ئەوە پارتیە سوکایەتی بەهەموو خەڵکی کوردستان دەکات

دەربارەی ناوزڕاندنی کەسایەتی سروە عەبدولواحد لەلایەن پارتیەوە
رێبوار ئەحمەد
ئەو کەمپینەی پارتی بۆ ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتی سروە عەبدولواحد بەرێیخستوە، تیرۆری کەسایەتیە و پێویستە لەلایەن رای گشتی و هەموو لایەنگرانی ئازادی رادەربڕینەوە وەڵامی شایستە وەرگرێتەوە و سەرکۆنە بکرێت. پارتی لەچەند شاری کوردستان بە تایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، رێکخستنەکانی خستوەتە سەرشەقام بۆ ناوزڕاندن و تیرۆری کەسایەتی سروە عەبدولواحید بەتاوانی ئەوەی کە گوایە سوکایەتی بە کەس و کاری “شەهیدان” کردوە. لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی پارتیدا کە هیچ ئازادی و دەرفەتێک نیە بۆ هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک دژی ئەو هەموو زوڵم و ستەم و تاڵانکاریەی کە پارتی و حزبەکانی هاوپەیمان و شەریکە دەسەڵاتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندویانە، هەرجۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی بە داپلۆسین وەڵام دەدرێنەوە. تەنها خۆپیشاندانی مۆڵەتدراو ئەم سیناریۆ ناشرین و کەرامەت شکێنەیە کە خۆیان بۆ ناوزڕاندنی رەخنەگرانیان بەرپای دەکەن.
بەدەرلەوەی کە سروە عەبدولواحید کادر و ئەندام پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕانە، وە بەدەرلەوەی کە من هەر هەڵویست و هەر ناکۆکیەکی قوڵم لەگەڵ حزبەکەی ئەو هەبێت، ئەم کەمپینی تیرۆری کەسایەتیەی لە دژی ئەو بەرپاکراوە، بەڕەوشتێکی تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانە و دژە ئازادی و دژەمرۆڤانە دەزانم. هەرکەس ئازادە لەسەر هەر مەسەلە و دیاردە و سیاسەتێک رای خۆی دەربڕێت بەبێ ئەوەی نیگەرانی ئەوە بێت کە حورمەت و کەسایەتیەکەی بکەوێتە بەرامبەر کەمپینی ناوزڕاندن. پارتی دەتوانێ و مافی خۆیەتی بە شێوەی سیاسی و شارستانی و دور لە ناوزڕاندن و له‌کەدارکردن، وەڵامی سیاسی بەبۆچونی نەیارانی خۆی بداتەوە. بەڵام لەجیاتی ئەم شێوە سیاسی و شارستانیە دەستی بردووە بۆ سیناریۆ بەرپاکردن و شکاندنی کەسایەتی نەیارانی.
هەرلایەنێک پۆزی بەرگری لەحورمەتی “کەسوکاری شەهیدان” لێبدات، نابێ پارتی دەم لەم مەسەلەیە بکوتێ. ئەگەر بەراستی باس لەسوکایەتی بێت بە “کەسوکاری شەهیدان” و سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان، ئەوە پارتی لەم مەیدانەدا پێشەوا و بێ رەقیبە و لەڕیزی پێشەوەیە. ئەوە پارتی و هاوپەیمانەکانیەتی کە بە تاڵانکردنی داهاتی کۆمەڵگا و زەوتکردنی قوتی هەموو خەڵک و لەوانەش ئەو “کەسوکاری شەهیدانە”ی کە پارتی فرمێسکی تیمساحیان بۆ هەڵدەوەرێنێ، گەورەترین سوکایەتی بەم خەڵکە کردوە. ئەوە پارتی و حزبە شەریکە دەسەلاتەکانیەتی کەهەموو خەڵکی کوردستان و “کەسوکاری شەهیدان” و ئەنفال کراوەکانیشیان دووچاری برسێتی و بێدەرەتانی و زەلیلی کردوە. ئەوە پارتی و شەریکەکانیەتی کە تەنانەت پارەی شیری منداڵ و دەرمانی نەخۆشیان بە تاڵان بردوە. 
خودی ئەوە گەورەترین سوکایەتی و یاریکردنە بەهەست و سۆزی “کەسوکاری شەهیدان”، بە خەڵکانێک کە رۆژگارێک رۆڵەکانیان لەڕیزی ئەم حزبانەدا گیانیان لەدەست داوە، ئەمڕۆش لەلایەن هەر ئەم حزبانەوە قوتیان بڕاوە، لەسەروی ئەوانەوە بەسکی برسی و گیرفانی بەتاڵەوە پەلکێشدەکرێن بۆ سەر شەقام و خۆپیشاندانی فەرمایشیان پێدەکرێت و دەکرێن بە ئامرازی پەردەپۆشکردنی هەر ئەو سیاسەتە قەرەقوشیەی کە قوتی زەوت کردون. گەورەترین سوکایەتی ئەوەیە کە هەموو خەڵکی کوردستان بەو “کەسوکاری شەهیدانە” ی کە پارتی سنگیان بۆ دادەڕێت، زەلیل و موحتاجی ژەمێک نان و تۆزقاڵێک رووناکی و سوتەمەنی و ئاوی خواردنەوە و حەبێکی نەخۆشی کردوە و لەسەروی ئەوەشەوە یاری بەهەست و سۆزیان دەکەن و وەکو مەقاش بەکاریان دەهێنن بۆ له‌کەدارکردنی نەیارانی دەسەڵاتەکەیان. 
ئەم شێوازە لەشکاندنی کەسایەتی و ناوزڕاندن کە پارتی دەستی بۆ بردوە، لە راستیدا هەڕەشەیەکە لە ئازادی رادەربڕین، ئەمە هەوڵێکە بۆ چاوترسێنکردنی هەرکەس کە رەخنە لە سیاسەتی پاوانخوازانە و تاڵانگەرانەی حزبە دەسەڵاتدارەکان بگرێت. ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە دەیەوێ بەکێشانی خەتی سور و داتاشینی موقەدەسات فەزایەک بەرپا بکات کەس جەسارەتی ئەوەی نەبێت رەخنە لە کارکردە چەپەڵیه‌کانیان بگرێت. رۆژێک ناوبردنی پێشمەرگە بە میلیشیا تەکفیر دەکەن، رۆژێکی تر سەری تەعزیم دانەنواندن بۆ سرودی کۆنەپەرستانە و قەومپەرستانەی “ئەی رەقیب”، ئەمرۆش باسکردن لەو زەلالەتەی بەسەر خەڵکیاندا هێناوە دەکەن بە کفرێک هەرکەس ئەنجامی بدات زیندە تیرۆری دەکەن و کەسایەتی دەشکێنن و ناوی دەزڕێنن. خەڵکی کوردستان نابێت بوار بەم سیناریۆ ناشرین و ریسوا و گاڵتەجاڕانەیە بدەن. ئەرکی هەموو لایەنگرانی ئازادی رادەربڕینە کە وەڵامی دەمکوتکەرانە بەم تیرۆری کەسایەتیە بدەنەوە بەرگری لە حورمەتی کەسایەتی سروەکان بکەن. ئەمە بەرگریە لە ئازادی رادەربڕین و حورمەتی مرۆڤ.
١١-١١-٢٠١٦

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *