٣١ ئاب

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
ئەمساڵ، ٢١ساڵ بەسەر کارەساتی ٣١ ئابدا، تێدەپەرێت. کارەساتێک کە هەمیشە لەگەڵماندا دەژیت، بەجۆرێکی تر درێژەی هەیە، ئەگەری چەند بارەبوونەوەی راستیەکی نکۆڵی هەڵنەگرە. ٢١ ساڵ بەر لەئێستا و لە درێژەو چوارچێوەی جەنگی دەسەڵاتی باڵەکانی بۆرژوازی کوردا و بەتایبەتیش لە جەنگی نێوان پارتی و یەکێتیدا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەلکێشی هیزەکانی کۆماری ئیسلامی سێدارەو سەنگسار و پارتیش پەلکێشی هێزە چنگ بەخوێن و فاشیستیەکە بەعسی کرد. هەر یەک لە پارتی و یەکێتی بۆ راگرتنی باڵانس و باڵادەستی سیاسی و سەربازی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، دەستیان برد بۆ ئەو تاوانە لەبیرنەکراو لێخۆش بوون هەڵنەگرە.
٣١ ئاب، باڵانسی هێزی گۆڕی، پارتی کردە هێزی یەکەمی سەر گۆرەپانی سیاسی کوردستان و بەکردەوەش هەردوو جغرافیای سەوزو زەردی کردە دوو زونی لێک جیاوازی سەر هەریمێکی بریندار و بێخاوەن.
کارەساتی ٣١ ئاب، تەنها بیرەوەریەکی تاڵ نییە لە یادەوەری خەڵکی کوردستاندا، تەنها پێشلەشکری و خۆشخزمەتیەک نییە بە دوو رژێمی درندەی خەڵکی کوردستان، تەنها گۆرینی باڵانسی هێز نییە، تەنها بە دوو زون کردنی هەرێمێک نییە… بەڵکو کارەساتێکە کە تیایدا بە هەزاران ئینسانی تیادا بوونە قەرەبروت، بەهەزاران ئینسان تیایدا کەم ئەندام و سەقەت بوون، بە دەیان هەزار ئاوارە بوون، بە هەزاران ماڵ وێران و خاپور کران، بەسەدان ئینسان لە ئۆپۆزیسێۆنی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئۆپۆزیسێۆنی رژێمی عێراق و تورکیا، خەڵتانی خوێن کران یان دەستگیرو پاشان لە سێدارە دران، بە هەزاران ئینسان دوای بەدیل گیرانیان، بێ سەروشوێن کران و تا ئێستا نەك چارەنووسی ژیانیان، بەڵکو چارەنووسی گۆرەکانیشیان ونە. ئەمانە لەلایەنە بزوتنەوەی کوردایەتیەوە ئەنفال کران، بەڵام دیار نییە لەژێر کام تەپۆلکە و بناری چ شاخ و لە چ دەشتایەکی کورستانی عەزیزی پارتی و یەکێتیدا!!، ژێر خاک خراون. هیشتا کەس و کاری ئەو هەزار ئینسانە چاوەروانن بزانن باوک و براکانیان… نەک بەزیندووی بەڵکو دوای مەرگیان، لە کوێن؟ پارتی و یەکێتی و هاوشێوەکانیان، کە فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی دەستی بەعس و ئەنفال هەڵدەرێژن، دەزانن ئەنفال کراوەکان لە چ پێدەشتیکی لمیندا لەلایەن بەعسەوە بەکۆمەڵ لەگۆرنران، بەڵام هێشتا خەڵکی کوردستان و خاوەن قوربانیەکان و بێسەروشوێنەکانی جەنگی ناوخۆ نازانن ئازیزەکانیان، لە کوێ بەکۆمەڵ کراون بە گەروی زەویدا… نەپارتی و نە یەکێتی ئامادەنین بە مردویش چارەنووسی ئەو هەزاران ئینسانە بەکەس و کارەکانیان و بە کۆمەڵگەی کوردستان ڕابگەیەنن. بەم جۆرە پارتی و یەکێتی ناهێڵن ئەم سێڵاوی خوێنە وشک بێت، ئەم ئاخ و ئازارە کەم بێتەوە،ئەم برینە بەرەو سارێژی بڕوات.
ئەم کارەساتە جەرگبر و خوێناوییە، هێشتا درێژەی هەیە، چونکە هێشتا خۆشخزمەتی و نۆکەرایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە درێژەی هەیە، هێشتا تەماحی باڵادەستی زۆرتری دەسەڵات و پاوانی جغرافیای زۆرتر و تاڵانی بێ ئەوپەری داهاتی کۆمەڵگەی کوردستان لە رێی میلیشیاو زۆرەوە بەردەوامە.
پارتی و کارخانەی راگەیاندن و کارخانەی دروستکردنی مۆدیلی بەڵی بۆ ٣١ ئاب و بەرگری لێکردنی دەچەرخێ. رابەران و کادرانی ئەو حزبە گۆشی ئەوە کراون لەجێگای ئیدانەکردنی ئەم تاوانە، شانازی بە ٣١ ئابەوە بکەن و لەوەش خراپتر درۆی ئەوەی بۆیە بەعسیان هێناوە تا کوردستان لەدەست داگیرکەرانی دەرەکی ئیرانی بپارێزن و چاوەروانن خەڵکی کوردستان خەڵاتیان بکەن… ئێستاش هەر ئەو پارتیە لە جێگای بەعسی گۆربەگۆر کراو دەستیان لەناودەستی رژێمی فاشیستی ئەردۆغانی تورکیادایەو لە نۆکەرایەتی بۆی بێدرێغن. یەکیتیش کەتا ئێستا دەستی بە کۆماری ئێرانەوە گرتووە و پێمان دەڵێن، ئێمە لەخۆشخزمەتی بەردەوامین. لەگەڵ قوڵبونەوە و قڵشتی دەسەڵات و داهات و دارمانی باڵادەستی و تیکچوونی ئەو هاوسەنگیەی هەیە، ئەگەری دوبارە پەلکێش کردنەوەی ئەم رژێمانە ئەگەرێکی کراوە و پێشبینی کراوە. بە قەولی هاوڕی رێبوار ئەحمەد… ٣١ ئاب، عادەتە نەک خیانەت. ئەمان خویان بەو عادەتەوە گرتووە…
خەڵکی هوشیاری کوردستان و لە پێشیانەوە، کەس وکاری وقوربانیانی جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆ و ٣١ ئاب و کەس و کاری بێ سەروشوینەکان و …تاد، دۆسیەی ٣١ ئاب، هەموو ئەو ئینسانانەی هێشتا فایلی ٣١، لایان دۆسیەیەکی زیندووە… پێویستە لەسەریان گوشارەکانیان لەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی زیاد بکەن بۆ راگەیاندنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و قەرەبووکردنەیان و راکێشانی تۆمەتباران و کاراکتەرە سیاسی و سەربازییەکانی ئەم تاوانە بۆ بەردەم دادگایەکی بێلایەنی و شارستانی…
کارەساتی ٣١ ئاب، پەروەندەیەکی کراوەیە تا ئەوکاتەی چارەنووسی بێ سەروشوێنەکان رادەگەیەنرێت و تۆمەتبارانی سزای تاوانەکانیان لە دادگایەکی بیلایەنی عادلانەدا وەردەگرن، و پارتی و یەکێتی و حزبەکانی بۆرژوازی کورد، دەست لە عادەتی خەشخزمەتی و نۆکەرایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەڵدەگرن، کە هەمیشە ئەو عادەتە دەتوانێ کۆمەڵگە لەبەردەم ٣١ ئابەکانی داهاتوودا رابگرێت.
تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١١ بەرواری ١/٩/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *