسى كوردستاندا په‌يدا كردبوو، كۆمه‌كى به گه‌شه‌ى ئيسلامى سياسى كرد له كوردستاندا.
گروپه‌كانى ئيسلامى سياسى دژايه‌تى كوێريان لەگەڵ كۆمۆنيزم هه‌بوو بۆيه سه‌ربارى كێشه‌و ململانێكانيان لەگەڵ دەسەڵات‌و حيزبه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تيدا كه ناوبه‌ناو گه‌يشتۆته راده‌ى شه‌ڕى چه‌كدارى، بەڵام هه‌ميشه ئه‌و ئيحساسه‌يان هه‌بووه كه سه‌ر به هه‌مان خێزانى چينايه‌تين. ناسيۆناليزمى كورد له ماوه‌ى ١٤ ساڵى دەسەڵاتيدا له كوردستانى عێراق به شێوه‌ى جۆراوجۆر ئيسلامى سياسى لەگەڵ خۆى له‌دەسەڵاتدا شه‌ريك كردوه. له‌و داهاته‌ى كه له ده‌مى خه‌ڵك گليان ده‌دايه‌وه بودجه‌ى چالاكى تيرۆريستى ئه‌وانيان داوه. له پشتى فتواكانيان بۆ تيرۆرى كه‌سايه‌تى چه‌پ‌و كۆمۆنيست‌و ئازاديخوازو عيلمانى وه‌ستاون. زۆرجار بۆ پاراستنى ئه‌م گروپه تيرۆريستانه له زه‌ربه‌ى خه‌ڵك كه‌وتونه‌ته پاكانه‌كردن‌و ده‌ست بەپشتدا هێنانيان‌و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌و چاوسووركردنه‌وه له خه‌ڵك وه‌كو ئه‌وه‌ى تاڵه‌بانى له سێپتێمبه‌رى ٢٠٠١ به ره‌سمى له رۆژنامه‌و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندنى حيزبه‌كه‌يه‌وه رايگه‌ياند.
به‌م پێيه ناكۆكى‌و كێشمه‌كێشى حيزبه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى‌و گروپه‌كانى ئيسلامى سياسى له كوردستان ناكۆكى‌و ململانێى نێوان هه‌مان خێزانى بۆرژوازیيه كه له‌به‌رامبه‌ر دوژمنى چينايه‌تى خۆيان‌دا هه‌ست به يه‌ك ماڵى ده‌كه‌ن. نموونه‌كانى ئه‌م يه‌ك ماڵيه‌يان له ساڵى ١٩٩٥ دژى حيزبى كۆمۆنيستى كرێكاريى عێراق بوو كه يه‌كێتى نيشتمانى راست‌و بێپه‌رده چووه سه‌نگه‌رى ئيسلامى سياسيه‌وه‌و هه‌ستا به جێبه‌جێكردنى په‌يامه‌كه‌ى ئه‌وان. پارتيش به‌به‌يانى ره‌سمى پشتيوانى له ئيسلامى سياسى كرد‌و له‌ژێر باڵى ئه‌وه‌وه تيرۆريستێكى خزمه‌تكارى رژێمى ئيسلاميى ئێران وه‌كو ئه‌دهه‌م بارزانى هه‌ديه‌ى بۆ كوشتنى رێبوار ئه‌حمه‌د، ده‌به‌خشيه‌وه. له ساڵى ١٩٩٨یشدا پارتى به ئاشكرا هاوكارى ئيسلاميه‌كانى كرد له پرۆسه‌ى تيرۆركردنى شاپور عبدالقادرو قابيل عادل‌دا، چ به داڵده‌دانى مه‌لا به‌شيرى تيرۆريست‌و چ به زيادكردنى فشار بۆ سه‌ر حيزبى كۆمۆنيست‌و داخستنى باره‌گاى رێكخراوى سه‌ربه‌خۆى ئافره‌تان له هه‌ولێرو چ به شاردنه‌وه‌ى لێكۆڵينه‌وه‌كان به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى حيزبيى خۆى… تاد.
كۆمه‌ڵگاى كوردستان، بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى‌و بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى سياسى:
بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تى
هه‌رچه‌نده له ده‌يان ساڵى رابردوودا، به‌هۆى سياسه‌تى نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ى سته‌م‌و پاكسازى نه‌ته‌وه‌يى ده‌وڵه‌تى ناوه‌ندییه‌وه دژى خه‌ڵكى كوردستان‌و ده‌ورى ناسيۆناليزمى كورديش له‌ئاڵۆزكردنى ئه‌م كێشه‌يه‌دا ژيانى کۆمەڵایەتی هاوچه‌رخ‌و مه‌ده‌نى‌و فه‌رهه‌نگ‌و پێوانه شارستانيه‌كان ده‌خرانه په‌راوێزه‌وه‌و ره‌وتى گه‌شه‌ى کۆمەڵایەتی كوردستانى عێراقى دواده‌خست، بەڵام به‌پێى پێوانه هاوچه‌رخه كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان، كۆمه‌ڵگاى كوردستانيش كۆمه‌ڵگايه‌كى شارى‌و مه‌ده‌نیيه. راسته بوونى ئه‌و كێشه‌يه ئه‌وه‌نده‌ى ديكه رێگريیه‌كانى به‌رده‌م گه‌شه‌ى کۆمەڵایەتی كوردستانى قووڵ كردۆته‌وه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه لە٥٠ ساڵى رابردوودا به‌رده‌وام ناوچه‌كانى كوردستانى عێراق مه‌يدانى شه‌ڕو كێشمه‌كێشى چه‌كدارى نێوان ده‌وڵه‌تى عێراق‌و هێزه‌كانى ناسيۆناليزمى كورد بووه. ئه‌مه‌ش هه‌لومه‌رجێكى ناله‌بارى بۆ گه‌شه‌ى ئابوورى‌و کۆمەڵایەتی پێكهێناوه. بەڵام سه‌ربارى ئه‌م هه‌موو رێگريانه كۆمه‌ڵگاى كوردستان كۆمه‌ڵگايه‌كى شارى، مۆدێرن‌و حه‌ساس بووه به كاريگه‌ريه کۆمەڵایەتیيه‌كانى دنياى هاوچه‌رخ‌و ته‌وه‌قوعاتى خه‌ڵك روو له‌پێش‌و پێوانه‌ى ژيانى كۆمەڵايه‌تيان ژيانى هاوچه‌رخ بووه.
هه‌رچه‌نده دواى شكستى خرۆشانى جه‌ماوه‌رى به‌هارى١٩٩١ كه كوردستانى عێراق له‌لايه‌ن ئه‌مريكاو هاوپه‌يمانه‌كانيه‌وه ته‌حويل كرا بۆ ئۆردوگايه‌كى ئاواره‌يى كه چالاكى کۆمەڵایەتی كۆمه‌ڵگايه‌كى ئاسايى تێدا نه‌ماو دەسەڵات درايه ده‌ست دوو حيزبى ميليشيايى‌و گوزه‌رانى خه‌ڵكه‌كه‌شى كرايه بارمته به‌ده‌ست ئه‌م حيزبانه‌وه، سه‌ربارى نقومكردنى كوردستان بۆ ماوه‌ى نزيك به ٤ ساڵ له شه‌ڕێكى خوێناوى ناوخۆيیدا له‌لايه‌ن پارتى‌و يه‌كێتيه‌وه‌و سه‌ربارى ده‌ست تێكێشانى رژێمى ئيسلامى ئێران بۆ ئيسلامیکردنى كۆمه‌ڵگاى كوردستان له‌رێگه‌ى دروستكردنى به‌كرێگيراوانى ئيسلامى سه‌ربه‌خۆى‌و پشتيوانى هه‌رجاره له‌يه‌كێك له‌و دوو حيزبه‌وه له شه‌ڕى نێوان خۆيان‌دا، وە سه‌ربارى ده‌يان كاره‌ساتى ديكه كه له‌ئاكامى بارودۆخى هه‌ڵواسراوی كوردستانه‌وه تووشى كۆمه‌ڵگاى كوردستان هات، بەڵام ديسان خه‌ڵكى كوردستان ته‌وه‌قوعاتى كۆمه‌ڵايه‌تيان روو له‌پێش‌و چاويان له كۆمه‌ڵگاى شارستانیيه‌و پێوانه‌كانيان بۆ ژيان هه‌مان پێوانه‌ى هاوچه‌رخه.
خه‌ڵكى كوردستان چاويان له‌و پێشكه‌وتنه کۆمەڵایەتی، فه‌رهه‌نگى، زانستى، ئابوورى‌و سياسيانه‌يه كه له‌دنيادا ده‌گوزه‌رێت، نه‌ك خولانه‌وه له ده‌ورو له‌ناو چوارچێوه‌ى فه‌رهه‌نگ‌و په‌يوه‌ندى‌و سونه‌ته كۆمه‌ڵايه‌تيه كۆن‌و عه‌شيره‌تيه‌كان‌و ياساو دابونه‌ريتى ئاغا‌و شێخ‌و ده‌ره‌به‌گ‌و سه‌رۆك عه‌شيره‌ت‌و خانه‌قاو مزگه‌وتدا كه ناسيۆناليزمى كورد‌و ئيسلامى سياسى به باڵايدا هه‌ڵده‌ده‌ن‌و وه‌كو به‌ها به‌رزه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردستان ده‌يان ناسێنن!
ره‌وه‌ندى کۆمەڵایەتی‌و چينايه‌تى ئه‌م كۆمه‌ڵگايه دروست وه‌كو هه‌ر كۆمه‌ڵگايه‌كى شارستانى ديكه‌ى ئه‌مڕۆى دنيايه. كێشمه‌كێش‌و ناكۆكيه كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان سه‌رچاوه‌ى له ناكۆكى بنه‌ڕه‌تى نێوان چينى بۆرژواو چينى كرێكاره‌وه گرتووه كه چوارچێوە دەدات بە سه‌رجه‌م سيماى كۆمه‌ڵگاو ململانێكانى ديكه. ناسيۆناليزمى كورد نوێنه‌رى ره‌وتى پاشه‌وپاشگه‌ڕانه‌وه‌و كۆنه‌په‌رستیى سياسى‌و كۆمه‌ڵاتیيه. ناسيۆناليزمێكى عه‌شيره‌تى‌و ميليشيايى‌و دواكه‌وتووه. ناتوانێ نوێنه‌رايه‌تى ره‌وتى گه‌شه‌ى کۆمەڵایەتی‌و مۆدێرنيزمى كۆمه‌ڵگاى كوردستان بكات. ناتوانێ نوێنه‌رى ته‌وه‌قوعاتى رووله‌پێشى خه‌ڵك بێت، به‌ڵكو رێگرى لێدەکات‌و سه‌ركوتى ده‌كات. ناسيۆناليزمى كورد كه ئێستا له كوردستانى عێراقدا دەسەڵات به‌ده‌سته، ده‌يه‌وێ به ده‌ستگرتن به خورافاتى ميللى‌و دينیيه‌وه دەسەڵاتى كۆنه‌په‌رستانه‌و دژى كرێكارى خۆى به‌سه‌ر سه‌رى خه‌ڵكه‌وه رابگرێت. بەڵام ئێستا بێبايه‌خبوونى ئه‌م سياسه‌ته بۆ به‌شێكى به‌رچاوى كۆمه‌ڵگاى كوردستان ئاشكرابووه‌و سه‌لماوه.
دووركه‌وتنه‌وه‌ى نێوان ئه‌م ناسيۆناليزمه‌و خه‌ڵكى كوردستانى عێراق كه ده‌ورانێك خه‌ڵكى كوردستان وه‌كو نوێنه‌رى خواستى رزگاريى خۆيان له سته‌مى ميللى ته‌ماشايان ده‌كردن به‌راده‌يه‌ك گه‌يشتووه كه جه‌ماوه‌ر كه‌وتۆته به‌رامبه‌ريان‌و ئه‌وانيش به چه‌ك وه‌ڵاميان ده‌ده‌نه‌وه. ته‌نها تاقيكردنه‌وه‌ى چه‌ند مانگى رابردوو به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى كه ئه‌م ماهيه‌ته‌ى دەسەڵاتى ميليشای كوردايه‌تى بۆ هه‌مووان ئاشكرا‌و قايلكه‌ر بێت، مه‌گه‌ر ئه‌وانه نه‌بێ كه نانى ئه‌م دەسەڵاتە گه‌نده‌ڵ‌و دژه كرێكاریيه ده‌خۆن! بۆيه ئێستا ده‌ورانێكى نوێ له په‌يوه‌ندى نێوان ناسيۆناليزمى كورد‌و خه‌ڵكى كوردستانى عێراق ده‌ستى پێكردوه، كه ده‌ورانى ده‌ركه‌وتن‌و سه‌رهه‌ڵدان‌و قووڵبوونه‌وه‌ى ناكۆكى نێوان به‌رژه‌وه‌ندى سياسى ئه‌و دەسەڵاتە‌و به‌رژه‌وه‌ندى‌و خواست‌و ئومێده‌كانى خه‌ڵكه له ژيانێكى ئازاد‌و يه‌كسان‌و خۆشگوزه‌ران.*
بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى سياسى
ئيسلامى سياسى ره‌وتێكى نامۆيه به كۆمه‌ڵگاى كوردستان. بێ ريشه‌ى کۆمەڵایەتیيه‌و هيچ شتێكى هاوبه‌شى لەگەڵ ويست‌و ئومێد‌و خواسته‌كانى خه‌ڵكى كوردستان‌و لەگەڵ ته‌وه‌قوعاتى کۆمەڵایەتی‌و سياسى‌و فه‌رهه‌نگى‌و شارستانى ئه‌واندا نيه. ده‌توانين به‌چه‌ندين به‌ڵگه ئه‌م مه‌سه‌له‌يه بسه‌لمێنين.
له‌لايه‌كه‌وه ئيسلامى سياسى‌و گروپه‌كانى له كوردستان به‌شێوه‌يه‌كى گشتى گروپى چه‌كدارين كه له‌لايه‌ن رژێمى ئيسلامى ئێرانه‌وه دروست كراون‌و به پاره‌و چه‌ك‌و ده‌ستدانه ژێرباڵيان له‌لايه‌ن ئه‌و رژێمه‌وه له‌كوردستانى عێراقدا قاچيان گرتووه. زياتر نه‌خشى ئه‌م تاقمانه خزمه‌تچێتى رژێمى ئێران بووه بۆ جێبه‌جێكردنى نه‌خشه سياسيه‌كانى له كوردستانى عێراقدا. ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ش كه گروپێكى چه‌كدارى بچووك بوون دژى رژێمى به‌عس له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى سياسى ئێران‌دا بۆ په‌يداكردنى بنكه‌يه‌ك له كوردستان، دروست كرابوون، هه‌روه‌كو ده‌سته‌وتاقمه‌كانی ئيسلامى سياسى شیعه‌و به‌تايبه‌تى ئه‌نجومه‌نى باڵاى شۆڕشى ئيسلامى له عێراق كه بۆ ده‌خاله‌ت له خوارووى عێراقدا دروستى كردبوون.
بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى كه ئه‌وكات تاكه رێكخراوى ئيسلامى سياسى بوو له‌كوردستان هيچ په‌يوه‌نديه‌كی به خه‌باتى خه‌ڵكى كوردستانه‌وه نه‌بووه دژى سه‌ركوت‌و چه‌وسانه‌وه‌ى رژێمى به‌عس. هيچ خه‌ت‌و داوێك به دژايه‌تیكردنى سته‌مى نه‌ته‌وايه‌تيه‌وه دژى خه‌ڵكى كوردستان نه‌يده‌به‌سته‌وه. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو خۆى به‌درێژكراوه‌ى بزووتنه‌وه‌يه‌كى پان ئيسلاميستى داده‌نێ كه لانى كه‌م ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى له‌ئێران سه‌ركوتى وه‌حشيانه‌ى خه‌ڵكى كوردستانى ئێران ده‌كات‌و داكوتانى كۆڵه‌كه‌يه‌كى دەسەڵاتە‌كه‌ى له‌سه‌ر خوێن‌و لاشه‌ى خه‌ڵكى شار‌و دێهاته‌كانى كوردستانى ئێران ئه‌نجامدا. به‌پێچه‌وانه‌ى ناسيۆناليزمى كورده‌وه كه ئه‌م مه‌يدانه، واته وه‌ستانه‌وه‌ى دژى سته‌مى ميللى بۆ خۆى كۆنترۆڵ كردبوو. خه‌ڵكى كوردستانيش وه‌كو نوێنه‌رى رووبه‌ڕوو وه‌ستانه‌وه‌ى خۆيان دژى رژێم و ره‌مزى سه‌رفرازى نه‌ته‌وه‌يى ته‌ماشايان ده‌كرد (به‌ده‌ر له‌وه‌ى كه چه‌نده له راستيدا خه‌باتكارى رێگاى كۆتايى هاتنى ئه‌م سته‌مه بووه يان نا، كه بۆچوونى من‌و بزووتنه‌وه‌ى ئێمه له‌م باره‌وه مه‌نفیيه).
له‌دواى كشانه‌وه‌ى دەسەڵاتى به‌عسيش له‌كوردستان، ئه‌م گروپانه‌ى ئيسلامى سياسى هه‌مان نه‌خشى خزمه‌تچێتى رژێمى ئيسلامیيان بينيوه له‌په‌يوه‌ند به حيزبه دەسەڵاتداره‌كانى كوردستانه‌وه. به‌پێى نه‌خشه‌ى ئه‌و رژێمه دۆستايه‌تى يان دژايه‌تى ئه‌و حيزبانه‌يان كردووه. ئه‌وه‌ى كه نه‌يانبووبێت په‌يوه‌ندى بووه به به‌رژه‌وه‌نديه‌كانى خه‌ڵكى كوردستانه‌وه. ئه‌و كاته‌ى كه جه‌ماوه‌رى ناڕازى‌و زه‌حمه‌تكێشى كوردستان بۆ ده‌ركێشانى خواسته‌كانيان له قورگى دەسەڵاتدارانى ناسيۆناليزمى كورد له‌لايه‌ن بزووتنه‌وه‌و حيزبى كۆمۆنيستى كرێكارى عێراقه‌وه رێكده‌خران‌و رێنوێنى‌و رابه‌رى ده‌كران، ئه‌م تاقمه ئيسلاميانه له رێگاى شه‌ڕو تيرۆره‌وه ده‌يانويست په‌يامى ره‌شى خۆيان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌ى كوردستاندا بسه‌پێنن، يان خه‌ريكى سه‌وداو بازرگانى بوون له‌نێوان ته‌ره‌فه‌كانى شه‌ڕى نێوخۆدا. هه‌مووشيان به “چه‌كدارو بێچه‌ك”و به “ميانه‌ڕه‌و و توندڕه‌و”و ئه‌وانه‌شيان كه به پاره‌ى سعوديه‌و شێخ نشينه‌كانى خه‌ليج ده‌نگى خه‌ڵكى برسى‌و بێده‌ره‌تانى ژێر گه‌مارۆى ئابوورى‌و حاكميه‌تى ميليشيايى كوردايه‌تیيان ده‌كڕى، سه‌خاوه‌تمه‌ندانه خزمه‌تچێتى خۆيان دژى بزووتنه‌وه‌ى كۆمۆنيستى‌و كرێكاريى كوردستان پێشكه‌شى دەسەڵاتى ميليشيايى ناسيۆناليزم ده‌كرد.
بێجگه له‌مانه ئيسلامى سياسى ره‌وتێكى تيرۆريسته كه دژايه‌تى كوێرى لەگەڵ مه‌ده‌نيه‌تى كۆمه‌ڵگاى كوردستان، لەگەڵ كرێكار‌و كۆمۆنيزم، لەگەڵ ژنان، لاوان، ئازاديخوازى، زانست، پێشكه‌وتنخوازى‌و به‌كورتى لەگەڵ هه‌مووسيمايه‌كى رۆشنى كۆمه‌ڵگاى كوردستاندا هه‌يه، بۆيه نه‌ك نوێنه‌رايه‌تى هيچ روخسار‌و سيمايه‌كى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى كوردستان ناكات، به‌ڵكو ده‌يه‌وێ له‌رێگاى تيرۆره‌وه كۆمه‌ڵگاى كوردستان بۆ دواوه رابكێشێته‌وه‌و رووپۆشى ره‌شى دەسەڵاتى ئيسلام به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تيدا دابداته‌وه! كاركردى تاريكى ئه‌م ده‌سته‌وتاقمانه له چه‌ندين ساڵى رابردوودا ئه‌م راستيه‌ى بۆ هه‌موو لايه‌ك سه‌لماندووه.
له‌يه‌ك قسه‌دا، ئيسلامى سياسى نه نوێنه‌رى ئومێدى مێژوويى‌و به‌رهه‌قى خه‌ڵكى كوردستانه بۆ رزگاربوون له سته‌مى ميللى‌و چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد‌و نه هيچ په‌يامێكى سياسى له‌و باره‌وه هه‌يه‌و نه به‌پێى لۆژيكى سياسى‌و کۆمەڵایەتی ده‌توانێ هه‌يبێت. هه‌روه‌ها نوێنه‌رى خواست‌و ئومێد‌و ته‌وه‌قوعاتى خه‌ڵك نين بۆ خۆشگوزه‌رانى‌و يه‌كسانى، بۆ ئازادى‌و مه‌ده‌نيه‌ت، بۆ ده‌ستراگه‌يشتن به ژيانێكى هاوچه‌رخ‌و شاد، به‌ڵكو ده‌يانه‌وێ ئه‌وه‌شى كه هه‌يه نه‌يهێڵن. هه‌روه‌ها شێوازى كاريان هيچ ته‌باييه‌كى نيه لەگەڵ شێوازى خه‌باتى خه‌ڵكى كوردستاندا كه له بنه‌ڕه‌تدا خه‌باتێكى شارى‌و جه‌ماوه‌ریيه بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى هه‌م كێشه‌ى ميللى، و هه‌م كێشه‌ى ژيان‌و گوزه‌رانيان له ده‌ست دەسەڵاتدارانى خۆماڵی!**
ئیسلامی سیاسی، كوردستان، فه‌له‌ستين‌و لوبنان:
به‌م پێيه جياوازيه‌كى جدى كه له‌نێوان ره‌وته ئيسلاميه‌كانى فه‌له‌ستين‌و لوبناندا هه‌يه ئه‌وه‌يه كه ئه‌وان خۆيان گرێداوه‌ته‌وه به مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌تيه‌كانى كۆمه‌ڵگاوه، بۆيه توانيويانه يان ده‌توانن جێگاپێ له‌ناو كۆمه‌ڵگادا بۆخۆيان په‌يدا بكه‌ن. ئيسلامى سياسى له فه‌له‌ستين له‌دواى چوونى ناسيۆناليزمى فه‌له‌ستينى بۆ ناو پرۆسه‌ى ئاشتى لەگەڵ ئيسرائيل‌و سه‌رنه‌كه‌وتنى ئه‌م پرۆسه‌يه به‌هۆى ملبادانى ئيسرائيله‌وه، گه‌شه‌ى كرد. په‌يدابوونى كه‌لێنێك له مه‌سه‌له‌ى رووبه‌روو بوونه‌وه‌ى داگيركاريى ئيسرائيل كه تا ئه‌وكاته ناسيۆناليزمى عه‌ره‌ب له‌فه‌له‌ستين نوێنه‌رايه‌تى‌و رابه‌رايه‌تى ده‌كرد، له‌كاتێكدا داگيركارى وه‌كو خۆى مابووه‌وه، وه ناسيۆناليزمى فه‌له‌ستنيى چووبووه ناو پرۆسه‌يه‌كى نه‌زۆكى ئاشتيه‌وه لەگەڵ ئيسرائيل، له‌پاڵ سه‌رهه‌ڵدانى بزووتنه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌رى له نێوخۆى فه‌له‌ستيندا له دژى ئه‌و بارودوخه‌ى دواى “پرۆسه‌ى ئاشتى” سه‌رى هه‌ڵدابوو، ده‌رگاى به‌رووى ئيسلامى سياسيدا كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ببنه به‌ديلى سياسى خه‌ڵك دژى داگيركارى‌و وه‌حشيه‌تى ده‌وڵه‌تى يه‌هودى-نه‌ته‌وه‌په‌رستى ئيسرائيل. له په‌يوه‌ند به لوبنانيشه‌وه هه‌مان مه‌سه‌له راسته. مانه‌وه‌ى داگيركاريى ئيسرائيل له به‌شێك له ناوچه‌كانى لوبنانداو ده‌ركه‌وتنى حيزب الله وه‌كو هێزى دژ وه‌ستانه‌وه‌ى ئيسرائيل، ئه‌و جيگايه‌ى بۆ ئه‌م ده‌سته ئيسلاميه دابين كرد كه پايه‌يه‌ك له‌ناو خه‌ڵكى لوبناندا په‌يدا بكات. بەڵام له هه‌مووى گرنگتر ئه‌وه‌يه كه هه‌ردو ئه‌م مه‌سه‌له‌يه، چ مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستين‌و چ مه‌سه‌له‌ى لوبنان، راسته‌وخۆ له‌به‌رنامه‌ى ئيسلامى سياسيدا جيگا په‌يدا ده‌كه‌ن، به پێچه‌وانه‌ى مه‌سه‌له‌ى كورده‌وه.
لايه‌نێكى گرنگى بنه‌ماى ئايديۆلۆژى ئيسلامى سياسى مه‌سه‌له‌ى ئيسرائيله. بێجگه له لايه‌نى پڕوپاگه‌نده‌يى ئه‌م مه‌سه‌له‌يه، ئيسلامى سياسى ده‌توانێ ئيحساسى ئاينى خه‌ڵكى موسڵمان له به‌رامبه‌ر ئيسرائيل، له‌چوارچێوه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ى دينیدا هه‌ڵخڕێنێ. له‌بارى پڕوپاگه‌نده‌ييه‌وه ده‌توانێ وه‌كو نوێنه‌رى ناره‌زايه‌تى خه‌ڵكى موسوڵمان دژى وه‌حشيه‌تى ده‌وڵه‌تى ئيسرائيل له‌دژى خه‌ڵكى فه‌له‌ستين‌و لوبنان نيشان بدات‌و پشتيوانى ئه‌و خه‌ڵكه بۆ خۆى رابكێشێت.
مه‌سه‌له‌ى ئيسرائیل‌و لوبنان بۆ ئيسلامى سياسى به‌شێكى گرنگه له پێناسى سياسى‌و ئايدۆلۆژى ئه‌م ره‌وته، بۆيه له‌بارى مه‌نتقى سياسيه‌وه هه‌م ده‌توانێ له‌م مه‌يدانه‌دا كار بكات‌و هه‌م له به‌رژه‌وه‌نديه‌تى. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ى كه‌وه‌كو ئيشاره‌مان پێكرد وەڵاميشى به مه‌سه‌له‌يه‌كى سياسى_گرێى ئه‌و دوو كۆمه‌ڵگايه داوه‌ته‌وه. بەڵام ئه‌مه بۆ كوردستان‌و مه‌سه‌له‌ى كورد راست نيه، چونكه چاره‌سه‌رى ئه‌م مه‌سه‌له‌يه نه‌ك هه‌ر به‌شێك نيه له به‌رنامه‌ى سياسى_کۆمەڵایەتی ئيسلامى سياسى، به‌ڵكو دژيه‌تى. ئيسلامى سياسى له ئێران خۆى به عه‌مه‌لى پياده‌كه‌رى ئه‌م زوڵمه سياسيه‌یە له‌سه‌ر كورد له‌ئێران. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ى كه ئيسلامى سياسى-پان عه‌ره‌بى خۆيان وه‌كو ميراتگرى ناسيۆناليزمى عه‌ره‌بى ده‌بينن، كه دەسەڵاتە‌كه‌يان له‌عێراق وه‌حشيانه‌ترين پاكسازى نه‌ته‌وه‌يى دژى كورد به‌رێخست. ئێستاش ده‌سته‌وتاقمه دەسەڵات به‌ده‌ست‌و بێدەسەڵاتە‌كانيان، له‌پاڵ تاقمه ناسيۆنال_شۆڤينيسته عه‌ره‌بيه‌كاندا دژى به‌رپاكردنى ريفراندۆمى گشتى خه‌ڵكى كوردستانى عێراقن بۆ بڕياردان له‌سه‌ر چاره‌نوسى سياسى خۆيان بۆ مانه‌وه يان جيابوونه‌وه له عێراق .** *
له كۆتاييدا:
مەسەلەی ناسيۆناليزمى كورد‌و ئيسلامى سياسى هه‌ردوو، دوو ره‌وتى ناكۆك‌و ناته‌باو دژى به‌رژه‌وه‌نديه‌كانى خه‌ڵكى كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێشى كوردستانن، نه‌ك نوێنه‌رايه‌تى هيچ ئومێد‌و خواست‌و ته‌وه‌قوعاتێكى ئه‌وان بكه‌ن. ناسيۆناليزمى كورد ئه‌و ده‌وره‌شى له ده‌ست‌دا كه وه‌كو نوێنه‌رى خواستى خه‌ڵك بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد له‌لايه‌ن خه‌ڵكه‌وه ته‌ماشاى ده‌كرا. ئێستا ناسيۆناليزمى دەسەڵاتداره كه به فيشه‌ك، دروست هه‌روه‌كو رژێمه سه‌ركوتگه‌ره‌كان، وه‌ڵامى خواسته سه‌ره‌تاييه‌كانى خه‌ڵك ده‌داته‌وه. ئيسلامى سياسيش خۆی‌و به‌رنامه‌و سونه‌ت‌و شێوازى كارى هه‌مووى نامۆيه به خه‌ڵكى كوردستان !
سێپتێمبەری ٢٠١٥
*/ ئەوەی لێرەدا ئاماژەی بۆکراوە، نارەزایەتیو خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شارەکانی کوردستان بوو لە ساڵی ٢٠٠٦دا لەپێناو خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانو دابینکردنی فرسەتی کار بۆ لاوان و بێکاران‌و دژی نایەکسانیو ژیانی شاهانەی بەرپرسانی “حكومەتی خۆماڵی کوردی” کە بە فیشەك وەڵام درایەوە. دوای ئەوەش خرۆشانەکانی ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ کە بەشێکی بەرچاوی شارەکانی کوردستانی گرتەوە، تەواوکەری ئەو رەوتی نارەزایەتیو لێك دوورکەتنەوەیەی نێوان خەڵك‌و دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردبوون لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەگەرچی لەم بزووتنەوەیەدا بەشێکی هێزەکانی بۆرژوازی (ئیسلامی‌و ناسیۆنالیست) خۆیان خزاندە ناو نارەزایەتیەکانی جەماوەرەوە، بەڵام ئەمە هیچی لەو راستیە نەگۆڕی کە سەرجەم هێزەکانی بۆرژوازی کورد هیچ تاڵەدەزوویەك بە خواست‌و ئومێد‌و بەرژەوەندیەکانی خەڵکەوە نایان بەستێتەوە. بەشداری ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی لە حکومەتدا لەپاڵ یەکێتیو پارتیدا‌و ئەزمونی دەسەڵاتی هاوبەشیان سەدجار ئەو راستیەی سەلماندەوەو گورزێکی دیکەی لە پاشماوەکانی وەهمی جەماوەر بە هێزە ناسیۆنالیستی‌و ئیسلامیەکان وەشاند.
* */ گروپەکانی ئیسلامی سیاسی، بەتایبەتی یەکگرتووی ئیسلامی‌و کۆمەڵی ئیسلامی دوای ئەوەی لەبزووتنەوەی ئیسلامی جیابووەوە، بەرەبەرەو لە پرۆسەیەکی چەند ساڵیدا هەندێ ئاڵ‌وگۆڕیان بەسەر خۆیاندا هێنا، بۆئەوەی لەگەڵ رەوتی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی تازەی کوردستاندا خۆیان بسازێنن. یەکەم گۆڕانکاری ئەوەبوو کە وەکو دوو رەوتی ئیسلامی سیاسی کوردی، باکگراوندە ناسیۆنالستیەکەیان لەسەر حسابی ئایدیۆلۆژیا ئیسلامیەکەیان تۆخ بکەنەوە، چونکە ناسیۆنالیزمی کورد وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆرژوازی کورد بەهۆی ئەو جێگاورێگایەی لە ئاستی کوردستان‌و عێراق‌و بگرە ناوچەکەشدا پەیدای کردبوو، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا پێشرەوی کردبوو. بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی وەکو بزووتنەوەیەکی بۆرژوازی نەیدەتوانی بە چوارچێوە ئایدیۆلۆژیە کۆنەکەیەوە بەرەنگاری بێتەوەو یان لانی کەم لەئاستی کۆمەڵگادا وەکو هێزێک کە چاوی لە دەسەڵاتە خۆی نیشان بدات! دووەم گۆڕانکاری، بەتایبەتی دوای هەڵکشانی نارەزایەتیە جەماوەریەکان‌و دەرکەوتنی هێزێکی ناسیۆنالیستی ئۆپۆزیسۆنی وەکو بزووتنەوەی گۆڕان، وە بەدوای هەڵکشانی نارەزایەتیەکانو شۆڕشەکانی جیهانی عەرەب، کە هێزە ئیسلامیەکانیش خۆیان خزاندە ناو ئەو نارەزایەتیانەوە، ئەوەبوو ئەم گروپە ئیسلامیانەی کوردستانیش خۆیان خزاندە ناو ئەم نارەزایەتیانەوە، وەکو شێوازێك بۆ بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکانیان بەدەستیانەوە گرت. لەسەر ئاستی شێوازی دەسەڵاتدارێتیش، خۆیان لەگەڵ شێوازی پەرلەمانیو بەشداریکردن لە دەسەڵات لەگەڵ هێزە ناسیۆنالیستیەکاندا گونجاند! بەڵام ناوەرۆکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ئەم هێزانە، وەکو رەوتێکی کۆنەپەرستی بۆرژوازی‌و دژی کۆمۆنیزم‌و دژی مەدەنیەتو دژی سیکولاریزمو دژی ژن‌و دژی هەموو روخسارێکی پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵگا وەکو خۆی مایەوە، ئەوەی گۆڕا ئەو شێوازە بوو لە کاری سیاسی‌و مانۆری سیاسی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە سیاسی‌و کۆنەپەرستانەیەی خۆیان، کە لەپاڵ ناسیۆنالیزمی کورددا توانیان پێکەوە فەزایەکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی کۆنەپەرستانە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێننو دەوریان هەبێ لە پاشەکشە پێکردن بە کۆمەڵگاو بەها ئینسانی‌و مەدەنیو یەکسانیخوازەکانی.
***/ دەرکەوتنی داعش وەکو رەوتێکی ئیسلامی سیاسی بە باك گراوندێکی ناسیۆنالیستی عەرەبیەوە کە بە توندی دژی هەموو سیمایەکی کۆمەڵگای مەدەنیو هاوچەرخەو تاوانەکانی لەدژی خەڵکی کورد لە عێراق‌و سوریا‌و لە دژی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان‌و هەستی ئینسانی نارەحەتو توڕە کردوە، بۆ جارێکی دیکە ماهیەتی سەرجەم رەوتە ئیسلامیەکانی خستەوە بەردەم مەحەکی جەماوەر. بۆیە سەرجەم رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی، وەکو رەوتێکی سیاسی بۆرژوازی بێ ئیعتبار‌و نەخوازراو لە ئاستی رای گشتیدا دوپاتکرایەوە. رەوەندێکی فکری کە لەکوردستاندا دەستی پێکردوە لەدژی ئیسلامی سیاسی‌و بنەماکانی ئیسلام، فرسەتی بەرزبوونەوەی هێزەکانی ئەم رەوتەی وەکو هێزی سیاسی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات بەرەو کوژاندنەوە بردووە