کاسترۆ سیمبولێکی قارەمانی و خۆڕاگری بوو! 

رێبوار ئەحمەد
بەبیستنی مەرگی کاسترۆ لە بیری ئەوەدا بووم یاداشتێک لە بارەیەوە بنوسم. بەرلەوەی ئەوکارە بکەم، چەند راپۆرت و نوسراوە و کۆمێنتم بەرچاوکەوت کە لەڕوانگەی جیاجیاوە دەربارەی ئەو دەدوان. لەنێو ئەوانەدا ناهەقیەکی زۆرم بینی کەسەبارەت بەو وتراون و نوسراون. بۆیە بڕیارمدا ئەو چوارچیوەیەی دام نابوو بۆ یاداشتەکەم بگۆڕم بۆ چوارچێوەیەک کە لەبەرامبەر ئەو ناهەقیانەدا رۆڵ و کەسایەتی کاسترۆ مونسیفانە نیشان بدات. ئەوە زۆر جێگای سەرسوڕمانم بوو کە لەڕوانگەی چەپ و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازیەوە، لەجەرگەی ئەم سەردەمە تاریک و پڕ کارەسات و پڕ لە دکتاتۆریەت و بەربەریەدا، کاسترۆ وەکو سیمبولی دکتاتۆریەت و کەسایەتی و دیاردەیەکی نێگەتیف هەڵسەنگێندرێت و وێنا بکرێت.
کاسترۆ هیچکات مارکسیست و کۆمۆنیست نەبوو، ئەو رژێمەش کە ئەو دایمەزراند و بەڕێوەی برد جگە لەسەرمایەداریەکی دەوڵەتی هیچی ترنەبوو. کاسترۆ هیچکات نە بەڵێنی ئەوەی داوە و نەئیدعای ئەوەی کردوە کەبزوتنەوەی دژی سەرمایەداری چینی کرێکار بۆ هەڵوەشانەوەی نیزامی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی رابەری بکات. ناکرێت هیچ کەس و بزوتنەوەیەک بەئامانجێک لەمحەک بدرێت کە خۆی بەخاوەنی نەزانیوە و ئیدعای نەکردووە.
بۆیە هیچ مەوزوعیەتێکی نیە کاسترۆ بەپێوەری کۆمۆنیستی هەڵسەنگێندرێت و نمرەی بۆ دابنرێت. 
ئەو رابەرو رێکخەری بزووتنەوەی پۆپۆلیستی رزگاری خوازی کوبا بوو لە دژی ئەمپریالیزمی ئەمریکا. لە ناوەراستی سەدەی پێشودا کە کۆمۆنیزمی بۆرژوازی یەکێک لە جەمسەرە سەرمایەداریەکانی جیهانی رابەری دەکرد، لەو کاتەشدا کاسترۆ و بزووتنەوەکەی کە لە دژی ئەمریکا دەجەنگین، لەکەناری جەمسەری بەرامبەر ئەمریکا راوەستان، واتە سەرمایەداری دەوڵەتی بەڕابەری سۆڤیەت. ئەو رۆژگارە جگە لەوەی سۆسیالیزمی بۆرژوازی هێزو سەنگێکی گەورەی جیهانی هەبوو، کۆمۆنیزمیش بەمانایەکی گشتی خاوەن پێگەیەکی جیهانی بەهێزبوو. بەشی هەرە زۆری بزوتنەوە بۆرژوازیەکانی ئەوکات، وەکو بزوتنەوەی دژی ئەمپریالیستی و دژی ئیستعمارو داگیرکاری و بزووتنەوەی رزگاری نیشتمانی و دژی ستەمی میللی و سەربەخۆیی و گەشەپیدانی پیشەسازی ….ناوی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و مارکسی-لینینی یان لەسەر خۆیان دادەنا، هەم لەبەر ئیعتبارو سەنگی کۆمۆنیزم و هەم بۆ خۆگونجاندن و بەدەسیهێنانی پشتیوانی بلۆکی سۆڤیەتی. کاسترۆ و بزوتنەوەکەشی یەکێک بوون لەو هەموو بزووتنەوانەی کە ئەو رۆژگارە لەم روانگەیەوە ناوی کۆمۆنیزمیان لەخۆیان نابوو. لە یەک رستەدا کاسترۆ و بزوتنەوە و حزب و رژێمەکەی هیچ کات کۆمۆنیست نەبوون، بەڵام لەژێر کاریگەری و قورسایی کۆمۆنیزمدا بەمانا گشتەکەی بوون.
کاسترۆ و ئەو سیستەمە سەرمایەداریەی ئەو دایمەزراند و تا ئیستاش لەسەر کارە، لە روانگەی کۆمۆنیزمەوە و بەپێوەری کۆمۆنیستی هیچ ستایشێک هەڵناگرێت، بەڵام لە دوو رووەووە هەم جێگای سەرنج و هەم لە زۆربەی وڵاتانی هەرە پێشکەوتووی جیهان لە پێشترە؛
یەکەم: بەکاربردن و هەڵبژاردنی ناوی کۆمۆنیزم هەر ئەو کاریگەریەی نەبوو کە یارمەتی دەریبێت بۆ بزووتنەوەی رزگاری کوبا لە رکێفی ئەمپریالیزمی ئەمریکا، بەڵکو بزووتنەوەکە و ئەو رژێمەشی دەخستە ژێر کاریگەری ئامانجە سۆسیالیستیەکانەوە کە دوای رزگار بوون لە رکێفی ئەمپریالیزمی ئەمریکا دەهاتە دامەزران. بۆیە سەرباری ئەوەی زۆربەی زۆری دانیشتوانی کوبا لە بنەڕەتدا بەهۆی ئابڵۆقەی ئابوریەوە گرفتاری هەژاریی و کەم دەرامەتین، بەڵام کاسترۆ و دەسەڵاتەکەی لەو هەلومەرجە سەختەی ژێرباری ئابڵۆقەی ئابوریشدا کۆمەڵیک دەسکەوتی گرنگی بۆ ئەو خەڵکە دەستەبەر کردوە. بەجۆرێک کە لە هەندێک رووەووە لانیکەم هەنگاوێک لەپێش پێشکەوتوترین وڵاتانی جیهانەوەیە. بیمەی تەندروستی و خوێندن لە ئاستێکی باڵا و بەخۆرایی بۆ هەموان، دابینکردنی خانوبەرە و هۆیەکانی گواستنەوە و پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانە بە جۆرێک کە هەموان دەستیان پێ رابگات، ئەویش لەوڵاتێکی هەژارو لە ژێر گوشاری توندی ئابوری و سیاسی ئەمریکادا. 
دووەم: ئەوەی گرنگە و بەڕای من دەبێ کەسایەتی کاسترۆی پێ بپێورێت، قارەمانیتی ئەوە لە بەرامبەر ملهوڕی ئەمریکادا. ئیلهام دانێتی بەو باوەڕەی کە سەرباری دەست رۆیشتویی هێزە ئەمپریالیستەکان، ئەگەر بەشەریەت ئیرادە بکات، دەتوانێ ئاڵوگۆڕ دروست بکات. ئەو دەوڵەتە ئیمپریالیستەی کە بە درێژایی سەدەی بیستەم لەم سەر تا ئەوسەری دنیا میلیتاریزم و جەنگ و داگیرکاری و سیناریۆی کارەساتبار و کوشتاری بە کۆمەڵی بەرپاکردوە، هیچ کات نەیتوانی چۆک بە کاسترۆ دابدات. ئەو بە جەسارەتەوە وەکو دیوارێکی پتەو لەبەرامبەر ملهورییەکانی ئەمریکا راوەستا. سەدان جار هەوڵی تیرۆرکردنی درا، گوشاری توندی سیاسی و دبلۆماسی و ئابوری لەسەر کوبا دانرا، بەردەوام هەڕەشەی سەربازی بەسەر سەریەوەبوو، بەڵام هەموو ئەو گوشارانەی تەحەمول کرد و لەسەر پرەنسیپەکانی خۆی پێداگری کرد و تەسلیمی ملهوڕی ئەمریکا نەبوو.
لەدنیایەکدا کە بە دکتاتۆر و دکتاتۆریەت تەنراوە، میدیا و ژۆرنالیزمی نۆکەر و راستڕەو کاسترۆ وەکو سیمبولی دکتاتۆریەت بەرجەستە دەکەن، وەکو ئەوەی لەم جیهانەدا دکتاتۆر کەم بێت. ئەوەی کە لە کوبادا ئازادی سیاسی قەدەغەیە، وە ئەوەی کە کاسترۆ ٥٠ ساڵ چەسپی بە کورسی دەسەڵاتەوە و پاشنیش کاتێک خۆی توانای دەسەڵاتدارێتی نەما، دەسەڵاتی سپارد بە براکەی، تەنها یەکیکە لە لایەنە ناشرین و سەلبی و قەبیحەکانی کاسترۆ و رژێمەکەی و هیچ پاساوێکیش هەڵناگرێت. بەڵام بەرجەستەکردنی یەک لایەنەی کاسترۆ وەکو سیمبولێکی دکتاتۆریەت و کردنی بەپێناسەیەک بۆ کەسایەتی و سیستەمەکەی، بەرای من لە بنەڕەتدا دیدگایەکی سەرتاپا ریاکارانە و ئەمریکی و پڕوپاگەندەیەکی جەنگی ساردیە بۆ شاردنەوە و قیزەوێنکردنی راوەستاویەکەی بەرامبەر ملهوڕی ئەمریکا. دکتاتۆریەت بە هیچ جۆرێک نابێتە خاڵی جیاکەرەوەی کاسترۆ لە سەرجەم سیستەمی بۆرژوازی جیهانی، بەڵکو بە هەر رادەیەک کە بووە، ئەوە خاڵی لێکچونێتی لەگەڵ هەموو دکتاتۆریەتی بۆرژوازی. دیکتاتۆریەت خاڵی هاوبەشی هەموو دەوڵەتێک و سەرجەم ئەنزیمەی بۆرژوازی جیهانە. بە کوبا و دیموکراتی ترین دەوڵەتی دنیاوە. بۆ نمونە جیاوازی نێوان دکتاتۆریەت لە کوبا و لە ئەمریکا، لەوەدایە کە خەڵکی ئەمریکا ناچارن لە نێوان دوو ملیاردێر (کلینتۆن و ترەمپ) کە یەکێکیان لە پشتی سەرجەم ئەو بەربەریەتەوە راوەستاوە کە ملیۆنەها هاوڵاتی سیڤڵی لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و لیبیا و کۆسۆڤ و چەندین شوینی تری جیهان کرد بە قوربانی و داعشی هیناوەتە مەیدان، ئەوەی دیکەیان فاڵانژ و لۆپمنێکی راسیستی دژی ژن و دژی هەموو پێوانە ئینسانیەکانە، بەڵام لە کوبا یەک ئەلتەرناتیو هەبوو کە خەڵک مەحکوم بوون بەوەی پەسەندی بکەن. جیاوازی ئەم دوو دکتاتۆریەتە لەوەدایە کە یەکەمیان یەکێک لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتەکانی جیهان و زلهێزێکی دەستڕۆیشتوی دنیایە، بەڵام خەڵکەکەی ئەگەر نەخۆشکەون و پارەیان نەبێت ناتوانن لە نەخۆشیەکی سادە گیانیان دەربازبکەن و بیمەی تەندروستیان نیە، هەرچی دووەمیانە وڵاتێکی بچوکی هەژار لە جەزیرەیەکی بچوکدا لە ژێر گوشاری دەیان ساڵەی ئابوری و سیاسی و دبلۆماسیدا، هێشتا ئاستێکی باڵای بیمەی تەندروستی بە خۆڕایی بۆ هەموو هاوڵاتیانی دابین کردوە. هەر بەم جۆرەش دەکرێت بەراوردیان بکەین لە بواری خوێندن و خانوبەرە و هۆیەکانی گواستنەوە و ..هتد. ئەم بەراوردە پێمان دەڵێ رژێمە دیموکراسیەکەی ئەمریکا بە هیچ پێوەر و پرەنسیپێکی ئینسانی و ئەخلاقییش بە قولی رژێمەکەی کاسترۆدا ناگات.
ئەگەر بکرێت لەچەند رستەیەکدا کەسایەتی کاسترۆ وەکو یەکێک لە کەسایەتیە بەرجەستەکانی مێژووی هاوچەرخ مونسیفانە پێناسە بکرێت، بەڕای من قارەمانێتی و جەسوری ئەوە لە راوەستانی بەرامبەر سەرەڕۆیی و ملهوری ئەمریکا و پابەند بونێتی بەژیان و گوزەران و کەرامەتەی خەڵکی کوبا. پابەند بوونێتی بەهەوڵی بێوچان بۆ دابینکردنی گوزه‌ران و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و حورمەتی هاوڵاتیانی کوبا. ئەگەر کاسترۆ بەراورد بکرێت لەگەڵ سەرۆکەکانی دیکەی دنیا بەتایبەتی لەوڵاتانی بە ناو جیهانی سێیەم، کە شانازی گەورەیان لەوەدایە گوێی خۆیان بخەنە دەستی ئەمریکاوە و ببن بە ئەڵقە لەگوێ و دەسکەلای ئەو لە بردنەپێشی سیاسەتە چەپەڵ و دژی ئینسانیەکانی تاوەکو لەم رێگایەوە تەنانەت سوچێکی دەسەڵاتیان پێببڕێت یان کورسی دەسەڵاتیان لەژێر بمێنی، لەگەڵ ئەوەشدا و بەبێ ئەوەی ئابڵۆقەیان لەسەر بێت هاوڵاتیانیان لە ئاستێکی فراواندا بێبەرین لە سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانە، ئەوکات دەکرێت قارەمانێتی کاسترۆ ببینرێت. بێگومان بەهیچ جۆرێک ناکرێت کاسترۆ لەگەڵ کاریزما تاڵانچی و وێرانکار و ملبەفەرمانەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەراورد بکرێت. 
لەسەردەمێکدا کەجەنجاڵی میدیای نۆکەرو مێشک داشۆرین و ملهوڕی و کوشتار و خاپورکردن، لە ئاستێکی سەرسام هێنەردا بەشەریەتی ئەسیری ئەو حوکمە کردوە کە هیچ هێز و بزووتنەوە و دەوڵەتێک ناتوانێت لەبەرامبەر ئیرادەی زلهیزە ئەمپریالیستەکان و بە تایبەتی ئەمریکادا لاملی بکات، کاسترۆ تا کۆتایی راوەستا و بە ئەزمونێکی درێژ و سەخت و دژوار و پڕ تەحەدا ئەو حەقیقەتەی سەلماند کە بەشەریەت ناچار نیە بە ملکەچکردن بۆ زلهێزە ئەمپریالیستیەکان. بەکردەوە سەلماندی کە دەکرێت بە پێچەوانەی ویست و ئیرادەی تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانەی ئەو زلهێزانەوە کار بکرێت و سەرکەوتنیش بەدەست بێت. ئەگەر تەنها هەر ئەمە لەبەرچاو بگرین، دەسکەوتێکی لەرادەبەدەر گرنگە بۆ بەشەیەتی هاوچەرخ. بە بێ ئەزمونی کاسترۆ لە کوبا، ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارە لانیکەم لە رووی پراتیکیەوە نارۆشن دەمایەوە کە؛ ئایا دەکرێت لەسەردەمێکدا کە زلهێزە ئەمپریالیستیەکان تیایدا باڵا دەستن، ئومێدێک بە ئاڵوگۆڕ و شۆڕش و چارەنوسێک هەبێت لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی ئەوان؟ کاسترۆ وەڵامێکی رۆشن و جەسور و مەحکەمی پراتیکی بەم پرسیارە دایەوە و وتی بەڵێ دەتوانرێ و دەبێ بکرێت. بەم مانایە ئەو قارەمان بوو.
٢٨-١١-٢٠١٦

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *